“زیندان ! بۆ یادی نەسرین و شەهلا کەعبی”
“زیندان ! بۆ یادی نەسرین و شەهلا کەعبی”
فایزه ساڵەحی
دەنگی کردنەوەی دەرگای ئاسنی ساڵۆنەکە، ترس و دڵەڕاوکێ ئەخاتە ناو دڵی هەموومانەوە. هەرکەس لە ژووری خۆیەوە هەڵدەستێتە سەرچۆک و دنیای خەون بەجێ دێڵێ و گوێ ڕائەگرێت بۆ دەنگی پێی ئەو کەسانەی وا دێنەژوورەوە. ئەمە یەکەم جار و یەکەم شەو نییە کە ئەژدیهاکان بەم شێوەیە خۆیان ئەکەن بە بەندەکانی ئێمەدا.
ئەوانن! دەنگی پێیان ئەناسمەوە. دیسان ئەمشەو چییان ئەوێت؟ دەنگی پێی چەن کەس بەیەکەوه. دەنگی ناخۆشی قەلەڕەشەکان، وەک مۆسیقایەکی ترسناک ساڵۆنەکە دادەگرێت. من بەپەلە، لەو تاریکییەدا چاوێک لە فریشتە و نیگار دەکەم.
ساعەت چەندە؟
کەس نازانێ. کەسێش ناوێرێ چاو لە ساعەت بکات. چاویشی لێ بکات نایبینێت. کات وەستاوە. کات داوای هەناسەکانی ئێمە، سێ کچی تەمەن شازدە- حەڤدە ساڵە ئەکات کە لە زیندانی شاری سنە بەند کراوین. من بەئەسپایی بە فریشتە ئەڵێم “بێژی بۆ کێ هاتبن” فریشتە وەک هەمیشە نەرمونیان جواب ئەداتەوە و ئەڵێ: “نازانم فایزە! نازانم”. بێدەنگ ئەبم.
ترسی ئەمشەوم وەکوو جارەکانیتر نییە. ئەمشەو، باڵای مەرگ بەرزتر لەهەموو شەوەکانیترە. ئەمشەو تینووی خوێنن. ئەمشەو، ئارامیان لێ بڕاوە بۆ لەسێدارەدانی ئازادی. ئەمشەو جیاواز لە جارەکانیتره. هەوایەکی ساردی پڕ لە بێدەسەڵاتیم بۆ دێت. چیان ئەوێت؟ کێیان ئەوێت؟ ناوی کێیان لەناو نامەی دڵدارانی ئازادیدا بینیوەتۆ؟ چییە، بۆ وا بەپەلەن بۆ هەڵکەندنی باڵی کۆتری عەشق؟ بەخۆم ئەڵیم: “فایزە! ئارام بە، لەوانەیە بۆ تۆ نەهاتبێن!” دڵم ئارام ناگرێت: ” ئەی ئەگەر بۆ فریشتە، یان نگار هاتبێن؟!”
بێدەنگی و تاریکی، قورس قورس باڵیان بەسەر هەرسێکماندا کێشاوه. وەکوو ئەوە وایە کەسمان لەوێ نەبین. هەرسێکمان هەست بە تەنیایی ئەکەین و تەنیا دەنگی دڵی خۆمان بیرمان ئەخاتەوە کە ماوین و نەمردووین. ئەمشەو، هاتنیان بۆ وا سامناکە؟ چی ئەقەومێت؟ چی…
دەنگیان نزیکتر ئەبێتەوە و هەستی کچانەی من زۆرتر خۆی لەناو ناخمدا حەشار ئەدات. وا هەست ئەکەم دڵم لە جێگای خۆی نەماوە بەڵام هەر لێئەدات. دڵم هاتووەتە ناو دەمم. کەم کەم، تامی خوێن ئەکەم. لەم شەوانەمان زۆر بووە. هاتوون و کەسێکیان بردووە. هەر چەن شەو لەمەوپێش بوو، هاتن خۆمیان برد بۆ “بازجوویی”، بەنیمەشەو، بەچاوی پڕ لە خەوێکی نائارامەوه. بردمیانە ژوورێکی ڕووناک ڕووناک چاوم هەڵ نەدەهات. پیاوێکی پیری پیسی لەهیچ نەچوو، تووڕە لەخۆی و لەدونیا و لەخوا بێڕەحمەکەی خۆی، لە جێگای خۆی هەستا و بەهەموو هێزی خۆی شەپڵاخەیکی لە ڕوومەتم دا. پاشان منیان هێنایەوە. ئەوە”بازجوویی” من بوو. هەتا دوو ڕۆژ دواتریش جێگەدەستە زەهراوییەکەی لە سەر ڕوومەتم ئەکزایەوە. بەڵام لەوە ناخۆشتر هەستێکی قیزەون بوو کە لە مندا دروست بوو.
دەنگی نزیکبوونەوەی پێی ئەو جەلادانە، من لەفیکری شەوەڕەشەکانی زیندان ئەهێنیتەدەر، ئەمشەو ترس لەهەموو شتێک و لە هەموو کەسێک لێم نزیکتره. دەنگەکان لەدەرگای ئیمە تێئەپەڕن. دوور دوور، لەو سەری ساڵۆنەکە، دەرگایەک ئەکرێتەوە. ورتەورتێک ئەبیسترێت و، پاشان دەنگی دوور کەوتنەوەی چەن کەس و داخستنی دەرگای ئاسنی ساڵۆنەکه. بیدەنگی… بێدەنگی… ترس و دڵتەنگی. گۆرانیی مەرگ، هەرسێکمان ئەکاتەخەو. بەیانی، بەدەنگی ژنە بێڕەحمەکان بەخەبەر دێین کە هەڵمان دەستێنن بۆ نوێژ کردن بۆ خواکەیان.
دواتر خەبەر ئەبیستین کە ئەوە نەسرین و شەهلا بوون بردنیان و، بەو نیوەشەوەهەر دووکییان بوون بە دوو کۆتری سپی بۆ ئاسمانە پڕ لە عەشقەکەی شاری سنه.
من ئەو ڕۆژانە، دوای بیستنی ئەو هەۆاڵە، پڕ بووم لەخەم، نیوەی لەشم بەدوای خۆما ڕادەکیشا. چاوم دایم گۆمی فرمێسک بوو، بەڵام قەت نەمهێشت لای بێهەستەکان هەڵوەرێت. لە بیرم دێت لای فریشتە زۆر گریام، زۆر. ئارام، وەکوو پەپولەیەک دڵداریی ئەدامەوە.
چاوم بە ژوورەکەی نەسرین و شەهلا ئەکەوێت، هەست ئەکەم ئێستا نەسرین بەقسەی خۆش و پێکەنینەوە، دێتەدەر هەموومان لەخۆی کۆ ئەکاتەوه. یان شەهلا بەمێهرەبانی چاویکمان لی ئەکات.
ئەو ڕۆژانە تەنیا یەک شت منی لە دنیای دڵتەنگی و بەتاڵیی خۆم دوور ئەکردەوە، ئەویش کایەکردنی مناڵە چوار ساڵانەکەی ماڵی کەمانگەر بوو کە لەگەڵ دایکی زیاتر لەسالێک بوو حەبس بوو، وەکوو فریشتەیەکی ڕەنگ پەڕیو ئەهات و ئەچوو. ئیمەش وەکوو مناڵی خۆمان ئەماندووان. تەنیا چاوەگەشە پڕ لەئارەزووەکەی سەعید ی چوار ساڵە بوو کە جوانیی ژیانی بیر ئەخستینەوه.
دواتر بیستمان کە شەهلا نەیویستبوو چاوی کراوە بێت لەبەر ئەوەی مەرگی نەسرین نەبینێت و نەسرینیش هەر وا.
لەم هەموو ساڵەشدا، نەمتوانی بە چاوی کراوە، دوایین ساتەکانیان بێنمەوە بەرچاو. ڕەنگە هەر بۆیەش بێ هەرگیز بڕوام بە مەرگیان نەکرد. چاوەکانیان، ئێستاش ڕووناکی بە خاک دەبەخشێ و، ڕووناکی بە سپێدەی بەیانان.