سوپای پاسداران،بیت کۆین و دەور لێدانەوەی گەمارۆکان

✍کاوان موکری

ڕۆژی سێ شەممە ۲۳ بەفرانبار  لە یەکێک لە گەورەترین بڕانی کارەبا لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆربەی شارە گرینگەکانی ۱۰ پارێزگای گەورەی ئێران کارەبایان لێبڕا.  لە سەرەتادا دەوڵەت بە ڕاگەیەندراوێک نەبوونی گازی سرووشتی بۆ وزەخانەکانی بە هۆکاری بڕینی کارەبا باس کرد و داوای لە هەموو هاووڵاتیان کرد کە بە کەم کردنەوەی بە کارهێنانی کارەبا و گاز پێش بە بڕینی دووبارەی کارەبا لە شارەکانی ئێران بگرن.

لە سەرەتادا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەواڵی ڕۆڵی ماینێرەکانی بیت کۆین لە بڕانی کارەبا بڵاو بووەوە و دواتریش ددانپێدانانی کاربەدەستانی حکوومەت و تجارت نیوز لە لە بوونی مەزرای دەرهێنانی بیت کۆین لە نیزیک ڕەفسەنجان هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

ئەو ڕاپۆرتانە تەنیا وڵاتی چینی بە خاوەن فارم گەلی دەرهێنانی بیت کۆین لە وڵاتی ئێران نێو دەبرد و باسی لە خاوەنی ڕاستی زۆرینەی فارمەکانی نێو وڵاتی ئێران واتە «سوپای پاسداران» نەدەکرد. بەڵام هۆکاری هاناهێنانی زۆرتری سوپای پاسداران بۆ بیت کۆین لەم  ساڵانەی دواییدا چییە؟

لە ڕۆژی ۱۸ بانەمەڕی ساڵی ۹۷ هەتاوی دۆناڵد تڕامپ بە فەرمی لە ڕێکەوتننامەی نێوان ئێران و وڵاتانی زڵهێزی جیهان(بەرجام)چووە دەرێ. هەروەها لە ڕۆژی ۲ ڕەشەمەی ساڵی ۹۸ هەتاوی ئێران دوای دەرفەتی ۱۸ مانگە دیسان نێوی لە لایەن FATF خراوە نێو لیستی ڕەشی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە.

ئەو دوو مەسەلە بوون بە هۆی پچڕانی پەیوەندی بانک گەلی ئێران لەگەڵ بانکەکانی جیهانی. لە دوای ئەو پچڕانی پەیوەندیە، ئێران بە تایبەت سوپای پاسداران بۆ کڕینی پێداویستی و هەناردە کردنی پارە بۆ گرووپە تێرۆریستیەکان و چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەدا، بە سەختی تووشی گرفت و کێشە بوو.

بە تایبەت لە دوای چوونە نێوی ئێران بۆ نێو لیستی ڕەشی FATF، سوپای پاسداران هەوڵی دا زۆرتری ئاڵووگۆرە ئابووریەکانی لە ڕێگەی بیت کۆینەوە بەڕێوە بەرێ بەڵام قانوونی و ئاسایی کردنی دامەزرانی فارمگەلی بیت کۆین پێویستی بە دەستووری دەوڵەت هەبوو. بۆ ئەو مەسەلە، ناسری هیممەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە گەلاوێژی ساڵی ۹۸ هەتاوی ڕایگەیاند کە شێوەی دەرهێنان و ئیستخڕاجی بیت کۆین لە دەوڵەتدا پەسەند کراوە. لە دوای پەسەند کرانی ئەو قانوونە سوپای پاسداران بە ۴ شێوە توانی لە ڕێگای بیت کۆینەوە داهاتی ئابووری خۆی زۆرتر بکات:

۱- هەر وەک پێشتر، سوپای پاسداران بە کڕین و فرۆشتنی بیت کۆین لە سەر سایت گەلی دەرەوە و نێو وڵات  وەک سایتی خاریجی باینەنس و سایتی نێوەخۆی نۆبیتکس، توانیویەتی داهاتێکی زۆری ئابووری بە دەست بهێنێت.

۲- لە پاش قانوونی و فەرمی کردنی دەرهێنانی بیت کۆین سوپای پاسداران بۆتە یەکێک لە گەورەترین هاوردە کارانی دەزگای ماینینگ(ASIC) لە وڵاتی چینەوە بۆ نێو ئێران. بەپێی زانیاریهایەک کە لە کڕیارانی دەزگاکان و ئەو کەسانەی خەریکی دامەزراندنی مەزرای بیت کۆین بوون کراوە  نرخی ئەو دەزگایانە لە ۴ ملیۆن هەتا ۲۰۰ میلیۆنە کە داهاتی زۆری سوپا لە فرۆشی ئەو دەزگایانە نیشان دەدات.

۳- هەر بە پێی ئەو پرسیارانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە ڕاسپاردنی سوپای پاسداران، تەنانەت لە پێش هاوردەکردنی دەزگای ماینینگ لە لایەن سوپاشەوە، زۆرترین دەزگاکان لە لایەن پاسدارەکان بۆ دامەزراندن لە ماڵو مڵکی خۆیاندا کڕدراون. ئەو کاتانەی کە دەوڵەت و دەزگا ئەمنیەکان ماینێری خەڵکی مەدەنیان دەگرت، پاسدارەکان بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی سپا خەریکی دەرهێنانی بیت کۆین بوون.

۴- لە زۆرینەی شارەکان و تەنانەت دێهاتەکانیش فارم گەلی دەرهێنانی بیت کۆین سەر بە سوپا دامەزرێندراون هەتاکوو بەو کارە بتوانن داهاتی ئابووری سوپای پاسداران زۆرتر بکەن. ئەو فارمگەلە بە ئیزن نامەی فەرمی دەوڵەت لە شەهرەکە سەنعەتیەکان دامەزراون کە بۆ نموونە دەتوانین بە دوو فارمی شەهرەک سەنعەتی بۆکان وەک هەموو شارەکانی دیکە، ئاماژە بکەین.

شێوەی هەناردە کردن و سەودا کردن بە بیت کۆین بە بێ لێکۆڵینەوە و وەدوا کەوتن لە لایەن بانکە جیهانیەکانەوە بۆتە هۆی خۆشەویستی زۆری ئەو پارە دیجیتاڵیە لە لایەن حکوومەتە دیکتاتۆریەکانی جیهان وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، چین و ونێزۆئێلا. زۆرتر بوونی ڕۆژ بە ڕۆژی ئەو مەزرا و فارمگەلەش لە لایەن سوپای پاسداران یان بە پشتیوانی ئەو هێزە تێرۆریستیە، گرفت و کێشەیێکی زۆر وەک بڕانی کارەبا بۆ خەڵکی ئێران و زۆرتر بوون و بەهێزتر بوونی چەکداران و تێرۆریستان، بۆ خەڵکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساز دەکات.