وێناکردنی ژنانی کورد لە میدیای دیجیتاڵی و کۆمەڵایەتیدا….!

“وێناکردنی ژنانی کورد لە میدیای دیجیتاڵی و کۆمەڵایەتی: هێزێکی دوو جەمسەری لە نێوان ئازادی و کۆنتڕۆڵ”
وێناکردنی ژنانی کورد لە میدیاکاندا، بە تایبەت لە چوارچێوەی جنسیەت و جوانیدا، بابەتێکی هەستیار و چەند لایەنەیە کە پێویستی بە شیکردنەوەیە. زۆربەی کات لە میدیای کوردیدا، ژنان بە شێوەیەک پیشان دەدرێن کە جەخت لە جوانی جەستە، یان پۆشاک و ئارایشیان دەکا. بۆ نموونە، لە ڕیکلامەکان و دراماکاندا، ژنان زۆرجار وەک سەرچەشنێکی جوانی یان جەستەیی نیشان دەدرێن، کە ئەمەش دەتوانێ هاندەر بێت بۆ ئەوەی خۆیان بە شێوەیەکی ئازادانە پیشان بدەن و هەست بە متمانە بە خۆ بکەن و ببێتە هاندەرێک بۆ بەشداری کردن لە میدیا و کۆمەڵگادا، بۆ نموونە دەبینین کە لەم ساڵە دواییانەدا هونەرمەند، گۆرانیبێژ وپێشکەشکاری ژنمان چەندە زۆر بووە و ئەمەش دەتوانێ جێگەی خۆشحاڵی بێت و بە چەشنێک سەرکەوتنێک بێت لە بواری چالاکی ژناندا، یان لە سەردەمی دیجیتاڵدا دەتوانین ئاماژە بە میدیای کۆمەڵایەتی (وەک ئینستاگرام، تیکتۆک، و یووتیووب) بکەین کە بووەتە پێگەیەکی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی ژنان. ژنانی کورد، بە تایبەتی نەوەی گەنج، ئەم مەکۆیانە بەکاردەهێنن بۆ پیشاندانی جوانی، هونەر، یان ژیانی رۆژانەیان. ئەمە لە یەک کاتدا هەم هێزبەخشە و هەم مەترسیدارە. هێزبەخشە چونکە ژنان دەتوانن بەبێ سەرپەرشتی میدیایەکی کۆنەپەرست یان پیاوسالار کۆنتڕۆڵی ڕوخساری خۆیان بکەن. بەڵام مەترسیدارە چونکە ئەلگۆریتمەکانی میدیای کۆمەڵایەتی جەخت لەسەر جوانی و سەرەنجڕاکێشی دەکەن، کە ئەمەش ژنان ناچار دەکات خۆیان لەگەڵ ئەو ستانداردە جیهانییانەی جوانی بگونجێنن کە ئەم وێناکردنە، دەتوانێ ژنان بکاتە ئامراز و تواناکانیان سنووردار بکات و ناچاریان دەکات بەو پێوەرەی کە جیهانی سەرمایەداری دەیهەوێ جەستەی خۆیان نەشتەرگەری بکەن. کاتێک میدیا تەنیا جەخت لەسەر جنسیەت و جوانی دەکات، ژنان لە چوارچێوەیەکی تەسکدا دەهێڵێتەوە کە کەمتر باس لە هێز، زیرەکی، یان بەمشوورییان دەکات. زۆرجار ئەم سنووردار کردنە پێگەی ژنان وەک کەسایەتییەکی فیکری، سیاسی، یان پیشەیی دەسڕێتەوە. بە بڕوای من کاتێک جەخت لە وێنای جەستەیی دەکرێ و کەمتر باس لە توانا و دەستکەوتەکانیان دەکرێت، زیانێکی گەورە لە کۆمەڵگا و بەرەی داهاتوو دەدرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان.
کەمکردنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان دەبێتە هۆی درووستبوونی کۆسپێک بۆ بەشداریکردنیان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا. کاتێک میدیا و کۆمەڵگا بەردەوام جەخت لە ڕواڵەت و جەستەی ژنان دەکەن، پەیامێکی نەرێنی دەنێرێت کە ژنان تەنیا بە جەستە و جوانییەکانیانەوە دەناسرێنەوە، نەک بە زیرەکی، بە مشووری یان بەرهەمەکانیان. ئەم جۆرە وێناکردنە دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ژنان و پێگەیان لە کۆمەڵگادا دروست بکات، بە تایبەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو کە لە ژێر کاریگەری ئەم وێنە قاڵبییە گەورە دەبن.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە میدیا و کۆمەڵگا بە گشتی هەوڵ بدەن ژنان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە پیشان بدەن، کە تەنیا جەختیان لەسەر جوانی و جنسیەت نەبێ، بەڵکو سەرنج بدەنە سەرکەوتنی فیکری، پیشەیی و سیاسییەکانیان. ئەمەش دەتوانێ لە رێگەی بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان لە میدیا، دروستکردنی دەرفەتی یەکسان و پەرەپێدانی وێنەیەکی ئەرێنی و هێزبەخش بۆ ژنان بکرێ. بەم شێوەیە، کۆمەڵگا دەتوانێ رێگە خۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ژنان وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ و بەتوانا سەیر بکرێن، نە تەنیا وەک ئامرازێک بۆ سەرنجڕاکێشان.
بۆ کەمترکردنەوەی ئەم دیاردە، دەکرێ پەرە بە هەندێک هەوڵ بدەین کە جەخت لەسەر هێز، خەبات، و کەسایەتی ژنان دەکەن:
– ئاماژە کردن بە دەستکەوتەکان و خالە ئەرێنییەکانی مێژوو و هونەری ژنان دەتوانێ سەرچاوەیەکی ئەرێنی و جێنشین بۆ میدیا بێت.
– لە شانۆ و ئەدەبیات و بەیتە کوردیەکاندا، ژنان وەک کەسایەتییەکی کاریگەر و پێشەنگ نیشان دراون، کە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەک بۆ گوتارێکی جێنشین کە جەخت لەسەر تواناکانی ژنان دەکات.
– بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی: ئەم بزووتنەوەیە، وێنەیەکی نوێی ژنان وەک هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پیشان دەدات، کە لە میدیاکاندا دەتوانێ وەک گوتارێکی یەکسانیخوازانە بەکاربهێنرێت.
– زیاتر باس لە دەستکەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی ژنان بکات، وەک ژنانی رۆشنبیر، هونەرمەند و ژنانی پێشمەرگە و…
– کەڵکوەرگرتن لە دراما و فیلم بە چەشنێ کە ژنان وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ و بەهێز نیشان بدات.
– هەوڵدان بۆ گۆڕینی کەلتووری پیاوسالاری لە رێگەی میدیاوە بە بڵاوکردنەوەی چیرۆکی ژنانی سەرکەوتوو.
من پێموایە میدیای کوردی پێویستە زیاتر بەرەو ئەم گوتارە بڕوات بۆ پەرەپێدانی وێنەیەکی هەمەلایەنە و فراوانتر بۆ ژنان.