نوقم بونی ڕژیمی ئیسلامی لە ناو تاڵاوی قەیرانە ناوخۆییەکان…!

0

ئیدریس مورادی

کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم سیستمە خۆسەپێن و دژی ئینسانیە، لە ناو تاڵاوی قەیرانە ناوخۆییەکان نوقم بووە. حکومەتێک کە مانەوەی خۆی نەک لەسەر بنەمای شەرعیەت و ڕەزامەندی جەماوەری، بەڵکو لەسەر سەرکوت و گەندەڵی و خنکاندن دامەزراندبێت، ئەمڕۆ زیاتر لە جاران لە بەردەم تووڕەیی گەلانی ئێران دا  بێدەسەڵات و بێدەسەڵاتر دەبێ.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر بێ توانایە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا، بەڵکو هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانانەیە. حکومەتێک کە هەموو وزەی خۆی بۆ سەرکوتکردنی میللەت و پاساو هێنانەوە بۆ ناکارامییەکانی بە دژایەتی بێ بنەما، تاکە ڕێگا بۆ درێژەدان بە گەندەڵی و زۆرەملێ دەبینێت.

قەیرانە وێرانکەرەکان لە ئێران یەک لە دوای یەک 

  1. کارەساتی ئابووری و سزا نێودەوڵەتەکان:

کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە دژە ئینسانیەکانی لە ناوچەکەدا وڵاتی خستووەتە ناو گەمارۆی نێودەوڵەتییەوە. لە هەمان کاتدا ئیدارەی کارەساتبار و گەندەڵی دامەزراوەیی ئابووریی وڵاتی گەیاندۆتە ناو کۆڵی وێرانکاری ، لەوانە دابەزینی بەهای دراو و هەڵاوسانی بەربڵاو و بڵاوبوونەوەی هەژاری دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی حکومەتێکە کە لەبری خزمەتکردنی خەڵک سامانی وڵات تاڵان دەکات.

٢. گەندەڵی سازمان دراو

گەندەڵی قووڵ لە نێوان بەرپرسان و دامودەزگاکانی حکومەتدا، ئابووری ئێرانی پەکخستووە. ئەم دەسەڵاتە سەروەت و سامانی میللەتی ڕشتووەتە گیرفانی خزم و کەسوکاری و خەڵکی بەرەو هەژاری و نەهامەتی پاڵناوە.

  • شەڕ لە دژی ژنان: 

سیاسەتەکانی دژ بە ماف و ئازادی ژنان  لەوانە حیجابی ئیجباری و سەرکوتکردنی ئازادییە سەرەتاییەکانی ژنان، کۆمەڵگای گەیاندووەتە ئاستی تەقینەوە. کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن بەکرێگیراوانی حکومەتەوە ئەو پریشکە بوو کە توڕەیی گشتیی هەڵگیرساند. ژنانی ئێران پێشەنگی خەبات لە دژی ئەو ڕێژیمەن کە بوونی ئاخێزی ژنان گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر مانەوەی ئەو ڕێژیمە .

  • خنکاندنی ئازادییەکان: 

کۆماری ئیسلامی هەر دەنگێکی ڕەخنەگرانە دەخنکێنێت. ئازادی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە و تەنانەت مافی هەناسەدان ڕووبەڕووی سەرکوتێکی دڕندانە لەم وڵاتەدا دەبێتەوە. بەڵام ئەم سەرکوتکردنە تەنیا توڕەیی خەڵکی زیاتر کردووە و بەرخۆدانیان  دژ بەم ڕژیمە داپڵسێنەرە قووڵتر کردووەتەوە.

  3. قەیرانی سیاسی:

  • شەرعیەتی لە بنەڕەتدا نەبو: 

کەمترین بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنی نمایشی حکومەتدا، داڕمانی تەواوەتی شەرعیەتی ئەم دەسەڵاتە نیشان دەدات. میللەتێک کە ساڵانێکە لە گەمەی سیاسی سیستەمەکە بەجێهێڵراوە، ئیتر متمانەی بەم نمایشە درۆینانە نییە.

  • ناکۆکی ناوخۆیی باڵکانی ڕژیم:

ناکۆکی قووڵی نێوان فراکسیۆنە حکومییەکان لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ تاڵانکردنی زیاتر لە سامانی وڵات. ئەم جیاوازیانە ئاماژەن بۆ داڕمانی ناوخۆیی پێکهاتەیەک کە چیتر ناتوانێت تەنانەت یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت.

سەرکوتی دڕندانە دوا ئامرازی ڕژێمێکی مردوو

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە خەریکە لە کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە، بۆ مانەوەی خۆی ڕووی لە توندوتیژی و سەرکوتی بێوێنە کردووە. ئەم سەرکوتکردنە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

  1. کۆمەڵکوژی خۆپیشاندەران:

حکومەت بە شێوەیەکی دڕندانە هەموو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی سەرکوت کرد و بە تەقە و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان هەزاران کەسی کوشت. بزووتنەوەکانی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ و “ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا بەشێکن لە خەباتی گەل کە ڕێژیم هەڵیبژاردووە بۆ ئەوەی لە وەڵامی ئەواندا خوێن ڕشتنی بەکار بهێنێت.

  2. پچڕانی پەیوەندی مرۆڤ لە جیهان:

ئەم دەسەڵاتە بە بڕینی ئینتەرنێت و فلتەرکردنی سۆشیال میدیا هەوڵی دابڕانی خەڵک لە زانیاری دەدات. بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە تەنیا ئیرادەی خەڵکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم سیستەمە گەندەڵە بەهێزتر کردووە.

  3. سەرکوتکردنی کەمینەکان: 

کورد، بەلوچ، عەرەب و کەمایەتییەکانی دیکە ڕاستەوخۆ قوربانیی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕێژیمن. ئەم نەتەوانە  نەک هەر  هەڵاواردنێکی سیستماتیکی، بەڵکو  ڕووبەڕووی توند تیژی دەبنەوە و بونەتە گەورەترین ھەڕەشە بۆ سەر مانەوەی ڕژیمی توتالیتەری ئیسلامی.

 4. هێرشکردنە سەر ڕۆشنبیران: 

کۆماری ئیسلامی لەوڕادەبەدەر لە هۆشیاری و بەئاگاهاتنەوەی خەڵک دەترسێت و هەر بەم هۆیەشەوە نوخبە، ڕۆژنامەنووس، پارێزەر و چالاکانی مافی مرۆڤی کردۆتە ئامانج.

دەرئەنجامەکانی سەرکوت و ڕووخانی نزیکی ڕژیم

ئەوەی کە بە تەواوی دیارە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی تەنیا بەم سەرکوتانە ڕووخانی خۆی خێراتر دەکات. هەندێک دەرئەنجامە ئاشکراکانی ئەم سیاسەتانە بریتین لە:

  1. داڕمانی کۆمەڵایەتی:

سەرکوت و گەندەڵی بەربڵاو بووەتە هۆی داڕمانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی. کۆچی بەرفراوانی لاوان و بێهیوایی گشتی ئاماژەیە بۆ ئەم داڕمانە.

2. بەرگری هەمەلایەنە:

ناڕەزایەتی و مانگرتن و خەباتی مەدەنی نیشان دەدات کە کۆتایی هاتنی کۆماری ئیسلامی حەتمی و  کۆتای دیکتاتۆرەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم کفنە بەشی کۆماری ئیسلامی لێ دوراوە.

کۆماری ئیسلامی، ئەم سیستەمە گەندەڵ و دژە ئینسانیە، لە دژی توڕەیی گەلانی بندەست لە ھیچ کردارێکی دژی ئینسانی خۆی نبواردوە، بەڵام ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە ئەگەر نییە، بەڵکو واقیعێکی حەتمییە. خەڵکی ئێران و کوردستان بە ئازایەتی و ئیرادەیەکی نموونەیی، بۆ ئازادی و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان تێدەکۆشن. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *