كارتۆن خەوی لە وەرزی سەرما، لە ژێر سێبەری ڕەشی رژیمی ئیسلامی
سامان-سنە
بەهاتنی وەرزی سەرما، كارتۆن خەوی و بێ ماڵ و حاڵی، تاڵتر لە وەرزەكانی دیكە و بە ئازارتر لەساڵانی رابردوو سیمای ناشیرینی خۆی لە پاركەكان، شەقامەكان و مەیدانەكان دەنوێنێ. سەید حەسەنی موسەوی، سەرۆكی ئەنجومەنی یاریدەدەری كۆمەڵایەتی ئێران بە جەختكردنەوە لەسەر زۆربوونی كەسانی بێ ماڵو حاڵو كارتۆن خەوەكان لە زۆربەی شارەكان دەڵێت “سەرەڕای نەبوونی ئاماری فەرمیی لەمبارەیەوە، سیمای شارەكان بۆخۆی نیشاندەری ئەو راستییەیە كە ئەم كەسانە لەحاڵی زیادبووندان. كورش محەمەدی، سەرۆكی ئەنجومەنی خەسارناسی كۆمەڵایەتی ئێرانیش لە لێدوانێكدا دەڵێت “بە لەبەرچاوگرتنی كۆرۆناو هەژاریی لە رادەبەدەر، ژمارەی كارتۆن خەوەكانو بێ خانەو لانەكان لەشارەكان روو لەزیاد بوون دەكاتو نیگەرانین لەوەی ئەم زستانە قوربانیشی لێبكەوێتەوە”. سەرۆكی ئەنجومەنی مەدەدكاریی كۆمەڵایەتی ئێران لەمبارەوە دەڵێت “خۆكوژییەكانو لەشفرۆشی بەهۆی هەژارییو، ئەو منداڵانەی خوێندنیان بەجێهێشتوەو ناچاربوون بارودۆخی سەختی مانەوە لەسەر شەقام تەحەمول بكەن لە حاڵی زۆربووندایە”.
پەرەسەندنی كارتۆن خەویو بێ ماڵوحاڵی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ساڵ لەدوای ساڵ هەژێنەرتر دەبێت. ئەوەی ئەمساڵ لەم بارەوە زۆرتر بەرچاوە، ژمارەی خانەوادەكانو ژنانومنداڵانی بێ ماڵو حاڵو كارتۆن خەوە. ئەگەر ساڵانی رابردوو ژنانو كچانی كارتۆن خەو، بۆ پاراستنی خۆیان ناچاربوون جلوبەرگی كوڕانە لەبەر بەكەن، بەڵام لەمرۆدا هەڵكشانی ژمارەی ژنانی كارتۆن خەو و دابەزینی تەمەنیان، بە رادەیەكە كە ئەوان چیتر پێویستیان بەوە نیە تا ژن بوونی خۆیان بشارنەوە. سەرۆكی ئەنجومەنی خەسارناسی كۆمەڵایەتی ئێران دەڵێت ” لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ئاماری ئەو کەسانەی چوونەتە گەرمخانەكانی شارەداریی تاران 27 هەزارو101 كەس بووە، لەكاتێكدا لە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو ئەم ژمارەیە 22 هەزارو 715 كەس بووە”. ئەمە روخسارو سیمای وڵاتێكە كە لەسەر دەریایەك لە سامانی سروشتییە. لەوڵاتێكە كە تێدا ملیۆنان ئینسانی كرێكار، رۆژانە سامان و نێعمەت بەرهەم دێنن و خۆیان لە بەرهەمی كارەكانیان بێ بەرین.
تەنیا كارێك كە كۆماری ئیسلامی لەمبارەوە ئەنجامی داوە، دروستكردنی ژمارەیەك گەرمخانە بۆ پیاوان و، بەم دواییانەش گەرمخانەیەكە بۆ ژنان كە لەتاران دروستكراوە. بەرپرسانی رژیم دان بەوەدا دەنێن كە “خەڵك روانینێكی باشیان بۆ گەرمخانەكان نیە و قبوڵی ناكەن سەردانی ئەو شوێنە بكەن”. راستیەكەی ئەوەی كە خەڵكی بێ سەرپەنا بەهۆی هەڵسوكەوتی نامرۆڤانەوە، متمانەیان بەو گەرمخانانە نیە. بێ ئیمكاناتی ئەم گەرمخانانە و هەڵسوكەوتی نەشیاو و بە سووك سەیركردنی خەڵکی بێدەرەتان لەلایەن بەرپرسانی رژیم، وای لە كارتۆن خەوەكان كردوە كە مانەوەیان لە پاركو شوێنە گشتییەكان پێ باشتر بێت تا ئەوەی سەردانی ئەو جۆرە گەرمخانانە بكەن.
لە رژیمی كۆماری ئیسلامیدا و لە ژێر سێبەری دیكتاتۆری مەزهەبیدا، مرۆڤەكان بە بێڕحمانەترین شێواز دەچەوسێنرێنەوە، دزی و تاڵان و گەندەڵی دارایی و ئیداریی هیچ سنوورێكی نییە، بۆچی دەبێت لە وڵاتێكدا كە زەریایەك لە سامانی سروشتی تێدایە ملیۆنان ئینسان بێ سەرپەناو بێ خانەو لانە بن؟ هۆکەی تەنها ئەوەیە هەموو ئەو سامانە لە دەستی ژمارەیەك تاڵانچی و ئینسانكوژ قۆرخ كراوە. بە دابینكردنی ژمارەیەكی زۆر بچوك لەو خەرج و تێچووە زەبەلاحانەی بۆ پرۆژەی ئەتۆمی و مووشەكی و دەستوەردان لە قەیرانە ناوچەییەكان و پەرەپێدانی خورافە و راگرتنی دامودەزگای پانوبەرینی سەربازی و سەركوتی خەڵكی ناڕازیی، دەكرێت بۆ هەمیشە كۆتایی بە دیاردەی كارتۆن خەویو بێ سەرپەنایی بهێنرێت.
كارتۆن خەویو بێ سەرپەنایی، چارەنوسی ئەم خەڵكە نییە. ژیان لەژێر سەقفێك و بوونی خزمەتگوزاری و ئەمنیەت مافی سەرەتایی و حاشاهەڵنەگری هەموو مرۆڤێكە و ئەركی سەرشانی حكومەتەكانە كە دەبێت وەڵامدەرەوە بن.