هاونیشتمانیانی خۆشەویست کوردستانیانی هێژا
لەم رۆژانەدا وەک پیشەی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران، سێبەری ڕەشی لەسێدارەدان باڵی بە سەر هەموو رۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشاوە، بە شێوەیەک کە نیگەرانییەکان لە پەیوەندی لە گەڵ لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە موردای لەوپەڕی خۆیدایە.
سەرچاوەی ئەم نیگەرانیانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەداخەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بارودۆخی دژوار دا بێت، ئەوە کوردەکانن کە زۆرترین باجیان داوە.
هەرچەن لە ڕابردوودا چەندین جار خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان لە رێگەی مانگرتی گشتییەوە وڵامی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیان داوەتەوە، بەڵام ئەمە لە کاتێکدا بوە کە رۆڵەکانمان زۆر لەناکاو تەنانەت بێ ئاگادارکردنەوەی دوا دیداری بنەماڵەکانیان لەسێدارە دەدران!.
بەڵام ئەوەی لە ئێستادا، ئێمەی وەک چالاکڤانانی ژن هانداوە تاکوو روو لە خەڵکی کوردستان و مرۆڤە ئازادیخوازەکان بکەین، ئەوەیە کە پێش ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاران رۆڵەکانمان لە سێدارە بدەن، پێویستە ناڕەزایەتی خۆمان نیشان بدەین تاکوو پێش بەو کارەساتە بگرین.
بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە لە مانگرتنی داواکراوی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دا کە رۆژی چوارشەممە ٣ی رێبەندان دیاریکراوە، ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە حوکمی لەسێدارەدان لە کوردستان و لەم کاتەدا بەتایبەت بۆ پشتیوانی لە پەخشان عەزیزی و وریشە موردای، نێشان بدەن.
بەرێوەچوونی ئەم مانگرتنە پێش ئەنجامدانی ئەو حوکمە ناڕەوایە، نیشاندانی بەهێزیی، خۆڕاگری و ئیرادەیەکی یەکگرتووانەیە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران. چونکە ئەوان بە لەسێدارەدانی رۆڵەکانمان دەیانهەوێ کە هێز و ئیرادەمان لاواز بکەن و ژینگەیەکی پڕ لە ترس و بێ باوەڕیی لە دڵی کوردستانیان دا بچێنن، بۆیە لێرەوە ئێمەیش وەک کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی ژن پشتیوانیی خۆمان لە حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵات، رێکخراو و چالاکە مەدەنییەکان، کەسایەتیی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان دەردەبڕین کە با هەموومان پێکەوە داوا لە خەڵکی کوردستان بکەین بە مانگرتنێکی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان ناڕەزایەتی خۆیان نێشان بدەنەوە!.
مانگرتنەکە بۆ رۆژی چوارشەممە سێی رێبەندان دەبێ و تێدا داوا لە هەموو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بە داخستنی بازار و دووکانەکانیان و هەروەها مانەوە لە ماڵەوە پەیوەستی مانگرتنە گشتییەکە بن.
پێویستە لە کۆتاییدا وەبیر خۆمانی بێنینەوە کە بزووتنەوەی #ژن_ژیان_ئازادی کە بە کوژرانی ژینا ئەمینی سەریهەڵدا و تێدا گیانی کچێکی کوردستان بوو بە هەوێنی ئەو شۆرشە، لە ئێستایشدا گیانی پەخشان عەزیزی و وریشە رووبەرووی پەتی سێدارەیە.
بۆیە ئێمە نابێ جارێکی دیکە ئیزن بدەین کۆماری ئیسلامی گیانی رۆڵەکانی کورد کە بەشێکی دانەبڕاوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانن، بستێنێ.
پێکەوە بەرەو مانگرتنی سێی رێبەندانی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی