نامرێ ئاگر هەواڵان، ئێوە کڵپەی ئاگرن…!

گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، لە نیو سەدەی ڕابردوودا لە تروپکی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و لە بەستێنی خەبات و تێکۆشانی کۆڵنەدەرانە و گڕوتین و هەوڵی بێوچانی چالاکانی چەپی کوردستان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی و بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستاندا، ناوێکی بەرز و یادێکی لەبیرنەکراون.

کاتێک دەسەڵاتی تاوانباری عێراق ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ شاری هەڵەبجەی لە باشووری کوردستان کیمیاباران کرد و زیاتر لە ٥ هەزار دانیشتووی ئەو شارە گیانیان لەدەستدا و ناوچەکە بەتەواوەتی ژەهراوی بوو، هاوڕێیانمان لە گوردانی قارەمان و بەناوبانگی شوان کە لەو ناوچەیە بوون، هەموویان ژەهراوی بوون و لە دۆخێکی دژواری جەستەییدا کەوتنە ناو گەمارۆی چەند لەشکری هێزەکانی ئێران و عێراق و کەوتنە بەر هێرشی هێزێکی هەلخوازی سپای تیرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و لە شەڕێکی قارەمانانەدا یەکە یەکە چوونە ڕیزی گیانبەختکردووانەی کۆمەڵە و شۆڕشی کوردستان و یاد و ناوێکی خۆشەویست و لەبیرنەکراویان لێ بەجێما. ١٢ کەس لەو هاوڕێیانە کە کیمیابارانەکە زیاتر کاری تێکردبوون و سەرەڕای ئەوەش تا ئاخرین فیشەک و تا ھێز و بڕستیان تێدابوو قارەمانانە بەرانبەر بە چەکدارانی رژیم خۆڕاگرییان کردبوو، بەدیل گیران و چەند مانگ دواتر لە شەپۆلی کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ دا ئیعدام کران. 

گوردانی شوان بە درێژایی ساڵانی خۆڕاگریی پێشمەرگانە، خولقێنەری دەیان حەماسە و شەڕی قارەمانانە و فیداکاریی کەم وێنە بوون و نەک هەر پاش گیانبەختکردنیان بەڵکوو لە سەردەمی چالاکیی پێشمەرگانە و بەرگری لە بزووتنەوەی سیاسی و ئازادیخوازانەی کوردستاندا ناوێکی بەرزیان بوو و جێگەی ڕێز و خۆشەویستیی بوون. لە گوردانی شواندا نەوەیەک لە فەرماندە و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە پەروەردە بوون کە هێشتا پاش ٣٦ ساڵ ناو و یاد و قارەمانییەکانیان بەرز و لەیادە.

ئەمڕۆ نزیکەی دوو دەیەیە کە ڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێیانی گوردانی شوان وەکوو ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە ناودێر کراوە. ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە وەبیرهێنەرەوەی مێژووی نەوەیەک لە چەپی هاوچەرخی کوردستانە کە بەشداری بەشێکی گرینگی خەبات و خۆڕاگری سیاسی و مەدەنی و جەماوەری و بەرخۆدانی ناو زیندان و ئەشکەنجەگاکان، مەیدانی تیر و ئیعدام و خەباتی پێشمەرگانە بووە و مۆرکی خۆیان لە سەر ئەو مێژووە داوە. 

لە خەباتی جەماوەری و گشتیدا، لە ڕێکخراوە نهێنییەکاندا، لە چالاکیی سیاسی و مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان، کرێکاران، ژینگە و چالاکییە خۆڕسکەکاندا، خەباتکارانی چەپ و کۆمەڵە پێشڕەو بوون، لە سەنگەر و خرۆشاندنی جەماوەر و چاندنی تۆوی ئاگاهی و پێشکەوتنخوازی و یەکسانیخوازی بوون. لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زینداندا، لە ژێر سێبەری سێدارە و مەیدانی ئیعدامدا، نموونە و ئیلهامبەخش و کۆڵەکەی خۆڕاگری و بەردەوامی بوون.

قارەمانیەتیی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە مەیدانەکانی خۆڕاگری و بەرگریی کوردستان لە نیو سەدەی ڕابردوودا پڕ لە دەرس و بیرەوەری و ئەو چیرۆکانەیە کە ڕاستی و ڕەوایی ڕێباز و بزووتنەوەی کوردستان دەسەلمێنێ و شێوازێکی پڕ لە شانازییان پێ بەخشیوە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە نەک هەر لە خەباتی پێشمەرگانەدا بەڵکوو لە زۆرێک لە مەیدانەکانی خۆڕاگریی کوردستاندا هێزێکی وشیاریدەر بووە و بانگەشەی بۆ پێشکەوتووترین ئاوات و ئامانجە مرۆڤییەکان بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئینسانی کردووە. هەڵسوکەوتی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەگەڵ دیلەکانی سپای داگیرکەر دەریخست کە کۆمەڵە چەندە پابەندی بیری مرۆڤانە و پێشکەوتووە. هەزران دیلی ئەو سەردەمە بە کردەوە پەیامی ئینسانیی کۆمەڵەیان پێگەیشت و کاراکتەری سەرەنجڕاکێشی کۆمەڵەیان بینی. پەیوەندیی ناوخۆی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لێوانلێو بوو لە فیداکاری، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی و دیسیپلینی بەرز و خۆبەختکردن بۆ هاوڕێیان. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و گیانبەختکردووەکانی پشکێکی گەورەیان لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان هەیە. 

ئەمڕۆ کە ڕێز لە ڕۆژی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە دەگرین، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە سەردەمێکی هەستیار و پڕ لە هیوا و ئومێد بە داهاتوودایە و هاوپشتی و بەشداریی میلیۆنی جەماوەر لە مەیداندا دەبیندرێ. لە سەروبەندی ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکاندا، هەموو کوردستان کەوتووەتە خۆ. ئەم ئاڵوگۆڕانە زیاتر لە سەردەمی پاش ڕاپەڕینی ٥٧ دەرفەت و هەڵ بۆ کۆمەڵە وەکوو هێزی چەپی کوردستان ڕەخساندووە هەتاکوو جارێکی دیکە کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنە، ئازادیخوازانە، پێشکەوتوو و یەکسانیخوازانەکەی چەندین هەنگاوی دیکە بباتە پێشەوە.

گیانبەختکردوانی کۆمەڵە سەر بە نەوەیەک لە خەباتکارانی چەپی کوردستانن کە لە دەیەکانی ڕابردوودا هەم خولقێنەری خەباتی مەدەنی و ڕێکخستنە جەماوەرییەکان و دامەزراوە بان حزبییەکان بوو و هەم پێشڕەوی ئەو بزووتنەوانە بوو و هەم وەکوو لیدری ئەم خەباتە مێژووییە لەبیر نەکراوە، پڕپڕە لە فیداکاری و خۆشەویستی بۆ جەماوەر و هەوڵ بۆ ھۆشیاریی جەماوەریی و ئازادی. گیانبەختکردوەکانی کۆمەڵە گەرچی لە نێوماندا نەماون بەڵام یادیان هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە و ناو و تێکۆشان و فیداکاریی و قارەمانێتییەکان چرای ڕێگەی خەباتی داهاتوومانە.