هێشتاش ڕووی ڕەشی فتواکانیان لە کوردستانە

هێشتاش ڕووی ڕەشی فتواکانیان لە کوردستانە

جەمیل سەرمەستی

چەند ڕۆژێکمان ماوە بۆ ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژێک کە بە فتوای خومەینی( دامەزرێنەری دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری پێشووی ئەو ڕژیمە کۆنەپەرەستە) کە کوردستانیان لێ ببوە بەربەستی سەرەکیی گەیشتن بە ئامانجە دژەمرۆییەکانیان و تەنیا سەنگەری بەرگریی و ڕزگاریخوازیی پتەو لە سەرتاسەری جوغرافیای سیاسیی ئێراندا بۆ ژینۆسایدی خەڵکی کوردستان و سەرکوتی بزووتنەوەی سیاسی و دەنگی ئازادیخوازیی کورد لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی ئەرتەش و سپا و ژاندارمریی ئەو کات لە ژێر کاریگەریی بیری مەزهەبی و فاشیستیدا بەرەڵا کران بۆ کوردستان و لە سێ قۆڵی ورمێ، کامێران و قوروەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان و زۆر بێ بەزەییانە و بە فەرمانی ڕێبەرە خوێنمژەکەیان و بە بانگەوازی کەسێکی وەکوو بەنی سەدر کە ئەو کات سەرۆک کۆماری ڕژیم و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بوو کە وتی:”پێڵاوە سەربازییەکانتان دەرناهێنن تاکوو کێشەی کوردستان چارەسەر نەبێ” و بە ناردنی جەللادێکی دیکەی هاوشیوە و دەستپەروەردەی خۆی وەکوو خەڵخالی لە لایەن خومەینیەوە و با هاوکاریی بەکرێگیراوانی هەڵخەڵەتاو و هەلپەرەست  کوردستانیان کردە گۆمی خوێن و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی لاوانی کورد کە لەو ڕاستایەدا بە فەرمانی خەڵخاڵی لە پاوە و کرماشانەوە دەستی پێکرد و ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژ لە شاری پاوە ١٢ کەس و لە کرماشان ٧ کەس، ڕۆژی ٣ی خەرمانان ٩ کەس لە شاری مەریوان لە سێدارە دەدرێن. ڕۆژی پێنجی خەرمانان ١١ کەس لە فڕۆکەخانەی شاری سنە گولـلەباران دەکرێن.ڕۆژی ٦ی خەرمانان ٢٠ کەس لە شاری سەقز لە سێدارە دەدرێن.لە ڕۆژی ١١ی خەرمانان کۆمەڵکوژیی قاڕنا لە دەوروبەری شاری نەغەدە لە لایەن خەڵخاڵی و حەسەنی(بەرنوێژی پێشووی ورمێ)وە بەڕێوەدەچێ کە بەزەییان بە منداڵی نێو بێشکەشدا نەهاتەوە و ٦٨ کەسیان کۆمەڵکوژ کرد و دواتر خەڵخاڵی دەگەڕێتەوە بۆ تاران و ڕایدەگەیەنێ کە بە قەولی خۆیان غاییلەی کوردستان کۆتایی هاتووە.ئەمانە تەنیا بەشیکی بچووک لە جینایەتەکانی ئەو ڕۆژانەی پاش فتوا نگریسەکەی خومەینین کە دواتر لە شەڕێکی قارەمانانە و بێوێنە و گیانبازیی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکاندا کە بە شەڕی سێ مانگە ناسراوە تێکدەشکێن و خومەینی بۆ یەکەمجار ناچار دەبێ ژاری هەلایهەل بخواتەوە و دان بە شکانەکەیاندا بنێ و بە مەبەستی خۆڕێکخستنەوە و دەرچوون لەو شپرزەییەکی کەخۆی و لەشکرەکانی تووشی هاتوون داوای وتووێژ لە کورد بکات و… هتد.

هەرچەند ٤٥ ساڵ بەسەر ئەو فتوایەدا تێپەڕیوە بەڵام لەو ماوەیەدا  و لە کوردستانی داگیرکراودا رۆژانە و چرکە بە چرکەش کار بەو فتوایە دەکرێ و لەسەر هەمان بنەما و بیری دواکەوتوانە خوێنی کورد بۆیان حەڵالە و لە هەر هەلێک بۆ ڕشتنی خوێن و لەسێدارەدان و ژێنۆسایدی ئەم نەتەوەیە لە ڕیگای جۆراوجۆرەوە وەکوو پەرەپێدانی خووگری و بێکاری و تاڵانکردنی سەروەت و سامان و سەرچاوە سروشتی و بنەماییەکانی ئەم گەلە و لە ناوبردنی ژێئۆپۆلۆتیکی کوردستان و سووتاندنی ژینگە و…هتد کەڵک وەردەگرن و تازەترینیشیان شەقامەکانی شار و گوندەکانی کوردستان لە شۆڕسی ژینادا و ئەڵاهوئەکبەری بەیانیان و پەتی سێدارە و هاژەکبارانی بنکە و بارەگاکانی هێزەسیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و بەندیخانەکانی ڕژیم پێش و دوای ئەو شۆڕشە و ئێستاش شاهێدی ئەو راستییەن

 پاسدار و ئاخوندە ژێ سێ بەدەستەکانی ئەو کاتەوە کە لە کوردستان خوێنی مرۆڤی کوردیان دەڕشت و دواتر و ئەمڕۆ لە پلە و پایەی جۆراوجۆردا دەبیندرێنەوە، هەرکامیان بە جۆرێک بەردەوامن و دەستیان سوورە بە خوێنی لاوانی ئەم نیشتمانە، هەر لە بەنیسەدر و بازرگان و بڕیاردەر و بکوژ و جینایەتکارە ورد و دروشتەکانیانەوە بگرە تاکوو ڕەفسەنجانی، خاتەمی و ئەحمەدی نژاد و ڕۆحانی و ڕەئیسی لە بەرچاوترینیانن و ئێستاش ژێ سێ بەدەستەکەی دوێنێی خومەینی لە کوردستان و سەرۆک کۆمارەکەی ئێستای ڕژیم(پزشکیان) بۆ شاردنەوەی شکانەکانیان لە بەرانبەر ئیسرائیلدا و بە بیانووی لێدانی ئەو وڵاتە داوای لێدانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکا و ڕێک لەسەر هەمان ڕێچکەی فتواکەی خومەینی داوای ڕشتنی خوێنی کورد دەکات.

کاکڵەی باسەکە  ئەوەیە کە چاوەڕوانیی گۆڕان لە بیری داگیرکەر لە ژێر هەر ناوێکدا بەرانبەر بە نەتەوەی داگیرکراو و بندەست  بەهەر پاساوێک هەڵەیەکی جەرگبڕە و سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکان هێشتاش کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دوژمن و بەربەستی سەرەکی و چقڵی چاوە بۆ داگیرکەران و  هەروا کە زیاتر لە ٤٥ ساڵە نەیانتوانیوە کورد بەچۆکدا بێنن بەهیچ هاژەک و دڕۆن و چەکی پێشکەوتوو و کەرەستەیەکی سەربازی  ئیرادە و بڕوای ڕزگاریخوازانی کورد بە چۆکدا نایە بەڵام دەبێ لەوەش تێبگەین کە پێویستە و دەبێ بە هەوڵدان بۆ یەکیەتیی هەموو بیر و بۆچوونێکی ڕزگاریخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  بیر و هزری خۆمان و کۆمەڵگەش بۆ ڕێگا و ڕێکارە کاریگەرەکان ڕیکبخەین و بە کردەیی بکەین، ئامادەبین نرخی یەکجاریی بۆ بدەین، هەنگاوەکانمان بەو ئاراستەیەدا هەڵگرین و کۆتایی بەوە بێنین کە ببینە نێچیری فتوای داگیرکەران.