مانگرتنی بارهەڵگرەکان میناکێک بۆ دەسپێکی بەهێزی نافەرمانییەکی مەدەنی….!

0
جەمیل سەرمەستی سنە

مانگرتنی بارهەڵگرەکان میناکێک بۆ دەسپێکی بەهێزی نافەرمانییەکی مەدەنی و بەردەوامیی شۆرشی ژن.ژیان.ئازادی

پاش سەرکوتی شۆڕشی مەزنی ژن.ژیان.ئازادی و لەدەستچوونی هەلێکی مێژوویی و دامرکانی گڕکانی بەهێزی یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستییەکی بێ وێنە لە کوردستان و سەرتاسەری جوغرافیای سیاسیی ئێران و تەنانەت لە جیهانیش، باش دیار بوو کە خەڵکێک کە واتای ئازادیی بزانێ و گەیشتبێتە ئەوپەڕی دیواری ترس و دوودڵییەوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتیی، بەهێزی چەک و گرتن و کوشتن دەنگی کز ببێت، بەڵام چاوی لە ئاسۆ دانابڕێت و بیر و هزری هەستانەوە و بەگژداچوونەوەی ژیلەمۆیەکی گەرم و سووتێنەرە کە هەناسەیەک دەتوانێ بە ئاسانی بیگەشێنێتەوە و بیکاتە ئاگرێکی بەهێز و سووتمانیشی ببێتە هێزی سەرکوتگەر و زاڵم و بەکرێگیراوانی و سەرۆکە مافیاکانیان تا دەگاتە ویلایەتی فەقێ.

هەرچەند پاش شۆڕشی ژینا ناوەناوە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە کوردستان و ئێران هەر هەبووە، بەڵام ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە زۆر جیددییە و ڕژیمی ئیسلامییش باش دەزانێ ناتوانێ چارەسەری دۆخی هیچ قەیرانێک بکا و دۆخەکە لە قەیران دەرچووە و بۆتە کارەساتێکی ئابووری، کۆمەڵایەیتی و سیاسیی بەکۆڵییەوە و لەگەڵ تێکشکان و بەخەسارچوونی میلیشیا تێرۆریستەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبر و فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەری، ئەوەندە لەرزۆکە کە ڕسکان و هەستانەوەیەکی تر لە شێوەی شۆڕشی ژینا، لە ڕیشەی دەردێنێ، بۆیە هەستی بە مەترسییەکە کردووە و تۆقیوە. دیارە وەکوو هەمیشە لە باتی چارەسەر پەنا دەباتە بەر هێزی سەرکوتگەر(ئەو هێزەی کە لە شۆڕشی ژینا هەیمەنەی تێکشکێندرا).

لەم ڕۆژانەدا مانگرتنی بارهەڵگرەکانی نزیکەی ١٠٠ شار لە ١٥ پارێزگا بە شێوەیەکی خێرا لەم شار بۆ ئەو شار تەشەنەی سەندووە و بەردەوامە و سەرەڕای  گرتن و لێدان و هەڕەشەکانی ڕژیم بەردەوام لە پەرەسەندن دایە. کە نموونەی ئەم مانگرتنگەلە لەساڵی ٥٧ پشتی ڕژیمی پێشووی شکاند و بوو بە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ ڕاپەڕینی گشتی و ڕووخانی ڕژیم.

لە لایەکی ترەوە هاوکات ناڕەزایەتیی خاوەن نانەواکان، شۆفێر ئوتووبووسەکان، خانەنشینان و چەندین پیشەی دیکە و وڵامی سەرکوت و داپڵۆسینی هەمیشەیی ڕژیم، دەتوانێت تێکەڵ بە دەنگی پەنگخواردووی نەتەوە بندەستەکان و کەمایەتییە جۆراوجۆرەکان، بنەماڵەی گیانبەختکردوانی دەستی ڕژیم، وەرزێڕان، کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خوێندکاران و هەموو چین و توێژە بەرکەوتووەکانی ٤٧ سال زوڵم و بێدادی و فەساد و هەڵاواردن و نابەرابەری و دزی و تاڵان و خوێنرشتن و تێرۆر و …هتد بێت و ئەم شەپۆلانە ببنە دەریایەکی نائارام و کۆماری ئیسلامیی تێدا بخنکێنن. 

بەڵام ئەمە پێویستی بە ناوەندێکی هزری و بەڕێوەبەریی هەیە بۆ بەڕێوەبەریەتی و رێبەریی ئەم مانگرتنە بە دیاریکراوی و ناڕەزایەتییەکان بە گشتی و هەر هەلێکی دیکەی لەم چەشنە کە بە سەرنجدان بە دۆخی دەرەکی و نیۆخۆیی و داڕمانی ئابووری و سیاسیی ڕژیم چاوەڕوانکراوە و دەتوانێت بەشێکی هەرەگەورە و یەکلاکەرەوەی لە کوردستان بێت و هێزە سیاسییەکانی کورد و چالاکان و لیدێرانی نێۆخۆ و خەڵکی کوردستان بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی نیۆ جوگرافیای سیاسیی ئێران کە ماتەوزەی ئەوەیان هەیە و دەکرێ وەکوو هەلێک چاوی لێبکەن و ئەگەر بزووتنەوەی کوردی لە شەڕەدەنووک و خۆپێوەدان ببنەوە، بیکەنە هەوێنی سەرکەوتنێکی گەورە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *