یەکسانیخوازی و سوسیالیسم

✍ئەسعەد دوروودی

 

داهاتوو هی سوسیالیزمە، ئەمە دەبێ دروشمی ژنان بێ، لەبەر ئەوەی ژنان بەرلەوەی کۆیلەداری دابمەزرێ کۆیلە بوون و فئودالیزم و سەرمایەداریش هەر ئەو کۆیلەبوونەیانی هێشتووەتەوە و تەنها لەبەر پێویستییەکانی خۆیان و، لە ئاکامی خەباتی بەرینی ئینسانە یەکسانیخوازەکاندا، ئاستێک لە ئازادی و مافیان بۆ ژنان ڕێگە پێداوە. سیستمێکی ئابووری و سیاسیی سوسیالیستی کە کولتوورێکی نوێ لەگەڵ خۆی بۆ کۆمەڵگا بەرهەم دێنێ، بەستێن و دۆخ بۆ کار و هەوڵ بۆ نەهێشتنی ڕوانگەی پیاوسالارانە ئامادەدەکا و ئیمکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەداتە ژنان کە کۆت و زنجیرەکانیان بپسێنن. هەر بۆیە یەکسانیخوازی لە نێو بەشی ئاگا و خەباتکاری چینی کرێکار و چەوساوەی کۆمەڵگا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. زیاتر لە سەد ساڵە ژنانی کرێکار هەوڵیان بۆ ڕزگاریی خۆیان لە بێمافی و چەوساوەیی لە ڕێگەی بزووتنەوە سوسیالیستییەکانەوە داوە.

یەکسانیخوازی لەو بڕوایەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئێمە لە جیهانێکی پیاو سالاردا دەژین کە تێدا ژنان بە شێوەی سیستماتیک دەچەوسێنەوە و لە چاو پیاوان لە ئاستێکی نزمتردان. کۆمەڵگایەک کە تێدا شتە پیاوانەکان دەستی باڵایان هەیە و شتە ژنانەکان بە کەم دەنرخێندرێن. بە شێوەی گشتی شێوازێک لە دابەشکرانی دەسەڵات لە سەر بنەمای جنسییەت لە جیهاندا هەیە کە تێدا ژنان هەر لە منداڵییەوە دەرفەتی کەمتریان بۆ خۆپێگەیاندن و پێشکەوتن لە بازاڕی کار و دنیای سیاسەت و مەیدانەکانی دیکەی چالاکیی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا هەیە.

یەکسانیخوازان لەسەر ئەوە ساغن کە ئەوە ڕاستیی دنیای ئەمڕۆ و ڕابردوویە و لەسەر ئەوەش ساغن کە ئەوە ناڕەوا و ناحەقە و پیاوسالاری دەبێ ڕێشەکێش بکرێ و کۆمەڵگایەکی یەکسان دابمەزرێ و ژنان لە ستەمی جنسییەتی و مافخوارن ڕزگاریان بێ.

کەواتە دەبێ بیرێک لە ڕێگەی گەیشتن بەو یەکسانییە و ڕزگاری لە کۆمەڵگای پیاوسالار بدۆزرێتەوە. لێرەدایە کە باسەکە بە ڕوانینی چەپ و سوسیالیستییەوە گرێدەدرێت. بنەمای بۆچوونی سوسیالیستی لەسەر ئەوە دامەزراوە کە ئێمە لە سیستەمێکی ئابووریی کاپیتالیستیدا دەژین کە کۆمەڵگایەکی چینایەتی بەرهەم دێنێ و دەیپارێزێ. لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیدا تاکەکانی کۆمەڵگا دەرفەت و ئیمکانی یەکسانیان بۆ ژیانێکی باش و شێاو نییە. دابەشبوونی نایەکسانی سامان لە سیستەمی سەرمایەداریدا ناڕەوایە و بۆ ئەوەی لەناوبچێ دەبی خاوەنداریەتی دێمۆکراتیزە بکرێتەوە و ڕێگەی ئەو کارەش خاوەنداریەتیی گشتیی سامانە. دابەشکرانی یەکسانی سەروەت و سامان بەو شێوەیە وا دەکا کە چیدیکە گرینگ نەبێ تۆ لە کوێ و لە چ بنەماڵەیەکدا لەدایک دەبی و هەمووان خاوەنی دەرفەتی یەکسان بۆ پشکوتن و پێشکەوتن و ژیانێکی باشن.

کەواتە هەوڵ بۆ سوسیالیزم و هەوڵ بۆ یەکسانی هاوشان و هاوتەریبن و تەواوکەری یەکدین. هەژاری و دابەشکرانی نایەکسانی سەروەت لە کۆمەڵگادا کار و ژیان و چالاکیی ژنان بەرتەسک دەکاتەوە و ڕێگە لە بەرەوپێشچوونیان دەگرێ و نایەڵێ کات و ئیمکانی پێویست بۆ فێربوون و بەرەوپێشچوون و چالاکی تەرخان کەن.

لەو شوێنەی کە عەداڵەتی ئابووری لە ئاستێکی بەرزدا بێ، ئامراز و پشتیوانی بۆ ئینسانی یەکسانیخواز زیاترە و دەرفەت بۆ ڕۆشتن بەرەو ڕزگاریی یەکجاری ژنان لە زوڵم و ستەمی جینسییەتی تا ڕادەیەکی زۆر زیاد دەکا.

کاتێک باسی هەڵاواردن دەکەین لە ڕاستیدا باسی دەرفەتی جیاواز بۆ ژیان دەکەین، لە ئابوورییەکی کاپیتالیستیدا داهات و ئاستی ژیان و هەر بەو پێیەش دەرفەت و شانسی پێشکەوتن و خۆشبژیوی بۆ ژنان کەمترە بۆیە ڕوانینی سۆسیالیستی هەم یەکسانیخوازانەیە و هەم بە گشتی دژی هەڵاواردنە.

کاپیتالیزم ئەمڕۆ پیاوسالارانەیە بەڵام دەبێ بیرمان بێ پیاوسالاری و هەڵاواردن بە بێ بوونی کاپیتالیزمیش دەتوانن هەبن. کۆمەڵگای چینایەتی جنسییەتییە و تێدا پیاوان خاوەندار و بڕیاردەری سیاسی و ئابوورین بۆیە هەوڵە یەکسانیخوازانەکان لە ناوەرۆکدا سوسیالیستین و کارە سۆسیالیستییەکان یارمەتیدەری چارەسەرکرانی گرفتەکانی کۆمەڵگا نایەکسان بۆ ژنانن. بۆیە بۆ ژنان زیاتر لە پیاوانی کۆمەڵگا گرینگە کە سیستەمێکی ئابووریی هێندە یەکسان و عادڵانە دابمەزرێ کە تا ئەو پەڕی خۆی ئازادی و ڕزگاری و عەداڵەتی تێدابێ و لەو ڕێگەیەوە بەستێن بۆ یەکسانی مافەکانی ئینسانەکان بە بێ لەبەرچاو گرتنی جنسییەت و مەیلی جینسی ئامادە بکا. بۆیە ژنان دەبێ بە تێکڕا بڵێن بژی سوسیالیزم، بژی یەکسانی.