وتووێژی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە لەگەڵ گۆڤاری تیشک

پرسیار: وادەردەکەوێت کە کۆنگرەی دەیەمی کۆمەڵە لەساڵی 2002وە  وەکوو وەرچەرخانێکی گرینگ لە ئایدیۆلۆژیای حیزبی سەیر دەکرێت، بەتایبەت روانگەی حیزبی کۆمەڵە لە ئاست پرسی نەتەوەیی  کورد لە ئێران بۆتە بەشێکی گرینگ لە ئێستراتێژی حیزب،روانگەی ئێستای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان  بۆ پرسی کورد چ جیاوازیەکی هەیە  لەگەڵ حیزبی دێمۆکرات؟

وڵام: یەکەم دەبێ ئاماژە بەوە بدەم کە سەرەتا کۆنگرەی10 نییە کە گوتاری نەتەوەیی کۆمەڵە تێیدا هاتۆتە ئارا، کۆمەڵە لە دامەزرانیەوە گوتارەکەی نەتەوەیی و کوردستانی بووە. ئیمە ئەوکاتەش بە بزووتنەوەی کوردمان گوتوە: بزووتنەوەی میللی دیمۆکراتیکی خەڵکی کورستان، پمانوابووە کۆمەڵە لەسەر دوو قاچ ڕاوەستاوە، خەباتی نەتەوەیی و خەبات بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی. ئامادەش بوین لەگەڵ هەموو لایەنی سیاسی بە تایبەت حیزبی کوردستان بەرەی کوردستانی پێک بێنین، جونکە لامانوابوو ئەوە پەویستییە بۆ غەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان. دوای چوونە ناو حیزبی کۆمۆنیست وردەوردە ئەو گوتارە گۆڕانی بەسەردا هات. دوای ماوەیەک تۆ نابینی لە دروشم و لە گۆڤارەکانی ئەوکاتدا ئیدی بزوتنەوەی کوردستان بە بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی پێناسە بکرێت، بەڵکوو باس لە “بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە”ی کوردستان دەکرێت، بەو مانای ئەوبەشەی شۆڕشگێرە کە لە ژێر رێبەری چەپدایە، ئەوە گۆڕانە کە بەسەر گوتاری پێشودا هاتووە(هەرچ    ەند بە خشکەیی کرابێ، بەڵام هەبووە)، بەڵێ بزوتنەوەی کوردستان شۆڕشگێڕانەیە، بەڵام ئەوە پێناسەی تەواو نییە، پێناسەی بزوتنەوەی کوردستان خەباتێکی گشتگیرە بۆ نەمانی ستەم و ژێردەستەیی نەتەوەیی کە بە تایبەت دوای گۆڕانی کۆمەڵایەتی و هەوڵی کۆمەڵە ناوەرۆکی عەداڵەتخوازی تێیدا پڕڕنگ بۆتەوە. کارێک کە ئێمە لە کۆنگرەی ١٠  کردوومانە ئەوەیە گوتارەکەمان رێک کردۆتەوە و لەگەڵ گۆڕانەکانی سەردەم گونجاندومانە و بردومانەتەوە سەر هێڵی پێشوی خۆی، ئەویش کوردستانی بوونە . ئێمە لە کۆنگرەی 10 هاتینەوە سەر ئەساسی ئەم گوتارە، بەڵام پێمخۆشە ئەوەش بڵێـم: چ دوای جیابونەوە و چ لەوکاتەی کە پێکەوە بوێن لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێر هەر ئەو گوتارە بوو بەڵام ژەنگ و تۆزوخۆڵی حیزبی کۆمۆنیستی هەر بەسەرمانەوە مابوو. وردە وردە ئەو ژەنگ و تۆزەشی لێ داتەکا، چ ئەوکاتەی بەیەکەوە بوێن لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێر و چ دواتریش هەرتک لامان زۆرتر و رونتر بەرژەوەندیی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانمان زۆرتر هێناوەتە ناو کارمان و کردومانەتە بنەما. دەورەیەک باسمان لەوە دەکرد کە تێدەکۆشین بۆ یەکگرتوویەکی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراسیخوازی ئێرانی، کە ئەوە قسەیەکی خراپ نییە، بەڵام پێش ئەوە دەبێ کورد یەکگرتوو بێ جا بچێتە مەیدانی سەراسەری لە ئێرانیش. مەنزورم ئەوەیە ئێستا بەرچاورونتر و بەرژەوەندی کوردستان و بزاوتەکەی لامان ڕێنوێنە بۆ داڕشتنی سیاسەت لە ئێرانیش. هەر ئەوەی کە دەڵێن: ئێمە ناچینە هیچ هاوپەیمانییەک کە هاوپەیمانی سەراسەریە و مەسەلەی کوردی وەکوو پرسی نەتەوەیەک قبوڵ نەکردبێت، پێموایە ئەوە خاڵیکی وەرچەرخانی باش بوو. نەچونە نێو هاوپەیمانی بە مانای نەبوونی دیالۆگ، هاوئاهەنگی و هاوکاری نییە لەگەڵ رەوتی دێمۆکراتی ئێرانی و خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامی. ئەوە پەیامێکی ڕوونە کە وەک هێزی کوردی دەبێ یەکگرتوو بین تا نوێنەری داخوازیی هەموو گەل و نەتەوەکە بین. ئێمە بۆیە ئەوە کار دەکەین کە بەربگرین لەوە کە هەر ڕەوت و حیزب و لایەنێک بۆخۆی لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا پارتنێری هەبێ و لە ڕاستیدا کێشە و ململانێی ئەوانیش بکەینە سەرباری دیکەی جیاوازییەکانی ناوخۆمان. ئەوە گۆڕانێکی جیددییە لە دیاریکردنی سیاست و ستراتێژ لە بزوتنەوەی کوردستاندا. پێموایە گوتاری نەتەوەیی دەبێ پاراوی و ڕۆشنی زۆرتری پێوە دیار بێ و دەرس لە ڕابردوی بزوتنەوە و حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان وەربگرین و بە ستراتێژێکی ڕۆشنتر کار بکەین.

ئێمە ئێستا پێداچونەوە بەسەر پرۆگرامی پێشوی کۆمەڵەدا دەکەین، یەکیان ئەوەیە کە دەبێت زۆر روونتر لە پێناسەی کۆمەڵەدا بڵێین: کۆمەڵە حیزب یا رەوتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیە کە ئاڵاهەڵگری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانە و بۆ بەرژەوەندییە نەەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان کار دەکات. جا ئەوجار بڵێین: کۆمەڵە حیزبێکی چەپە کە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەوێت ،دادپەروەری دەوێت، هەوڵ دەدات بۆ وەی بزوتنەوی کوردستان ناوەرۆکی پێشکەوتنخوازانەی لەبەرژەوەندی چین و توێژە تێدا زۆر و دیار بێ تا زۆرترین هێزی مرۆیی بۆ گۆڕان و ڕزگاری لە خۆی کۆ بکاتەوە. واتە هەم کورد بوون و هەم چەپ بوونەکەمان باشتر مانا بکەینەوە.

ئێمەی کورد دەبێ دوورکەوینەوە لەو بێ هیواییەی کە لە دەورانێکدا بۆ هەموو بزووتنەوەی کورد هاتە ئاراوە ئەویش ئەوە بوو، کورد سەربەخۆیی دەویست بە کۆمەڵەی ژێکافیشەوە، دوایی وردە وردە  دوای ١٩١٨  و شەڕی گەردونی یەکەم کە بە پلانێکی زلهێزە ئەمپریالیستەکان کوردستان دابەش کراو بزوتنەوەی کورد توشی خەیبەت ئەمەل و بێ هیواییەک هات کردن کە ئەوەی دەیهەوێ بۆی ناگونجێ. کورد بە تەواوی چووە سەر ئەو هێڵە کە لەگەڵ ئێرانی یەکگرتوو بێت، لە ئێراق لەگەڵ عێراقی ، لە توورکیا لەگەڵ توورک و لە سوریاش هەروا و  ئەوەی  دوروشمی دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری یان حوکمی زاتی بۆ کورد هەر لەوەڕا دێت. تۆ چاو لێدەکەیت کۆماری کوردستان تەنانەت نێوەکەشی جۆرێک سەربەخۆیی سیاسی تێدا بوو و نێوی خۆی دانابوو “دەوڵەتی کۆماری کوردستان” ئەوە مانای جیاوازە تەنانەت لەگەڵ هەرێمی کورستان لە باشوور گەر بمانهەوێ هەڵسنگاندنی بۆ بکەین. بۆیە ئێمە هاتووینە سەر ئەوە کە بەڵی لە هەمووشتێکدا ئێمە نوێنەری خەڵکی کوردین و لەگەڵ هەمووکەسیشدا وتووێژ و بە پێی هاوسەنگی  ئامادەین لە ئاستی سیاسی ئێراندا هاوکاری بکەین، دژی هاوکاری و چالاکی لە سەحنەی سیاسی ئێران نین، بەڵام  نایشارینەوە ئێمە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەڕوانینە سیاسەتکردن لە ئێران و بەو پێوەرەش لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هەڵسوکەوت دەکەین. هەموو پرسەکە ئەوەیە کە کورد نەک بە تاک تاک و هەر حیزبە بە جیا، بە پێکەوەیی دەبێ بچێتە ئەو مەیدانە. بەراستی زۆر بۆم گرینگ نییە حکومەتی داهاتوی ئێران پادشآیی دەبێت یا کۆماری. گرینگ ئەوەیە چی دەدا بە کورد و کورد چ بەدەست دێنێت، گرینگە چۆن ئیرادەی خەڵک لە ئۆرگانیسمێکی هەڵبژێردراودا سەروەر دەبێ لە ئێرانی داهاتودا. پێموایە ئەوانەن کە سەربەخۆیی لە سیاسەتکردندا بۆ کوردستان دێنێ و دەبێ زۆر زەق بکرێتەوە. ناڵێم ئەو ڕوانگەیە لە سیاسەتی تا ئێستای کوردیدا بێ شوێنەوارە، بەڵام زۆر ڕۆشن و سەرڕاست نەبوین تێیدا.  کاتێک حیزبە سیاسیەکان لەگەڵ ئێرانیەکان تووشی کێشە دەبن، ئێمە دەڵێین چی؟ بە ئێمە دەڵێن ئێوە بۆ دانوستان دەکەن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران و قبوڵتانە کە دەوڵەتێکی جەنایەتکارە و کۆماری ئیسلامی دەىیت بروخێت. وڵامی کورد زۆر سادەیە، ئێمە بزووتنەوەیەکی جیاوازمان هەیە کە تایبەتمەندی و دینامیسم و پوتانسیەلی خۆی هەیە و داخوازێکانمان لە بواری مافی نەتەوەیی جیاوازە و دژی داخوازییە دێمۆکراتیەکانی ئێوەش نییە. هەرچی بۆمان  بەدەست بێت بۆی لە هەوڵدا دەبین. داخوازی دێمۆکراتیکمان هەیە بۆ ئێرانیش و بۆیە ئەو بزوتنەوە مافی خۆیەتی لەسەر داخوازی خۆی وتووێژ بکات. هەر لایەنێک بزووتنەوەی کورد بەفەرمی بناسێ و باسی داخوازییەکانی بکات لەگەڵی دانوستان دەکەین، لەگەڵ شەیتانیش وتووێژ دەکەین و هیچ کێشەیەکمان نییە و دانوستان بە مانای ددان پێدانانە بە کورد و پرسەکەی. خۆی ئەوە نیشان دەدات جۆرێک سەربە خۆیی هەیە کە لە تایبەتمەندی ئەو بزووتنەوەیەوە  سەرچاوە دەگرێ. ئەوەی دەمهەوێ بیڵێم ئەوەیە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەوڵ دەدا کە ئەو رەوتە فیکریە پاراوتر و هەمەلایەنەتر بێتە مەیدانەوە. بە خۆشییەوە ئێمە ئێستا لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران  ئەوەمان قبوڵ کردوە کە  لەگەڵ هەموو لایەنی ئێرانی بە بێ جیاوازیی فیکری ئامادەین دیالۆگ بکەین و ئەوەی ئێمە دەگەیێنێ بە هاوپەیمانی و هاوکاری  پێوەندی بەوەوە هەیە کە ئەوان بزووتنەوەی کورد چەندە بە فەرمی دەناسن و چەندە مافی کورد دەسەلمێنن. پێموایە ئەوە پێشوەچونێکی زۆرە و هەوڵ دەدەین لە هەموو بوارەکاندا  ئەو روونبێژیە  لە گوتاری سیاسیماندا بەرامبەر بە مەسەلەی نەتەوەیی هەبێت. لە وڵامی ئەوەی کە جیاوازی ئێمە و حیزبی دێمۆکترات چیە؟ ئەوەی کە ئێستا هەردووک لامان دەڵێین فێدڕالیسم، ئەوەی کە هەرتک لامان دەڵێین لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە سیاسەت دیاری دەکەین، کە وابێ لەسەر پرسی نەتەوەیی جیاوازییەک نابینم و ئەوە جێگەی خۆشحالیە. جیاوازییەکان لە مەسەلەی کۆمەڵایەتی، مەسەلەی سیاسەتی ناوخۆیی یان مەسەلەی ناوەرۆکی بزوتنەوەکەیە.

پرسیار : ئێران بۆ ئێوە ناسنامەیە یا تەنیا ئاماژەیەکی سیاسیە وەکوو پانتاییەک لە  کار و چالاکی؟

وڵام : پێموایە دەبێت بۆ ئێمە پانتاییەک بێت بۆ کار و چالاکی سیاسی، ناسنامەی ئێمە ئەوەیە کە کوردین و بەستراو بە بزووتنەوەی کوردەوەین و نوێنەری داخوازی ئەو بزاوتەین. ئێران وڵاتێکە کە کورد تێدا نیشتەجێیە و ستەمی بەسەردا سەپاوە، ناسنامەی سیاسی من دژایەتی ئەوستەمەیە و ناکرێ ئەو خۆسەپاندنی مێژوویی و داگیرکاریە بە ناسنامە ببینم.

پرسیار : هەروەک ئاگادارن چەپی جیهانی لەو بیرۆکەیە تێپەر بووە کە چینی کرێکار دەتوانێ بە تەنیا شۆڕش لە ئەستووە بگرێ ، لە ئێستادا گرینگیەکی زیاتر بەو گروپانە دەدرێ کە خۆیان وەکوو ستەم لێکراو پێناسە دەکەن ، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان چۆن جومگەکانی بزووتنەوەی رزگاریخواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە گرێ دەداتەوە؟

وڵام : لاموایە بە داخەوە ئێستاش بەشێک لە چەپی جیهانی لەوە تێپەر نەبووە، ئەوە بەو مانا نییە کە بەشێکیان زیاتر لایانگری کرێکارن و بەشێکیان نین، نا، بەڵکوو چاو بکە لە چین، کۆرەی باکوور یا کوبا تا ئێستاش هەر بەو وشە و قەوارەوە دیکتاتۆری و زۆری خۆی دەسەڵمێنێت، زۆرترین دژایەتی و چەوسانەوەی کرێکاریشیان تێدایە، بۆیە ئێستاشی لەگەڵ بێ زۆربەی خەڵکی جیهان کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو بیروڕایە دایە بە دەسەڵاتدارەکان وزڵهیزەکانیشەوە  کەڵک لەو وشەیە وەردەگرن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن. خاڵی دووهەم ئەوەیە کە بەشێکی بزووتنەوەی چەپ ڕەنگە دەستی لەوە هەڵگرتبێت کە دەبێت حکوموتەێکی چینایەتی دروست بکرێ و ناوەرۆکێکی عەداڵەتخوازانەو پێشکەوتنخوازانە بدرێ بە بزووتنەوەکەی، بەڵام لە نێو بەشێک لەو چەپەشدا لە جیاتی ئەوەی بۆ دەسەڵات هەوڵ بدات لە وڵاتی خۆی کاری بووە بەوە کە هەموو شتێک لە ڕوانگەی دژی ئەمپریالیستی لێک بداتەوە و لە روی ئەوە سیاسەت دیاری دەکات، بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازانەی دەوێ کەچی لەگەڵ ڕەوتی کۆنەپەرەستانە و دواکەوتو هاوتەریب و هاوئاهەنگ دەبێ بە دژی ئەمپریالیسم. زۆرکات هاوپەیمانیەتی کردەیی لە ئاستی جیهانیدا لەگەڵ ئەوانە دەکات. ئەوە گرفتێکی گەورەی دروست کردووە لە ناو چەپدا و تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆتە هۆکارێک بۆ گەشەی ڕەوتی فاشیستی و ڕاست. ئێمە بیروڕامان سۆسیال دێمۆکراتیە، بەڵام سیاسەتی سۆسیال دێمۆکراتیم لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە قبوڵە نەک لە زۆر بواری سیاسی. بۆ نموونە سۆسیال دێمۆکراسی لە هەموو جیهان دژی هەر بزووتنەوەیەکی جیاوازیخوازە وەکوو سەربەخۆیی، دژی شەڕی چەکدارییە، چۆنکە خۆیان پێ جیهان نیشتمانە. لەهەمان حاڵدا کە خۆیان لە وڵاتێکی وەک سوئید لە هەموو بەرژەوەندی نەتەوەیی سوئید بەرگری دەکەن، کەچی بۆتۆی نەتەوەی ژێردەست نایسەلمێنن. ئێمەش وەکوو چەپی کورد دەبێت تایبەتمەندیی خۆمان هەبێت، نە سۆسیال دێمۆکراتی سوئێدی، نە حیزبی کرێکاری ئینگلیسی، نە حیزبی سۆسیالیستی فەرانسەوی، نە سۆسیالدێمۆکراتی ئامریکای لاتین لە یەک ناچن و هەرکامەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و یەک سیاسەتیان نییە. ڕاستە جیهەتی گشتی کە عەداڵەتی کۆمەڵایەتیمان دەوێ، چەوسانەوە نەمێنێ، کەلەبەری چینایەتی کەم بێتەوە و ئەوانەش لە پرۆسەیەکەوە تێپەر دەبێت وەک پرۆسەیەکی ئیسلاح و چاکسازی، ئەی بۆ دەبێ ئێمە لە هەر پرسێکدا بە شوێن ئەواندا برۆین!؟ چەپی کوردی دەبێت بە جۆرێک سەربەخۆیی لە سیاسەتدا هەبێت. بەڵێ لەو مەیلە گشتییە جیهانیەدا داین بە قبوڵی بەرژەوەندی و تایبەتمەندی خۆمانەوە. پێموایە کۆمەڵە و چەپی کورد ئەوەندەی ئاسەوار داناوە کە دەنگ هەڵبڕین و بڵێین: بەڵێ رێگە و خەتی خۆی هەیە و دەبێ بیبێ. جیهان نیشتمانی و هاوپێوەندی جیهانی و خەڵک و نەتەوەکان زۆر باشە و پشتی بگرین و لە هەمان کاتدا بە ئاشکرا بڵێین کە ڕزگاری نەتەوەیی و دروستکردنی نیشتمان مافی گەلی کوردە.  ڕاستێکەی ئەوەیە کە ئێمەی کۆمەڵە بۆ نیشتمانی خۆمان هەوڵ دەدەین، چالاکی و کار و هەڵسوڕانمان بۆ ئەو کوردستانەیە. ئەوەش تایبەتمەندییەکمان دەداتێ نابێ هیچ چەپێکیتری جیهانی دژ بەوە رابوەستێ چونکە ئەویش لە عەمەلدا هەر ئەوە دەکات. زۆر بە هیوام کە جیهان وای لێبێت کە نیشتمانی هەموومان بێت و بۆ هەموو نەتەوەیەک، ئایینێک،  بنەچەک و ئایدیۆلۆژیایەک بێت، بەداخەوە وانییە، کەوایە قبوڵی بکەین بەڵێ ئێمە تایبەتمەندیی خۆمانمان لە کوردستان هەیە. ئەگەر تایبەتمەندیمان لە بزووتنەوەکەدا هەیە دەی ئێمەش هەلقوڵاویی ئەو بزووتنەوەیەین و دەمانهەوێت ئەو بزووتنەوە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازی هەبێت بە پێی ئەو دۆخە واقیعیە و ئەو هاوسەنگی ئابوری و هێزەی کە لە کوردستان هەیە.

پرسیار: بەو ڕوانگەی کە باستان لێکرد بە تایبەت سەبارەت بە چەپی کوردی، ئێستە ئێوە لە چاوگەی کۆمەڵەی زەحەمەتکێشانی کوردستانەوە چۆن دەتانهەوێ جۆرەکانی ئەو بزووتنەوەیە کە لە ئێستدا بزووتنەوەیەکی فرە رەهەندە بە تایبەتی لە ناوخۆی رۆژهەڵات و جومگەکانی لەیەک گرێ بدەن؟

وڵام: لەو باوەڕە دام کە ڕەوتی چەپ وهەمووکەسی کە بۆ بزووتنەوەی کورد کار دەکات و تێدەکۆشێ یەکەم ئەرکی ئەوەیە هەوڵ بدات گوتارێکی گشتگیری نەتەوەیی بسەپێ. کاتێک دەڵێم گوتاری گشتگیر یانی لە بەرژەوەندی هەموو گەلی کورد واتە هەموو چین و توێژێک بێ لە بواری ڕزگاری نەتەوەیی.  ئەوە هیچ پێوەندی بەوە نییە کە چەندە سۆسیالیست نین یا چەندە ناسۆپسیالیست، بەڵکوو چی دەبێتە کۆکەرەوەی زۆرترین خەڵکی کورد لە دەوری ئەو بزاوتە. ئەگەر ئەوە بە یەکگرتویی وەدی بێ جا ئەوجار دەکرێ بڵێین چەندە ماڵیات لەسەر داهات دابندرێ و پێبەپێی داهات ڕادەی ماڵیات و پیتاک زیاد دەکرێ، لەسەر کەلوپەلی لوکس و شیک ماڵیاتی زۆرتر دادەندرێ و پیتاکی خەڵکی هەژار کەمتر بێت، دەبێ بڵێین خوێندن بۆ هەموان لە منداڵی تا زانکۆ یەکسانە، دەرمان و بەشی تەندروستی بۆ هەموان هەبێ، مافی هەر تاکێکە کە سەرپەنا بۆ حەوانەوە و پۆشاکی بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما هەبێ. ئەوانەن کە بەستێن دەڕەخسێنن تا کەلەبەری چینایەتی و جیاوازییەکان  کەم بکرێتەوە. بۆیە چەپی کوردستان بەر لە هەموو لایەنێک پێویستە هەم پاڵپشت و هاندەری یەکێتی نەتەوەیی بێ تا دیکەی قسە حیسابیەکانی ئاسانتر بۆ بچێتە سەرێ، تۆ دەبێ خاوەنداری بزوتنەوە و ڕەوتە گشتییەکە بی تا لەسەر ناوەرۆکەکەی کاریگەریت هەبێ.  بۆیە یەکەمین کاری چەپ و هەموومەیڵێکی کە  بیهەوێ لە بزووتنەوەی کوردیدا دەوری هەبێت ئەوەیە کە هەوڵ بدات ئەو بزووتنەوەیە گشتگیر بێت و هەمووکەس پێی سەروودڵخۆش بێ و لێێ تێبگات و خۆی تییدا ببینێتەوە.

پرسیار: لە ئاستی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئایا پێتان وایە کە چەند حیزبی هەڕەشەیە یا دەرفەتە، خۆدی ئەو مەسەلەی چەند حیزبی وجیابوونەوە لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک وەدیهاتی هەیە گرفتیشی هەیە.

وڵام: وا دەفکرم کە  ئەو جیابوونەوانە باش نین و باشیش نەبوونە، سەبارەت بە خۆمان کە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێر جیئابووینەوە هیچ کات نەمانگوتووە کە پێویست بووە یا بێ زەرەر بووە و باشە، بەڵام کاتێک کە لە حیزبی کۆمۆنیست جیابووینەوە وتومانە کە باش بووە و دەبوو بیکەین و بە قازانجە و ئێستاش هەر ئەو بڕوایەم هەیە. ئەوەی کە لە کۆمەڵگادا دیاردەی چەند حیزبی هەیە بە دەستی ئێمە نییە کە بڵێین باشە یا خراپە، کۆمەڵگا گۆڕانکاری تێیدا پێکهاتووە ومەیڵ و ڕەوتی فیکری جیاواز هەیە و کەس ناتوانێ پێش بەو مەسەلەیە بگرێ، لە هیچ کۆمەڵگایەکی ئەورۆی جیهانی ئەوە نییە کە تەنیا یەک حیزب هەبێت لە کاتێکدا باس لە بیروڕای ئازاد دەکەین بۆیەیە مەیدان ئاواڵە بێ کە بە پێی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا مەیلی جیاواز بۆی هەبێ بێ مەترسی ڕاوەدونان خۆی بنوێنێ. ئێمە هەر لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران یەکێک لە خاڵی هێڵە گشتێکانمان ئەوەیە، بیروڕا ئازادە و هەرحیزبێک دەتوانێ ئازادانە چالاکی ببێت، یەکێتییە پێشەییەکان ئازادن، رۆژنامە ئازادە و….کەوابێ بیروڕای جیاواز دێتە ئاراوە، ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو جیابوونەوانە لەسەر جیاوازی بیروڕا و باش بوونە، ئەو جیابوونەوانەی دوایینی کۆمەڵە و دێمۆکرات بە بڕوای من هی ئەوە نەبووەکە گوتاری زۆر جیاوازیان لە بزووتنەوەدا بووە، ئێستاش لە ناوەند دەیبینین هەردووک لایەنی کۆمەڵە و دێمۆکرات لەو بابەتەوە جیاوازییەکی ئەوتۆمان نییە لەسەر گوتاری نەتەوەیی و لە دیالۆگداین بۆ تەواو لێکتێگەیشتن، من نەمبینیوە کەسێک بەربەرەکانی تووندی هەر ئەو گوتارە بکات کە پێشووتر باسم کرد. زۆرتری ئەو جیابونەوانە هی کەموکوڕی حیزبی و ڕێکخراوەیی، هەندێک وردە تاکتیک و کەم تەحەمولی لە دیالۆگی ناو حیزبی و دەردی تاراوگە نشینی بووە.

پرسیار: باسی ناوەندی هاوکاری کرا لە ناوەندی هاوکاریدا هیچ هەوڵێک یا مکانیزمێک هەیە بۆ نزیک کردنەوەی ڕوانگە و ئایدیالۆژی ئەو حیزبانە لە یەکتر؟

وڵام : نزیک بوونەوە بەوە دەزانم کە ڕوانگە و بیروباوەرمان لە بزووتنەوەی ئەورۆی کوردستان چۆن بێ و چەند لێک نزیکین؟ بە گشتی بزووتنەوەی کورد چۆن دەبینین؟ کە دێتە سەر کوردستانی رۆژهەڵات دەبێ چی بکرێ؟ داهاتووی کوردستان و ئیدارەی کاتی چۆن دەکەین تا هەڵبژاردنێکی ئازاد کە خەڵک دەنگی خۆی دەدات؟ پێوەندی نێو نەتەوەییمان چۆن وەگەڕ دەخەین بە یەکگرتویی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات؟ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چی بکەین و ڕادەی هاوکاریمان چۆن دیاری دەکەین؟ ئەوانە خەریکین بە چڕی قسەی لێدەکەین و پێشموایە لێک نزیک بوینەتەوە و دەبێ لەسەری رێک کەوین و یوک گوتار بێ کورد. بە خۆشیەیەوە زۆر کات لە زۆر بواردا نزیک بووینەتەوە . بەڵام کێشەی ئەوە ناکەین کە سۆسیالیست بین یا نا سۆسیالیست، شەڕی ئیدئۆلۆژیک نییە، پرسی کۆنکرێت لەسەر کوردستان دێنینە ئاراوە و ناشمانهەوێ لە باری ئیدئۆلۆژیک ڕێکنکەوین. لە هەمانکاتدا ئەوە کێشەیەکە کە لە ئێستاشدا تۆ هەوڵ دەدەی گفتگۆی لەسەر بکەی، کاتێک سێکۆلاریزمت قبوڵ کرد، کاتێک بەرابەری ژن و پیاوت قوبوڵ کرد، هەنگاوێکی گەورەت ناوە، کاتێک دەڵێی هەوڵ دەدەین بۆ عداڵەتی کۆمەڵایەتی و هەموو ئازادیە سیاسیەکان بە بەرینی قبوڵ دەکەی و جاڕنامەی مافی مرۆڤ بناخەیە بۆ کارەکانمان هەنگاوێکی گەورەیە و لە ئەسلیشدا لە زۆربەیان نزییک بوینەتەوە.

پرسیار: ئەو ناوەندەی کە ئێستا باسی لێدەکەن ئایا ناوەندێکە تەنیا بۆ هاوکاری؟ ئایا ناوەندی هاوکاری ناوەکەی بە خۆیەوەیە؟ بۆچی تا ئێستا نەیتوانیوە ببێت بە ناوەندێکی بڕیار؟ ئەگەر بڕیارێکی وای هەبووبێت بۆ هیچ زەمانەتێکی ئیجرایی نییە و هەر حیزبەو بە قامووسی خۆی دەروا؟

وڵام: پرسیاریەکی بە جێیە، ڕاستێکەی ئەوەیە کە ناوەندی هاوکاری لە ئەسڵدا پێکهاتەیەکە  حیزبەکان لەیەک نزیک بکاتەوە تا باشتر بتوانن هاوکاری بکەن، هێشتا نەبۆتە پێکهاتەیەک بۆ ئەوەی هاوکاری کردەیی دەست پێبکات و بەداخەوە هاوکارییەکانی سنووردار و سەرەتایین. هەمووکەس پێیوایە کە ئەو ناوەندە بەس نییە و نابێت هەر لێرەدا بوەستێ و پێویستە بچێتە پێشەوە و ببێتە ناوەندێک بۆ بزوتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئێمە چەند گەڵاڵەمان لەبەر دەستە یەکیان بەرێوەبردنی کاتی کوردستانە، دووهەمیان هێزی پێشمەرگەیە، سێیەم، پێوەندی نێونەتەوەییە، چوارەم پێوەندی ئێمەیە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پێنجەم پێوەندی نیشتمانییە لەگەڵ کورد، پێموایە لەم مەسەلانەدا بەرەوپێش چوینە و دەکرێ بە ڕێکەوتن بگەین. دوای ئەوانە دەبێ لە ئاستی گەڵاڵەدا باسی مێکانیزمەکانی ئەو گەڵاڵانە چۆنن و دەبێ چۆن بن و مێکانیزمی بۆ دیاری بکەین. ئەگەر وا بڕۆینە پێشێ ناوی ناوەند دەتوانین بگۆڕین. ئەوجار دەبێ دەرگای ناوەند بکرێتەوە و خەڵکانیتریش ببن، هەرکەس ئەو بنەمایانەی ناوەندی لا پەسەند بوو مافی بوونی هەیە و هیچ ترسێکمان لەوە نییە و ئەو کاتە ئێمە دەبێ بەرەیەکی نیشتمانی دروست بکەین ئەگەر ئەو ناوەندە کار نەکات بۆ بەرەیەکی نیشتمانی، سەرکەوتوو بانێ و ناوەند هەر وەک پێکهاتەیەک دەمێنێتەوە نەک وەکوو ڕێکخەرێکی بزووتنەوەی کوردستان. ئێستا  ڕێکخەری بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات نییە و ناشتوانێ ئەوە بڵێت و هەر حیزبەی ڕەنگە بۆخۆی هەوڵی ئەوە بدات. ئێمە دەبێت کارێک بکەین کە ئەوە ببێتە پێکهاتەیەکی ڕێکخستن بۆ بزووتنەوە بەڕێوە بردن.

پرسیار: بیرتان لەوە کردۆتەوە کە ناوەندی هاوکاری زیاتر لەوەی کە نوێنەرایەتی یا کۆبەندێک بێت لە بۆچوونی بەرژەوەندی مۆزوعی حیزبەکان، نوێنەرایەتێکی نەتەوەیی بێت لە رۆژهەڵاتدا؟چیتان بۆ کردووە؟

وڵام: لە قسەکانی پێشومدا بە روونی باسم کرد، ئەگەر ئاوا نەبێت ئێمە لە کوردستانی ڕۆژهەلاث لە دواڕۆژدا تووشی کارەسات دەبین. یەکێک لە کارەکانی ئێمە ئەوەیە کە بەیەکەوە بەو ئاکامە بگەین کە هێزێکی نیشتمانی، ئیدارە و ئەمنیەتی کوردستان بەڕێوە ببات، هێزی حیزبی نەبێت و ئەو هێزە پەسەندی هەموو خەڵک بێت.  (بیستوهەشت و 29)، ئێمە ناتوانین ئەگەر چوینەوە هەر حیزبێک لە هەر کوێ دەسەڵاتی هەیە ئیدارە و ئەمنیەت و پارێزگاری ئەو شوێنەی بەدەستەوە بێت، ئەوە خراپە و کێشەی گەورە دروست دەکات. لەو دەورەی کاتیدا دەبێت قەوارەو پێکهاتەی و پەویستیی ئەو ئیدارانەی کە لە کوردستان هەیە بیپارێزین. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ڕێکەوتنمان هەبێت لەسەر یاسای بەڕێوەبردن یا کۆمەڵێک مەسەلە تا هەڵبژاردن و پەرلەمانی کوردستان یاسای خۆی بە ئازادی پەسەند دەکات لانیکەم لەسەر بنەماکانی یاسایەکی کاتی هاورا بین. پێویست.

 

پرسیار : لە قسەکانتان وا تێگەیشتم کە کۆمەڵێک  پڵانتان هەیە لەپڵاتفۆرمی هاوبەشتان یەکێک لەوانە مەسەلەی ئیدارەدانی دوارۆژی رۆژهەڵاتە، بەڵام لەو نێوانەدا کۆمەڵێک پرسی رێکارانە و دڕێژخایەن هەنە کە وەکوو قەیران خەڵک دەگرێت بۆ نمونە یەکێک لەوانە مەسەلەی ژینگەیە کە یەکەک لە قەیرانەکانی جیهانیشە، ئایا هیچ گرینگیتان بەو پرسانە داوە بۆ نمونە سیاسەتی زمانی، سیاسەتی ژینگەیی، ئەوەندەی کە لە ناوەندی هاوکاریدا دەبیندریت زۆرتر چاوی تەماحە لەسەر ئەوەی کە  وەکوو بە پشت بەستن بە سیاسەتی چاوەڕوانی ئەگەر لە دواڕۆژدا ئاڵوگۆڕێک هەبێت و پێیگەیشتن ئیدارەی بکەن بەڵام وەکوو بنەمای مەعرفی چیتان هەیە بۆ ئەو پرسانە بۆ نموونە سیایەتی ژینگەیی و زمانی؟ هیچ نیگایەکی دڕێژخایەنتان هەیە یا ئەوەی کە لە هەوڵدان یا تەنیا بۆشاییەک یا فەوزایەک دروست دەکرێت و ئێوە بەپەلە بچنەوە و فەزایەک بخوازنەوە و ئیدارەی بکەن؟

وڵام: لەو پرۆژەیەی کە هەیە و لە ئێستادا لەگەڵ دیکەی حیزبەکان و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین هەر ناومان ناوە ئیدارەی (بەڕیوەبردنی) داهاتووی کوردستان، بە وردی باسی ژینگەشی تێدایە، تەندورووستی، گومرک و هەموو چوارچێوەکانی ژیانی تێدایە، بەتایبەت مەسەلەیەکی زۆر گرینگتری ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە چۆن لەگەڵ نەتەوەکانیتر ڕێک دەکەوین،چ سیاسەتێکمان دەبێت بە تایبەت لەگەڵ ئازەریەکان. ئێمە هەم پێشێنەی ڕابردوومان هەیە و هەم پێشینەی نوێتریشمان هەیە کە بە خۆشیەوە شتی خۆش و باشی تێدایە و هەم شتی خراپی تێدایە، لە دنیای ئەورۆشدا کە دەستێوەردان هەیە لە هەموو بزووتنەوەکان تەنیا کوردە کە هیچ پاڵپشتێکی دەرەکی ڕۆشنی نییە. لە کاتێکدا ئازەری تورکیەی هەیە، عەرەب پاڵپشتی عەرەبەکانیتری هەیە، بەلووچ پاڵپشتی ئەفغانستان و پاکستان بۆیان مومکینە. ئێمەی کورد نیمانە، بۆیە دەبێت بیرمان لەوانە کردبیتەوە کە ئێمە چی دەکەین بۆ پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانیتر کە بە ئێوەیەکی دۆستانە و دێمۆکراتیک و ڕێزی دوولایەنە بتوانین بەیەکەوە ئەو دەورەی قەیرانانە بەڕێ کەین و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانیش بپارێزین، ئەوەش یەکێک لە مەسەلە گرینگەکانە بەڵام کە باسم لە ئیدارە کرد ئەوەیە ئیمە دەبێ خۆمان ئامادە بکەین کە ژیانی خەڵک بێ بەرق و ڕۆشنایی نەبێ، بێ ئاوی نەبێت، تەندروستی و دەرمان هەبێ، بەڕێوەبردن و پاک و خاوێنی شارەکان چی لێبەسەر دێت؟  هێزی پێشمەرگە یەکێک لەوانەیە کە پێشتر باسم کرد، بەڵێ لە هەموو چوارچێوەکاندا پێویستە پلان و پڕۆژەمان هەبێ کە چی دەکەین.

پرسیار: جیالە مەسەلەی بایکۆتی هەڵبژاردن یا وەکوو ئەوەی هێندێک بانگەواز دراوە کە ئێوە چاوەڕوانیتان لە خەڵک بووە تا بە هانای ئێوەوە بێت، تا ئێستا بیرلەوە کراوەتەوە کە لە گۆشەیەک یا خاڵێکدا لە پانتای کاروچاڵاکی خۆتان کە هەمان رۆژهەڵاتە و ژینگەی سیاسی ئێوەیە لەوێ کارێکی  هاوبەش بکەن؟ جیا لە ئیدارە لەو قۆناغەدا تا ئەو رۆژە دێت

وڵام: بەڕێوەبردن و ئیدارەی کاتیی کوردستان ڕێک بۆ ئەوەیە و ئەگەر لە ئێستاوە پلان و پڕۆژەکان تەوافوقی لەسەر نەکەین و هێزی پێشمەرگەی هاوبەشی کوردستان دروست نەکەین، دیاری نەکەین ئەوەی ئەمنیەتی کوردستان لە دەورەی کاتی تا هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات و  دەیپارێزێ کێ و چۆن دەبێت، دەی هیچمان نەکردوە و هەر لایەنە بۆخۆی دەبێ کە کارێکی خراپە، بۆیە دەبێ هەوڵ بدەین لە ئێستاوە و پێش ئازاد بوون و کرانەوەی کەشی سیاسی بەرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەندێ ڕێکەوتنمان هەبێ و هەم ئۆرگانیسممان بۆ دروست کردبێت.

پ: پرسیارەکەم روونتر دەکەمەوە، ئێوە ئەو حیزبانە بیرتان لەوە کردۆتەوە کە ئامادەبوونێکی مەیدانیتان هەبێت لە رۆژهەڵات؟

وڵام: بەڵی هەم لە دیوی رۆژهەڵات دەبێت ئامادەبوونی مەیدانیمان هەبێت هەم پێش ئەوەی کوردستان بەدەست بێنینەوە لێرەش دەبێ ئامادەبوونی مەیدانیمان هەبێت، لێرەش ئێمە دەتوانین لە دیپلۆماسی نێونەتەوەییدا یەک شاندمان بێت، لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان یەک شاند و یەک سیاسەتمان هەبێت، لە کاری نیزامیدا دەتوانین یەک جۆر بارهێنان و پڵانی شەڕمان(تاکتیک)هەبێت و بەیەکەوە هێزێکی هاوبەش ڕابگرین. ناکرێ دەست ڕاگرین ئەگەر چووینەوە رۆژهەڵات قسەی لەسەر بکەین و هەرکەسە بە هێزی خۆی بچێتەوە، ئەوکاتە چاوەڕوانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانمان وەدی نەهێناوە و بێهیوایان دەکەین و وڵاتیشمان گەر دەست بکەوێ ناتوانین ڕایبگرین و بیپارێزین و بەرەوپێشی بەرین. ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەیەک لە رۆژهەڵات ڕووبەڕووین کە خەڵک پشتیان گرتوین، ئەوە ئێمە پڕبەپڕ ئاواتی ئەوانمان ڕەچاو نەکردوە. دەبێ گوێ بگرین لە دەنگی خەڵکی کوردستان و شارەزایان و چاڵاکوانانی کورد کە لەو حوکمی دیکتاتۆری وتاریکیەدا ئەوانن کۆڵەکەی ڕاگرتنی هێوا و ئۆمێدەکان بوون، ئەگەر ئەوە نەکەین زەربەی زۆر گەورە لە خۆمان دەدەین و لە بزوتنەوەکەش.

پرسیار : ڕۆژهەڵات هەروەک خودی ئێران کۆمەڵگایەکی ڕەنگاڵەیە بە تەیبەت کە باسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم لە رووی کۆمەڵگای شێعە و سوننە و جیاوازی زاراوە، پێمخۆشە ئەوپرسیارە بکەم کە سیاسەتی ناسنامەیی ئێوە وەکوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەرامبەر ئەو ڕەنگالیەوە چییە؟ سیاسەتتان چونە بەرامبەر ئەو جیاوازییانەی کە لە رۆژهەڵاتدایە؟

وڵام : لە ڕوانگەی ئێمەوە سۆرانی و کەڵهوور، ئەردەڵان و هەورامی هەر یەکن و کوردن و نابێ جیاوازییەک هەبێ، هەروەها شیعە و سوننی، یەزیدی و یارسان هەریەکن ودەبێ ئەو کوڵتوورە بڵاو کەینەوە کە ئەوانە سەرەڕای جیاوازییان لە ئاییندا یان لە کۆمەڵێک بواردا، کوردن و ئێمە دەبێت کاری تایبەتی لەو بابەتەوە بکەین و بۆ ئەوە هەوڵ بدەین و ئەو کەلەبەرانە یا ئەو شتانەی کە دوژمن دەیهەوێ کەڵکی لێوەربگرێ، پڕیان کەینەوە و مەجەلایی ئەوە نەدەین. بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەین و پێمانوایە ناوەند و بەرەی کوردستانی دواڕۆژیش دەبێ هەموو کارەکەی ئەوە بێت ئەگەر چاو لە هێڵە گشتییەکانی ناوەند بکەی کە بە ڕێکەوتن هەموو لایەنێک واژوویان کردووە، هەر ئەو بابەتەی لەبەر چاو گرتووە. ئێمە خوازیاری جیایی دین لە دەوڵەتین بۆ کوردستان. لە زاراوەشدا ئێمە ناتوانین چەند کتێبمان بێت و دەبێت بیدەین بە کەسانی لە خۆمان زمانزانتر کە فەرموو کتێبەکان لە ساڵی سەرەتاییەوە دەست پێبکەن و کاری لەسەر بکەن، نمونەی باشوریش هەیە لە بواری زماندا کە دەکرێ کارمان بۆ ئاسان بکاتەوە، ئەوەش ناکرێ مەگەر لە کەسی غەیری حیزبی و پسپۆران کەڵک وەربگرین. لە بواری ئابووری، خوێندن و پەروەردە، ژینگە و هەمووبوارێکی پێویست ئێمە دەبێت کەڵکیان لێوەرگرین. ئەگەر دەڵێم تۆ دەبێ ببین بە پێکهاتەیەکی نیشتمانی و گوتارێکی نەتەوەییمان هەبێ نابێ چاومان لەوە بێت کە تەنیا ئەو چوار حیزبە یا باقی حیزبەکانی کوردستان بگرێتەوە، بە پێچەوانە هەموو خەڵکی زانایی و لێهاتوویی گەلی کورد بگرێتەوە وهەموو ئەوانەی کە دڵسۆزن و بڕوایان بەوەیە کە کوردستان و کورد مافی هەیە و دەبێت مافەکانی پێبدرێت بۆی وەگەڕ کەون.

پرسیار: لە ئاستی دورووشمدا بەردەوام حیزبەکان درووشمی یەکگرتوویی و یەک رێزی دەدەن بەڵام لە کردەوەدا پێچەوانەیەتی، ئایا بە تایبەتی لە ناوەندی هاوکاری بنەمایەک هەیە کە هەموو حیزبەکان بە هێڵی سووری بزانن و پارێزراو بێت؟

وڵام : بەڵی هەر لەو گەڵاڵانەی کە ئاماژەم پێدا هەموو حیزبەکان دەبێتە ئەرکی سەر شانیان کە بە پێی ئەو گەڵاڵانە هەڵسووکەوت بکەن و بۆیان هەوڵ بدەین.  ڕاستە، نابێت ئێمە لە ناوەند قسەیەکمان هەبێت و کۆمەڵەئ زەحمەتکێشان لە دەرێ و لەگەڵ ئێرانیەکان قسەیەکیتری ببێت، نابێ ئێمە لە پێوەندی نێونەتەوەیی لەناو ناوەند بە جۆرێک ڕێکەوتنمان بێت کە چووینە دەرەوە جۆرێتر هەڵسووکەوتمان بێ. بەدڵنیایەوە هێندێک هێڵی سوور بۆ ئەندامانی ناوەند دەبێ هەبێت.

پرسیار: بگەڕێینەوە سەر ئەو پرسیارە کە پێگەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵە زیاتررووی لە بیری چەپ کردووە بەلام حیزبەکەی ئێوە درووشمی نەتەوایەتی هەڵگرتووە ئەوەی کە خۆتان روونکردنەوەتان دا ئێوە مەسەلەی چەپ و نەتەوەیی چۆن لێکی گرێ دەدەنەوە و پێناسەی دەکەن؟ لە بنەڕەتەوە ڕوانگەی ئێوە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی چییە؟

وڵام:  باسی ڕوانگەی خۆمانم بۆ بزووتنەوەیی نەتەوەیی کرد، پێموانییە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئەوەی دوارۆژ چ ناوەرۆکێکی هەبێت، چەپ بێت یا لیبرال دەبێ ببێتە هۆی ناکۆکی، چەپ و لیبڕاڵ بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی دەتوانن هاوکار و تەواوکەری یەک بن. با ئەوەشت عەرز بکەم کە ئێمە دەستمان لە ڕوانگەی عەداڵەتخوازی و چەپ و یەکسانی هەڵنەگرتووە ولەسەریان سوورین، لەو بڕوایە داین کاتێک ئەوە باشتر دەکرێت کە کەلەبەری نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی نەهێڵین و یەک گوتاری زاڵ بکەین، بەڵێ ئەوکاتەیە کە سیاسەتی پێشکەوتنخوازانەش بەرە پێش دەچێت، بەو مانای کە تۆ گشت کوردستان وگشت مەیڵ و ڕەوتێک و گشت چین و توێژێک ببینی، ئێمە بەتەمای ئەوە نین کە حکومەتێکی چینایەتی لە کوردستان دابمەزرێنین ولە ئێستادا هەوڵیشی بۆ نادەین، ئێمە حکومەتێکی نیشتمانیمان دەوێت کە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخواز، دێمۆکراتیک، عەداڵەتخوازانەی هەبێ. هەروەها لە حکومەتی داهاتووی کوردستاندا ئەو ناوەرۆکە چەندە بەرەوپێش دەچێت پێوەندی بەوە هەیە کە چەندە لە بزووتنەوەی نەتەوەییدا سەرکەوتوو بووینە و هێزمان کۆکردبێتەوە بۆ ئەو بیروڕایە، ناتوانین بڵێین ئەگەر حکومەتی کوردستان هەموو ئەوانەی کە ئێمە وەک ناوەرۆک دەیڵێین قبوڵی نەکرد ئێمە نابین، نا، شتی وا لە ڕیاڵپۆلیتیکدا دروست نییە. ئێمەش هەوڵ دەدەین لەو حکومەتەدا قورسایی و دەوری خۆمان هەبێ، ئەوە هاوتەرازی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان و بەرنامەی کۆنکرێتی واقیعیە دەوری سەرەکی دەگێڕێ نەک بایکۆتی حیزبی. بە دڵنیایی حکومەتی داهاتووی کوردستان لە رۆژهەڵات ئەوە نابێت کە سیاسەتی حەزف و هەڵاواردن ڕەچاو بکات و یەک حیزب بەڕێوەی ببات، ناشکرێ، لە ئێستادا و هەر لایەنێک بۆ ئەوە هەوڵ بدات کە بۆخۆی هەموو شت ببڕێتەوە تێکشکاوە و زەربەی لە بزووتنەوەکە ولە خۆشی داوە. راستیەکە ئەوەیە کە پێشکەوتنی زەینی و تەرازوی هێز لە بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی چۆناوچۆنە و پێشکەوتنەکان چەندەن، بۆ نموونە ئابووری ئێمە چەندە هەڵدەگرێت، مەسەلەن چەپ ناتوانێ بڵێت لە کوردستان هەمووکەس دەتوانێت ماڵی باش و سەیارەی خۆی هەبێت، سەیران و گەڕانی خۆی هەبێت و بیمەی بێکاریشیان پێدەدەین و ئەگەر کاریشمان بۆ نەدۆزرایەوە هەر ئەو ژیانەی پێدەدەین. بەلام ئێمە دەتوانین بڵێین دەمانهەوێ خەتی هەژاری نەمێنێت، هەموو کوردێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرپەنای بێت کە تێدا بحاوێتەوە، لە سەرما و گەرمادا پارێزراو بێ، ئێمە دەتوانین بڵێین کە لە بەتەمەنەکان پارێزگاری دەکەین، دەتوانین بڵێین کە ئەوەندە تەرخان دەکەین بۆ تێچووی ژینگەی کوردستان و کوردستان پێویستی بەوە هەیە کە کار بخوڵقینین و بەرەوپێش بچێت و حکومەتی داهاتووی کوردستان لە رۆژهەڵات ئەرکە لەسەر شانی کە کۆی داهات و خەرجەکانی ئاشکرا و ڕوون بێت. تەرخانی بودجە چۆن دەبێ؟ بەشێکی کاری کارشناسییە و ناتوانی لەمنی ببیستی، چونکە نایزانم ئێمە چۆن ئەو داهات و خەرجییانە دادەرێژین، بەڵام دەتوانم بڵیم حیزبەکەی من  پێیخۆشە ئێوە کارێک بکەن کە بەشیک لە داهاتی کوردستان خەرجی بەرەوپێشچوونی کوردستان و پیشەسازی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی کە بەڕێوە بچین و هێڵی هەژاری نەمێنێت و هەمووکەس لەسەرووی ئەو هێڵە بێت، لەسەتاچەند دەتوانین ئێمە بۆ ئەوە دانێین؟ کاتێک ئەوەمان کرد و خەڵکی ئێمە بەوەگەیشتن کە ئەو حکومەتە لەبەرژەوەندی ئەوانە دەتوانین ئەوکاتە داوا لە خەڵک بکەین کە زەحمەتی زیاتر بکێشن و دڵسۆزییان زیاتر بێت. بۆ نموونە لە شوورەی ئەوکات لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست تاسەدەکانی چڵ و پەنجا گەشەی گەورەی ئابوری هەبوو و هەمووشتێکی بەرەو پێش چوو بەڵام بە زۆر کاریان بە خەڵک دەکرد، دەتوانی بەزۆر خەڵک ببەی بۆ کارخانە، دەتوانی گوشاریان بخەیە سەر بەڵام ناتوانی بە زۆر نوێکاری بخەیە ناو مێشکیان و بە دڵسۆزی کار بکەن. هەربۆیە ئەو ئابووریە گەورەیە لە دوای دەیەی شەستی زایینی بەرەو داڕمان و تێکشکان چوو و قەت خۆی نەگرتەوە. کەواتە ئێمە دەبێت هاندەری خەڵک بین بە دروستکردن و سیاسەت داڕشتن بۆ ژیانێکی باشتر تا هانیان بدەین هەموان بە دڵخواز بیر و توانیان بخەنە گەڕ بۆ گەشەی کوردستان.

پرسیار : دوای ماوەی زیاتر لە چل ساڵ ئێوە پێناسەتان چییە بۆ چەپی کوردی و چۆن دەیناسێن ئایا بڕوامەندن بۆ ئەومانایە؟

وڵام : بەڵێ من پێموایە چەپی کوردی تایبەتمەندی خۆی هەیە و لەگەڵ چەپیتر جیاوازە و نابێ تەواو وەک چەپی دیکە بێت، چۆن چەپی سوئیدی یا یونانی تایبەتمەندی خۆی هەیە، تایبەتمەندی چەپی کوردیش بەوە دەبینم کە دێمۆکرات بێت وپلۆرالیزمی قبوڵ بێت، ئئڵا هەڵگری بزاوتە گشتییە ڕزگاریخوازەکەی کورد بێ، بە پێشکەوتنخوازی ئەوەی دەبێ بکرێت خەڵکی لە دەور کۆ بکاتەوە، کار بکا بۆ ئەوەی کەلەبەری چینایەتی لە کوردستان کەم بێتەوە، لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی کوردا  تا ئەو جێگەی مەسەلەی نەتەوەییە بروات تا قسەی بڕوات بۆ وەی ناوەرۆکێکی عەداڵەتخوازانە و پێشکەوتوانەتربدات بە بزوتنەوەکە. دەتوانم بڵێم کە پێشکەوتنخوازی و پێشرەوی، دڵسۆزی و کارامەیی لە ئیدارەدان و لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، پلان دانان بۆ گەشەی ئابوری و ژیانی باشتر پێویستە ئەرک و پێناسەی  چەپی کوردی بێت.

پرسیار: نێوانتان لەگەڵ بیری ڕەخنەیی چۆنە؟ بەو مانایەی کە بیری ڕەخنەیی و بەرەی ڕەخنەگەر چۆنە؟

وڵام:  ئێمە خۆمان بە ڕەخنەوە هاتووین و هەرئێستاش خەریکی ڕەخنە گرتنین چ لە خۆمان، چ لە بزووتنەوەی کوردی و چ لە مێژوەکەی، پێمانوایە غەیری ئەوە پێشکەوتنێک نابێت، رەخنەی بنیاتنەر لە نەزم و سیستەمی هەبوو بە قازانجە و بێ ئەوە پێشکەوتن نابێ. پێموایە کاتێک دەڵێین ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕەخنە لە کوردستان هەیە، ئەگەر ئەوە بەڕێوە نەبەین کەم وکۆڕیەکی گەورەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردا.

پرسیار: لەم چەند ساڵەی دوایین بەرەیەکی ئاکادمی کورد لە دەرەوە و ناوەوە کۆمەڵێک کار دەکەن نێوانتان لەگەڵ بەرەی ئاکادمی کورد چۆنە؟

وڵام: لاموایە زۆر کارێکی باشە و کەم بایخمان پێداوە و دەبێ هەوڵ بدەین (لە قسەکانی پێشوشمدا ئاماژەم دا) لە بەڕیوەبردن و داهاتووی کوردستانیشدا ئەوانە دەورو ڕۆڵیان هەبێ، بۆ نموونە کەس هەیە لە کوردستان لەسەر ژینگە کار دەکات کە دەبێت لێی فێربین، ئێمە هەقە لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا دەخالەت بکەین نابێ ئێمەی چالاکوان و بەڕەوەبەری حیزب ببین بە کۆمەڵناس یا فیزیکدان و دوکتۆر و ژینگە پارێزیش. هەموو حێزبێکی سیاسی دەبێت رێگە بدات و کارئاسانی بکات تا هەموو سەرمایەی نەتەوەیی کۆ بکەنەوە و رێکی بخات، ڕەک ئەو کەسە ئاکادمیانەی کە باسیان دەکەی لە قوڵایی دڵیانەوە بڕوایان هەیە بە بزووتنەوەی کوردی و هەرکوسە لە بواری خۆیدا زەحمەت دەکێشێت. زۆرجا من گوێم لێبووە کە کەس هەیە لەسەر مەسەڵەی کۆڵبەران توێژینەوە دەکات و زۆری لێ فێر بووم. بۆیە دەبێ ئێمە بەهرەی کوردی رۆژهەڵات هەم کەڵکی لێوەرگرین، هەم ئاشتی کەینەوە و نزیکیان کەینەوە و نابێ هەر ئەوانەی کە حیزبین لەبەر چاومان بن، ئەوانە سەرمایەی نەتەویین. ناتوانین لە چاڵاکوانان و زانایانی تاراوگە بە باشی کەڵک وەرگرین و ڕوومان لێیان نەبێت و بەستێنیان بۆ نەڕەخسێنین، دڵنیام کوردستان قازانجی گەورەی تێدا دەکات.

پرسیار:  فێدارالیزم لای ئێوە پرۆژەیە یان ئامانج؟ مەسەلەیەک هەیە کە ئەوەیە کە ئایا ئێوە پێتانوایە کە سەروەری تەنیا لەناو سەربەخۆییدا پوختە دەبێتەوە یا شێوازیتریشی هەیە؟ بیرتان کردۆتەوە لە دابەشکردنی سەروەری؟

وڵام: سیاسەتمان وایە کە مافی دیاری کردنی چارەنووس دەبێت مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و هەوڵی بۆ بدەین، ئەو مافە لەهەر قۆناغێکدا چۆن و چەندەی دابین دەکرێ بۆ ئەوە هەوڵ دەدەین، لە قۆناغی ئێستادا من فێدرالیزم بە دروشمێکی گونجاو دەزانم و لە ئێستادا و بە پێی تەرازوی هێزی ناوخۆیی و هەلومەرجی نێونەتەوەیی ئەوەمان بۆ هەڵسوڕێ باشە. لە بزووتنەوەی کوردیدا جەنجاڵ کردنی ئەوەی کە کورد دەبێت سەربەخۆ بێت لە ئێستادا ژیرانە نییە و لێکنەدانەوەی تەرازووی هێز بەزەرەری بزووتنەوەی کوردە، دروست نییە کورد دابەش بکەینە سەر دوو بەرەی سەربەخۆییخواز و فێدرالیست، واقیعی نییە، نامەسئولانەیە، نانەوەی دووبەرەکیەکی ناوەختە لە بزوتنەوەکەدا. کەس نییە لە نێو کورددا سەربەخۆیی پێخۆش نەبێ، بەوەشەوە بزوتنەوەیەکی جەماوەریی سەربەخۆییخواز لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نابینم، مەیلی کەسانێکی دەگمەن و نوخبە ناکرێ بەسەر بسەپێنین بەسەر گەلێکدا کە ئامرازی تەواوی لەبەردەست نییە. سەربەخۆیی سیاسی بۆ کورد بەومانای کە چۆن سیاسەتی خۆی دابڕێژێت و هەڵسووکەوت بکات درووستە و دەبێ کاری بۆ بکەین. ئەستاشی لەگەڵ بێ هێشتا داڕشتنی سیاسەتی سەربەخۆ و لە بەرژەوەندی کورد تەواو جێی خۆی نەکردۆتەوە، تەنانەت لە نێو حیزبەکانیش. ئێمە سوورین لەسەر سەربەخۆیی سیاسی و دەمانهەوێ ببێت بە کوڵتوور، پێویستە بڕوا بەخۆییش بدات بە خەڵک و چالاکوانان، دەکرێت شەڕ نەکەی لەگەڵ ئێرانی، جیانەبیەوە و مانۆرەکانمان  بە پێی بەرژەوەندی وتەرازوی هێز بێ، هێشتا بەشێک لەوانەی خوازیاری دروشمی سەربەخۆیی هەر ئێستان، لە داخی شونیسمی فارس و هەڵسوکەوتی نەک بە لێکدانەوەی زانستی هەموو مەلومەرجەکە سیاسەت دادەڕێژن، دەی ئەوەش ناسەربەخۆییە لە سیاستی کوردیدا. کاتێک ئەوە دەڵێین کە کورد یەکگرتوو بێت ئەگەر لەسەر ستراتێژێکی نەتەوەیی و هەر لایەنە بۆخۆی پارتنێر نەبینێتەوە لەو وڵاتانەی کوردی تێدایە بۆ ئەوەیە  کورد گوتاری بێت کە هەڵقوڵاوی بزوتنەوەکە و لە بەرژەوەندی داڕێژرا بێ، اەوەیە سەربەخۆیی لە سیاستدا دەخوڵقێنێ. ئەگر یەکگرتوو و یەک گوتاریش بین پێویستە بزانین بە پێی تەرازووی هێزو دۆخی سیاسی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دەتوانین مافی خۆمان بسەپێنین. بە بڕوای ئێمە لە ئێستادا فێدرالیزم درووشمێکی بە جێیە. هەر لە فێداریزمی باشووردا چاو لێبکەین ئەوە نیوە سەربەخۆییکە و ئەگەر بتوانن لە ناوەوە یەکگرتوو بن زۆر ئیمکانی گەورە لە بەر دەمیانە بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدان بکەنەوە و بەستێنی گەورە بۆ سەربەخۆیی بڕەخسێنن.

پرسیار: جیا لە کلۆنالیزمی کلاسیک کە بۆ نموونە وڵاتێک،وڵاتیتر داگیردەکات، ئەم چەند ساڵە باسێکی گەرم هەیە لە ئاستی رۆشنبیرو ئاکادمیای کوردی کە کوردستان وەکوو کۆڵۆنیال- ناوخۆیی پێناسە دەکەن تاچەند لەگەڵ ئەوەی؟

وڵام: لە راستیدا ئەوە جێگای باسە و بۆ دەبێت ئەوە بڵێین؟ لەو قسەیە چ نەتیجەیەک وەردەگیرێ بۆ سیاسەت لە بزوتنەوەی کوردیدا و داهاتووەکەی؟ ئێمە لە ئەسڵی کلۆنالیزمەوە بەئێران، عێراق و سوریەوە نە لکاوین، بە سیاسەتێکی ئەمپریالیستی عێراق و سوریە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دروست بوون. ئێرانیش لە کۆن کۆنەوە و لە دەورەی ناکۆلۆنیالیسم کوردستانی داگیر کردوە. نازانم بۆ و چۆن ئەو تێزە بە زانستی بزانین؟ لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی سیاسەتێکی نێونەتەوەیی کە عەرەب و توورک بۆیان گرینگ بوو و لەگەڵ ڕۆژئاوا سازان و بە پێی سیاسەتی هەڵەی خۆدی بزووتنەوەی کوردیش ئێمە سەرنەکەوتین. سیاسەتی کۆلۆنیالیستی ئەوەیە کە وڵاتانی ئوروپایی ئافریقا و زۆر شّێنی دیکەیان هێنا ژێر حوکمی خۆیان و کردیانن بە کۆڵۆنی. کوردستان داگیر کراوە وقبوڵمە بەڵام بەراستی لەم بابەتەوە من قسەوباس و ئیستیدلالی زانستی زۆرم پێویستە تا تێئۆری کۆلۆنی قبوڵ بکەم.

پرسیار: ئایا پێوەندی داگیرکاری لە نێوان کوردستان و ناوەندی تاران هەیە؟

وڵام: هەموو هێزەکانی وڵاتان لەسەر خاکی کوردستان بە داگیرکەر دەزانم، ئەو داگیرکارییە با زۆری لێتێپەر بووبێت بەڵام هەمووجارە داگیریان کردووین، ئێمە کاتیش بووە کە لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی بوینە، خاکی ئێمەیان فاشیستی تورک و ئێرانی داگیر کرد و ئەردەڵان و بابانیان دروست کرد لەبەر چی؟ بەڵێ کوردستان لە مێژوودا لکێندراوە بە وڵاتانیتر و داگیر کراوە و مافی سەربەخۆییان لێ ستاندۆتەوە. لە مێژوودا دایم خاکی کوردستان چۆتە ژێرسەیتەرەی داگیرکەران و ئێمە نیشتمانێک بووین کە هێرش و خۆ سپاندنی زڵهێزەکان سنووری پێ گۆڕیو وخەڵکی لێ دابڕیوە و بەربەرەکانییان دژی کردوە.

پ:  بۆچوونتان چیە لەسەر ئەم گۆڤارە ودوا وتەتان بۆ خوێنەران چییە؟

وڵام: لە راستیدا زۆرێک لە بابەتەکانیم نەخوێندۆتەوە، گوڵبژێرم کردووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆر پڕ بارستە(حەجم) ولاموایە دەبێت قەبارەی کەم بکرێتەوە. بە گشتی بڵاوکردنەوەی ئەو گۆڤارە باشە و قازانجی بە بزووتنەوەی ئێمە گەیاندووە و هێندێکیش هەناسە کرانەوەی تێدایە و باشە. هیوادارم سینگ فراوانتر بێت و نموونەی زۆر بێت، چونکە ئێمە پێویستیمان بەو چەشنە گۆڤارانەیە کە هەموو بیروڕایەکی تێدابێت و باس لە  هەموو پرسێک بکات، پێموایە دەستکەوتی هەبووە و دەستخۆشیتان لێدەکەم.