پەیامی سوپاس و پێزانینی پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتیی 18ی بەفرانبار

0

پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەمووکات خەبات دژ بە زوڵم و زۆری پێکهاتەیی بەرامبەر بە ژنانیان بە داواکاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گەلەکەیانەوە گرێداوە، باوەڕیان بەوە هەیە کە ژنان، رۆڵی سەرەکییان بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی جیاکاری رەگەزی و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی ستەمێک هەبووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ژنانی تێکۆشەری کۆمەڵگەی ئێران، بە تایبەتی ژنانی کورد، هەمووکات وەک پێشەنگی ئەم تێکۆشانانە ناسراون و بەشداریی چالاکانەیان، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی خۆڕاگری کۆمەڵایەتی بووە.
ئەم ڕێکخراوانە خۆیان بە هاوبەش و هاوڕێی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەیان دەزانن و بە ڕێز و پێزانینەوە، سوپاسی هاونیشتمانییانی وشیار بە تایبەت، دوکانداران و کاسبکارانی بەڕێزدەکەن کە بە وشیاری و ئاگاییەوە هەنگاوێکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارانەیان بە داخستنی دوکان و بازاڕ، هاوخەباتی و هاوبەشیی خۆیان لەگەڵ هاونیشتمانییانی ئیلام و کرماشان و لۆڕستان و بەختیاری ڕاگەیاند.
ئەم کردەوە ناڕەزایەتییە، وەڵامێک بوو بە داواکاری حەوت حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرخەری ئاستی بەرزی وشیاریی کۆمەڵایەتی، ویژدانی ئاگا و ئیرادەی گشتیی ئێوە بە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە قەوارەی نادادپەروەرو چەوسێنەری دەسەڵات.
ئەم مانگرتن و هاودەنگییە، هەڵگری پەیامێکی ڕوون لە خۆڕاگری مەدەنیی دژ بە سیاسەت و کردارەکانی رژیم و سیستەمی کۆماری ئیسلامی بوو، پەیامێک کە جەختی لەسەر داوای مافی رەوا، کەرامەتی مرۆڤایەتی و ئازادی بۆ هەموو نەتەوە بندەستەکانی ژێر دەسەڵاتی رژیمی ئێران، کرد.
ئەم هاودڵی کۆمەڵایەتیی و بوێریی مەدەنییە، تەنها سیمایەک لە بەرگریی ڕێکخراوەیی خەڵک نەبوو، بەڵکو نیشاندەری لێهاتوویی زۆری کۆمەڵگەیە ،بۆ کرداری کۆمەڵایەتیی لە راستای بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانی.
ئێمە رێکخراوەکانی ژنان لەگەڵ سوپاس و پێزانینێکی زۆر، جەخت لەسەر بەردەوامبوونی هاوبەش و هاودەنگ و ڕۆڵی چارەنوسسازی هۆشیارانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین لە بەرەوپێشبردن و دەستەبەرکردنی خەباتێکی دیموکراتێک و ئازادیخواز.

9 ی ژانوییەی 2026 ز
19ی بەفرانباری 2725 ک
19ی دەی مانگی 1404 هـ

1_ ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان (نینا)
2_ ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد_ژنانی کۆمەڵە
3_ ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
4_ ڕێکخراوی کۆمەڵگای ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_کەژار
5_ یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *