(نسکۆی ئابووریی ئێران)…..
سەیران مستەفازادە
گرینگیدان بە گەشەی یەکدەستی بەشەکانی هەر ناوچەیەک، پێداویستییەکی سەرەکیی پرۆژەی پەرەپێدانی سەقامگیریی ئینسانی لەو ناوچەیە و بەردی بناغەی هاوسەنگیی بارودۆخی ژیان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی گەشانەوەی هەموو خەڵکی وڵاتەکەیە.
ئێران لە رووی بەرهەمێنانی نائاسایی نیشتیمانی لە ڕیزی بیست و دووهەمین ئابووریی دونیا بە ئەژمار دێت. بەڵام لە رووی جەماوەر یا بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری کە یەکێک کە پێوەرەکانی پەرەپێدان بە ئەژمار دێت ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا پلەی ١٥٦ەمین وڵاتی لە ناو ٢١٣ وڵاتی دونیا بەدەست هێنابوو. ئێران دووهەمین بەرهەمهێنەری خاڤیار، سێهەمین بەرهەمهێنەری پستە و یەکەمین بەرهەمهێنەری زەعفەران و زریشک (باربێری) و فیروزە و فەرشی دەستچن بە ئەژمار دێت. هەروەها زۆرترین کانزای زینک و سوربی لە جیهاندا هەیە و لە ریزی دە وڵاتی یەکەمی دونیا لە رووی گەشتیاری و لە بواری بەرهەمی (کاری دەستیی)دا لە ریزەی سێ وڵاتی یەکەم دایە.
لە پێش شۆڕشی ساڵی ٥٧ ئێران بە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوت رۆژ بە رۆژ لە بۆاری ئابووری بەرەو پێش دەڕۆیشت بەڵام بە دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران و بە هۆی بارودۆخی ناشیاوی بەڕێوەبەری و نەبوونی دەرفەتی کاری گونجاو و هەروەها گەمارۆکانی ئابووری کە دەرەنجامی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران بوون، رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی ژیانی خەڵک هاتوەتە خوارەوە و زۆربەی شارەکانی ئێران لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بەتاڵ بوونە و کەلێنی نیوان چینی هەژار و دەوڵەمەند زۆرتر بووە و توانای کڕینی خەڵک دابەزیوە. ناوەندی ئاماری ئێران لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا بارودۆخی ئابووری و هاوکۆلکەی چینایەتی تاوتوێ کردووە، کە بە پێی ئەو ئامارە لە ساڵی ١٤٠٢ مەودای چینایەتی نیوان فەقیر و دەوڵەمەند زۆرتر بووە. بە پێی ئەو ئامارە، نرخی هەڵاوسان لە ساڵی لە ساڵی ١٤٠٢ لە ماوەی شەش ساڵی بەردەوامدا گەیشتۆتە زیاتر لە سەدا ۴۵ و ئەوە بۆتە هۆی دروست بوونی نابەرابەری مووچە و گەورەبوونەوەی قەڵشتی نیوان چینەکان و ئاستی کڕینی خەڵک هاتۆتە خوارەوە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکارابوونی حکومەت بۆ کۆنترۆڵ کردنی ڕێژەی هەڵاوسان و گرانی.
هەر بە پێی ئەو ئامارانە نان و دانەوێڵە کە یەکێک لە شتومەکی خواردنی ئاسایین کە هەر بنەماڵەێک زۆری بەکار دەهێنێت بەڕێژەیکی زۆر بەرچاو نرخەکەی بەرز بووتەوە و هەروەها نرخی گۆشت و برینج کە خواردنی پێویستی هەموو بنەماڵەیکی ئێرانییە بە ئاستێکی زۆر بەرز بووتەوە و هێزی کڕینی خەڵکی هەژار کەم بووتەوە. بە پێی هەڵسەنگاندنێکی لێکدراو لە ساڵی ١٤٠٢، لە بواری بارودۆخی دەستکورتیدا دۆخی پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، خۆراسانی باکوور، لوڕستان و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی تری ئێران خراپتر بووە. بە پێی هەر ئەو ئامارە سیستان و بەلووچستان زۆرترین نرخی دەستەنگیان هەیە.
لە نێوان ٨٥ ملیۆن حەشیمەتی ئێراندا ٢٦ ملیۆن و ۷۰۰ هەزار کەس لە هەژاری و کەمایەسیدا دەژین. زۆربەی شارەکانی کوردستان لە ریزی ناوچەکانی بێ ئەنوا و لە باری ئابوورییەوە دواکەوتوون. پاریزگاکانی کرماشان، کوردستان و ورمێ لە دوای شەڕی نێوان عێڕاق و ئێران تا ئێستا بە هۆی کەمتەرخەمی و تەرخان نەکردنی سەرمایە، لەگەڵ گرفتی بێکاری بەرەو ڕوون و زۆربەی لاوەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی دەرفەتی شیاوی کار و هەلی دامەزران لە دامەزراوە دەوڵەتیەکاندا بەناچاری روو لە کوڵبەری و کرێکاری لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان دەکەن. بە پێی ئامارەکانی فەرمی رێژەی بێکاری لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان زۆر لە سەرەوەیە. ئەوە لەحالێکدایە کە پێگەی کوردستان له باری کانگا و زەویی و حاسڵاتدا بەپیتە و پێگەیەکی باشی لە رووی بازرگانییەوە هەیە. کوردستان توانایی ئابووری بەرینی هەیە کە بە داخەوە حکومەتەکانی ئێران چ پێش کۆماری ئیسلامی ئێران و چ لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیدا وەکوو ناوچەیەکی داگیرکراو چاویان لە کوردستان کردووە و بۆ پێشخستنی ئەو ناوچەیە کەمتەرخەم بوون و خەریکی تاڵانی داهاتی کوردستانن. ئاماری ڕێژەی کەمایەسی، گرانی و بێکاری پارێزگاکانی لوڕستان و کوردستان زۆرترین رێکۆردیان هەیە. هێڵی هەژاری لە کوردستان لە سەدا پەنجایە.