پێشینەی ٨ی مارس

✍سنوور محەممەدیان

ی مارس لە پەڕەی ڕۆژ ژمێرەكاندا ڕۆژێكە و بەس، بەڵام لە خۆیدا هەڵگری مانایەكی قوولە. هەڵگری مێژوویەك خەباتە دژ بە چەوسانەوە. وەك چۆن ١ ی مەی هەمان مانای هەیە، یان ٢٥ نۆڤەمبەر. خەباتی ژنان و هەوڵدان بۆ یەكسانی و باسكردن لە یەكسانی گرێ نەدراوەتەوە بە ڕۆژێكی دیاریكراو وەك ٨ی مارس یان ٢٥ نۆڤەمبەر، وەك چۆن خەباتی كرێكاران گرێ نەدراوەتەوە بە ١ مەی، تەنها ئەوەیە ١ مەی رەمزی یەكگرتنی كرێكارانە.

ڕۆژی 8ی مارسی 1857 ، ژنانی كرێكاری كارگەكانی رستن و چنین لە نیۆیۆركی ئەمریكا هاتنە سەرشەقام و خوازیاری زیادكردنی حەقدەستەكانیان، كەمكردنەوەی سەعاتی كاركردن و باشتر بوونی دۆخی نالەباری كارەكانیان بوون. ئەم خۆپیشاندانانە لە لایەن پۆلیسەوە سەركوت كراو پۆلیس هێرشی كردە سەر ژنان.

ساڵی 1907 لە سەردەمێكدا كە خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە دابین كردنی مافی سیاسی و كۆمەڵایەتییان پەرەی سەندبوو، بە بۆنەی پەنجایەمین ساڵڕۆژی خۆپیشاندانەكانی نیۆیۆركەوە لە 8ی مارس، ژنان هاتنە سەر شەقام خۆپیشاندانیان كرد.

بیرۆكەی هەڵبژاردنی ڕۆژێك وەك “ڕۆژی ژن” یەكەم جار لە سەردەمی خۆپیشاندانەكانی ژنانی نیۆیۆرك بە دروشمی “مافی دەنگدان بۆ ژنان” هاتە ئاراووە و 2 هەزار ژنی خۆپیشاندەر ڕۆژی 23ی فێبرییەی 1909 پێشنیاری ئەوەیان كرد هەموو ساڵێك دوایین یەكشەمەی مانگی فێبرییە، خۆپیشاندانێكی هەمەگیر لە ئەمریكا بە بۆنەی “ڕۆژی ژن” بەڕێوە بچێت.

ساڵی 1910 “دووهەمین كۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست” كە كلارا زتكین سەرپەرەشتی دەكرد، پەرژایە سەر پرسی”ڕۆژی نێونەتەوەیی ژن”. ژنانی سۆسیالیستی ئۆتریش(نەمسا)یی پێشتر پێشنیاری ئەوەیان كردبوو “یەكەم ڕۆژی مانگی مای” وەك ڕۆژی جیهانی ژن دیاری بكرێت. بەڵام “یەكەم ڕۆژی مانگی مای” مانا و پێگەیەكی تایبەتی هەبوو كە دەكرا پێگە و خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەكانیان بخاتە ژێر چەتری خۆیەوە. لە بەر ئەوەی ئەم ڕۆژە پێشتر وەك ڕۆژی جیهانی كرێكار دیاری كرابوو. ژنانی سۆسیالیستی ئەڵمان، پێشنیاری ئەوەیان كرد ڕۆژی 19ی مانگ وەك ڕۆژی ژنان دیاری بكرێت. ئەوەی كە ژنانی ئەڵمان ئەم ڕۆژەیان دیاریكرد، دەگەڕاوە بۆ خەباتی شۆڕشگێڕانە لە ساڵی 1848 دژ بە رژێمی پاشایەتی پرۆس كە بوو بە هۆی پاشەكشەی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ڕۆژی 19ی مارسدا.

19ی مارسی 1911 لە وڵاتانی ئەڵمانیا، ئۆتریش(نەمسا) سوئیس، دانمارك، ژنان و لایەنگرانی یەكسانی مافی ژن و پیاو هاتنە سەر شەقام و شەقامەكانیان خستە جووڵە. تەنها لە وڵاتی ئۆتریش 30 هەزار كەس هاتنە سەر شەفام. هێزەكانی پۆلیس هێرشیانكردە سەر ژنان و بەشێك لە ژنانیان قوڵبەست كرد.

ساڵی 1913″دەبیرخانەی نێونەتەوەیی ژنان”(یەكێك لە دامەزراوەكانی ئەنترناسیۆناڵ سۆسیالیستی دووهەم)، 8ی مارسی وەك ڕۆژی جیهانی ژن دیاریكرد، بە هۆی خەباتی ژنانی كرێكار لە ئەمریكا. هەر لەو كاتەدا ژنانی زەحمەتكێش و ژنانی رۆشنبیری شۆڕشگێڕ لە رووسیای تێزاری و هەموو ئەورووپا، رێ‌ و رەسمی (8ی مارس)یان بە شێوەی خۆپیشاندان و میتینگ بەڕێوە برد.

 

ساڵی 1914 جەنگی یەكەمی جیهانی دەستی پێكرد. لە ئەورووپا كە سەنتەری جەنگ بوو، ژنانی شۆڕشگێڕ هەوڵیاندا خۆپیشاندانەكانی 8ی مارسی 1915 و 1916 لە ژێر دروشمی (دژ بە جەنگی ئەمپێریالیستی) بەڕێوەببەن. لەو وڵاتانەی كە سەرقاڵی جەنگ بوون، چینە جیاوازەكان بە دوو بەرەی لایەنگران و نەیارانی جەنگ دابەش ببوون و ئەم دابەشبوونەش بزووتنەوەی ژنانی گرتبۆوەو هەر ئەمە لەتبوونە بوو بە هۆی ئەوەی ژنان نەتوانن رێ‌ و رەسمی (8ی مارس)ڕۆژی جیهانی ژن بەڕێوە ببەن.

ساڵی 1917 خۆپیشاندانەكانی ژنانی كرێكار لە پێترۆگراد دژ بە برسییەتی و جەنگ و تێزاریسم، بوو بە سەرەتاییەك بۆ شۆڕشی رووسیا. كرێكارانی شار بۆ پشتیوانی كردن لەم خۆپیشاندانانە، مانگرتنی گشتیان راگەیاند. 8ی مارسی 1917 بوو بە ڕۆژێكی فەرامۆش نەكراو لە مێژووی شۆڕشی رووسیادا.

ساڵی 1921 “كۆنفرانسی ژنانی ئەنترناسیۆناڵی سێهەمی كۆمۆنیستی” لە مۆسكۆ بەڕێوەچوو. لەو كۆنفرانسەدا، بڕیاردرا ڕۆژی 8ی مارس وەك “ڕۆژی جیهانی ژن” دیاری بكرێت. كۆنفرانس داوای لە ژنانی هەموو دونیاكرد بەشێوەیەكی بەربڵاو و نەپساوانە خەبات بكەن دژ بە سیستەمی زاڵی پیاوسالاری و كۆڵ نەدەن تا ئەوەی بە مافە ڕەواكانی خۆیان دەگەن.

لە ناوەڕاستی دەیەی 1930دا، جیهان جارێكیتر بەرەو جەنگێكی نوێی جیهانی دەڕۆشت و مەترسی ئەوە بوو جەنگێكیتر سەر هەڵبدات. بەرێوەچوونی خۆپیشاندانی “ڕۆژی جیهانی ژن” لەو وڵاتانەی لە ژێر دەسەڵاتی فاشیستیدا بوون قەدەغە كرا و بوو بە شتێكی نایاسایی. سەرەڕای ئەم قەدەغە كردن و بە نایاسایی راگەیاندنە، لە 8ی مارسی 1936دا، ژنان لە بەرلین خۆپیشاندانیان سازكرد.

هەر لەو ڕۆژەدا، ئێسپانیای ژێر دەسەڵاتی فرانكۆی فاشیستی، شاهیدی خۆپیشاندانی بەربڵاو بوو لە مەدرید. لەم ڕۆژەدا 30 هەزار ژنی كۆمۆنیست و كۆماریخواز دروشمی “ئازادی و ئاشتی”یان بەرز كردەوە.

لە سەردەمی جەنگی دووهەمی جیهانیدا، شۆڕش و بزووتنەوە رزگاریخوازەكان لە چەند وڵاتێك دەستپێكرد. ژمارەیەكی زۆر لە پیاوان و ژنان لە وڵاتی چین خەباتی خۆیان بۆ رزگاری ژنان لە چەوسانەوەی سیستەمی پیاوسالاری دەستپێكرد. لەو ساڵانەدا، زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو و مۆدێڕن هەوڵیاندەدا رێ‌ ورەسمی “ڕۆژی جیهانی ژنان بەڕێوە ببەن.

لە دەیەی 1960دا، لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریكای لاتین، بزووتنەوە رزگاریخوازەكان دەستپێكرد، لە وڵاتانی بۆرژوازی پێشكەوتووش بزووتنەوەكان و خەباتی پێشكەوتووخوازانە زیاتر پەرەی سەند و بزووتنەوەی رزگاری خوازی ژنانیش زیاتر پەرەی سەند.

لە ئەمریكا و ئەورووپا، ژنان دژ بە نەریت و كۆت و بەندەكانی سیستەمی پیاوسالاری خەباتیان كرد و دژ بە كەنیسە هەستانەوە كە مەشرووعیەتی ئەدا بە سیستەمی پیاوسالاری. لە بزوووتنەوەی ژناندا، لە دەیەی 1960 بەدواووە كە دەكرێت بە قۆناغی دووهەمی بزووتنەوەی فێمنیستی ناوی لێببەین و كەسانێكی دیاری وەك سیمۆن دوبۆڤار بەشداریان تێدا دەكرد، بابەتگەلێكی وەك مافی جیابوونەوە(تەڵاق)، لەباربردنی منداڵ، مافی دەرفەتی كاری یەكسان، قەدەغە كردنی ئازاری جێنسی(سێكسی)، دژایەتی كردن لە گەڵ بە سووك روانین بۆ ژنان، كەمكردنەوەی سەعاتی كاری ڕۆژانە و… هاتە ئاراوە. ئەم بزووتنەوە توانی لە هەندێ‌ لە بوارەكاندا سەركەوتن بە دەست بێنێت و پێش بكەوێت. لە خۆپیشاندانەكانی 8ی مارسی 1969 ژنان لە زانكۆی بێركلی لە ئەمریكا كۆبوونەوەو دژ بە جەنگ لە ڤیەتنام خۆپیشاندانیان كرد. نابێت ئەوە فەرامۆش بكەین خۆپیشاندانی بزوووتنەوەی خوێندكاران لە دەیەی 1960 و بە تایبەت 1968ی فەرانسە كاریگەری هەبوو لە سەر رادیكاڵتر بوونەوەی بزووتنەوەی ژنان لەم ساڵانەدا.

ساڵی 1977 رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەسەندكراوێكدا ڕۆژی 8ی مارسی وەك “ڕۆژی مافی ژنان و ئاشتی نێونەتەوەیی دیاری كرد.