دۆخی ژنانی کرێکار و پێویستیان بە ڕێخراوەیی بوون

✍پەری.م _سنە

تا دێت ڕەوشی کار و ژیانی ژنان و پیاوانی کرێکار لە کۆماری ئیسلامی ئێران دژوارتر دەبێت، بەڵام دۆخی کارکردنی ژنانی کرێکار بەهۆی نایەکسانیی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی چینایەتی بە چەن قات خراپترە. ژنانی کرێکار کەمتر لە کرێکارانی پیاو مووچەیان پێدەدرێت و لە هەڵبژاردنی کاردا ڕێگر و بەربەستیان لەبەردەمدایە و ڕێگەیان پێنادرێ بەدڵی خۆیان کار هەڵبژێرن و ڕێژەی بێکاری لەنێویاندا زیاترە و ئەمنییەتی کاریان کەمترە.

بە پێی توێژینەوەیەکی ئەم دواییانە لەسەر دۆخی ژنانی کرێکار لە ئێران، ڕێژەیەکی زۆر کەم لەو ژنانە لە کارگە گەورەکانی بەرهەمهێنان دامەزرێن. هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی کرێکارانی ژن لە بنکە پیشەسازییە گەورەکاندا ئەوەیە کە ئەم بەشە لەژنانی کرێکار بە ئاسانی دەردەکرێن، چونکە پێویستیان بە مۆڵەتەکانی چاودێری دایکایەتی و چاودێری ڕۆژ هەیە و خاوەنکار دەبێت خەرجی زیاتریان بۆ دابین بکات یان لەهەندێک حاڵەتدا ناتوانن لەپەیوەندی بە کاری زیاتر لەوە پلانی بۆ داڕێژراوە (ئیزافەکاری) پێداویستیی خاوەنکار دابین بکەن. بەشی دیکەی ژنانی کرێکار هەن کە لە کارگەی بچووکی بەرهەمهێناندا کار دەکەن و بەو هۆیەی کە ئەم ناوەندە بچووکانە یاسای کار نایانگرێتەوە، ئەو ژنانەی لەو شوێنانەدا کار دەکەن کەمترین ئاسانکاری مۆڵەت و خانەنشینی و بیمەیان هەیە، مووچەیان کەمترە لە کرێکارەکانی کارگە گەورەکان، تەنانەت ناوێرن ناڕەزایەتی دەربڕن و خۆپیشاندان بکەن و بە ئاسانی لە کار دەردەکرێن و بێکار دەبن بە هەر بڕو و بەهایەک بێت.

بەشی سێیەم ژنانی کرێکارن کە لە پیشەسازی ناوخۆدا کار دەکەن ئەم ژنانە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە، حەقدەسی کەمیان پێ دەدرێت و ساعەتی کاریان زۆر دوورودرێژە و هیچ یاسایەک پارێزگارییان لێ ناکات و بە کردەوە کۆیلەی نێوخۆیی خاوەنکارن. جگە لەوەش ئەو ژنانەن کە لە کۆمپانیاکانی بەڵێندەری و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کۆمپانیای پاککردنەوە کار دەکەن ئەمە جگە لە کارگەکەی خۆیان کە یەکێکە لە ئەرکەکانیان، پێویستە ئەو ژنانە باقی کاتەکانیان بە کەمترین مووچە و نەبوونی هیچ یاسایەکی پاراستنەوە بە کاری ڕاماڵینی خانووەکان بەسەر ببەن بۆیە ژنانی کرێکار تەنیا وەک ژن لە کۆمەڵگادا جیاکاری چینایەتی و ڕەگەزی و کۆمەڵایەتیان بەرامبەر ناکرێت، بەڵکو لە شوێنی کاردا وەک ژن جیاکارییان لەگەڵ دەکرێت و لە بارودۆخێکی وادان کە لە کۆتاییدا لە پیاوان جیاوازە .

لە سیستەمی سەرمایەداریدا ژنانی کرێکار لە چاو پیاوانی کرێکار زیاتر دەچەوسێنەوە. بە هەرزانترین بەشی هێزی کار لەبازاڕی کاردا نیشان دەدرێن، لەقەیرانەکان دا یەکەم قوربانین کە بەر پلانی بێکاری دەکەون، زۆربەی کارە خزمەتگوزاریەکان، کاری نادیاریکراو، بەشەکات و گرێبەستی کاتییان بەر ژنان دەکەوێ. لە یەکێتی و سەندیکاکانی نێرسێنتریک دا، داواکانیان پشتگوێ دەخرێت یان بێبایەخ دەکرێت و ڕێژەی بەشداریکردنیان بە بەراورد لەگەڵ پیاوانی کرێکار زۆر کەمە.

ژنان بە گشتی لە حکوومەتە کۆنەپەرست و دینییەکەی کۆماری ئیسلامیدا مافیان پێشێل کراوە و هەرچەند نیوەی دانیشتوان پێک دێنن، لە هەموو مافە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان بێبەشن. بەهۆی باری چینایەتیانەوە ژنانی کرێکار لە یەکەم قوربانی قەیرانی سەرمایەدارین کە لە ئەنجامی پیادەکردنی سیاسەتی ئابوریی نیولیبراڵەوە دروست دەبێت. بەهۆی نائەمنی کار و گوشاری ئابووریەوە لە زۆر حاڵەتدا ناچاردەبن داواکاریە نائینسانییەکانی خاوەنکار جێبەجێ بکەن وەک کرێی کەمتر، گرێبەستی کاری کاتی یان گرێبەستی سپی، پێکنەهێنانی ژیانی هاوبەش و نەبوونی منداڵ  و هتد.

دۆخی ئابووریی کارەساتبار لە ئێران، هەژاری و گرانیی لەڕادەبەدەر، ژیان و بوونی ملیۆنان کرێکار و ڕەنجدەری خستووەتە مەترسییەوە. بەڵام لەم نێودا بارودۆخی ژنانی کرێکار کە زۆر جار سەرۆکی بنەماڵەن لەم قەیرانەی ئێستادا بە هۆی ئەو گرفتە ئابوریانە زۆر نالەبارترە. لە ئەنجامی ئەم قەیرانانەدا و ڕێژەی باڵای لەکار لادانەدایە کە ناچارن بۆ کارگەی بچووک کاربکەن کە تەنانەت یاسای ناتەواو و نائینسانیی کاری حکوومەتی ئێران نایانگرێتەوە، یان بچنە ناو بازاڕی کاری نافەرمی و کاری کازیبەوە بە دوور لە هەموو یاسایەک و بە ساحەتی کاری زۆر و حەقدەستی زۆر کەم ڕازی بن و ناچار بن مل بە هەموو مەرجە نائینسانییەکانی کار بدەن.

لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی هەمان ڕوانگەی دواکەوتووانەی پیاوسالاری بەرانبەر ژنان، بەشێک لە پیاوانی کار ژنان بە ڕکابەری کارەکانیان دێتە بەر چاو، یان بە پلە دوو و بە کەم تەرفیهی خۆیانی دەدەن، کە ئەم ڕوانگە دواکەوتووو کۆنەپەرست و نەریتییە ڕێک درێژەی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە ژنان کە هەوڵ دەدات بە شێوازی جۆراوجۆر و لە ژێر یاسای جیاوازی کۆنەپەرستی دا ژنان بەرەو سووچی ماڵەکان پاڵپێوەبنێ. بەڵام ئەوەی کە دڵنیایە ئەوەیە کە ژنان و پیاوانی کرێکار بەرژەوەندی چینایەتییان وەک یەک هەیە و بەشێکن لە هەمان چین و پێویستە پێکەوە و یەکگرتووانە لە بەرەنگاربوونەوەی کێشە و گرفتەکانی ئێستادا تێبکۆشن. ژنانی کرێکار دەتوانن زاڵ بن بەسەر ئەم دەسدرێژیانەدا کاتێک کە پشتیوانیی هاوپیشە و هاوچینەکانی خۆیان هەبێت .

ڕێژەی بێکاری بۆ ژنان دوو تا سێ بەرامبەر زیاترە لە پیاوان، هەروەها ژنان لە زۆر شوێنی کاردا وەک کارگەی ڕستن و کوورەخانەکان دا، هەندێک جار دوو لەسەر سێ یان نیوەی کەمترین مووچە وەردەگرن کە ئەنجومەنی باڵای کار پەسەندی کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کار و بێکاری زۆرەوە سکاڵا دژی خاوەنکارەکان تۆمار ناکەن.

ئەو هەژاری و بێکاریەی کە چینی کرێکار تووشی بووە، زۆرترین زیانی بە ژنانی کرێکار گەیاندووە. ژنانی کرێکار تا ئێستا لە ڕووی مووچە و قازانجی کارەوە لە پیاوان دوورن و لە باشترین باردا سەرەڕای کاری یەکسان و ڕێژەی یەکسان بۆ چەوسانەوە بۆ پیاوان، مووچەکەیان 60 ٪ ی مووچەی پیاوانە. جگە لە جیاوازی کرێ، ژنان لە شوێنی کاردا رووبەرووی چەندین جۆر توندوتیژی و نایەکسانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سێکسی و هتد دەبنەوە.

ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو شەپۆلی بێکارییە کە ڕێژەی زۆر لە ژنان بێکارن ئامارە فەرمییەکان دامەزراندنی ژنانیان لە نزیکەی 15٪ مەزەندە کردووە کە بە دڵنیاییەوە ئاماری ڕاستەقینە لەوەش زیاترە. لەو قەیرانی بێکاری و هەژارییەدا خاوەنکارەکان بۆ ئەوەی قزانجی زیاتریان دەسکەوێ هەندێک جار ژنانی کرێکار دادەمەزرێنن و حەقدەستی کەمتریان پێدەدەن. بەڵام سەرە\رای ئەوەش ژمارەی کرێکارانی ژن کەمی کردووە و ژنان ناچارن ڕوو لە کاری کازبی وەک دەسفرۆشی بکەن. لە هەندێک حاڵەتدا بەهۆی نەبوونی پشتیوانی مادییەوە ناچار دەبن سواڵکەری کەن  یان فرۆشتنی جەستەی خۆیان و لەم بوارەدا چەندین جۆر هێرش و توندوتیژی جۆراوجۆریان بەرامبەر دەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی ئەمڕۆ، لە سەدا 76ی ئەو ژنانی ئەرکی بەڕێوەبردنی خانەوادەیان لەسەر شانە و هەموو ئابوورییە خانەوادەکان بەڕێوەدەبەن، لە ژێر هێڵی هەژاریدان و کێشەی ئابووریش گەورەترین پرسە کە ئەو ژنانە ڕۆژانە لەگەڵی بەرەوڕوون. لەکاتێکدا ژنانی کرێکار بەهۆی بەرنامەکانی وەک تایبەتکردن و نەهێشتنی کۆمەکەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە و ئەمنییەتی کاریان پێشێل کراوە، بەڵام لە ئەنجامی سیاسەتی جێندەریی، دەرفەتی یەکسان و هاوشێوە لە کۆمەڵگادا بۆ ژنان نییە و ئەوە دەبێتە هۆی چەوسانەوە و بێمافیی زیاتریان. خەباتی ژنانی کرێکار بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و بەدەستهێنانی خواست و داواکانی دیکەی کرێکاران، تەنیا ئەرکی ژنانی کرێکار نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو چینی کرێکارە و خەباتێکی جدی و ڕۆژانە دەخوازێ.