چاندنی تۆوی دووبەرەکی، خزمەت بە کام ئامانج…!
رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی مانگی ڕەشەممە هەزاران کەس لە خەڵکی کورد کە لە نێوانیشیاندا بەسەدان کەس لە خەڵکی تورکیش بەرچاو دەکەوتن ڕێوڕەسمێکی شکۆداریان بە بۆنەی نەورۆز لە گۆڕەپانی تیری ورمێ بەڕێوەبرد. ئەو ڕێوڕەسمە کە لە کەشێکی ئارام و بەدوور لە هەر چەشنە دروشم و ئەکتێکی نەخوازراوی نەتەوەیی یان ئایینی، بەڕێوەچوو بوو بەداخەوە لە لایەن پان تورکەکانەوە بەکەڵک وەرگرتن لە دوو فاکتەری ئایینیی و نەتەوەیی و سوود بردن لە توانای دەسەڵاتی ناوەند و هاوکاری و پشتگیری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی تێکدانی یەکییەتی و یەکڕیزی نێوان خەڵکی کورد و تورک ئەو دەرفەتەیان قۆزتەوە تا بە داڕشتنی پیلانێکی دزێو و مەترسیدار و بۆ نەهێشتنی ڕۆحی پێکەوە ژیان ئاڵۆزییەکی تاقمی و نەتەوەیی لە ئاستی شاردا دروست بکەن. بۆ ئەم مەبەستە سەدان کەس لە شەقامەکانی شاری ورمێ کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕێکخرابوون گۆپاڵ بە دەست و بە بەرزکردنەوەی نیشانەی گورگە بۆرەکان، دژی کوردانی شارەکە دروشمیان گوتەوە. پان تورکەکان کەمینەیەکی بچووک و ڕەوتێکی تووندڕەوی دەمارگرژی ناسیۆنالیستین کە لە بواری ئایینیی و نەتەوەییەوە دژایەتی کورد دەکەن و هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییە پشتیوانی و پشتگیری کران.
شاری ورمێ لە نەتەوەکانی وەک کورد، ئازەری، ئاشووری و ئەرمەنیی و هەروەها ئایینی جۆراوجۆر پێکهاتووە. دانیشتوانی ئەم شارە بەردەوام بە ئاشتی ژیاوون و لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییدا چارەنووسێکی هاوبەش و ژانێکی هاوبەشیان هەبووە. بەردەوام لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مافی پێکهاتەکانی ئەم شارە پێشێڵکراوە و بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵیانداوە یەکگرتوویی و یەکریزی نێوانیان بشێوێندرێ.
هەوڵی دەمارگرژانەی کۆماری ئیسلامیی بەمەبەستی ئاژاوە نانەوە لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئێران، مێژوویەکی ٤٦ ساڵەی هەیە. دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵک لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧و دەسبەسەرداگرتنی شۆڕشی خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان، رۆژانێکی سەخت و دژواریان لە شەڕ و خوێنڕشتن ئەزموون کرد. کۆماری ئیسلامیی بە مەبەستی تێکدانی هێز و ئیرادە و یەکگرتوویی خەڵک لە شۆڕش کە لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی بەدەستیان هێنابوو، بە هێنانە ئارای سیاسەتێکی شۆڤنیستانە و ئامانجدار هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیانەوە لە هەوڵی گۆڕینی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای ئێراندا بوون. ئەوان بە فێڵ و تەڵەکە بۆ دروست کردنی ناکۆکی نەتەوەیی دەیان و سەدان گرووپ تاقم و ناوەندی تووندئاژۆیان لەدژی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران درووست کرد و سازمان دا و لە سنوورێکی دەسکردی جۆگرافی بەپانتایی هەموو ئێران ڕێکیان خستن. هەڵاییسانی ئاگری دەمارگرژیی ئێتنیکی و ئایینیی، ئامانج و سیاسەتی بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی بووە کە لە ڕێگەی ڕقاژۆیانەی هەندێک سیمای ئایینیی و نەتەوەیی و عەشیرەیی لە زۆربەی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران بە کردەوە دەرهاتوون. کۆمەڵکوژی قاڕنێ و قەڵاتان، کە بەناوی شەڕی کورد و تورک ناودێر کراوە، ڕووی راستی ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی بوو کە بە ئامانجی تێکدانی ئاشتی و ئارامی نێوان دوو نەتەوە بەڕێوە چوو کە تا ئێستاش زامی ساڕێژ نەبووی بەسەر جەستەی مێژوودا قورسایی دەکات.
دیاردەی زۆرەمڵی کۆچ پێکردن و شێواندنی سنوورەکان و تێکدانی جۆگرافیای نەتەوە جۆراوجۆرەکان، دابەش کردنی ناوچە و پارێزگاکان، سیاسەتی بە ئانقەستی کۆماری ئیسلامیی بووە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دەوڵەت بۆ دروستکردنی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە.
دۆستایەتی و ژیانی تێکەڵ بە ئاشتیی خەڵکی کورد و تورک جیا لە جیاوازی زمانیان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. ئەم دوو نەتەوە بەردەوام قوربانی سیستمێکی دژی ئینسانین ولە لایەن دەوڵەتی ناوەندەوە چەوسێندراونەتەوە. بەدرێژایی ئەم ٤٦ ساڵە سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێڵکراوە. بە زمانی خۆیان ناتوانن بخوێن. رێژەی بێکاری و نەبوونی ئاسۆیەکی روون بۆ دواڕۆژ، ژیانی هەر دوو نەتەوەکەی کردۆتە دۆزەخێیکی گەورە. خەڵکی کورد و تورک هاوچارەنووسن و خەباتێکی هاوبەشییان لە دژی کۆماری ئیسلامیی هەیە. هەردوو نەتەوە بۆ ئازادی تێدەکۆشن و خاڵی هاوبەشیان بۆ گەیشتن بە ئازادی زۆرە و روخانی کۆماری ئیسلامی ئاواتی سەرەکیانە. لە شۆڕشی مەزنی ژن ژیان ئازادی هاو خەبات و پشتیوانی یەکتری بوون. یەکگرتوویی خەڵکی کورد و تورک پێویستییەکی ئەمرۆیی و ستراتیژێکی زۆر گرنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو زەخت و زۆر و بێ مافیانەی کە کۆماری ئیسلامیی ئامانجدار لە دژیان بەرێوەیان دەبات.
کاردانەوەی ژیرانە و دەسبەجێی خەڵکی وشیاری ئەم شارە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیڵانە قێزەونەی کۆماری ئیسلامیی بە روونی دەریخست کە خەڵک ئەم ڕژیمە بە باشی دەناسن و ئەوان دەزانن ڕژیم بە کەڵک وەرگرتن لە تاقم و گرووپە تووندئاژۆکان دەیهەوێ یەکڕیزییان تێکبدات و تۆوی دووبەرەکی لە نێوانیاندا بچێنن.
پێکەوە ژیانی شارستیانەی نەتەوەی تورک و کورد مەرجی سەرەکیی سەرکەوتن و پوچەڵکردنەوەی پیلانی هەر ڕۆژەی دەسەڵاتداران گەیشتن بە ئازادی یەکجارییە…