سەرکەوتوو بێ مانگرتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان….

شۆفێری ماشێنە بارهەڵگرەکان لە بەر گرانیی پارچەی ئۆتۆمبێلەکانیان، کەم بوونی سەهمییەی سووتەمەنیی دیاریکراو، کەمبوونی کرێی بار لە چاو خەرجی ژیان ، گرانیی لەڕادەبەدەری بیمەی ماشێنەکان و چەندین هۆکاری دیکە کە ژیانی لێیان تاڵ کردووە، مانیان گرتووە.
بە پیی ڕاپۆرتەکان ئەو مانگرتنە کە بە شێوەیەکی بەرین لە کرماشان، گیەڵان، ئەحواز، ئەهەر، فەریمان، مشکین شار و نەسیم شار بەردەوامە، ئێستا زیاتر لە ١٣٠ شار و شارۆچکەی گرتووەتەوە و هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماریی ئیسلامیی تووشی ترس و نیگەرانی کردووە و بووەتە هۆی کاردانەوەی توند و هەڕەشەی دەزگای ئیتیلاعات و هێزە بە ناو ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە مانگرتووان.
دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی وەکوو هەمیشە هەر جووڵەیەکی مافخوازانە و هەر هەوڵیک بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی نالەباری ژیان کە بەرهەمی دەسەڵاتی ئەو حکوومەتەیە، دەخاتە پاڵ هێزی دەرەکی یان ڕێکخراوە نەیارەکانی خۆی و بەو بیانووە خەڵکی ناڕازی سەرکوت دەکا.
مانگرتن یەکێک لە ئامرازەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مافخواز بۆ گەیشتن بە مافەکانیانە و بەرهەمی خەباتی ڕەوتی چەپ لە کۆمەڵگایە و دەسەلاتی دواکەوتووی ئیسلامیی ئێران کە لە هاوپشتیی خەڵک و خەباتی یەکگرتووانەیان بۆ مافخوازی تۆقیوە، بە هەڕەشە و زەبر و زەنگ دەیەوێ پاشەکشە بەو بزووتنەوانە بکا.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانیی لە مانگرتنی مافخوازنەی شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەکا و خوازیاری ئازادیی خێرای مانگرتووانی بەند کراوە.
مانگرتن یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکە و تاوانبارانی سەرەکیی دۆخی خراپ و نالەباری ژیانی خەڵک بۆیان نییە هێرش بکەنە سەر مافخوازان و بەرانبەریان زەبر و زەنگ بنوێنن. دەسەڵاتی چەوسێنەری ئیسلامیی ئێران کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هۆکاری هەژاری و فەقیریی لە ڕادەبەدەری خەڵکە، بە ئیرادەی یەکگرتووی خەڵکی مافخوارو شکستی پێدێ و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی چەپی کوردستان دەبێ پشتیوانی هەموو مافخواراوان و هەموو بزووتنەوە ناڕەزاییەکان بێ و هێزیان دژی نادادپەروەریی، دیکتاتۆریی و داگیرکاریی یەک بخا.
سەرکەوێ مانگرتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٨ی مەی ٢٠٢٥ی زایینی