نۆرمالیزەکردنی توندوتیژی لە مێدیا

✍سولماز دوروودی

توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بووەتە باسێکی بەرچاو و تەنها لە ناو ئەو رێکخراوانەی کە تایبەت بۆ ئەو مەسەلەیە کاردەکەن نەماوە بەڵکوو بوەتە باسێک کە لەناو زۆربەی خێزانەکان و شوێنی کار و… دەبیسترێت. ئاسان بوونەوەی دەستڕاگەیەشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری و بوونی سۆسیال مێدیا کاریگەریی باشی بووە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەو بارەوەیە.

بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاوکات پەیدا کردنی رێگە چارەیەک بۆ کەمکردنەوە و لە ئاکامدا بەرگرتن بەو کارەساتە کۆمەڵایەتیە پێوسیتە شێوەکانی تووندوتیژی وەکوو جەستەیی، دەروونی، سێکسی، ئابووری و ئینتێرنێتی بەردەوام و بەوردی باس بکرێن و میدیاکان دەتوانن بەشێکی بەرچاوی ئەم هەوڵە بن. وەک چۆن لە باری نەرێنیشەوە دەوری بەرچاویان لەو نموونانە بووە کە باس کران.

بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ پەرەپێدان بە فەرهەنگی ئینسانی و رێزگرتن لە خواست و ویستی مرۆڤ یەکێکە لە ئەرکەکانی کۆمەڵگا. زۆربەی جار  ژنان لە ئاکامی ئەوەی کە بە پێچەوانەی داواکارییەکانی دەورووبەریان بەتایبەت پیاوانێک کە ژن بە موڵکی خۆیان دەزانن کارێک دەکەن، تووشی توندوتیژی دەبنەوە. دیارە لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا توندوتیژی دژی ژنان پشتیوانیی ئایینی هەیە و یاساکانیش کە بە پێی ئایین داڕێژراون دۆخەکە نالەبارتر دەکەن و ژنانی قوربانی بێدەرەتانتر دەبن.

توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی جیهانییە و تایبەت بە وڵاتە دواکەوتووەکان نییە. بەرچاوترین نموونە دەتوانین لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی فیلم دا ببینین. مێدیا و فیلمە بەناوبانگەکانی هالیوود سیستماتیک کۆنترۆڵکردنی ژنان لەلایەن پیاوان “جوان” نیشان دەدەن. بۆ نموونە کاتێک کوڕێک حەز بە کچێک دەکات و کچەکە پێی خۆش نییە لەگەڵی بێت، ئەوەندە کوڕەکە وازی لێ ناهێنێ کە بینەر ئەخاتە حاڵەتێک کە بەزەیی بە کوڕەکە بێتەوە لۆمەی کچە دەکەن کە چۆنە وەڵامی ئەو کەسە عاشقە ناداتەوە.

لەو فیلمانەدا ناردنی گوڵ، وەدواکەوتن و دەرکەوتن لە هەموو ئەو شوێنانەی کە کچەکە هەیە و کۆڵنەدان لە هەوڵ بۆ وەدەستهێنانی دڵی لایەنی بەرانبەر وەکوو نیشانەیەکی خۆشەویستیی ڕاستەقینە دەردەخرێ و وشەی “نە” قەبووڵ ناکرێ و تەنها ویست و مەیلی لایەک گرینگی پێدەدرێ. تەنانەت زۆر جار دڵپیسی کردن وا نیشان دەدەن کە گوایە دلپیسی کردن بەشێکە لە خۆشەویستی.

لە وڵاتە ئیسلامییەکان بۆ نموونە لە ئێران فیلمەکان بەرهەمهێنەرەوەی فکری پیاوسارانەن و ئەو بیرە پەرە پێدەدەن کە ژن موڵک و شەرەفی پیاوە یان مەسەلەی سیغە شەرعیەت پێئەدەن و ئەوەی کە ژن بە بێ ئیجازەی باوک، برا یان هاوسەر ناتوانێ سەفەری دەرەوەی وڵات بکات وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی نیشانی دەدەن. ئەم نموونانە مشتێکە لە خەروارێک لەو شتانەی کە رۆژانە لە فیلم و زنجیرەکان نیشاندەدرێت و دەکرێتە کلتوور لە ناو کۆمەڵگا. زنجیرە و فیلمی کوردیش هەر بەهەمان ئاڕاستەدا ڕۆشتووە و لەژێر دەسەڵاتی کلتووری پیاوسالارانە دیالۆگ و شێوەی هەڵسوکەوتی ئەکتەرەکان دیاری دەکات.

هاوکات لە ناو رێکلام و زنجیرەکانیش بە ئاشکرا رۆڵی “ژنانە” و “پیاوانە” زەق دەکرێتەوە. دیارە ئەم حاڵەتە زۆرتر لە وڵاتانی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئامریکا بەرچاو دەکەوێت چونکە لە وڵاتانی ئورووپایی زۆر کار بۆ مەسەلەی هۆشیارکردنەوە ئەنجام دراوە و تا ڕادەیەکی زۆر پێشکەوتن لەو بوارەدا دەبیندرێ.

هەموو ئەو فیلم، زنجیرە، کتێب، نووسراوە و شیعرانەی کە دڵپیسی بە خۆشەویستی نیشان دەدەن، کۆنترۆڵکردنی ژنان و “ئاگالێبوونیان” لە لایەن پیاوانەوە وەکوو پێویستیی ژن نیشان دەدەن یان وشەی “نە” لەلایەن ژنەکانەوە بە بێمانا دەنوێنن، پەرەپێدەر و وەبەرهێنەرەوەی فەرهەنگی پیاومەزنین و ئەرکی هەموو تاکێکی یەکسانیخوازە بەرانبەریان بوەستێت و هەوڵ بۆ سڕینەوەی ئەو ڕوانین و بیرە بدا