چەن چەمک و وشەی بنەڕەتی لە خەبات بۆ یەکسانیدا

✍دواڕۆژ

فیمینیسم: جۆرێک لە جووڵانەوە یان لە ڕاستیدا گرووپێک لە بزووتنەوەیەکدایە کە بۆ یەکسانیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە نێوان جینسییەتەکاندا هەوڵ دەدا.

فیمینیست: کەسێک کە هەوڵ بۆ ئەو گۆڕانانە دەدا.

شەپۆلەکانی فیمینیسیم: مێژووی فیمینیسم زۆربەی جار بە سەر سێ شەپۆلدا دابەش دەبێ. شەپۆلی یەکەم پێش ١٩٦٠ بووە و ڕێگەی بۆ مافی دەنگدان، ئازادیی جلوبەرگ و مافەکانی دیکەی ژنان خۆشکرد کە ئەمڕۆ زۆر سادە و سانان. شەپۆلی دووهەم دەسپێکی دەیەی ٦٠ و ٧٠ی زایینی بوو و هەوڵی بۆ یەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەدا بەڵام پێش هەموو شتێک هەوڵی بۆ مافەکانی ژنان لە بواری جینسی و باسی مافی بەرگرتن لە سکپڕبوونی نەخوازراو و … دەدا کە ئەو شەپۆلە بەشێکی و لە بەشهایەکی جیهان هێشتا بەردەوامە. شەپۆلی سێهەم هاوشانی شەپۆلی دووهەم بوو و تێیدا مافی ئەو کەسانەی لەگەڵ جنسییەت و جنسە باوەکان و نۆرمالیزەکراوەکان نایەنەوە، گرینگیی پێدار. هەروەها باسی پەیوەندیی دەسەڵات و چۆنیەتیی کاریگەریی دەسەڵات لەسەر بێمافکردنی توێژە کەمدەسەڵاتکراوەکان، هاتەبەر باس. شەپۆلی سێهەمی فیمینیسم ڕەخنە لە خولقێندرانی جینسییەت دەگرێ و جیاوازیی جنسییەتی بە بەرهەمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەزانن.

ئینتێرسێکشونالیتی

شێوازێکی فیمینیستیی لێکدانەوەی کۆمەڵایەتییە کە تێدا ژن تەنها وەکوو ژن چاوی لێناکرێ و فاکتۆری دیکەش کە کاریگەرییان لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژندا هەیە، لێکدەدرێنەوە. بۆ نموونە دۆخی ژنێکی ڕەش پێستی کرێکاری هێمۆسێسکوێلی کەمئەندام لە بواری شوێنی لە هیرارکیی دەسەڵاتدا چۆنە؟ ئینتێرسێکشونالیتی بابەتەکانی وەکوو ئێتنیسیتە، تەمەن و چین هاوکات لەگەڵ جیاوازییە جنسییەتییەکاندا دەبینێ و کاریگەرییان لەسەر بێماف ڕاگرتنی ژنان لەبەرچاو دەگرێ.

جەندەر سیستم: ئەو تیۆرییەی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە پیاوان لە باری پلە و پایەوە لە ئاستی بەرزتر لە ژناندان.

کۆمەڵگای پیاو ـ باوکسالار: واتە کۆمەڵگای دامەزراو لەسەر باڵادەستیی پیاوان. لە وەها کۆمەڵگایەکدا پیاوانی بەتەمەن دەسەڵاتیان بەسەر ژنان، منداڵان و پیاوانی لاودا هەیە. کاتێک باسی باوکسالاری دەکەین مەبەست ئەو بەشانەیە کە هێشتا تێیاندا پیاوان باڵادەستن و کاریگەرییان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ژنان هەیە.

رەخنە لە نۆرم: نۆرم شێوازێک لە دیاردەکانە کە زۆرینەی کۆمەڵگا بە گشتی لەگەڵیەتی، بۆ نموونە کەس بۆی نییە بە سەروچاوی کەسدا بپژمێ. بەڵام هەموو نۆرمەکانی نۆرمی باش نین و نۆرمی خراپ و ناڕەواش لە کۆمەڵگادا هەیە کە دەبێ ڕەخنەی لێبگیرێ و هەوڵ بۆ گۆڕینی بدرێ بۆ نموونە دیاری کردنی شێوازێکی تایبەتی و جیاوازی جلوبەرگ بۆ ژنان و پیاوان. ڕەخنە لە نۆرم شێوازێکە بۆ خستنە بەر دیدەی هەموو ئەو نۆرمە خراپانە و ئاگادارکردنەوە کۆمەڵگا لێیان بە مەبەستی گۆڕینیانە.