بێدەنگی بشکێنین

بێدەنگی بشکێنین

✍ سولماز دوروودی

ساڵی 2006 Tarana Burke ڕێکخراوێکی بۆ پشتیوانی کردن لەو کچ و ژنە ئافرۆئامریکاییانەی کە قوربانی دەستڕێژی کردن بوون لە ئامریکا دامەزراند. بورکێ وشەی metoo ی بە واتای “منیش” بەکار هێنا بۆ ئەوەی کە قوربانییەکان هەست بە تەنیایی نەکەن و بزانن کە زۆر کەسی تر تووشی ڕووداوی لەو شێوە بوون.

ساڵی 2017 هاشتاگی #metoo  لە ڕێگەی آلیسا میلانۆ یەکێک لە ئەکتەرەکانی هالیوود، بۆ رووبەڕووبوونەوە و دەرخستنی گەندەڵی دەرهێنەر و کاربەدەستانی سینەما، لە تویتر بڵاوکایەوە و  لە ماوەیەکی کورتدا لە زۆربەی وڵاتان دەنگدانەوەی گەورەی بوو و زۆر کەس بوێرانە باسی قوربانی بوون و بەسەرهاتەکانی خۆیانیان کرد.

هەڵمەتی بەرینی لەم شێوەیە بۆ لادانی پەردە لە سەر تاوانی وەکوو دەستڕێژی کردن کە لە ناو خانەوادەکان، شوێنی کار، خوێندنگاکان و بە گشتی ناو کۆمەڵگا بەسوودە و سەرەنجی کۆمەڵگا بۆ لای ئەو مەسەلانەی لەوانەیە شاراوە مابێتنەوە ڕادەکێشێ و هیوا دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە کۆمەڵایەتییەکان گەش دەکاتەوە. چەن پرسیار لەو پەیوەندییەدا جێی تێفکرینن: ئایا هەڵمەتەکە لە شوێنە جیاجیاکانی دنیا بە یەک شێوە بووە؟ ئایا هەموو ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی وێراویانە باسی بەسەرهاتی خۆیان بکەن؟ ئایا بوێری و ڕچەشکێنی و باسکردنی بەسەرهاتەکان تەنها شتێکە کە بۆ کۆتایی هاتن بە دەستڕێژی کردن پێویستە؟ ئایا بۆ قوربانییەکان تێچووی شکاندنی بێدەنگی لە خودی بێدەنگییەکە زیاتر نییە؟

کاتێک ژنێک باس دەکات و دەگێڕێتەوە کە تووشی دەسدرێژیی جینسی بووە زۆر جار ڕووبەڕووی ڕخنە دەبێتەوە و یەکەم شت کە لێی دەپرسن ئەوەیە کە چی کردووە کە وایان بەسەر هێناوە؟ تەنانەت ئێستاش لە ساڵی 2020 کولتووری بێدەنگی وەکوو کولتوورێکی خوازراوتر و باشتر بۆ ژنان باس دەکرێ و بە خاڵێکی بەهێزی ژنان دادەنرێ و بە تایبەت لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنانی “بە حەیا” و “بەشەرم” وەکوو نموونە دەهێنرێنەوە و تا ئەو جێگەیە ئەو کولتوورە ڕەگی داکوتاوە کە بۆ نموونە کاتێک گوێبیستی ئەوە دەبین کە ژنێک بەبێ ئەوەی هاوار بکات توانی مناڵی بێت بە ئازا ناوی دەبەن، کەواتە ژنان ئەمڕۆش ئەبێ بە بێدەنگی ئازار بچێژن.

ژن لەو بێدەنگیدا دوای کاری دەرەوە خواردن ئامادە دەکات، جلەکان ئەشۆرێ، ئاگای لە مناڵەکان هەیە، ئەیانخەوێنی و هەموو کارەکانی ماڵ  دەکا و لە زۆربەی مافەکانی بێبەشە بەڵام هەر لە ناو ئەو بێدەنگییە دا ئازار ئەبینێ.

ژن لە شوێنی کارەکەی کاتێک هاوکارەکانی نوکتەی سێکسیتی ئەڵێن و ژنان ئەشکێننەوە ناوێرێ هەڵوێست بنوێنێ و لە بێدەنگی ئازار ئەچێژێ.

هەڵمەتی #metoo زۆرتر ئەو حاڵەتانەی خستە ڕوو وا لە شوێنی کاردا ڕوویاندا بوو و بەو شێوەیەش هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا یاسای توندتر بۆ بەرگرتن بە دەسدرێژی لە شوێنی کارەکان دابنرێ. بەڵام چ هەلمەتێک پێویستە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە لە ناو خانەوادەکان و لە ژێر ناوی شەرەف ژنەکان و کچەکانیان کردووەتە کۆیلە؟ چ کارێکی بنچینەیی پێویستە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە هەست بە ئەمنییەت بکەن و بتوانن دەنگ هەڵبڕن و باسی ژیانیان و بەسەرهاتیان بکەن؟

کولتووری بێدەنگی بەرهەمی کولتووری ترس و شەرم و بڤەیە کە بە پشتیوانیی ئایین و یاسا لە وڵاتی ئێمە و زۆر شوێنی دیکەی ئەم دنیایە بووەتە دێوزمەیەکی ترسناک. ئەگەر کارێکی جیددی لە باری فەرهەنگیەوە لەناو کۆمەڵگا نەکرێت شکاندنی کولتووری بێدەنگی ئاسان نابێت بەتایبەت لەو کۆمەڵگانەی کە جێگەی قوربانی و تاوانبار گۆڕاوە.

پەروەردە و یاسایەکی ئینسانی دوو مەرجیی سەرەکیی ئەوەن کە ئینسانەکان وا ڕابێن کە بتوانن بە بێ ترس باسی ئازارەکانیان بکەن. کاتێک هەڵمەتی metoo کەوتەگەڕ، بە ئاشکرا دەرکەوت کە لەو وڵاتانەی کارێکی بنچینەیی و بەردەوام بۆ مەسەلەی فەرهەنگسازی لە ناو کۆمەڵگا ئەنجام درابوو و یاسای وڵات پشتیوانیی لە قوربانیان دەکرد، هەڵمەتەکە دەنگدانەوەی زۆرتری بوو. هۆشیارکردنەوەی هەموو چینەکانی کۆمەڵگا لە سەر جۆرەکانی دەسدرێژی و هاوکات ڕاهێنان و پەروەردەکردنی کەسانێکە کە دەیانەوێ لەو بوارەدا کاربکەن  بۆ ئەوەی بزانن چۆن هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە بوونەتە قوربانی و ئەیانەوێ بێدەنگی بشکێنن، مەرجێکی سەرەکیی سەرکەوتن لەم خەباتەیە.