مانگرتن و خرۆشی کرێکارانی نەوت

✍م.کەنداڵ-سنە

دوای چەند  ڕۆژ لە “نا” گەورەکەی ، زۆرینەی دانیشتوانی شار و گۆندەکانی ئێران لە ٢٨ ی جۆزەردان لە کاتی نمایشتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و ئەنجۆمەنی شارەکان و ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکانی ،مانگرتنی کرێکارانی نەوت و پترۆشیمی بە چەشنێکی خۆڕست دەستیان پێکرد و تا نووسینی ئەم چەن دێڕە درێژەی هەیە و لە هەموو ئێران بەربڵاوتر بووە.

مانگرتنە سەرتاسەریەکانی کرێکارانی گرێبەست و پیشەسازی نەوتی ناڕەسمی و پترۆکیمیاوی کە لە ٢٩ ی جۆزەردانەوە بە مانگرتنی کرێکارانی پڕۆژەی کۆمپانیای  فاراب پۆیر بیدخون  لە پارێزگای بووشێهر دەستی پێکرد ، ڕۆژی سێشەممە یەکی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠ بوو بە مانگرتنێکی گشتی و بەرین. ڕوودانی شکۆداری ئەم مانگرتنە کە بە بانگهێشتی ” ئەنجومەنی ڕێکخراوی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت ” دەستی پێ کردووە ، نیشانەی خۆهوشیاریی سیاسی و هاوسۆزی و هاوکاریی فراوانترە لە نێوان بەشەکانی دیکەی چینی کرێکاردا .

لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو مانگرتنانە، کە ڕۆژی سێشەممە ١ی پووشپەڕ بە پێوەری سەرتاسەریی بە هەزاران کرێکار لە پیشەسازییەکانی نەوت و پترۆشیمی ئەو وڵاتە، وەک کرێکارانی پاڵاوگەی نەوتی تاران، کرێکارانی گرێبەستی گەچساران، کرێکارانی پاڵاوگەی ئەدیش باشوور، پاڵاوگەی ئابادان، پاڵاوگەی بێهبەهان، فازی ١٤ی عەسەلویه، کرێکارانی پاڵاوگەی تۆندگویان، کۆمپانیای جەهان پارس، کۆمپانیای پترۆشیمیایی دنا، فازی ١٣ی کانگان، فازی ١٣ی پارس باشوور، پاڵاوگەی کرێکارانی پرۆژەکانی ئای جی سی ،کۆمپانیای بەڵێندەرایەتی حاجیپور، کۆمپانیای عەمباری نەوتی قشم، کۆمپانیای ئیکسیر سەنات، کێڵگەی گازی پارس باشوور، رایتۆن، کۆمپانیای خارک، کۆمپانیای پترۆکیمیاوی عومران سەنات، کۆمپانیای پترۆکیمیاوی سەناف، کۆمپانیای پترۆشیمیایی جەهان پارس، کۆمپانیای پایەندان، کۆمپانیای سەتراب سەنات، کۆمپانیای تەژیر قۆناغی ٢٢ و ٢٤، کرێکارانی کۆمپانیای لیدۆما، و کۆمپانیای پترۆشیمیایی بوشەهر، پەیوەست بوون بەو مانگرتنە سەرتاسەریانە.

ئەنجومەنی ڕێکخراوی ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت، لە حەوت بڕگە  داواکاری کرێکارانی مانگرتوویان ڕاگەیاند. یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی کرێکارانی مانگرتوو، زیادکردنی کرێی مانگانەیە لە سەرووی ١٢ ملیۆن تمەن، هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا گرێبەستەکان، ئەنجامدانی گرێبەستی هەمیشەیی، هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی کۆیلەی ناوچەکانی تایبەت بە ئابووری، هەروەها مافی پێکهێنانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی، ١٠ ڕۆژ پشوو و کارکردن بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ.

کرێکارانی خەباتکاری گرێبەست و نافەرمی پیشەسازی نەوت و پترۆشیمی، کە لە ئێستادا لە مانگرتندان، بەیاننامەیەکیان بۆ پشتگیرییەکی گشتگیر و قاتێعی خۆیان بۆ بانگەوازی مانگرتنی رەسمی کرێکارانی نەوت کە بڕیارە لە ٩ی پووشپەڕەوە دەست پێبکات، بڵاوکردەوە و لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئەو مەبەستە دەرچووە، نووسیویەتی:”مانگرتنەکەمان مانگرتنی ئاگادارکردنەوەیە و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، لە ٩ی پووشپەڕ بەشداری ناو ڕیزی هاوپیشە فەرمیەکانمان دەکەین کە ناڕەزایەتی خۆیان ڕاگەیاند لەم هەفتەی ناڕەزایەتییەکەماندا، لە شوێنی کارەکانمان کۆدەبینەنەوە بۆ ئەوەی بڕیاری بە کۆمەڵ دەربکەین و دەنگی خۆمان بە گوێی هەموو هاوکارانی کرێکارمان  لە گشت شوێنەکان بگەیێنین” لە بارودۆخێکدا کە شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ سەرنگومکردنی کۆماری ئیسلامی لە هەموو لایەکەوە  جوڵاوە، ئەم مانگرتنە کرێکارییە لە سەرتاسەری وڵات لە ڕێزی خەباتی کرێکارانی نەوتدا شلگیرانە درێژەی پێدراوە و لە کاتێکدا کە جەستەی زاڵم و چەوسێنەرانەی ڕژیمی سەرمایەداری ئێران لە قەیرانی قووڵی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا نقوم بووە، لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگا ئامادەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕانەیە و جگە لە هەموو ئەمانە جەماوەری بەرینی خەڵک لەگەڵ بایکۆتی گشتی لە هەڵبژاردن، گەلانی ئێران هەنگاوێکی سەرەکیان بەرەو ئاراستەی بەدیهێنانی ئاواتی نەمانی کۆماری ئیسلامی هەڵگرت، چینی سەرمایەداری حاکم و سیستمە سیاسیەکەی پارێزەری ئەو، لە بڵاوەپێکردنەوەی ئەو مانگرتنانە بۆ ناوچەکانی تری کرێکاری زۆر ترساون، لە هەنگاوێکی ترسنۆکانە بڕیاری دەرکردنی ٧٠٠ کرێکاری پاڵاوگەی تارانی داوە. کە دەبێت نەک هەر لە لایەن چینی کرێکاری ئێران و ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان و هەموو هێزە چەپەکانەوە مەحکووم بکرێت ، بەڵکوو دەبێت بە توندی دژایەتی بکرێت .

لەم هەل و مەرجە دا چینەکانی تری کۆمەڵگای ئێران چ زەحمەتکێشانی شار وەک کارمەندان و پەرەستاران و تەنانەت خوێندکاران دەبێ بە توندی پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی کرێکارانی مانگرتووی نەوت بکەن ، هەروەها دەبێ لایەن و حیزبە کوردستانییەکانیش بە توندی ئیدانەی کردەوە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بکەن و بە دەنگی بەرز ڕابگەیەنێن کە نابێت هیچ کرێکارێک لەسەر مانگرتن و ناڕەزایەتی و بەدوای داواکارییەکانی مافی ڕەوای خۆیاندا دەربکرێن و دەستگیر بکرێن و سەرکوت بکرێن . ئەمە وەک خاڵێگی گرینگ لە بزووتنەوەی کرێکاری لەم وڵاتە ئەتوانێ هاندەرێک بێت بۆ دیسان هەستانەوەی کۆمەڵگا و ڕژیم لەم چەشنە خەباتە کە ڕەواڵەت و ناوەرۆکی چەپ و سووسیالیستی پێوە دیار بێت زۆرتر لە جاران هەست بە مەترسی ئەکات و لەوانەیە تا ڕادەیەکیش پاشەکشە بکات لە ئەمە بۆ خۆی هەنگاوێک بۆ پێشەوەیە و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی دیکەیشی لە گەڵ دایە.