سەردەشت، جەستەیەکی پڕ لە ئازار…
یادێک لە شارێکی لەبیرکراو لە پووشپەڕێکی سووتاودا
عەزیز
تەنیا حەوت ڕۆژ لە یەکەمین مانگی هاوین تێپەڕیبوو. تەنیا چەند چرکەساتێک بەر لەوەی کاتژمێر ببێتە ٤ و سی خولەکی دوانیوەڕۆ، لەپڕ چەند پەڵەی ڕەش باڵی بەسەر ئاسمانی شاری سەردەشتدا کێشا. بێدەنگێکی ژاناوی شاری لەئامێز گرت. چەند چرکەیەک دواتر چەند فڕۆکەیەکی هەڵگری گازی شیمیایی بەسەر شارەکەدا گرماندیان و ٤ بۆمبیان بەسەر شارەکەدا هەڵدا و ٣ بۆمبی تریشیان بەسەر ئاواییەکانی دەوروبەریدا خستە خوارەوە. بەم جۆرە و تەنیا لەم چەند چرکەساتەدا، سەردەشت وەک یەکەمین شاری قوربانی چەکی کۆمەڵکوژی شیمیایی دەستکردی بەشەر بەدوای “هێروشیما و ناکازاکی” لە ئاستی جیهاندا ناسراو و ناوبانگی شاری خنکێندراوەکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ خۆی تۆمار کرد. هیچ خوداییەکیش نەهات بە هاواری لێقەوماوان و خنکێندراوەکانی ئەو شارە زامدارەدا…
ماوەی ٨ ساڵ بوو لەنێوان دوو دیکتاتۆری بە خوێن تینووی کوردان “ئێران و عێڕاق” شەڕێکی خوێناوی و دواکەوتووانە داگیرسابوو. پێش کارەساتی شیمیایی بارانی شاری سەردەشت چەندین جار لەلایەن دەوڵەتی لەناوچووی سەدام حوسێن ناوچەی پڕ لە سەوزەڵانی شاری سەردەشت بۆمباران کرابوو، هەر جارەیش چەندین کەسی لێ دەبوونە قوربانی. بەڵام پەلاماری ڕۆژی حەوتی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی وەک هێرشی جاری جاران نەبوو کە بە دانی چەند قوربانیێک ئەو ڕۆژە بەفەرامۆشی بسپێردرێ یان چەند ڕۆژ دواتر دانیشتوانی شار و ئەم دەڤەرە دەست بکەنەوە بە کاری ئاسایی و ڕۆژانەی خۆیان. بەڵکوو ئەو پەلامارە دڕندانەیە ئەوەندە قورس و بەژان بوو کە ئێستاش دوای ٣٨ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا، زامدارانی ئەو کارەساتە بە ئێش و ئازارەوە دەتلێنەوە و هەموو ساڵێک چەندین کەس بەرەو ئەو مەنزڵگەیە کۆچ دەکەن و لە تەنیشت قوربانییەکانی دیکەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە لە گۆڕستانی گردەسووڕ مەنزڵ دەگرن.
ڕۆژی حەوتی پووشپەڕ کە شاری سەردەشت بۆردمان کرا، تەنیا چەند کەسێک نەبوونە قوربانی، بەڵکوو لە ڕاستیدا شارێک خنکێندرا. شارێک ژەهر خواردوو کرا. ٧ی مانگی پووشپەڕ لە چەند چرکەدا کارەساتێک خولقا کە تا بە ئەمڕۆش ئاسەواری ئەم جینایەتە لەسەر ژیان و شێوەی گوزەرانی قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە قورسایی دەکات.
ئێوارە بوو، سێبەرەکان بە هێمنی لە داوێنی پووشپەڕدا شۆڕدەبوونەوە. سەرچاوەی سەردەشت، وەک دڵی شار، چاوەڕوانی دیداری ئەویندارانی دەکرد. خوڕەی ئاوی جۆگەکانی تەنیشت شەقامی سەرەکی شار بە هێواشی بەسەر پشتی شارەکەدا ڕێگایان دەبڕی و تێکەڵ کڵۆڵی سنووربڕ دەبوون. گەڕەکەکانی شار هەموویان لە سەمای ژیاندا بوون و خوازیاری ئارامی، بەڵام سێبەری شوومی نەهامەتی شەڕی خوێنمژەکان هێشتاکەش بەڕۆکی وڵاتی بەرنەدابوو. ئێوارە بوو چاوەکانی شار چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەر لە سنووری ئاسمانی پووشپەڕ و خۆرئاوادا بەدی دەکەن. فڕۆکە شەڕکەرەکانی دیکتاتۆرە خوێنمژەکە دیواری بێدەنگی شار دەشکێنن و وەک میرانی غەزەب و نوێنەری ترس و مەرگ لە ئاسمانی ئەو ئێوارەییەی سەردەشتدا دەلووڕێنن. ئەوان بۆ فڕێدان و خستنەخوارەوەی بۆمبەکان، خۆیان بۆ ناو قووڵایی شار شۆڕکردەوە و پاشان دووکەڵێکی سپی و زەرد وەک تۆڕی مەرگ و کارەسات جەستەی شار و شارۆمەندەکانی داپۆشی. بەم جۆرە و تەنیا لە چەند چرکەدا کارەساتێکی دڵتەزێن خولقا کە خەمێکی یەکجار قورسی خستە سەر دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو مرۆڤدۆستانی ئێران و جیهان.
لە جەریانی ڕوودانی ئەم تاوانە مێژووییەدا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری سەردەشت و دەوروبەری گیانیان بەخت کرد، ژمارەیەکی زۆریش بە گازی ژەهراوی مەسموم بوون بە جۆرێک کە ئاسەواری ئەم جینایەتە تا بە ئەمڕۆش ئازاریان دەدات و مەترسی خستۆتە سەر ژیانی نەوەی داهاتووشیان. بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت لەڕووی بەکارهێنانی جۆری سیلاحی کۆمەڵکوژ کە لە دژی خەڵکی مەدەنی بەکار هات، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە شەڕی کۆنەپەرەستانەی ئێران و عێڕاقدا. ساڵانی پێشتر سیلاحی شیمیایی لە ئاستێکی بەرتەسەکدا لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە دژ بە هێزی پێشمەرگە بەکار هاتبوو. لە بەرەکانی شەڕیشدا، ڕژیمی عێڕاق جارو بار ئەم سیلاحەی بە مەبەستی تاقیکردنەوە بەکار هێنابوو، بەڵام لە ئاستێکی ئاوا بەرین و لە دژی خەڵکی بێدیفاعی شارێک، ئەوە یەکەم جار بوو کە بەم شێوە لە شەڕی کۆنەپەرەستانەی ئێران و عێڕاقدا ئەم سیلاحە بەکار دەهات.
ڕژیمی بەعسی عێڕاق چەند مانگ دوای ئەو کارەساتە، جینایەتێکی کەڵێک گەورەتر و سامناکتری لە شاری هەڵەبجە خولقاند. لە ئاکامی بۆمبارانی شیمیایی شاری هەڵەبجەدا، نزیکەی ٥٠٠٠ ئینسان گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٧ هەزار کەسیش، مەسموم و بریندار بوون.
تاوانێکی تر دژی خەڵکی کورد
قوربانیانی کیمیایی بارانی “زەردە” لە ناوچەی داڵاهۆ
هەروەها دەستی پڕ لە جینایەتی دیکتاتۆرەکەی بەغدا بەوەش نەوەستا و لە کارەساتێکی دڵتەزێنی تردا لە ٣١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧ گوندی “بانەزەرد”ی سەر بە شارەدێی “زەردە” سەر بە ناوچەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان بە ٥ فڕۆکەی تۆپ هاوێژی کیمیایی، کردە ئامانج و جینایەتێکی تری خولقاند. ئەم گوندە سەر لە بەیانی ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٣٦٧ی هەتاوی، بە تەنیا چەند ڕۆژ بەدوای ئاگربەست و قەبووڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی شووڕای ئاسایش لەلایەن ئێرانەوە، بە ٥ فڕۆکەی بۆمب هاوێژی کیمیایی لەلایەن ئەرتەشی عێڕاقەوە هێرش کرایە سەر. لەو هێرشە نامرۆڤانەدا ٢٧٥ شارۆمەندی کورد کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی جەژنێکی ئایینی بوون، گیانیان لەدەست دا و هەزار و ١٤٦ شارۆمەندی دیکەش بریندار بون.
بۆمبارانی شیمیایی ئێوارە دڵتەزێنەکەی شاری “سەردەشت”یش لە چوار خاڵی قەرەباڵغیدا ڕوویدا. لەم هێرشەدا ١١١ کەس لە دانیشتوانی غەیرە نیزامی شار کوژران و ٨ هەزار کەسی دیکەیش بەر گازی ژەهراوی کەوتن و بریندار بوون. بەرکەوتوانی ئەم کارەساتە هێشتا و دوای تێپەڕبوونی ئەم هەموو ساڵە ناچارن ئاسەواری پڕ دەرد و ئازاری ئەم تاوانە بۆ هەمیشە تەحەموڵ بکەن و بەشێک لەم دەرد و ئازارە بگوازنە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان.
شاری سەردەشت وەک یەکەم قوربانی کارەساتی بۆردمانی شیمیایی لە دنیادا دوای بۆمبارانی ئەتۆمی شاری هێروشیما لە وڵاتی ژاپۆن پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی لەلایەن ئەمریکاوە، دێتە ئەژمار.
دەوڵەتە زڵهێزەکان، ئەوانەی کە سیلاحی شیمیایان بەرهەم هێنابوو و دابوویان بە تاوانبارانی شەڕ، بە پێی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆیان چاویان لە جینایەتی بۆمبارانی شاری سەردەشت پۆشی و بەم جۆرە دەرفەتی ئەوەیان بە ڕژیمی سەدام دا، کە ئەم جینایەتە لە ئاستێکی بەرینتر و پڕ کارەساتردا لە شاری هەڵەبجە دووپات بکاتەوە. ئەم دەوڵەتانە لە ساڵی ١٩٢٥ی زاینیدا، ڕێکەوتننامەی قەدەغەبوونی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی سیلاحی شیمیایان پەسەند کردبوو. بەم حاڵەشەوە لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئەم سیلاحە دەستیان نەدەپاراست.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٨ ساڵێک کە لە ڕووداوی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت تێپەڕ دەبێت، جگە لە خۆ لە مەزڵووم پیشاندانی ڕیاکارانە و پێدا هەڵکوتن بە شەڕی ٨ ساڵە و پیرۆزکردنی ئەم شەڕە و جگە لە هەوڵدان بۆ پاکانە کردن بۆ جینایەتەکانی خۆی لەو شەڕەدا نەبێت، کارێک بۆ قوربانیەکانی ئەم کارەساتە نەکردووە. قوربانیەکانی بریندار و ژوهراویی ئەم ڕووداوە تا بە ئەمڕۆش بە دەست ئازارەکانی و ئاسەوارەکانی دەنالێنن.
ئەم ڕژیمە هەموو ساڵێک بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەبات و بەمەبەستی پرۆپاگەندە بەکاری دێنێت، بەڵام تەنیا شتێک کە بەلایەوە گرنگ نییە، ژیانی بەجێماوانی ئەم کارەساتەیە. ئەگەرچی ئەمڕۆ بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ڕاستەوخۆی خولقاندنی ئەم کارەساتە، فڕێدراونەتە ناو زبڵدانی مێژووەوە، بەڵام پێویستە ئەو ڕاستیە لەبیر نەکەین کە هاودەستانی ئەم جینایەتکارانە، ئەوانەی کە هەر ئێستاش، هەر لە شاری سەردەشت، ڕۆڵەکانی قوربانیەکانی ئەم جینایەتە دەگرن و دەیانخەنە زیندان و ئەشکەنجەیان دەدەن، لە ئێران لەسەر دەسەڵاتن.
کات و شوێنی بۆردمانەکانی شیمیایی کوردستان
بەداخەوە لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆی گرنگ نەبووە کە خەڵک و شارەکانی کوردستان بۆردمان دەکرێن، کات و ڕۆژی زۆربەی بۆردمانەکان نەزانراوە و نەنووسراوەتەوە یان خۆ بەداخەوە باس ناکرێن و بۆ گەورەنەبوونەوەیان باس ناکرێن و لە ڕاستیدا دەشاردرێنەوە. زۆربەی بۆردمانەکان ٢ ساڵ پێش تەواوبوونی شەڕە نیگریسەکەی ئێران و عێڕاق و پێش سەرکێشانی جامی زەهرەکە، واتا لە ساڵەکانی ١٣٦٦ و ١٣٦٧دا ڕوویان داوە. بەس کاتی بۆردمانی شاری سەردەشت بەهۆی بریندارەکان و خەڵکەوە و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانەوە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان لەوانە کۆمەڵە زانراوە.
گەڕەکی سەرچاوەی (سەرچشمە)ی شاری سەردەشت و چەند گوندی دەوروبەری لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕ کاتژمێر چەند ساتێک دوای سەعاتی ٤ی سەر لە ئێوارە بە چوار بۆمبی شیمیایی هەڵگری گازی خەردەڵ خنکێندرا.
شاری سەردەشت یەکەمین شاری مەدەنی کوردستانە کە بەدوای هێروشیما و ناکازاکی بە دەستی ئەمریکا، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆردمانی شیمیایی کراوە.
شار و گوندەکانی کوردستان کە بەر بۆردمانەکانی دەوڵەتی لەناوچووی عێڕاق کەوتوون:
١- گوندی گەرماوان سەر بە شاری سەردەشت
٢- چەند گوندی دەوروبەری بانە لەوانە ئاڵۆت و هەروەها میک و باینجان لە دەشتی شلێر
٣- چەند گوندی دەوروبەری مەریوان لەوانە قەڵاجی کە تەنها لە یەک ڕۆژدا ١١ بۆمبی لێدرا
٤- چەند گوندی دەوروبەری شاری شنۆ
٥- چەند شار و گوندی دەوروبەری کرماشان لەوانە (گوندی زەردە) کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەمان پێکرد
٦- نەخۆشخانی سڕپێیی لە سۆمار سەر بە قەسری شیرین
٧- ناوچەی شێخ سڵە لە سڵاس و باوجانی سەر بە شاری جوانڕۆ
٨- ناوچەی دێڕە گوندەکانی سامار و شامار
٩- ناوچەی کەرب عەلی سەر بە گوندی ویژاب لە داڵاهۆی کرماشان
١٠- هەروەها لە بەشی دەرەوەی کوردستان، دەوروبەری ئابادان و گیلانی غەرب
بێگومان لە سبەی ڕۆژی ڕووخانی ئەو ڕژیمەدا، یەکێک لە هەزاران لاپەڕەی تاوانەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرەستانەیە، بۆمبارانی شیمیایی خەڵکی بێدیفاعی شاری سەردەشت دەبێت کە مەزڵوومانە بوونەتە قوربانی و گیانیان بەخت کرد یان بریندار و ژەهراوی بوون. بەڵام هەڵڕشتنی فرمێسکی درۆینی لەلایەن ڕێبەرانی ئەمڕۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ قوربانیەکانی ئەم کارەساتە، ناتوانێت ئەم ڕاستیە لەبیر خەڵک بباتەوە کە چۆن خومەینی لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ، ئەم شەڕەی وەکوو بەرەکەتێکی ئاسمانی ناوی لێبرد و هەڵسووڕاوانە هێنایە خزمەت سەقامگیرکردنی حکوومەتی ئیسلامیەوە.
لە ساڵیادی کارەساتی مرۆڤی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشتدا نەفرەت دەکەین لە بڕیاردەران و بەڕێوەبەران و هاوکارانی ئەم جینایەتە گەورە و درود دەنێرین بۆ ئەم ئینسانە بێدیفاعانەی کە لە جەریانی ئەم کارەساتەدا گیانی ئازیزیان لەدەست دا.
یادیان بەخێر