مافی مرۆڤ و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان
✍ وەرگێڕان: ئەسعەد دوروودی
پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ئەرکێی سەرەکیی دموکراسی و سیستمە دموکراتیکەکان لە هەموو جیهانە. ڕزگاریی ژنان بەدەست توندوتیژییەوە یەکێک لە سەرەتاییترینی ئەو مافانەیە.
مافەکانی مرۆڤ بەشیک لە مافە گەردوونییەکانی خەڵکە و هەموو کەسێک دەگرێتەوەو هەموو ئینسانێک بە بێ لەبەرچاوگیرانی ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە یان ئەو کولتوورەی تێدا دەژی و تەنانەت دۆخی تایبەتی ژیانی ئەو مافانەی هەیە.
مافەکانی مرۆڤ دەسەڵاتی دەوڵەتەکان بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا بەرتەسک دەکاتەوە و هەندێک ئەرک دەخاتە سەر شانی دەوڵەت و دەسەڵاتەکان. بۆ نموونە دەسەڵاتەکان دەبێ پارێزەری مافەکانی تاک بن و ڕێگە نەدەن تاکەکانی دیکە ئەو مافانە زەوت بکەن هەروەها دەوڵەتان ئەرکی سەرشانیانە بەستێن و دۆخێک بڕەخسێنن کە تاکەکان بتوانن تێیدا داوای مافەکانیان بکەن و پێیان بگەن.
مافی ژن مافی مرۆڤە
بۆ ئەوە مافی ژنان هەمان قورسایی و گرینگیی هەبێ کە مافی مرۆڤ بە گشتی هەیەتی ستراتێژیی جیاواز هەیە. لە لایەکەوە هەوڵدراوە ڕوانگەی یەکسانی خوازانە تێکەڵ بە هەموو ناوەندەکان، گرووپە کارییەکان و بەشەکانی دیکەی کاری کۆمەڵگەی جیهانی بکرێ و لە لایەکی دیکەوە بەڵگە و ئامرازی تایبەت بۆ کاری تایبەت لە سەر مافەکانی ژنان داڕێژراوە و بەکاردەهێنرێن. کۆنڤانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی هەمووجۆرە هەڵاواردنێک بەرانبەر بە ژنان (پەسەندکراوی ١٩٧٩)، ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان (پەسەندکراوی ١٩٩٣) و کۆنڤانسیۆنی ئیستامبوڵ (پەسەندکراوی ٢٠١١) چەند نموونەی ئەو ئامراز و هەوڵانەن.
توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان وەکوو هۆکارێکی سەرەکیی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤی ژن دێتە ئەژمار. هەروەها ئەو توندوتیژییە گرفتێکی بەرچاو و جیدیی کۆمەڵایەتیە کە پێویستی بە کارێکی بەرین بۆ نەهێشتنی و هەروها هەوڵێکی جیددی بۆ یارمەتیدانی ژنانی قوربانیی توندوتیژی هەیە.
دەسەڵات بەرپرسی توندوتیژی نواندنی تاکەکانە
دەسەڵات و دەوڵەت ئەرکی پاراستن و جێگیرکردنی مافەکانی مرۆڤ و کار بۆ بەهرەمەندبوونی تاکەکان لەو مافانەی لە ئەستۆیە. ڕادە و ئاستی ئەو بەرپرسایەتییە بابەتێکی جێگەی مشتومڕ و لێدوانی ناو کۆمەڵگایە. بەشێک لە باسەکانی سەر مافەکانی مرۆڤ پەنجە لە سەر ئەوە دادەنێ کە باسکردن و داڕەشتن و پێشخستنی ئەو مافانە لەسەر بنەمای ئەزموونی پیاوانە. لەو باسانەدا ڕەخنە لە شێوەی دابەشکرانی حەوزەی خوسووسی و گشتی دەگیرێ کە باسێکی سەرەکیی بەشی ماف لە ئاستی نێونەتەوەییدا بووە و دەگوترێ ئەو شێوازە دابەشکردنە وایکردووە کە مافەکانی مرۆڤی ژن هەموو جارێک وەکوو باسێکی کۆمەڵگای جیهانی بیری لێنەکراوەتەوە و کاری بۆ نەکراوە.
هەنگاوێکی گرینگ بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان ئەوەیە کە دەسەڵاتی دەوڵەت وا بەرین بکرێتەوە کە هەموو توندوتیژییە تاکەکەسییەکانیش بگرێتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان (پەسەندکراوی ١٩٩٣) دەوڵەت لەسەر شانیەتی هەموو کارێکی پێویست بکات بۆ بەرگرتن، لێکۆڵینەوە و سزادانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، جا چ دەسەڵات و سیستم ئەو توندوتیژییەی نوادبێ چ تاکەکان.
مافەکانی مرۆڤ، ئامرازێک بۆ گۆڕان
گەرودوونی بوونی مافەکانی مرۆڤ وادەکا ئەو مافانە ببنە ئامرازێک کاریگەر و بەهێز بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان. پێناسەکرانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان وەکوو پێشێلکاریی مافی مرۆڤ ئاستی چاوەڕوانی لە دەسەڵات بەرزدەکاتەوە و ئەرکێکی زیاتری دەخاتە سەرشان. هاوکات وادەکا پرسی توندوتیژی لە پرسێکی تاکەکەسییەوە ببێتە پرسێکی گشتی و گرینگیی زیاتر پەیدا بکا و کاری زیاتری بۆ بکرێ.
سەرچاوە: ناوەندی نەتەوەیی بۆ ئاسایشی ژنان (زانکۆی ئووپسالای سوئد)
وەرگێڕان: ئەسعەد دوروودی