“ئەفسانەی جوانی”

ئەفسانەی جوانی

✍ ئا: ئەسعەد دوروودی

مرۆڤ بە درێژایی مێژوو جوانی خواز بووە و جوانی وەکوو چەمکێکی جیهانی لە هەموو کولتوور و شوێنەکانی جیهاندا هەیە بەڵام مانای جوانی و تێگەیشتنی خەڵک لەو چەمکە بە پێی زەمەن و شوێن و کولتوور جیاوازە. شتێک کە بە درێژایی هەموو ئەو مێژووە نەگۆڕاوە کاریگەریی مانا و تێگەیشتن لە جوانی لە کۆمەڵگادا لە سەر تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە بووە. هەموو تاکێک لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ژێر کاریگەریی تێگەیشتنی مرۆڤی ئەو کات و شوێنە لە جوانی بووە و ژیانی تەئسیری لەو ترند و نۆرم و جوانییە باوە وەرگرتووە کە زاڵ بووە. ئەو ترند و نۆرمانە خۆیان لە شێوەی بیرکردنەوەی باو و بایەخە زاڵەکانی سەردەم و کۆمەڵگای خۆیانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە دەسەڵاتی پیاوسالاری خاوەن سەرچاوە ئابوورییەکان تێدا باڵادەستە بۆیە ناسینی “جوانیی” باو لە هەر سەردەم و کۆمەڵگەیەکدا یارمەتیدەرە بۆ ناسینی ئەو کۆمەڵگەیە. نێۆمی وۆلف (Naomi Wolf) نووسەری فیمینیستی ئەمریکایی لە کتێبی بەناوبانگی خۆی “ئەفسانی جوانی”دا باس لەوە دەکا کە چۆن ژنان لە کۆمەڵگادا لە ڕێگەی ئەفسانەی جوانییەوە گوشاریان لەسەرە و ژیانیان لە ژێر کاریگەریی ئەو ئەفسانەدایە. وۆڵف باسی ئەوە دەکا چۆن ئەو جوانییە باوەی بۆ ژنان بووەتە چوارچێوە و نۆرم، ژیانیان هەم لە شوێنی کار و هەم لە ماڵ و لە ژیانی شەخسیدا دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە و وادەکا ملکەچی یاسایەکی نەنووسراو بن کە دیاری دەکا کامە شکڵ و شێواز خوازراوە و لە چ شوێن و جێگەیەک ژنان دەبێ چۆن بنوێنن. هەموو گۆڤارەکان و بڵاوکراوەکان کە بە ناوی بڵاوکراوەی ژنانەوە دەناسرێن پەرەپێدەر و فرۆشیاری ئەو جوانییە باوەن کە لە ئەو سەردەم و کۆمەڵگایەدا باڵادەستە و هەموو کاناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان بەشێکی گەورەی پەیامە بازرگانییەکانیان بۆ فرۆشتنی کەرەستە و جلوبەرگی تایبەت بەو جوانییەیە کە کراوە بە نۆرمێک بۆ ژنانی کۆمەڵگا. ژنانێک کە لەگەڵ ئەو دیاردەیە دەستەویەخەن وەکوو یەخسیر و ئەسیری ئەو نۆرمانە ناتوانن هەست بە ئاسوودەییەکی تەواو و خاوەن بڕیاربوونێکی یەکجاری بکەن و باری ترندی سەردەم هەمیشە لەسەر شانیانە و لە “خۆ بوون” دووریان دەخاتەوە.
لیدیا دووپارت لە بابەتێکی خۆیدا لە سەر “ئەفسانەی جوانی” دەنووسی: ئێمە لە کۆمەڵگایەک دا دەژین کە پێمان وایە ئازاد و سەربەستین، پێمان وایە بۆمان هەیە هەڵبژێرین و پێمان وایە بزووتنەوەی فیمینیستی ژنانی گەیاندووەتە ئاستێکی بەرزی ئازادی و کۆمەڵگاکەمان زۆر یەکسانە بەڵام ئەمە درۆیەکی گەورەیە لەبەر ئەوەی “ئەفسانەی جوانی” وەکوو دەسەڵاتێکی توتالیتر بە ئیدۆئۆلۆژییەکی فوندامنتالیستییەوە وامان لێدەکا کوێر و گوێڕایەڵ بین.”
“ئەفسانەی جوانی” بە کورتی جەوان بوون و جۆرێکی باوی جوانی بە مەرجی بایەخداربوون بۆ ژنان دادەنێ و ژنێک کە لە دەرەوەی ئەو مانایەی جوانی بێ یا تەمەنی لە ئاستێکی دیاریکراو تێپەرێ نابیندرێ و بایەخی بۆ دانانرێ. کۆمپانیی بازرگانییەکان لە ڕێگەی فیلمەکان و پەیامە بازرگانییەکان و وێنەکانەوە وێنەیەکی وا لە ژنی جوان لە کۆمەڵگادا دەکەنە باو کە زۆر کەس بۆ ئەوەی ئەوەندەی بۆی بکرێ لەو وێنەیە نزیک بێ، بەرهەمەکانی ئەوان دەکڕێ و لە ڕاستیدا “ئەفسانەی جوانی” بە چڕی گرێدراوی ئابووری و قازانجپەرستییە.
نێۆمی وۆڵف دەڵێ: ” ئەمە بەرهەمی ترسی ناوەندە پیاوسالارەکانە لە ئازادیی ژنان و بۆ ئەو مەبەستە نیگەرانیی ژنان لەوەی کە نەکا زیادەڕەی بکەن لە ئازادی خۆیاندا دەکاتە ئامراز.” واتە ئەمە شێوازێکی نوێی ژێدەستە هێشتنەوەی ژنانە و ترسی ژنان لە ئەوەی لە ئازادیی خۆیان خراپ کەڵکیان وەرگرتبێ وەکوو ئامارازێک دژی خودی ژنان بەکاردەبرێ. بە بڕوای وۆڵف دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی پیاو سالار بۆ ئەوەی ژنان بە یەخسیری بێڵێتەوە و نەهەێڵێ لە باری ئابوورییەوە هاوشانی پیاوان بن، هەستی ژنان بەرانبەر بە خۆیان دەکاتە ئامانج. لەم بازاڕەدا و بە کردنە باوی جۆرێک لە جوانی کۆمپانییە گەورەکانی جیهان کە بەزۆری لە ژێردەستی پیاواندان ساڵانە میلیارها دۆلار قازانج دەکەن و بەشێک لەو قازانجە بۆ درێژە ئەم کۆیلەیەتییە نوێیەی ژنان بە کار دەبرێ.
بۆ کۆتایی هێنان بەم چەوسانەوەیە و بۆ ئەوەی شانسی ژنان بۆ یەکسانیی ڕاستەقینە زیاد بکا دەبێ ئەم ئەفسانەی بە درۆ بخرێتەوە. جوانی مانایەکی دیاریکراوی نییە و وەکوو دەڵێن: “جوانی لە چاوی بینەردایە.” بەڵام جوانی هەرچیک بێت بە دڵنیاییەوە ئەوە نییە وا قازانج پەرستان کردوویانەتە ڕێگەی گیرفان پڕکردنیان. ئەوەی کراوە بە باو و وەکوو جوانی باسی دەکرێ بەرهەمی عەقڵێکی نەخۆشی بە پیاوسالاری و قازانجپەرەستی داگیرکراوە.