ناوەندی هاوکاری گرنگترین هاوپەیمانی سیاسییە

✍سروە مستەفازادە

وتووێژ لەگەڵ هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە

دواڕۆژ: ئێوە بارودۆخی کۆماری ئیسلامی لەمرۆدا چۆن دەبینن؟بە چاولێکردن لەم بارودۆخە و  ڕووداوەکان ئایا بە بڕوای ئێوە شانسێک لە داهاتوودا لە ساختاری کۆماری ئیسلامیدا دەبیندرێت یا خود چۆنە و ئەرزیابی ئێوە لە ئەمڕۆی بارودۆخی کۆماری ئیسلامی چییە؟

هاوڕێ عومەر: من پێموایە کۆماری ئیسلامی ئێران بارودۆخێکی خراپی هەیە، یەکەم ناتوانی خۆی ڕابگریت،  لەدەرەوەی سنوورەکانی وەک رابردوو ئیمکاناتی نەماوە و دژایەتی بەرامبەری زۆرە، چ لە لوبنان چ لە عێراق چ لە سووریە زەختی دەوڵەتانی ناوچەیی لەسەرە، زەختی زڵهێزەکانی لەسەرە. دووهەم لە ناوەوە ناڕەزایەتێکان یەکجار زۆرن، دەبینین کە هیچ ڕۆژێک نییە کە لە یەکیک لە شارەکانی ئێران لە ماڵ خوراوەوە بگرە تا تا خانەنشین و کرێکاران ناڕەزیەتی دەرنەبڕن و ئەوە بە ئاشکرا دیارە کە خەڵکی ئێران بە گشتی لە ئێستادا زۆر زۆرتر لە جاران دژی کۆماری ئیسلامین و نا بۆ کۆماری ئیسلامی دەڵێن. سێیەم شت ئەوەیە ناودەسەڵات خۆی شێواوە، لە گەندەڵی و فساد ڕا بیگرە تا کێشەکانی ناودەسەڵات پەرەی ئە ستاندووە. چواروم ئەوەیە هەتا دێت لە بیروڕای گشتی جیهانیدا بەتایبەت لەم کارانەی لەم کۆتاییدا (لە دووساڵی ڕابردوودا) کردوویوتی، ناوی زڕاوە و بەدناوە، بۆیە من پێموایە لە هەلوومەرجێکی خراپدا بەسەر دەبات، تەنانەت ئەو وتووێژەی ئێستای بەرجامیش من چاوەڕوانی ئەوە ناکەم کە بگات بە ئامانج، بۆیە من لام وایە ڕژیمێک کە لەدەرەوەی سنوورەکانی وردە وردە دەسەڵاتی کەم بێتەوە (ئێران هەموو هێزی خۆی لەسەر ئەمەدا نابوو)، لە ناوەوە دژایەتی تێیدا زیادی کردبێت، لە پێیوەندی ناونەتەوەییدا زیاتر تەریک کەوتبێتەوە، بواری ئابوورێکەی رووخاو ووێران بێت و نەتوانێ لەم هەڵوومەرجەدا یەکگرتوویی ناو دەسەڵاتەکەی خۆیدا ڕابگرێت، لە بارودۆخێکی زۆر خراپ دایە و ئێمە  دەبێت چاوەڕوانی ئاڵووگۆڕی لە ئێراندا بین. بەڵام بە دڵنییایەوە ئەم گۆڕانکارییە ئەوە نییە کە ئەو دەسەڵاتە و خودی کۆماری  ئیسلامی گۆڕان لە خۆیدا پێک بێنێت، هەر گۆڕانێک لەناو کۆماری ئیسلامیدا یانی نەمانی کۆماری ئیسلامی.

دواڕۆژ: وەک دەزانین لە چەند مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنە لە ئێران ئێوە فەزای پێش هەڵبژاردن چۆن دەبینن لە ئێران؟ بە بڕوای ئێوە پارەسەنگی هێز لە ئێران چی لێدێت ئایا حیزبەکانی کوردوستان خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان بۆ نمونە هاتنە سەرکاری سەرۆک کۆمارێکی نیزامی ئامادە کردووە؟ ئامادەکارییان چییە؟ ئایا لێکدانەوەیان هەیە ئەگر بۆ نموونە سپاهییەک بێتە سەرکار یا نیزامییەک بێتە سەرکار چی دەکەن؟ و بە گشتی باروودۆخی پیش هەڵبژاردن چۆن دەبینن و چی لێبەسەر دێت؟

هاوڕێ عومەر: من لام وایە هەڵبژاردن کەمترین بەشداری دەبێت و زۆرترین نا بۆ کۆماری ئیسلامی دەدرێت و هەر درۆیەک کە ئەوان بیکەن هیچ شتێک لە ڕاستییەکە ناگۆڕێت، ئێستا خەڵک بە ئاشکرا دەڵێن کە بەشداری هەڵبژاردن ناکەن و بە کۆمەڵ کۆ دەبنەوە و ناڕەزیەتی دەردەبڕن و بەرامبەر بە ڕژیم رادەوەستن و دەڵین نا و دروشمی ئەوە دەدەن کە: “ئەوەی بە ئێمە دەڵین دوژمنمان ئامریکایە درۆیە و دوژمنی ئێمە لێرەیە” ئەوانە قسە و دروشمی سادە نین و هەموو ئەوانە دژی کۆماری ئیسلامین، کێشەی ناوخۆیان یەکجار زۆرە و هەرکەس لە ئێران بێتە سەرکار هەتا کۆماری ئیسلامی هەیە، هەر ملیتاریزم و کوشت و بڕ لە کوردوستاندا پەرە پێدەدات، رێفۆرمخواز هەر وای کردووە، ئەحمەدینژادە هەر وای کردووە ئێستاش یەکی نیزامی بێت هەر ئەوە دەکات لەم بابەتەوە بە بڕوای من لەناو بزووتنەوەی کوردیدا جیاوازێکی زۆر و بنەڕەتی ناکات.

دواڕۆژ: یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی ئەم رؤژانە باسی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئامریکا و هەروەها نێوان ئێران و عەرەبستانە، هەر لەم ڕۆژانەدا شایەتی ئەوە بووین کە ئامریکا  ڕێگەی داوە کە حەوت میلیارد دۆلار سەرمایەی بلۆکەی ئێران ئازاد بکرێت، لە حاڵێکدا کە پێشتر دەیگوت یەک دۆلار لە کاتی وتووێژەکاندا و پێش ڕێککەوتن ئازاد ناکرێ، ئێوە پێشبینیتان چییە سەبارەت بەمە و چ کاریگەرێکی دەبێت لەسەر ئێران؟ دوای ئەوەش دێمۆکراتەکان، تیمی بایدێن لە سیاسەتدا پێیدەڵێن رئالیسمی بەرگری کارانە، یانی خۆیان لە ئالۆزییەکان نادەن و هەر لەدەرەوە چاوەدێری دەکەن  و بە نۆعێک بەدوای سەقامگیرێکەوە هەن لە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکادا، ئێوە ئەوە چؤن دەبینن؟ بەهەرحاڵ ئێمە دەبینین کە  ئەو دژایەتییەی کە ئامریکا پێشتر لە دەورەی ترامپ لەگەڵ ئێران بووی گۆڕدراوە، بە بڕوای ئێوە چی بەسەر دێت  و ئەو بەحسەی عەرەبستان لە کۆیەوە دوروست بوو ئایا ئامریکا زەختی بۆ هێناوە؟ ئایا ئێران دەست لە یەمەن هەڵدەگرێت؟ ئەو هیوایە لە محمد بن سلمان چۆن دروست بووە کە ناوی هیتلێری لە خامنەیی نابوو، ئێستە دەڵێت ئێمە دۆستین و ئێران بەس هەڵسووکەوتی بگۆڕێت؟

هاوڕێ عومەر: من پیموایە لە دەورەی ترامپ و ئێستا، ڕوانینیان هیچ جیاوازێکی نییە، لە سەردەمی ترامپ یەکجاریش نەیگوت بۆ خەڵک دەکوژی هەر دەیگوت رەفتاری خۆت بگۆڕە تا هەمووشتێکت بۆ بکەین،  و بە بڕوای من زۆر سیاسەتێکی خراپ و نادروستیان  بوو، ڕاستە بە ڕواڵەت زەخت لەسەر کۆماری ئیسلامی بوو، زەختەکە چی بوو؟ زەختەکە ئەوە بوو کە بگەڕێتەوە بۆ  حەوزەی کاریگەری ئامریکا و لە ناوچەدا دەست لەسەر کۆمەڵێک شت هەڵگرێت، گەمارۆکان بە دڵنیاییەوە کاریگەریان بوو بەڵام ئێمە دەزانین کە ترامپیش دەیگوت ئێمە نامانهەوێ  ڕژیم بگۆڕدرێت، بە گەمارۆ بۆلای ڕووخان ناروات، ئەوە کوبا لە کەیەوە گەمارۆ دراوە، من نەمبینیوە هیچ ڕژیمێک بە گەمارۆ بروخێت. دیارە ئێستاش ئامریکا ناڵێت ڕژیم دەڕووخێنم و ئاسانیش نییە کە بڵێت ڕژیم دەڕووخێنم یا هێز بێنێت، لە دوو جێگە لە دنیادا تا ئێستا ئامریکا یەک لە پاناما دوو لە عێراق کردوویەتی و لەشکری کێشاوە و ڕژیمی رووخاندووە و بە جۆرێک مەشروعییەتی ناونەتەوەیی بۆ وەرگرتووە بەڵام زۆر ئاساییە کە ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە ئامریکا دەیهەوێت بە هەموو گوشارەکان و بە وتووێژ یا بە هەر شتێک یەک سیاسەت دەباتە پێش ئەویش ئەوەیە، کە ئێران بگێرێتەوە بۆ حەوزەی کاریگەریی غەرب. ئێرانیش بۆخۆی دوو بەشە لەم بابەتەوە، پاسداران و خامنەیی دژی ئەوەن و کۆمەڵیک خەڵکیتر پێیخۆشە و بۆ ئەوە هەوڵ دەدات کە ئێران بگەرێتەوە بۆ پرۆرووسەکان یا فیلۆرووس، و فیلۆئامریکایی لە ئێران دا هەیە  ئەوە کێشەیەکە کە هەیە و قسەکانی زەریف بە ئاشکرا ئەوە نیشان دەدات. بە ئازادکردنی حەوت میلیارد دۆلار من پێموایە چاری ئێران  لە بواری ئابووری و ئەوانە ناکرێت و ئەوە ڕاستییەکە و ئەگر گەمارۆکانی نەوت و گازیش لابچن ئێران سەقامگیر نابێت بۆ مەگەر تورکییە کە گەمارۆی لەسەرە نییە، ئایا سەقامگیرە؟ تووشی کێشەی زۆر گەورەیە. ئێمە نابێ ئەوە ببینین کە گەمارۆ بە مانای ڕووخانی ڕژیمە، گەمارۆ هەڵگیرا بەومانایە کە ئامریکا لەگەڵ ئێران  پێکهاتووە وئەو ڕژیمە دەمێنێ ، ئەوە بەبڕوای من بۆچوونێکی هەڵەیە  و زۆر مەسەلەی گەمارۆدان و لابردنی گەمارۆ گەورە کراوەتەوە. من پێموایە یەکەم، گەمارۆکان ناکرێت هەمووی لابچێت بەم جۆرەی کە هەیە. دوو بەڵێ بایدێن دەیهەوێت بسازێت، بەڵام هەموو مەسەلەکە لێرەدایە کە ئایا ئێرانیش دەیهەوێت بسازێت ئایا ئێرانیش دەست لە سیاسەتە ئەتۆمییەکەی، لە دەستدرێژی لە ناوچەکە و دەسەڵاتەکانی هەڵدەگرێت؟ من پێموانییە و دەسەڵاتی سەرەکی لە ئێران مەجالی ئەوە نادات. ئەوجارەکە ئێمە قسەی جۆراوجۆر دەبیسین ڕاوێژکاری ئەمنی ئامریکا دەڵێت زۆر ئەستەمە بە ڕێککەوتن گەیشتن و هێندێک شت نادیارە. ٢٢٠ کۆنگرێسمەنی ئامریکایی واژۆ دەکەن و ئەوە گاڵتە نییە و زەختە لەسەر دەوڵەتی بایدن کە دەڵیت یەکێک لە شتەکانی ئەوەیە بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی کار بکەی، رەنگە ئەوە پەسەندیش بکرێت دەوڵەتی بایدن ئەوە نەکات و بەڕێوەی نەبات، بەڵام ئەو زەختانەی لەسەرە و وڵاتانی غەربی بە گشتی ئێستا یەک سیاسەتییان  بەرامبەر بە ئێران هەیە و ئەو سیاسەتە ئەوەیە کە کە دەست لە مووشەکەکانی هەڵگرێ و ددانی بکێشن کە مووشەکەکانی نەگاتە ئیسرائیل و ئورووپا و ئەوە مەرجیانە و لە مەرجەکەیان نایەنە خوارێ. دوو دەست تێوەردانی ئێران لە ناوچەدا نەمینێت و جارجار کەمتاکورت باس لەوەش دەکەن کە مافی مرۆڤ لەبەر چاو بگرن، بەڵام هەر لەمەیان بگەرێن هەر ئەو دوو مەرجە دەسەڵاتی ئێران تووشی کێشە دەکات و لە هەموو وتووێژەکنیاندا هەم ئامریکا هەم ئورووپا باسیان لێ کردوون و دەڵێن ترسی ئەمنی لە ناوچەدا نەمێنێت و ئەوە مانای هەیە، ئێران وەکوو هەرەشەیەکی ئەتۆمی نەبێ، ڕەنگە لەبەر دڵی ئێران هێندێک شت بۆی دانواندبێت و بڵێن حەوت میلیارد دۆلاری بۆ ئازاد دەکەین و من و تۆ لە وردەکاری ئەوە داین بەڵام سییاسەتی غەرب ئەوەیە کە دەستی ئێران کورت کاتەوە و هێمنییەک لە ناوچەکەدا درووست بکات کە نە عەرەبستان بترسێت نە ئیسرائیل بە پەرۆش بێت و جیا لەمە هیچ شتێک ناکرێت. عەرەبستان لەم پێیوەندیەشدا هەوڵ دەدات و با گوتبێتیان خامنەیی هیتلێرە ئێستاش دەڵێت دەکرێ پێوەندی باشمان بێت و ئەو دوو قسەیە جیاواز نین لەناو سیاسەتدا، بۆیە من ئەوانە بە وردە شت دەبینم وئەوانە کایەگەڵێکن کە لە وڵاتانی ناوچە دەستی پێکردووە و وڵاتانی ناوچەش دەیانهەوێت بڵێن کە ئێمە هەوڵیشماندا و ئێران نەسازا  و دەست لە حووسییەکان هەڵناگرێ و فڵان کار ناکات، ئاساییە من ئەوانە بە هەوڵی دیپلۆماتیکی گشتی دەبینم بەرامبەر بە ئێران، لە لایان غەربەوە لە لایان وڵاتانی ناوچەوە کە دۆستی غەربن ئەوەش بۆ ئەوەیە کە وردە وردە بە ئێران بسەڵمێنن کە دەست و پێی خۆی کۆ کاتەوە و پێموایە ئەوە ناکرێت و ئێران تووشی کێشە دەکات و هێندێک شت ناچێتە بەرەوە،  چوونە پێشی وتووێژ بۆ ڕێککەتن جیایە لەگەڵ ئەوەی بە کردەوە بەرێوە بچێت، حەوت میلیارد دۆلارەکە سواری تەیارە دەکات بەڵام ناینێرەتەوە و ئەوانە قسەن،  بۆیە ئێمە دەبێت چاو لەوە بکەین. یەک ڕاستی ئەوەیە غەرب ئێستا دەیهەوێ هەمووکارێک بکات کە ئێران خەمسارد کاتەوە، غەرب کێشەی لەگەڵ توورکیاش هەیە لە ناوچەدا و  ئەو کێشەیە بە لای غەربی ئێستاوە، دوای ترامپ کە ئووروپا و ئامریکا یەکگرتوون و ئەو کەلەبەرەی کەوتبوو نێوان وڵاتانی  ڕۆژئاواییدا بەم جۆرە نماوە  و فەرانسەشییان کردووەتە بەرپرسی هاوپەیمانان بە دژی تێرۆریست لە ناوچەکەدا، من پێموایە ئەوانە هەموو مانای هەیە و ماناکەشی ئەوەیە کە گوشارەکان لەسەر ئێران  لەم بابەتانەدا کەم نابێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوان سیاسەتێکی هاوسەنگ بەڕێوە دەبەن و زۆریش دژی ئەو سیاسەتانەن کە تورکیە لە ئێستادا بەڕێوەی دەبات و نیگەرانیشن و ئەگەر تۆ کۆمەڵی ئەم هاوسەنگییە ببینی ئەوکاتە تێدەگەیت کە نە بە سیاسەتی گەمارۆ حکوومەتی ئێران ڕووخا و نە بە سیاسەتی نەمانی گەمارۆ ئێران دەمێنێتەوە، بەڵکوو ئێران قەیرانە ناوخۆیەکانی زۆرتر دەبێت، ئابوری ئێران دەتوانێت سارێژ بێتەو؟ نە، تەنانەت نەوت وگازی دەتوانێت و هێزی ئەوەی هەیە بە قەدەر پێویست دەرهاوردە بکات؟ دەتوانێت بەری ناڕەزیەتی خەڵک بگرێت ؟ نەخێر، دەتوانێت دەسەڵاتەکەی یەکگرتوو بکات؟ دەتوانێت پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا  لە دەرەوەی سنوورەکان بەهێزتر کات؟ نەخێر،  بە بڕوای من لە هەموو ئەوانە ئیران کۆڵە و تووشی گرفتە.

دواڕۆژ: باسێکی تازەی دیکە هەیە باسی بڵاوبوونەوەی فایلی سەوتی زەریفە کە زۆری دەنگداوەتەوە، هەڵبەت لە توییتێکدا باستان کردبوو کە کێشەی ناوخۆیی زۆرتر ئاشکرا کردووە، بەڕای ئێوە ئایا شتێکی تازەی تێدابوو کە خەڵک نەیزانن یا شرۆڤەکارە سیاسیەکان نەزانن؟

هاوڕێ عومەر: من پێموایە هیچی تێدا نەبوو کە خەڵک نەزانێ و دوور لە چاوەڕوانی بێت، بەڵام تازەگییەکەی لەوە دابوو کە کێشەکانی دەسەڵات یەکجار گەورە بووەتەوە و لاشم وایە ئەوجۆرەی کە قالیباف و ڕەئیسی و هەموو ئەوانە باسیان کردووە زەختەکان لەسەر رۆحانی زۆر دەبن ، ڕاستە  نزیک پەنجا ڕۆژێکی ماوە بۆ دەسەڵاتی و بە یەقین دەڕوات بەڵام بە هەموو ئەوە بەتاکید دەسەڵات لە لای پاوانخواز دەبێت  لە سەرۆک کۆماری داهاتوودا، بەڵام دیسان سەرەڕای ئەوانە ئەوان پێیان وایە دەبێ خەتای ئەم دەورەیە و بارودۆخی ئێستای ئێران تاوانبارێکی بۆ ببیننەوە و زەریف یەکێک لەوانەیە کە دەیکەنە قوربانی، رۆحانی یەکێک لەوانەیە دەیکەن بە قوربانی و لە پشتی پەردەوە زۆر مسەلەی گەورەتر لە ئارادایە  و بێگومان رۆحانی و زەریف دەزانن کە ئەم فایلە دەچتە دەرەوە و بۆیە ئەوەشیان کردووە کە بچتە دەرەوە و ئاشکرا بوونی ئەم فایلە سەوتییە لە ڕاستی دا جۆرێک بەرگری کردنە لە خۆیان و بە جۆرێک سپەری پارێزگاری دروست کردنە، چی دیکەشییان هەیە کە بیکەن؟ چونکە کێشەکانی دەسەڵات ئەوەندە گەورەیە کە زەریفیش دەکەن بە قوربانی، ئایا بە ڕێکەوتە کە لەناو بەڕێ کردنی جەنازەی سوولەیمانی کوڕەکەی ئەڵێ ئای زەریف و رۆحانی لە کوێن؟ ئەوانە هەمووی ئاژیتاسیونە، بەشێکی دەتوانێ لە هەردووک لایانەوە بۆ هەڵبژاردنیش بێت بەڵام بە بڕوای من مەسەلە بنەڕەتێکە هەڵبژاردن نییە و مەسەلەی سەرەکی، ئەو قەیرانە گەورانەی ناو دەسەڵاتە وئابروی ڕژیمی ئێرانی برد، ئەوەی زەریف وەزیری دەرەوە بڵێت کە ئاگام لە هیچ نییە و بڵێت کە ڕووسییە و پووتین بڕیاری داوە کە ئێمە لە سووریە شەڕ بکەین، ئەوانە مەسئەلەگەلێکی گەورەن و گاڵتەیان پێناکرێت و لە بیروڕای گشتی ئێرانیش کاریگەری یەکجار زۆری دەبێ، بۆیە من پێموایە با زەریف بێتە سەردەسەڵات بۆ ئێمەی کورد هەر ئەوەیە کە هەیە، ئەوەنێ رۆحانی دەڵیت ئەوانەی دووهۆیی ساز دەکەن و دەڵین زمانی دایکی بە خاینیان دەناسین و بۆیە ئەرکی ئێمە لەگەڵ ناسیونالیزم لەم بابەتەوە رۆشنە بە مافخوازەوە و بە ڕێفۆرمخوازەوە.

دواڕۆژ: دێمە سەر مەساییلی کوردستان و لە وڵامەکەی خۆتانەوە دەست پێدەکەم  بەراستی رۆڵی حیزبە کوردێکان لەو گۆڕانکاریانەدا چییە و چۆن دەتوانن دەورێکی بە هێزتر بگێرن؟ ئایا دەرفەتییان هەیە و خۆیان بەکاری ناهێنن؟ لەهەر حاڵیکدا پێوەندێکانی جیهانی و پێوەندێکانی ئێران  دەستیان داوە دەستی یەکتری کە لە ئێستادایە حیزبەکان ئەرکێکی ئەوتۆیان پێنەکردریت؟

هاوڕێ عومەر: لام وایە گەورەترین ئۆپۆزیسیونی ئێرانی کە  بەهێزترین و جەماورترین خەڵکی بەدەورەوە بێت ئەم ناوەندەیە کە لە ئیستادا هەیە بەڵام ئەو ناوەندە خۆی هێشتا بەم جۆرەی کە دەبێت ئەکت بکات و بۆ یەکگرتوویی کار بکات و بە ئەنجام بگەیێنێت نەیبردۆتە پێش.

لە درێژەی وڵامی پرسیاری پێشوودا دەمویست بڵێم  یەکەمین مەرج کە کورد ئەبێت بیکات ئەوەیە یەکگرتوو بێت ئەگەرنا هیچی پێناکرێت، دوو ئەگر ئەوە دەکات لەگەڵ ئۆپۆزیسونی ئێرانی خۆی یەکلایی بکاتەوە، من پێموایە گوتاری کوردی لەم بابەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاک چووەتە پێشەوە و لەم ناوەندەشدا چاک چووەتە پێشەوە بۆیە من ڕەشبین نیم کە ئەوانە نەکرێن، سێهەمین شت ئەوەیە لە دنیای دەرەوە هەوڵ بدات خۆی بناسێنێت، ئەوەیە کە کورد دەتوانێت بیکات و گەورەترین هۆکارە بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو دروست بێت یا ئۆپۆزیسیۆنێکی بە هێزی کۆماری ئیسلامی  لەسەرتاسەری ئێران سازکرێت، کورد لەم بابەتەوەش گەورەترین هۆکارە چونکە گەورەترین هێزە. من پێموایە بۆ هەڵبژاردنیش کورد بایکۆتی دەکات و سیاسەتی ئەم ناوەندە بایکۆت کردنێکی چالاکە بەڵام ئێمە نابێت بەئەوەندە ڕازی بین، لەسەرەتاوەش کوردستان هەر نای بە کۆماری ئیسلامی گوتووە ئێستەش کە خەڵکێکی زۆر دەڵێن نا، ئێمەش هەر دەڵەین نا بەڵام نای ئەمجارە دەبێت بەڵێی یەکی لەگەڵدا بێت، بەڵێ بۆ داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان.

دواڕۆژ:خۆتان یەکێک لەو کەسانە بوون کە هەمووکات پاڵپشتی و پارێزگاریتان لە ناوەند کردووە بەڵام بەراستی ئیرادەیەک هەیە کە ئەم ناوەندە بەرەو پێشتر بروات یان هەر ئەوەندە هێندێک لە حیزبەکان پێیان باشە و بە جۆرێک ویژدانی خۆشیان پێ ئاسوودە کردووە و لە بیروڕای گشتی دەڵێن کە شوێنێکە کە لێی کۆ بووینەتەوە چون ئەوجۆرەی کە دەبینین بەراستی ماوەتەوە یانی ناوەندی هاوکاری لەگەڵ ٣ ،٤ ساڵ لەمەوبەر بیخەمڵێنین شتێکی ئەوتۆ لەسەر شتە سەرەکییەکان نەچۆتە پێش،  بۆ نموونە باسی هێزی پێشمەرگەی هاوبەش دەکرا باسی ڕاگەیاندنی هاوبەش دەکرا، چی لە پشتە کە  هیچی نەچۆتە بەر؟ ئایا هێندێک لە حیزبەکان بەم چوارچێوەیە رازین و پێیان خۆش نییە زۆر گەشە بکات؟ ئایا ئیرادەیەکیان نییە بۆ ئەوەی کە بەرەو باشتری ببەن؟

هاوڕێ عومەر: بەڵێ ناوەند گیروگرفتی هەیە و پێموانییە هیچکەسیش بڵێ نەخێر نییەتی، هەمووکەس بوونەکەی پێباشە و ئەوەی تا ئێستادا کراوە پێی باشە، بەڵام هەمووکەسیش پێی کەمە، پێیوایە وڵام دەرەوەی ئەرکێک نییە کە ئەمرۆ لەسەر شانی کوردی ڕۆژهەڵاتە، ئیرادە بە چی پێک دێت؟ ئێمە حیزبی جیاوازین، بزووتنەوەیەکە ئیرادە پێک دێنێت. ئێمە مەیلی جیاوازین لە کوردستان، چ شتێک هەموو مەیلە جیاوازەکان لەسەر شتێکی گشتی ڕێک دەخات؟ غەیری بزووتنەوەی نەتەوەیی و بەرژەوەندی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوەی من دەیبینم لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوەی کە بەرکەوتنی حاکمییەت و دەوڵەت و نیزامی کۆماری ئیسلامییە و ئەوەی دەیبینم لە پۆزەیشییەن و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کورد ڕێگەیەکی تری نییە جگە لە یەکگرتوویی، یەک نەگرێ چی دەکات؟ ئیرادەی نەبێت تێک دەڕووخێت، بۆیە ئەو تەوژمە گەورەیە کە خواستی خەڵکە و ناوەند  ناتوانێت لە بەرچاوی نەگرێت. بەڵێ من لەسەر ئەو تەوژمە گەشبینم کە ئەو زەختانە دێت و ناوەندیش ناچارە بەرەو ئەوە بچێت، کەم چۆتە پێش، زەرەر لە نیوەشی بگەڕێتەوە هەرباشە و قازانجە لە ئێستاشەوە بەرەو ئەوە بچێت باشە و ئاساییە ئێمە حیزبی جیاوازین و لە ڕابردوودا دژی یەکتر بووین و لە هێندێک بوارو مەیلی سیاسییەوە ئێستاش هەین و، ئاساییە ئاسان نەچێتە پێش. بەشێکیشی پێوەندی بەوە هەیە کە هەموومان دڵگەورەیی وتوانای کاری گەورەمان هەبێت، سیاسەتی چاوەڕوانیمان نەبێت بەداخەوە سیاسەتی چاوەڕوانی لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە و بە ئاشکراش دەبیندرێت و کاتێک ئەم سیاسەتەت دەبێت ئەکت و کردەت کەمتر دەبێتەوە، پێموایە ئەمە گیری ناوەندە سیاسەتی چاوەڕوانی ئێستاش هەیە، ئینسان دەبێت قسەکانی بکات و گوشارەکانی بێنێت و لە هەمان کاتدا بەستێن برەخسێنێت بۆ متمانەی زۆرتر و بۆ هاوکاری زۆرتر. من ڕەشبین نیم، کوردی ڕۆژهەڵات ئاوا نەکات لەناو دەچێت و دەشکێ و شکەستی گەورە و نەک لەسەر خۆمان وەکوو حیزب بە بڕوای من لەنێو بزووتنەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتیشدا ئێمە خیانێکی گەورەی پێدەگەیێنین ئەگەر ئەوە نەکەین.

دواڕۆژ: بۆ کۆتا پرسیار، باسی ئەوە هەیە کە دەڵێن حیزبەکانی دێمۆکرات یەک دەگرنەوە و ئێمەش دوو بژاردەمان هەیە لێرەدا و بۆخۆشتان چەنجارتان باس کردووە بۆئەوەی کە بەرەیەکی چەپ سازبکەین. بە بڕوای ئێوە کامیان باشترە ئایا کۆمەڵەکانیش بەرەو درووست کردنی بەرەی هێزە چەپەکان بە گشتی بەرەو ناوەندێکی هاوبەش برۆن؟ یا ئەوەی کە ئایا باسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان هەیە بە ڕاشکاو باسمان بۆ بکەی و ئەگەر هەیە تا چ قۆناغیک چووەتە پێش؟ ئەگر نەکراوە ئیرادەیەک هەیە بۆ داهاتوو لەسەر ئەم مەساییلە قسە بکرێت؟

هاوڕێ عومەر: مەسەلە کامیان نییە مەسەلە ئەوەیە چی دەکرێت. دێمۆکراتەکان نزیک ببنەوە من پێم باشە و بە قازانجی بزووتنەوەی کوردیە و ئێمە بەلانیکەم لەگەڵ لایەک تەرەف دەبین و کۆمەڵەکانیش ناچارن و غەیری ئەمە رێگەی تریان نییە و دەبێت نزیک ببنەوە، جا ئەم نزیک بوونەوە شتێکی هاوبەش پێک دێنن یان ئاخری یەک دەگرنەوە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هیچ گرفتێکی نییە بۆ یەکگرتنەوە، بانگەوازی یەکگرتنەوەی کردووە و کۆمەڵەی شۆڕشگێریی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش دەڵێت پێمان باشە و خەریکین چاوبڕچێنە دەکەین و دەبێ هەوڵ بدەین ئەو چاو بڕچێنە ببێت بە یەکگرتنەوە و بە دڵنییایی هەیە و ئێمە هەر خوازیاری ئەوە بووین و وڵاممان کەم بووە و ئێستا کە وڵاممان هەیە با بچین بۆ پرۆسەی عەمەڵێکەی و هیوادارین وا بکەین. کۆمەڵەی زەحمەتکێشان من لە چەندین بوارەوەش قسەم کردووە، کۆمەڵە یەک ناگرێ چی دەکات؟ و ئەوەی بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوەش پێوەندی بێت هەموولایەنی کۆمەڵە پێی خۆشە یەکبگرێتەوە و گرفتەکانی چییە فەرموو با قسەی لێبکەین و دیالۆگی دەوێت و وەک کارەکەی ناوەند بوێری و توانایی دەوێت و خۆی ناوەندیش بەرەو پێش چوون دەبات، چۆن کۆمەڵەی لەت و دێمۆکراتی لەت ناوەند ببەن بۆ پێش و ئەوە بە قازانجی ئێمەیە.