ئامانج عەزیزکەندی

بە مناڵی لە گوند ژیاوم، زۆربەی هەرەزۆری ئەو دەستەواژە و کولتور و باو و دابانە دەناسم، کە لە گوند و فەرهەنگی زۆربەی ئاواییەکانی کوردەواریدا باو بوون و بەڕێوە دەچوون و دەچن. هەر لە کایە و گاڵتەی مناڵانەوە تا کایە و نەریت و ڕەسمە باوەکانی گەورەکانیش. گۆیێن، جگێن، هەدار هەدارێن، قەرێ قەرێ، هەیجۆ هەیجۆ، هەلوکێن، سینگی سەگێن، کۆدرێن، گوێ پروچکێن، مێشێن و خوزێن، و… هەروەها زۆر کایەی تری گەورەکان وەک جۆرابێن، پشکیلێن، پوشکە بەفوو، تەرکی بن بەڕە، میرمیرێن و …. لە زۆر گەڕەلاوژەدا بەشدار بووم و میرمیرێنشم کردووە و هتد…، هەروەها لە داوەتی مەڕی و لە داوەتی گڵی تەندوور هێنان هەڵپەڕیوم، بەران تێبەردان و مەر شوتن، ئاوردوو دەردان، مەڕبڕینەوە، ھەرشتە کردن و خوری شی کردن و شوتنم دیتووە، هەرەوەزی دروێنە و دەسکەنە و جۆمال چووم، زۆر ڕەسم و باوی ترم دیوە و کردوومن. بەڵام هیچیان وەک نەریت و رەسم و باوەکانی پەیوەندیدار بە نەورۆزەوە خۆش نەبوون، ئەو هەستەی کە لە بەرە و نەورۆزاندا بوومە وەک هیچیان ناچێ.

لە لای مە لە موکریان، هێلکە لە نەورۆزدا دەوری سەرەکی هەیە، نازانم بۆ هێلکە؟ 

ئایا هێلکە لە سەردەمە کۆنەکاندا گرینگ بووە؟ 

ئایا لەبەر ئەوەیە کە هێلکە، ڕازی هەڵفرینی لە خۆیدا حەشار داوە؟ 

ھێلکە نەخشاندن، هێلکە سوور کردن بە توێکڵەپیاز یان توێکڵە گوێز چێژێکی تایبەتی ھەبوو. ھێلکەشکێنە خۆی فەرھەنگێکی جیاوازی ھەیە. ھێندێک دەستەواژەی ھەیە کە تەنیا تایبەتە بەم کردەیە. جگە لە هێلکە شکێنە، یاری و کێبڕکێ بە  ھێلکە، بە چەندین شێوازی وەک:

 لە لێژایی هێلکە بەردانەوە، هێلکە هەڵبژاردن لە لایەن مریشکێکەوە و … 

لە رۆژی نەورۆزدا هەلاوە مەلاوەمان دەکرد، کە گەورەترین دیاری هێلکە بوو. 

هەلاوە و مەلاوە

شتێکمان بۆ بخەنە بن تاوە

کچەکەتان شو بکا 

کوڕەکەتان ببێ بە زاوا

شەوی نەورۆز لاو و جوانەکانیش دەچوونە چلچرا. چلچراوانەکان لە سەر سەربانەوە دەچوون و دەم و چاویشیان دەشاردەوە. بە پشتێنی دایک و باوکیان، بە جامێک گەنم و کل و کلدان و ئاوێنە و شانە و عەترەوە، کە فانۆسێکیان لە ناو جامە گەنمەکە دادەنا و دەچوون بۆ چلچرا. ئەوەش فەلسەفە و فەرهەنگی خۆی هەبوو. ھێندێک جار راز و نیازی دڵداری و دیاری نەورۆزی بۆ دڵداران تێدابوو. 

ئاورکردنەوەکانی چەندین رۆژ پێش نەورۆز، خۆ ئامادە کردن و قرتیلک کۆکردنەوە و پرزەی بەر ماڵات ھەڵدانەوە و پووشکە ھێنان و تەگەر بردنە سەر گرد و چیاکان، زۆر کەش و ھەوایەکی شیرینی بە مرۆڤ دەبەخشی. 

چوومە گێلاخە و کەنگر و شنگان. چەقەم لە ئەسپنگ گرتووە، کیفۆکم بە جەللە لە شان داوە. خواردنەکانی نەورۆز، شادی و بوژانەوە و روو لە دەشت و دەر کردن و زۆر لایەنی جوانیناسانەی تر، پێناسە جوانەکانی نەورۆزن. سێزدە بەدەریش ئەوپەڕی تام و چێژە و تەواوکەری نەورۆز و باوەکانی دەور و بەری نەورۆزە. بە تایبەتی لە ناوچەی گۆران ـ لەک و کەڵهوڕـ بەشێک لە خەڵک هەر سێزدە رۆژەکە لە دەرەوە چادر هەڵدەدەن و ھەر جارە لە بەردەم ھۆبەیەک دەنگی دەھۆڵ و زوڕنا بەرز دەبێتەوە. خەڵک لەوێ ئەو سێزدە رۆژە بە هەڵپەڕین و گۆرانی ڕایدەبوێرن. 

ئەو جەژنە شاد و ئینسانی و سرووشتیە، ئەو جەژنە گەرم و پڕ سوور و سات و مانادارە، پێویستە وەک جەژنی گرینگی مرۆڤایەتی و بۆ ئێمەش – جێژنی نەتەوایەتی – بەرز ڕابگیرێ. هیچ فتوا و هەژمۆنێک، نابێ پێش بەم شادی و سوور و خۆشیانە بگرێ، یا بە ھۆی بڕیاری سەیر و سەمەرەوە ئاراستەی سەیر و سەمەرە بکرێ. چونکە لە نەریتی جوان و مرۆڤانەی گەلانی ئەو ناوچەیە تەنیا نەورۆز ھەناوی بەھاری سروشتی جوانی خۆی ڕاگرتووە. هەروەها بۆ ئێمەی کوردستانیانیش مانایەکی مەزنتری سیمبولیکی بەرخۆدانی بەخۆوە گرتووە. بۆتە رەمزی یەکیەتی و هاوچەشنی کوردستانیان. گرینگە کە نەورۆز تا نوکە ئەم ھەموو زوڵم و زۆر و قەدەغە کرنانە، نەیانتوانیوە بیگۆڕن و بە جوانی ماوەتەوە. 

با پێکەوە نەورۆزی مەزن، پیرۆز بکەین و ھەروا گەرم و گوڕ و پڕ سوور سات ڕایگرین.

شنەی شەماڵی بەیانی بەھار

لایدا سەرپۆشی سپی سەوزەزار

کانی بۆ ئەستێر ئەتریقێتەوە

بەستەی ژیانەوەی نوێ ئەڵێتەوە

تەم و مژ بۆتە فۆکلەی دوندی شاخ

زێواژنی ئاونگ بووە دەشت و باخ

قەڵبەزەی چەمی لێر و خڕ و دۆڵ

زستانی تواوەی پاری دا لە کۆڵ

موژدە لە چرۆی چڵۆکی داران

دەگەڕێنەوە پۆلی باڵداران

هۆزار ئەسترێ ئەویندارانە

ڕووی سروشت ئەشوا لێزمەی بارانە

هەوای هەواری بەهاری ڕەنگین

هەستی سەربەستی ئەدا تاووتین

بەرامەی خۆشی هەوای بەهاریی

ئەبزێوێ تەلی سازی دڵداریی

ئێوارەشایی کیژ و کوڕی لاو

ئەوین و جوانیی و حەزە تێکەڵاو

بەهای بەهارێ بژوێنی ژینە 

بەستەی ڕوانەوە و گەرمیی ئەوینە

نەورۆزتان پیرۆز