لە ١١هەمین ساڵیادی لەسێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر و چوار زیندانیی سیاسیی کوردی دیکەدا

✍ع.دامون-مەریوان

دووشەممە ٣ی مانگی مەی ١٤٠٠، بە ١١هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی فرزاد کمانگر چالاکی مافی مرۆڤ و مامۆستای زیندانیکراو، عەلی حەیدریان، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلەمهوولی و مەهدی ئیسلامیان، لە لایەن بەربەریە ئیسلامییەکانی ڕژێمی بکوژی کۆماری ئیسلامی لە زیندانی ئێڤینە. پاش تێپەڕبوونی ١١ ساڵ لەو تاوانەی حکوومەتی ئێران، هێشتا شوێنی بەخاکسپاردنیان دوای نادیارە و حکوومەت ئامادە نەبوو بە کەسوکاریانی ڕاگەیەنێ.

فەرزاد کەمانگەر کە لە شاری کامیاران دەژیا و مامۆستا بوو، لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٨٥ لە تاران دەستگیرکرا و دوای نزیکەی ١٤ مانگ وێڕای چەندین شێوەی ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونی لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی ئیتیلاعاتی سنە، کرماشان و تاران، کاتێک لێپرسینەوە کۆتایی هات لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦دا، گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شەهر.

دۆسیەی فەرزاد کەمانگەر و دوو هاوتۆمەتبارەکەی لە ١ی ڕێبەندانی ١٣٨٦ لە لقی ٣٠ی دادگای شۆڕشی ڕژێم لە تاران بەڕێوەچوو.

بە وتەی خەلیل بەهرامیان، پارێزەری فەرزاد کەمانگەر، لەو بەناو دادگایەدا کە تەنیا چەند خولەکێکی خایەند، فەرزاد و دوو هاوتۆمەتبارەکەی بە ناوەکانی فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی کورد، سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڕایەوە.

فەرزاد کەمانگەر خۆی لە یەکێک لە نامەکانیدا ئاماژەی بە دادگایی ٧ خولەکی کرد و گوتی ” لە دانیشتنێکی حەوت خولەکیدا لە لقی ٣٠ ی دادگای شۆڕشی تاران بە بێ باوەڕی لە دادوەرەوە بیستم کە گوتی ” وەزارەتی ئیتیلاعات دەیەوێت ئێوە لە سێدارە بدرین، بڕۆن و ڕازییان بکەن ” .

ئەو لە کاتێ لە دەستبەسەرکردندا چەندین جار تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و لە نامەکانی کە لە زینداندا نووسیبووی، باسی لە فشارە چڕەکانی دەزگا ئەمنییەکان کرد بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی تەلەفزیۆنی.

فەرزاد کەمانگەر لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٠ دا نامەیەکی بۆ مامۆستایانی زیندانیکراو بە ناونیشانی “هەڤاڵ بەهێز بە” نووسیوە. لە بەشێک لەو نامەیەدا دەنووسێ: “دەزانم ڕۆژێک دێت ئەم ڕێگا سەخت و ناخۆش و دژوارە خۆش دەکرێت و سەختی و زەحمەتەکانی ئێوە لە بڕینی ئەم ڕێگایەدا دەبێتە سەربەرزی بۆ ئێوەی مامۆستایانی ئازادە. با هەمووان بزانن مامۆستا مامۆستایە، تەنانەت ئەگەر فیلتەری گوزینش و  زیندانیکردن و لەسێدارەدان ڕێگریی لێبکەن، مامۆستا ناوی خۆی و سەربەرزییەکەی خۆی لە ماسییە ڕەشە بچکۆلەکان وەرگرتووە نەک ماسیخۆرەکان. فەرزاد کەمانگەر لە ٢ی خەزەڵوەری١٣٨٦ دا لەبارەی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی لە تاران نووسیویەتی: «من لە مانگی گەلاوێژی ١٣٨٥ دا هاتووم بۆ تاران بۆ بەدواداچوون بۆ چارەسەری نەخۆشی براکەم کە چالاکوانێکی سیاسییە هەمان ڕۆژ گوازرامەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ژێرزەمینێکی بێ هەواکەش، باریک و تاریک. ژوورەکان خاڵی بوون، مۆکت یان بەتانی و هیچ شتێکی تر لەوێ نەبوو ئەوەندە تاریک بوو بردمیانە ژوورێکی دیکە. کاتێک ناوی منیان دەنووسی، پرسیان لە قەومییەتم دەکرد تا دەموت «من کوردم»، هەموو جەستەی منیان بە شڵێنگێ وەک قامچی لێدەدا. بەهۆی ئایینەوە سوکایەتی و بێ ڕێزیم پێ کرا. دەستەکانم یان دەبەستنەوە و دەیانخستە سەر کورسی و گوشاریان دەخستە شوێنە هەستیارەکانی جەستەمەوە، جلەکانمیان بە تەواوی لەبەرم دادەکەند و بە هەڕەشەی دەستدرێژی جینسی بە باتۆن هەراسانیان دەکردم”

قاچی چەپم بە سەختی زیانی پێگەیشت و بە هۆی لێدانی سەرم و شۆکی کارەبایی بێ هۆش بووم و لەوەتەی هۆشم هاتووتەوە باڵانسم لە دەست داوە و بێ ئێختیار دەلەرزم. قاچەکانم بە زنجیر دەبەسران و بە شۆکی کارەبایی بە چەند بەشێکی جیاواز و هەستیاری جەستەم لێیان دەدا، کە ئازارێکی زۆر و ترسناک بوو . دواتر لە زیندانی ئێڤین گوازرامەوە بۆ گرتووخانەی ٢٠٩. هەر لەو ساتەی گەیشتم چاویان بەستم و بردیانم بۆ ژوورێکی بچووک کە ئەوانیش لێیان دام. ڕۆژی دواتر گوازرامەوە بۆ سنە. لەوێ لەو ساتەوەی کە چوومە ناو بنکەی دەستبەسەرکردنەوە ، تووشی سووکایەتی وجنێو و لێدان بووم. منیان بە کورسییەک بەستەوە و لە کاتژمێر ٧ی بەیانییەوە جێیان هێشتم  تا ڕۆژی دواتر، تەنانەت ڕێگەم پێنەدرا بچم بۆ ئاودەس. دوای ئەشکەنجە و هەراسانکردنی زۆر، گوازرامەوە بۆ بنکەی دەستبەسەرکرانی ٢٠٩ و لەوێش دیسان بەرەوڕووی لێپرسینەوە لێدان و ئازار بووم”. فەرزاد کەمانگەر و مەهدیی ئیسلامیان لەگەڵ عەلی حەیدریان و شیرینی عەلەم هوولی و فەرهادی وەکیلی بەرەبەیان ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠  لە زیندانی ئێڤین لە لایەن دڕندەکانی ئیسلامی لە ئێران لە سێدارە دران و لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکە لە کتێبی تاوان و ڕژێمی تاوانبار و بکوژی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کرا .

ناو و یادیان بەرز و بەڕێز بێ