هەژاری لە کۆرۆنا کوشەندەترە

✍ Linnea de la Chapelle

وەرگێران: ئەسعەد دوروودی

ڕێکخراوی جیهانیی ئاکسفام دژی هەژاری لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا پاش گشتگیربوونی پەتای کۆرۆنا و درێژخایەن بوونی ئەو پاندێمییە باسی لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەو پەتایە لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و پەرەسەندنی زیاتری هەژاری بەتایبەت لە نێو ژناندا کردووە.

لە ڕاپۆرتی ساڵانە ڕێکخراوی ئاکسفامدا هاتووە: وادیارە ڤایرۆسی کۆرۆنا نایەکسانیی ئابووریی لە هەموو جیهان پەرەپێداوە. لە کاتێکدا وڵاتانی دەوڵەمەند خەریکی خۆگرتنەوە و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی ئابوورین وڵاتانی هەژار لە جاران هەژارتر بوون. لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها باس لە کاریگەریی پاندێمییەکە لە سەر نایەکسانیی ئابووری لە پەیوەندی لەگەڵ مەسئەلەی جینسییەتی و ئیتنیکی دەکا.

زیاتر لە ٤ میلیۆن کەس لە ئاکامی ئەو نەخۆشینەدا مردوون و سەدان میلیۆن کەس بە هەژارانی دنیا زیاد بوون. بەڵام وڵاتانی دەوڵەمەندی دنیا لە باری ئابوورییەوە لە دۆخێکی باشدان. سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای پاندێمییەکەدا بازاڕەکانی بوورس و کۆمپانییە گەورەکان و تاکە دەوڵەمەندەکانیش تووشی خەسار بوون بەڵام ئەو دۆخە زۆری نەکێشا و زۆربەی ئەو کۆمپانییانە لە ماوەیەکی کورتدا زەرەرەکانیان قەرەبوو کردەوە. ١٠٠٠ دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان (کە بەزۆری لە پیاوانی سپی پێست پێکهاتوون) لە کەمتر لە ١٠ مانگدا لەو ئەزمە ئابوورییە دەرباز بوون و گەڕانەوە دۆخی جاران.

بەرزترین ئاستی بێکاری لە ٩٠ ساڵی ڕابردوودا

دەوڵەمەندترین کەسەکانی دنیا لە مانگی دێسامبری ساڵی ڕابردوودا خاوەنی نزیکەی ١٢ هەزارد میلیارد دۆلار بوون. ئەو بڕە پارەیە بە قەد هەموو بوودجەی ڕێکخراوی G20 بۆ هێنانەوە سەر هێڵی دۆخی ئابووریی دوای قەیرانی کۆڤید ١٩ ەیە. لە دەورەی پاندێمیی کۆرۆنادا ئەو کەسانە بەشی ڤاکسین بۆ هەموو خەڵکی دنیا و بنەبڕ کردنی هەژارییەک کە لە ئاکامی کۆرۆنادا بەرۆکی خەڵکی گرتووە، پارەیان پەیدا کردووە و داهاتیان بووە. بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە دەیان ساڵی پێدەچێ تا ئەو هەژارییە کەمبێتەوە و بگەڕێتەوە دۆخی بەر لە کۆرۆنا. ڕێکخراوی ئاکسفام لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی ” ڤایرۆسی نایەکسانی” دا بە وردی باسی ئەو ئامارەی کردووە.

نایەکسانی بە شێوەیکی زۆر بەرینتر لە جاران پەرەی‌سەندووە و یووهان پێتێرسۆن سکرتێری گشتیی ئاکسفام لە سوید دەڵێ: ” ئەو کەلێنە گەورە ئابوورییەی لە نێوان دەوڵەمەندەکان و هەژاراندا دروست بووە وەکوو ڤایرۆسەکە کوشەندەیە”. پاندێمیی کۆرۆنا هاوکات لە هەموو وڵاتانی جیهاندا نایەکسانیی ئابووریی پەرەپێداوە. پاش ئەوەی مرۆڤ دەستی کرد بە پێوانی خۆشگوزەرانی و یەکسانیی ئابووری لە جیهاندا ئەمە یەکەم جارە شتێکی وا ڕووبدا، واتە لە سەد ساڵی ڕابردوودا قەد لە هەموو جیهان هاوکات هەژاری پەرەی نەسەندووە. پەتای کۆرۆنا بەرزترین ئاستی بێکاری لە ٩٠ ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ خۆی هێناوە و مەترسیی ئەوە هەیە زیاتر لە ٢٠٠ میلیۆن کەس بە هۆی ئاکامە ئابوورییەکانی ئەو پاندێمییە تووشی هەژاری بن.

ژنان قوربانیانی سەرەکین

ژنان زیاتر لە پیاوان لە پەتای کۆرۆنا زەرەرمەند بوون. ژنان بە شێوەیەکی گشتی بەشێکی بەرینی هێزی کاری کارە کەمداهاتەکان پێکدێنن و خاوەنی کارهایەکن کە داهاتوویەکی دڵنیایان نییە و بۆیە ئاکامەکانی کۆرۆنا زیاتر بەرۆکی ژنانی گرتووە و تووشی بێکاری و هەژاری کردوون. لە سەدا ٧٠ی هەموو کارمەندانی بەشی تەندرووستیی دنیا ژنان پێکیدێنن کە لە زۆر وڵاتدا دۆخێکی نالەباری کاریان هەیە و داهاتێکی کەمیان هەیە، لە سەردەمی کۆرۆنادا ئەو ژنانە زیاتر لە هەمووان لە مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا و مردندا بوون و هەروەها زیاتر لە هەمووان تووشی بیکاری و هەژاری لە ئاکامی نەخۆشبووندا هاتوون.

بڵاوبوونەوە پەتای کۆرۆنا لە ناوچە هەژارەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوچە دەوڵەمەندەکان زیاتر بووە. بۆ نموونە لە بریتانیا ناوچە هەژارەکان دوو ئەوەندەی ناوچەکانی دیکە تووش بوویان تێدا بووە. یان لە برازیل ئەو کەسانەی بەڕەچەڵەک خەڵکی ئەفریقان ٤٠٪ ڕیسکی مردنیان بە هۆی پەتای کۆرۆنا لە سپی پێستەکان زیاتر بووە. لە ئەمریکاشدا ئەگەر ڕێژەی مردن بۆ هەمووان وەکوو یەک بوایە ٢٢٠٠٠ کەسی ڕەش پێس و خەڵکی لاتین ئەمەریکا ئێستە لە ژیاندا بوون.

ئەگەر وڵاتانی دنیا و دەسەڵاتدارانیان بیانەوێ هەوڵێکی جیددی بدەن بۆ ئەوەی نایەکسانی لە کۆمەڵگا مرۆڤیدا نەمێنێ لەوانەیە تا سێ ساڵی دیکە بگەڕێتەوە دۆخی بەر لە کۆرۆنا، بە بێ ئەو ئیرادە و هەوڵە زیاتر لە دە ساڵی پێدەچێ تا ئاستی هەژاری وەکوو جارانی لێبێتەوە.