سیاسەتی دەرەویی حاکمیەت؛ هۆکاری قەتیسی ئابووری ئێران
م.کەنداڵ – سنە
چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر بارودۆخی ئابووری ئێران لە دەیەی ڕابردوودا پیشان ئەدا کە ئەم وڵاتە بەرەوڕووی یەکێک لە سەخت ترین کێشە ئابوورییەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیەتی. مەترسی لە داهاتووی ئابووریی ئێران، وەک گرنگترین بابەتی ڕۆژ، بەجۆرێکی بەرچاو لە ناوەند و کۆڕە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە پەرەی سەندووە و بە ئاستێک گەیشتووە کە زۆرێ لە پسپورانی ئابووری ناوخۆدی ئێرانیش باس لە ڕوودانی “کارەساتی نەتەوەیی” دەکەن. پێش بینی نزیک لە واقعیەتەکان بۆ نموونە: هەڵاوسانی ئابووریی سەرەوەی لەسەدا ٦٠، دابەزینی زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی ئێران بۆ ژێر هێڵی هەژاری، بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ زۆرترین ئاستی هەڵاوسانی ئابووری دووای شەڕی جیهانی دووهەم، ئەم خاڵە مەترسیدارانەن کە دەتوانن ببنە هۆکاری ڕوودانی کارەسات.
بارودۆخی ئابووری ئێران دوای ڕاپەڕینی گەلان لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی، بە شێوەیەکی بێ دابڕان، چەقڵی “ڕانت”ی لە ڕیشەی خۆی گرتووە و هیچ کاتێ چۆنیەتی و قووڵایەتی ئەم ڕانتە لە پەیکەرەی دەوڵەت و حاکمەتی ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی پسپۆڕانە ڕوون نەکراوەتەوە. زۆرینەی دەسەڵاتی ئابووری بانکەکان، داهاتی ئەرز (پارە)، نەختینەگی بازاڕ و … هەموو لە چنگ دەسەڵاتدارانی ساحیب ڕانت و ناوەندە ئەمنی-نیزامییەکاندایە. لە پەراوێزی ئەوەیشدا، دەستەیەکی چووکە لە بەشی خسووسی (گەوشتی) سەر بە لایەنە سیاسیەکانی ساحیب دەسەڵات، وەکوو ئەکتەرە فەرعیەکانی ئەم یاریە، لە پرۆسەی ڕانتخواریدا دەور ئەگێڕن.
ئابووری ئێران؛ مەڵغەمەیەکی بێ نەزمە لە ناکارامەیی، ڕانت خۆری، گەندەڵی، بەفیرۆدانی سەروسامانی خەڵکی و بەرژەوەندی سیاسی و تاکەکەسیەکان و هەڵبەت دۆلارەکانی نەوت. شێوەیەک کە بە گوێرەی ڕای پسپۆڕانی ئابووری خودی ئێران، بە “ئابووری ڕەفاقەتی” نێوی دەبەن. دەوڵەتیش؛ وەک بەڕێوبەری سەرەکیی ئەم مکانیسمە، دەوری ئەسڵیی لە یاریەکەدا هەیە و بۆیە هەنۆکە بە ڕوونی هیچ پلەن و ستراتژیەکی ئابووری، وەک ئۆلگۆیەکی دیاریکراو لە ساختاری ئابووری ئێراندا دیار نییە. ڕەخنەی جارەجارەی کارناسە نێوخۆییەکانیش، لەمەڕ ئەوەی کە بە جۆرێکی مانادار و کپکراو، جەخت ناکەنە سەر دەوری دیاری دەستەکانی پشت پەردەی دەسەڵات و بێئیختیاری دەوڵەت و سەرۆک کۆمارەکانی دەورەیی ئێران و تیشک ناخەنە سەری، خوەی بەجۆری بوەتە هۆی تەحریفی بابەتەکە و بەلاڕێ بردنی هەوڵ بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە ئەسڵیەکانی وەدیهاتنی ئەم وەزعە نالەبارە لە پانتایی ئێراندا.
زۆرینەی کارناسان و تەنانەت کاربەدەستانی دەولەتیش لەسەر ئەو باوڕەن کە: پێشمەرجی چارەسەرکردنی کێشە ئابووریەکان “گەشەدانی بەرهەم هێنان”ە. زێدەکردنی بەرهەمهێنانیش بێ سەرمایەگۆزاری دەرەکی ناکرێ! هاتنی سەرمایەی دەرەوەیش پێویستی بە کەش و هەوای سیاسی ئەمن و بێ دڵەڕاوکێ هەیە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەشی هەرە زۆری حاکمانی ئێران، تەواو باڵا دژ بەم مۆعادڵە مەنتقیە وەستاون و حازرن لەبەر مانەوەی خۆیان، نەک ئابووری وڵات بگرە هەموو شتێ و تەنانەت خەڵکیش قوربانی کەن.
سەرچاوی گشتی کێشە ئابوورییەکان لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی حاکمیەت تایبەتەن لە حەوزەی سیاسەتی دەرەوەییدا. ئەو سیاسەتانەی کە دووای بەرجام عەینیەتی پەیدا کرد و پەیتا پەیتا، زۆرتر و گشتگیرتر بوو. بۆیە تا ئەمە سیاسەتی دەرەوەیی حکوومەتی ئیران بێ، چاوەڕوانی گۆڕانێکی جیدی لە وەزعی ئابووری ئێراندا، تەنیا خولیایەکی تەماویە و بەس. بە پشت کردن لە دنیا و سیاسەتی بەستراوی دەرەوەیی بە ڕووی سەرمایەداری خارجی، گەڵاڵەکردن بۆ گەشەی ئابووری لە ئێراندا مومکین نییە و مۆشکڵاتی ئابووری خەڵک، وەک بەشێک لە تاوانەکانی سیاسەتی غەداری حاکمیەت بەردەوام ئەمێنێ.
ساختاری ئابووری گشتی لە ئێران، بە هۆی چەمکهایێ زۆرتر سیاسی، ڕانت هایەک کە بە بۆنەی ساز دەبێ و هەروەها سیکلی بەسراوی مۆدیریەتی، پووک و بێ گیان بووە و تا کێشە سەرەکیەکە کە گۆڕانی ئەساسی سیاسەتی دەرەوەییە چارەسەر نەکرێ، ئەساسەن هەرچەشنە پێشنیارێکی کاتی و ساتی، تەنیا دروشمێکی تەبلێغاتیە و دەرەنجامەکەی زەحمەتێکی زۆرترە لەسەر شان و سفرەی خەڵک.
لەم وەزعەدا ڕوونە کە دەوڵەتی تازە کە سەرسپاردووی تەواوەتی حاکمیەتیشە، ناچارە دەس ببا بۆ بژاردەیەکی سیاسی تا بتوانێ ڕەنگدانەوەی ئابووریشی ببێ. میزانی ڕێککەوتنی ستراتێژیە سیاسیەکان دەگەڵ ستراتژیە ئابووریەکانە کە لە درێژخایەندا دیاریی دەکا کە ئایا کرانەوەیەک لە ئابووری لە ئێران پێکدێ یان نا.