رەنگەکانی ئاڵای وڵاتەکەم

✍شارام وەحدانی

ئێستا کە ئەم بابەتە دەنووسم دەسەڵاتی ئێران لە دژوارترین دۆخی خۆیدایە وخەڵکی زۆرێک لە شارەکانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی ئیسلامی شەقامیان خرۆشاندووە، داخوازیی سەرەکیی خەڵک نەمانی ئەو دەسەڵاتەیە. پێویستە بوترێت کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لە ئێران دوو شۆڕشی گەورە روویان داوە، شۆڕشی مەشرووتە و ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ساڵی هەفتا و نۆی زایینی. دروشمی  هەر دوو شۆڕشەکەش ئازادی، سڕینەوەی دیکتاتۆری و  بەربەست کردنی دەسەڵاتی رەهای شاکان بوو کە خۆیان بە سێبەری خودا دەشوبهاند و دەسەڵاڤتی ڕەهایان بوو  بە سەر گیان و ماڵی خەڵکی ژێردەسەڵاتدا. بەڵام ڕەزاخان  شۆڕشی مەشرووتەی خنکاند و بەرهەمی کۆتایی دووهەمین سەرهەڵدانیش بوو بە کۆماری ئیسلامی کە بۆ زۆرینەی خەڵکی ئێران کارەسات بووە و بۆ کورد زیاتر لە هەمووان. جگە لە چەند بڕگەی کورت ئەم وڵاتە ڕەنگی ئازادیی بە خۆوە نەدیوە. دوازدە ساڵی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی مەحەمەدڕەزای پەهلەوی تا کودتا و ڕووخاندنی دەوڵەتی یاسایی دوکتور موسەدق، هەروەها مانگەکانی سەرەتایی دوای ڕاپەڕینی ڕێبەندانیی هەفتاو نۆ، ئەو دوو بڕگەیەن کە دەوەترێت لە بواری ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین لە مێژووی سەد ساڵەی رابردوودی وڵاتی ئێراندا بێ وێنەن. هەرچەند هەر لەو دوو دەورەشدا ئێران وڵاتێکی بە تەواوی مانا ئازاد نەبووە. بەڵآم مەبەست لە هێنانی ئەو پێشەکییە وتنی ئەو راستییەیە کە وڵاتی ئێران لانیکەم سەد ساڵە کە ڕەنگی ئازادیی ڕاستەقینەی بە خۆوە نەدیوە، خەڵکی ئێران بە گشتی بیرەوەرییەکی ئەوتۆیان لە ئازادی، مافی مرۆڤ، ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، دەسەڵاتی یاسا، یەکسانی و مافەکانی شارۆمەندی نییە و نەوە لە دوای نەوە لە ژێر سێبەری دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکاندا ژیاون و تەنانەت هەموو هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە سەربەستی و یەکسانی هەمووان لە بەرامبەر یاسادا بەرهەمەکەی بووەتە کارەساتێک بە ناوی دەسەڵاتی ئایینی و دۆخێکی پڕخراپتر لە جاران. جێگرەوەی پاشایەتی پەهلەوی بوو بە کۆماری ئیسلامی کە لە ناو دیکتاتۆرییەکانی مێژوودا سەرە و بێ هاوتا لە سەرکوتگەری و دواکەوتووییدا.

ڕەزاشا دوای ئەوەی بە دەسەڵات گەیشت هەوڵیدا وڵاتێکی بەڕەواڵەت مۆدێرن پێک بێنێت بەڵام مودێرنیزمەکەی بنچینەیی نەبوو و تەنیا لە ئاستی ڕاکێشانی ڕێگەی ئاسن و پیشەسازی و دابین کردنی ئاسایش بە زەبری چەکی ئەرتەشێکی تۆکمەدا مایەوە. سکۆلاریزمی پەهلەوی یەکەم و دووهەم ئەوەندە ناتەواو و ناساز بوو کە هەر دوای رووخانی پاشایەتی دەسەڵاتێکی ئایینی هاتە سەر کار. هەر چەند توێژینەوە لەو بابەتە زۆر دەخایەنێت کە چۆن بوو ئیسلامییەکان دوای ڕاپەڕین دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و ئایا دەست تێوەردانی دەرەکی زلهێزەکان بۆ ساز کردنی کەمەربەندێکی سەوزی ئیسلامی بە مەبەستی بەرگرتن لە  پێکهاتنی دەسەڵاتێکی  نزیک لە سۆڤیەت ئەویش لە سەردەمی شەڕی سارددا چەندە چارەنووس ساز بوو؟

دیارە شا، دەسەڵاتی پەهلەوی و ساواک بە ئاوەڵەکردنی دەستی ئیسلامییەکان بۆ سازماندان و ڕێکخستنی هێزی خۆیان و لە بەرامبەردا هەوڵی بێ باکانەیان  بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ و تەنانەت لیبراڵەکانیش ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە خۆڵقاندنی تراژدیای بەدەسەڵات گەیشتنی خۆمەینی. هەروەها هەوڵ بۆ دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران لە سەر دوو بنەمای زمانی فارسی و ئایینی شیعە بە هۆی ئەوەی کە بەشی زۆری خەڵکانی دانیشتووی ئێران لە خۆ ناگرێت بێ ئاکام مایەوە. لە ڕاستیدا سەرەڕای هەر جیاوازییەک کە لە نێوان دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و دەسەڵاتی ولایەتی فەقێ وەدی بکرێت، یەكێک لە خاڵە هاوبەشەکانیان درێژەدان بەو ڕەوتە و بەردەوامبوون لەسەر پەرەپێدان  بەو ناسیونالیزمە ئێرانییە بووە کە تا ئێستاش بەرگر بووە لە پێکهاتنی نەتەوەی ئێران و تاکی ئێرانی لە هەموو جێگەیەکی ئێراندا. هەر ئێستا هەست پێکردن بە ستەمی نەتەوەیی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی خەڵکی بەشێکی بەرین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە دروستی داوای مافی نەتەوەیی خۆیان دەکەن. دیارە کە کورد چ لە دەورانی پاشایەتیی پەهلەویدا و چ لە چوار دەیەی رابردوودا بۆ سڕینەوەی ئەو ستەمە هەوڵی داوە و خەباتی بۆ کردووە.

بەختەوەرییەکی زۆر مەزنە کە خەباتی خەڵکی کوردستان تا ئێستاش سەرەڕای هەموو هەوڵی دوژمنانی ئەو بزووتنەوە رەنگی ئایینیی بەخۆوە نەگرتووە. بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان سەربەرزە کە هەر لە سەرەتای هاتنی ئیسلامییەکانەوە تا ئێستا لە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە کۆنەپەرەستەدا ڕاوەستاوە و بە بزووتنەوەیەکی ئازادیخۆاز، دێمۆکراتیک و ئاشتیخواز ناوبانگی دەرکردووە. بارودۆخی ژنان لە بزووتنەوەی کوردستاندا گرینگییەکی تایبەتیی هەیە و هەروەها ژنان لەو خەباتەدا رۆڵێکی یەکجار پۆزیتیڤ و بەنرخیان گێڕاوە. هێزی چەپ و بە تایبەت کۆمەڵە وەکوو ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا هەر لە سەرەتاوە هاوتەریب لەگەڵ خەباتی چینایەتی بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوەییش تێکۆشاوە و هەر بۆیەش جێگە و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا  و فەراهەم کردنی دۆخێک بەری لە ستەمی ڕەگەزی و یەکسانی لە نێوان  ژن و پیاو  لەو خەباتەدا گرینگی تایبەتی هەبووە. لەم سەردەمەدا باس لە ستەمی نەتەوەیی و شێوەکانی سڕینەوەی ئەو ستەمە لە رۆژەڤدایە. هەموو لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کوردستان و تەنانەت لە نێو عەربەکانی خوزستان، تورکەکانی ئازەربایجان و لۆڕەکان و بەلووچەکان باس لە هەبوونی ستەمی نەتەوەیی دەکەن و لەسەر ئەوە کۆکن کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و ئەوان لەو سیستمەدا مافەکانیان وەکوو شارۆمەندانێک کە فارس نین پێشێل کراوە و تەنانەت ئەگەری لێكترازان و پارچەپارچە بوونی ئێران لە دوای داڕمانی کۆماری ئیسلامی گەلێک دوور لە باوەر نییە. بەڵام ئایا تەنیا جیا بوونەوە، سەربەخۆیی یان وەدیهێنای شێوەیەک لە شێوەکانی خۆبەڕێوەبردن دەتوانێت زامی پڕ لە ئازاری خەڵکی هەژار و  زەحمەتکێش ساڕێژ بکات و  ژنان لە ژێردەستەیی و ئەو دۆخە نالەبارەی کە تێیدان رزگار بکات و ژینگەی وێران دیسان ئاوەدان بکاتەوە و چارەسەرییەک بێت بۆ دیکەی کێشەکانی کۆمەڵگەی ئالۆز و پڕخەساری کوردستان یان ناوچەکانی دیکە؟ بێ گۆمان ئەوە شێوە و فۆڕمی دەسەڵات نییە کە تایبەتی باش یان خراپی پێ دەبەخشێت بەڵکوو ناوەرۆک و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە کە دەتوانێت باش یان خراپ بێت. بەو مانا کە سەربەخۆیی بە تەنیایی و خۆی لە خۆیدا چارەسەری ستەم نییە بەڵام دەتوانێت هەنگاوێکی مەزن بێت بەرەو ئازادی بۆ نەتەوەیەک.

دیارە بە هۆی جێگە و پێگەی پتەوی هێزی چەپ و بە تایبەتی کۆمەڵە لە کوردستان باسی یەکسانی، سڕینەوەی ستەم و توندوتیژی دژ بە ژنان، پاراستنی ژینگە، پڕکردنەوەی کەلێنی چینایەتی و سکۆلاریزم لە خەبات بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی جیا نەکراوەتەوە و گرێدراوی یەکترن، هەر ئەوەش تایبەتمەندییەکی ئەوتۆی بە بزووتنەوەی کوردستان بەخشیوە و بە هۆی ئەو ناوەرۆکە پێشکەوتووە وەکوو بزوتنەوەیەکی پێشرەو، مۆدێرن و ئازادیخواز ناوبانگی دەرکردووە و لە هاوشیوەکانی خۆی چەند هەنگاو لە پێشەوەیە. ئەگەر لە خووزستان باسی ستەمی نەتەوەیی دەکرێت کە پڕ ڕاستییە بەڵام جێگەی ژنان و داهاتووی ژنان لە ئەگەری سەرکەوتنی بزووتنەوەی ئەلئەهوازدا ون و نادیارە،  لە ئازەربایجان وبەلووچستانیشدا هەر بەو شێوە. هەروەها دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین کە سکۆلاریسم و جیایی دین لە دەسەڵاتی داهاتوودا یەکێک لە پرێنسیپەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازایی کوردستانە کە بە تەواوی چەسپاوە، بەڵام ئەو تایبەتمەندییە لە دیکەی شوێنەکاندا بەدی ناکرێت. ڕەنگە هەموو ئەو شتانەی کە تا ئێستا ئاماژەی پێکرا بۆ خوێنەر بابەتێکی ئاشنا بێت و شتێکی تازە نەبێت، بەڵام ئەوەی کە نووسەری هاندا بۆ نووسین تەوەری یەکسانی و ئازادیی بوو. یەکسانی بۆ هەمووان درووشمێکە کە هەموو دانیشتوانی وڵاتێک دەگرێتەوە، بە بێ جیاوازی. کۆمەڵگەی دوێنێ و ئەمڕۆی مرۆڤایەتی کەسانێکی لە خۆ گرتووەکە بە هۆمۆسێکسوال یان هاوڕەگەزخواز ناسراون. ئەگەر هەموو ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا لە ناوەرۆکی بزووتنەوەی کوردستاندا هەن و باسێکن لە رۆژەڤدا، باسی هۆمۆسێکسوالەکان یان پەلکەزێڕینەکان پشتگوەی خراوە یان زۆر بە کەمی لەسەر دواون. ئەگەر بە دەگمەن کەسێک جەختی کردووەتە سەر ئازادیی مرۆڤەکان لە خۆشەویستندا و باسی لە مافی هاو ڕەگەزخوازەکان کردووە بە توندی هێرش کراوەتە سەری و بێدەنگ کراوە. ئایا دەتوانین نەتەوەیەک بە ئازاد بزانین لە کاتێکدا کە بە پێچەوانەی وڵاتانی ئازاد و مۆدێرن کە تێیدا مرۆڤەکان ئازادن لە چۆنیەتی ژیان و خۆشەویستن، بە بیانووی  کەلتوور و فەرهەنگ مافی خەلکانێک پێشێل بکەین و گفتوگۆ لەسەر مافی ئەوان بڤە بێت؟ سەرەتاییترین تایبەتمەندی وڵاتێکی ئازاد، ئازادیی تاکەکان لە هەڵبژاردنی خۆشەویست و خۆشویستنە. ئەگەر لە کۆمەڵگەیەک تەنانەت یەک کەس لەگەڵ هەڵاواردن و ستەم بەرەوڕوو بێت ئەو کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکی ئازاد نییە. هەن کەسانێک کە دەنووسن و دەڵێن: پرسی سەربەخۆیی و ڕزگاری کوردستان چ پەیوەندییەکی بە پرسی ناو گەڵەوە هەیە؟ دیارە رەستەیەکی پەتی و بێشەرمانەیە. بەڵام لە وڵامدا دەبێت بپرسین رۆژانە چەند ژن و کچ هەر بە بیانووی پاراستنی نامووس و شەرەفی پیاو دەکۆژرێن؟ کێ دەزانێت رۆژانە  چەندین کەس تەنیا بە هۆی ئەوەی وەکوو ئێمە نین و هاو ڕەگەزی خۆیان خۆش دەوێت لەگەڵ هەڕەشە و مەرگدا دەستەو یەخەن؟ لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا تەنانەت لە کلیساکان مرۆڤەکان لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیان پەیوەندی هاوسەرگیری دەکەن یان لە وڵاتێک وەکوو سوئێد، تەنانەت وشەیەکیان داناوە بۆ کەسانێک کە خۆیان نە بە پیاو دەزانن و نە بە ژن. کۆمەڵگەیەک ئازادە و ڕزگار لە ستەم کە کەس تێیدا نەچەوسێتەوە و مافە سەرەتاییەکانی پێشێل نەکرێت. ڕەنگەکانی ئاڵای وڵاتەکەم کاتێک جوانن کە هەموو ڕەنگەکان لە خۆی بگرێت. وڵاتی من کاتێک ئازاد دەبێت کە لە چەوساندنەوە و هەڵاواردن بە هەر بیانوویەک بەری بێت.