فه‌ریبا محه‌ممه‌دی: جورج تاون وەک پەڵەیەکی رەش دەمێنێتەوە کە گورزی کوشندەی دا لە شۆرشی ژینا و پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەش

  • دەقی وتووێژی هاوڕێ فەریبا محەممەدی جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە گەڵ قەندیل پرێس

فه‌ریبا محه‌ممه‌دی: جورج تاون وەک پەڵەیەکی رەش دەمێنێتەوە کە گورزی کوشندەی دا لە شۆرشی ژینا و پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە

🔻 فه‌ریبا محه‌ممه‌دی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ده‌ڵێت: “ئەوەی لە شۆرشی ژینا زیاتر خۆی نیشاندا پێداگری لە سەر شوناسی نەتەوەیی بە روانگەیەکی ئەمرۆیی و گەشە کردنی ئاستی وشیاری کۆمەڵگە بۆ پرسە جۆراوجۆرەکان بوو. هەر لە کاتی ناشتنی تەرمی ژینا لە گۆرستانی ئایچی خەڵک هاواری کرد “هەتا کورد دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی ئەبێ” نەوەی نوێ خاوەن ئێرادەیە و لەو روانین و پەروەردەی خۆبەکەم زانینە تێپەڕیوەو بە بێ هیچ شەرم و دوو دڵییەک باسی مافە رەواکانی ئەکا.”

🔷 قه‌ندیل پرێس: سڵاو و ڕێز بەڕێز فەریبا، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل‌پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، ئایا پێوەندیەک لە نێوان کۆمەڵە و ژنان و درووس بوونی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەبینن؟

🔻 فه‌ریبا محه‌ممه‌دی: سپاس و پێزانین بۆ ئێوە بەرێوەبەرانی قەندیل پرێس.
سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا و رۆڵی ژنان و دروشمی “ژن ژیان ئازادی” زۆر نزیک بوو لەو مێژووەی کە کۆمەڵە بە بۆنەی پرسی یەکسانیەوە لە کۆمەڵگە هەیەتی. ئەوە یەک واقعیەتە کە کۆمەڵە یەکەم حزب بووە لە کوردستان ژنانی هێنایە نێو ریزی خەبات و باسی یەکسانی ژن و پیاوی کرد. بە گشتی ئەتوانین بڵێین شۆرشی ژینا و دروشمەکانی لە کۆنسێپتی چەپ دەگونجێ و هیچ جۆرە ناکۆکییەک یان جیاوازیەک لە شۆرشی ژینا و روانگەی کۆمەڵە نەبوو و هەر ئەمەش وایکرد کە کۆمەڵەیەکان زیاتر خۆیانی تێیدا ببینەوە.

🔷 قه‌ندیل پرێس: لە دووهەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکی بزووتنەوی ژن ژیان ئازادی‌داین، هەر یەک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جیا بەیاننامەیان بۆ ئەم ڕۆژەو پاڵپشتی کردن لە مانگرتنی ڕۆژی 25ی خەرمانان بڵاو کردەوە، بە ڕای بەڕێزتان یەک نەبوونی ئەم بەیاننامانە چ پەیامێک بۆ کۆمەڵگای ناوخۆی ڕۆژهەڵات دەنێرێت؟

🔻 فه‌ریبا محه‌ممه‌دی: بەداخەوە نایەکگرتوویی حزبەکان برینێکی قووڵە بە جەستەی بزوتنەوەی کوردستانەوە. سەرەرای ئەوەی کە ئێستا لە هەر کات زیاتر پێویستە هەم لە بەر بزوتنەوەکە و هەم دۆخی خۆیان یەکگرتوو و یەکدەنگ بن کە چی هێشتا پرژ و بڵاون و هەر کەس بە شوێن بەرژەوەندی و چالاکی خۆیە.
لە دووهەمین ساڵرۆژی ژیناش هەرچەن ئێمە یەک لەو لایەنگەلە بووین کە داوامان کرد پێکەوە راگەیاندن بدەین و هیچ مەرجێکیشمان نەبوو بەڵام سەری نەگرت و دوایی هەر کامەیان دوا بە دوای یەک راگەیاندنیان دا و داوای مانگرتنی گشتیان کرد.
ئەمە لە ساڵرۆژی شۆرشی ژینا کە بەهێزترین و بەرینترین ئاخێز لە ٤٥ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بووە و قوربانی زۆری لێکەوتەوە پەیامێکی تاڵە کە نایەکگرتوویی ئێمە وەک حزبەکان بۆ خەڵک و کاریگەری نێگەتیڤیشی هەیە. خەڵک سەلماندوویە کە هەر کات ئێمە یەکگرتوو بین باشتر و بەهێزتر بە دەنگمانەوە دێن.
هێزی حزبەکان خەڵکە، کە وابێ ئەبێ رێز لە ویست و ئێرادەیان بگرین. نابێ ئێمە نایەکگرتوو بین و داوای کۆدەنگی لەوان بکەین کۆمیدیەکی تاڵە.
بەڵام بە خۆشحاڵیەوە خەڵک بە تایبەت لە شۆرشی ژینا زۆر یەکگرتوو و هاوئاهەنگ بوون و نەوەی نوێ رێبەرایەتی ئەم شۆرشەی کرد کە روانینیان زۆر جیاوازترە و قۆناغێکی تازەیان لە بزوتنەوەی کوردستان پێکهێناوە.

🔷 قه‌ندیل پرێس: یەکێک لە کێشەکان کە لە بزووتنەوی ژینا خۆی نیشان‌دا، پێوەندی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ ئۆپۆزیسیونی ناوەندگەرای ئێرانی بوو، بۆ نموونە دانیشتنی جۆرج تاون بوە هۆی لێکترازان لە ناوەندی هاوکاری و هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ڕەوتی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو، بە ڕای بەڕێزتان ئایا پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵ بدەن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیونی ناوەندگەرای ئێرانی؟ ئایا نەتەوەی کورد پێویستی بە دانپێنانی ئەوان هەیە بە مافە ڕەواکانی خۆی؟

🔻 فه‌ریبا محه‌ممه‌دی: جورج تاون وەک پەڵەیەکی رەش دەمێنێتەوە کە گورزی کوشندەی دا لە شۆرشی ژینا و پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەش. ئەوەیکە لایەنێک بەردەوام هەوڵ بدات خۆی لە گەڵ تاک و ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا رێکبخات و خواست و داواکاری نەتەوەکەی پشت گوێ بخا و تەنیا هەڵوەدای بەرژەوەندی خۆی بێ ناتوانێ لەم قۆناغە تازەی بزاڤی کوردستان جێی بێتەوە.
ئەوەی لە شۆرشی ژینا زیاتر خۆی نیشاندا پێداگری لە سەر شوناسی نەتەوەیی بە روانگەیەکی ئەمرۆیی و گەشە کردنی ئاستی وشیاری کۆمەڵگە بۆ پرسە جۆراوجۆرەکان بوو. هەر لە کاتی ناشتنی تەرمی ژینا لە گۆرستانی ئایچی خەڵک هاواری کرد “هەتا کورد دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی ئەبێ” نەوەی نوێ خاوەن ئێرادەیە و لەو روانین و پەروەردەی خۆبەکەم زانینە تێپەڕیوەو بە بێ هیچ شەرم و دوو دڵییەک باسی مافە رەواکانی ئەکا.
کە وابوو پێویست ناکا ئێمە چاوەرێ ناوەند بین باشتر وایە کە لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران زیاتر پەیوەندی و هاوکاریمان بێ و پێکەوە لە سەر مافی رەوای دیاریکردنی چارەی خۆنووسین پێداگری بکەین. نابێ رێگە بدەین لە ژێر ناوی یەکپارچەیی ئێران کورد و باقی نەتەوەکان لە سەرەتاییترین ماف کە دیاریکردنی چارەنووسە بێبەش بکرێن. گرنگە کە نەتەوە بندەستەکانی نێو ئێران بەم روانینەوە خۆیان رێکبخەن کە لەمبارشەوە کورد دەتوانێ رۆڵی سەرەکی بگێرێ.
بێگومان کوردستان و بزوتنەوەکەی پێویستی بە دانپێدانی ئەوان نیە چۆن بزاڤەکەی تاکە بزاڤی بەردەوام و ئاکتیڤ لە ٤٥ ساڵی دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بووە و هەیە.