رۆژهەڵاتی کوردوستان مێژوویەكی پڕشنگدارو ئاسۆیەكی گەش..!
عەزیز ئاجیکەند
ڕێبەندانی سالی ١٣٥٧ی هەتاوی ، ئەو مانگە پڕ شکۆیە لە خەباتی زۆرلێکراوانی ئێران بوو کە تیدا لاپەرەیەکی نۆی لە مێژوی پر لە شانازی ئەوان هەڵدرایەوە . کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە دژی رژیمی گەندەڵی پاشایەتیی و بنەماڵەی دیکتاتۆری پەهلەوی بەرز کردەوە و بە هیوای دابین کردنی داهاتوویەکی گەش و ئازاد شۆرشێکی بەربڵاویان ڕێک خست و کۆتایی یان بە دەسەڵاتی رژیمی شا هێنا. دیارە ئەم شۆرشە بەرهەمی نارەزایەتییەکی پەنگخواردووی پتر لە چەند دەیەی پێشی گەلانی ئێران بوو کە بە درێژایی ئەم مێژووە هەر دەم لە ژێر گوشاری بێ ڕادەی دەسەڵاتداران و دەست و پێوەندەکانیان دا بوون و هیچ داهاتوویەکیان بۆ خۆیان و بنەماڵەیان و وڵاتیش بەدی نەدەکرد.
لە مانگی رێبەنداندا خەڵکی نارازی به هیوای گه‌یشتن به ئازادی و به‌هره‌مه‌ند بوون له ژیانێكی باشتر و ئینسانی ڕاپه‌ڕین و شه‌پۆله‌كانی شۆڕش له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا سه‌رتاسه‌ری ئێرانی داگرت و بەم جۆرە ماشێنی ده‌وڵه‌تیی ڕژیمی په‌هله‌وی لە ئاکامی ئەو ڕاپەرینەدا كه‌وته به‌ر هێرشی بێ بەزەیانەی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو و تێكشكا و هه‌ر ئه‌وه‌ش كۆتایی به ته‌مه‌نی ڕژیمی پاشایه‌تی له ئێران هێنا.
لەوەها رۆژانێکدا و بەر لەوی بە تەواوەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی نەحسی رژیمەکەی محەمەد رەزا شا بێت و رێک لە ١٢ی مانگی ڕێبه‌ندان، ڕێبه‌ری ڕه‌وتی ئیسلامیی له شۆڕشی ١٣٥٧، له تهبعیدهوه بۆ وڵاتی ئێران دەگەرێتەوە. هاوکات لەگەڵ گەرانەوەی خۆمەینی ، دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانانی بە تەواوەتی بە سەر ئێران‌دا زاڵ بوون و ئامانجیشیان ئەوە بوو کە لە ریگای ئەرتەشەوە ڕێگهخۆشكهری بۆ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئیسلامییه‌كان بکرێت و بەم شێوەیە و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەرتەش و بە نفوزێک کە لە نێو ریزەکانی ئەرتشدا هەیان بوو دەیانهەویست شه‌پۆله‌كانى شۆڕش لە هەموو گۆشەو کەناری ئێران كونتروڵ بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ته‌نیا به‌شێك له‌و ستراتێژیه بوو کە ئەوان ڕەچاویان کردبوو، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی کە بۆ ئەوان زۆر گرنگ بوو ، جێخستن و داسهپاندنى خومه‌ینى وه‌ك ئاڵترناتیڤى رژێمى پاشایه‌تی به سه‌ر بیروڕاى گشتى خه‌ڵكى ئێران‌دا بوو. ئامانجه‌كه‌ی خۆمەینی تاڕادەیەکی زۆر وه‌دی هاتبوو، كه‌وابوو ده‌بوایه مه‌شخه‌ڵه‌كانی شۆڕش خامۆش بكات. به‌ڵام وه‌دی هاتنی ئه‌م ئامانجه‌ش ئامرازی تایبه‌ت به‌خۆی پێویست بوو. خومه‌ینی، ستراتێژیی خۆی بۆ خامۆش كردنی مه‌شخه‌ڵه‌كانی شۆڕش، هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌كرده‌وه ده‌رهێنا. فریوكاریی خومه‌ینی و په‌رده‌پۆشی نیازیی ڕاسته‌قینه‌ی له بیروڕای گشتیی كۆمه‌ڵگا، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پێدا تا خۆی بۆ سه‌ركوتی نیهایی و یه‌كجاریی شۆڕش ئاماده بكات.
گرنگترین شت بۆ خۆمەینی ئەوە بوو کە لە سەرەتاوە کارێک بکات کە دەستی دەخاڵەتی دەرەکی لە ناوخۆی ئێران کەم کاتەوە تا بە سەرئێشەیەکی کەمتر بەرەو شەری نەیارانی بروات و وپێگەی دەسڵاتی خۆی لە ئێران قایمتر کات . خومەینی و هاوبیرانی باشیان دەزانی کە لە گۆشەو کەناری ئێران خەڵکان و نارازیانێک هەن کە ئەو و دەسەڵاتەکەیان ناوێ و خوازیاری هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی سکۆڵارو خەڵکین . خۆمەینی خۆی دژی دیمۆکراسی و ئازادی بوو کەواتە دەبوو کەش هەوایەک لە ئێران زاڵ بکات کە دەوڵەتەکەی بێکێشە بکات.
خەڵکی کوردوستان هەر لە هەمان سەرەتاوە دژی خۆمەینی و دارودەستەکەی بوون و ئەوانیان بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانی . هەر بۆیە لە یەکەمین رۆژەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی خۆمەینی ، ئەو موقاومتە شۆرشگێرانەیە کە لە دژی رژیمی پێشوو دەستی پێ‌کردبوو لە وەستان نەکەوت و بە شێوەیەکی شلگیرانەتر بە پانتایی هەموو کوردوستان دەستی پێکردەوە . ئەو خەباتە لەکوچە و کۆڵانی شار بە بەشداری ژنان و پیاوان و ڵاوانی شۆرشگێر وەجوڵە کەوتەوەو تا گرتن و دەسبەسەر داگرتنی پادگان و ناوەندەکانی سەربە دەوڵەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو درێژەی کێشا .
بەم شێوەیە دەسپێکی نوێی بزوتنەوەی سیاسی‌و شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی لەكۆمەڵگای كوردستان ، خوێنێكی تازە كردە جەستەی كۆمەڵگای كوردستان و رۆژ بەرۆژ زیاتر پەرەی دەستاند و گەشەی دەکرد. گەشەی ئەو بزوتنەوەیە و مڵکەچ نەبوونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردوستان لە مەر بریارەکانی دەسەڵاتی تازە و بە چۆک دا نەهاتنی ، زیاتر‌و زیاتر خومەینی و هاو بیرانی تووڕە دەکرد. بۆیە ئەوان دەبوایە بیرێک لەم بارودۆخە نۆیە بکەنەوە
بۆ ئەم مەبەستە یەکەم جەلەسەکان و دانیشتنەکانی خۆیان لە تاران لە دژی خەڵکی وەگیان هاتوی کوردوستان دەستپێدەکەن . تیغی قینی جەلادە بە دەسەڵات گەیشتووەکان بە ئامانجی پێكهێنانی كه‌ش و هه‌وای ترس و وەحشەت لە سەرجەم کوردوستان و پته‌وکردنی بناغەکانی رژیمێک کە خەریکی بنیاتنانی بوون، كه‌وته كار. یەکەم سەرکوت و یەکەم ئێعدامەکان دەستیان پێ‌کرد. خومەینی راستەخۆ فەرمانی کوشتاری دەرکرد و سادق خه‌ڵخاڵی وەک یەکەم قازی شەرعی رژیمی ئیسلامی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئەم فەرمانە دیاری کرا. بەزویی دەرکەوت کە ئامانجی بەهیچ شێوەیەک به‌ڕێوه‌بردنی دادپەروەری دەرحەق بە نەیارانی شۆڕش و کەسانی سەربە رژیمی پێشوو نەبوو. بەڵکوو خومەینی دەیهه‌ویست خەڵکێک کە پێشبینی دەکرد گوێ بەفه‌رمانەکانی نادەن و دەبنە کۆسپی سەر رێگای سەقامگیریی رژیمه ئیسلامیەکەی، چاوترسێن بکات. بەم شێوەیە کوشتارەکان دەستیان پیکردوو بەشێکی زۆری کوردوستانیش میلیتاریزە کرا و بۆ گرتنەوەی تەوای کوردوستانیش لە ئامادەباشی دابوون .
خەڵکی کوردوستان لە یەکەمین هەنگاوی بوێرانەی خۆیاندا ، بریاریان دا زەبرێکی کاریگەرو ددانشکێن لە جەستەی کۆماری ئیسڵامی بدەن . باشترین دەرفەتیش بۆ ئەم هەنگاوە وەڵام دانەوە بە کردەوەیەکی فریوکارانە و نوومایشێکی ساختەی خومەینی بوو کە کاری بۆ مەشروعییەت پێدانی زیاتری خۆی دەکرد و هەوڵی دەدا دەسەڵاتی سەرەرۆیانەی خۆی بە سەر هەموو ئێران‌دا بکێشێ . دەرفەتە زێرینەکە بۆ خەڵکی کوردوستان ١٢ی خاکە ڵێوەی ساڵی ١٣٥٨ ، واتا رۆژی ” گشت پرسی لە خەڵکی ئێران ” بوو . خەڵکی کوردوستان وێرای گشت گەڵانی ئێران لە بەرانبەر دوو وشە قەراریان گرتبوو . ئەویش ” ئەرێ یا نا ” بە کۆماری ئیسڵامی ، بوو . کە خەڵکی کوردوستان وشەی دوهەم و دروشمی ” نا ” یان هەڵبژارد و مشتێکی پۆڵایین و هەڵوێستێکی بە تەواو شۆرشگێرانەیەن لە بەرانبەر کردەوە قیزەونەکەی خومەینی ، لە خۆ نیشان دا . بەم شێوەیە و بەم هەلوێستە و بەم وەڵامە ددانشکێنە ، هاوسەنگی هێز لە تەوای کوردوستان گۆراو سەنگەری موقاومەت و بەرخۆدان کەوتە قۆناغێکی نۆی و کۆماری ئیسڵامیش وەک مارێکی زامدار بوو بە دوژمنی سۆیند خواردوی خەڵکی کوردوستان .
کۆچی مێژوویی مەریوان (بەهێزترین خەباتی مەدەنی ، بەهیزترین یەکدەنگی ، بەهێزترین ئیرادە )…!
خەڵکی کوردوستان ئیتر لە بەرەی شەر دابوون و دوژمنەکەشیان دەوڵەتێک جینایەتکاربوو کە خۆی لە هیچ جینایەتێک نەدەپاراست و بەردەوام لە هەوڵی پیڵانگێری دا بوو کە ژەهری خۆی برێژێ و تۆلە لە خەڵکی کوردوستان بکاتەوەو بە چۆکیان دا بینێ . خەیاڵی دوژمن خاو بوو ، چۆن خەڵکی کوردوستان بریاریان دابوو کە دژی داگیرکارییەکان ئەم رژیمە هەڵوێست بگرن . لیرەدا بوو کە بیرۆکەی کۆچێک لە قوژبنێکی کوردوستان و لە شاری مـــەریوان ، خۆی گەڵالە دەکات تا وەک بزوتنەوەیەکی مەدەنیانەی نارازی دژ بە هەموو پیڵانگێرێ دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسڵامیی ، خۆی نیشان بدات . ئیتر لێرەدا خەڵکی کوردوستان بە بریاری ژیرانەی رێبەرێکی کارامەی خۆیان واتا کاک فوئادی هەمیشە رێبەر بریاری کۆچێک دەدەن کە تا بە ئەمرۆش وێردی سەر زمانی هەموو پیرو ڵاوێکە…. ئەم کۆچە رۆژی ٣١ی پوشپەری سالی ١٣٥٨ی هەتاوی بە دژی سیاسەتی داگیرکاری رژیمی ئیسڵامیی لە حەرەکەتێکی مێژوویی‌دا لە ناو دڵی شاری مەریوان دەسپێدەکات و لەئوردوگای کانی میران لەنگەر دەخات .
لە سەرەتادا کاک فواد و هاورێیانی دەستیان کرد بە دامەزرانی ئەنجومەنی شار، گوند، گەڕەک و پێکهاتەکان، خەباتی مەدەنی ژنان و کرێکارانیان دامەزراند، ئەم ئامادەکاریانە هەموو هەوڵ بوون بۆ بەرنگاری بەرانبەر بە دەسەڵاتێک کە بڕیار بوو هێرش بکاتە سەر کوردستان، لە کۆچی مێژوویی شاری مەریوان دا، رژێم بەنیاز بوو چەک لە خەڵک بستێنێتەوە و بارەگاکان لە ناو شارە کوردەکان بەهێز بکاتەوە، کاک فواد لەگەڵ شاندێک لە نوێنەرانی ئەنجومەنی شار دانوستانیان لەگەڵ بەرپرسانی رژێم کرد و رایانگەیاند باشترە بارەگاکان لە سەرباز چۆڵ بکرێن ئەوان نەیانکرد، کاک فواد لەو کاتەدا پێشنیارێکی مێژوویی دا بە خەڵک و وتی، ئەگەر ئەوان شار چۆڵ ناکەن ئێمە شارەکە چۆڵ دەکەین، تەواوی خەڵکی مەریوان لەسەر داوای کاک فواد شاریان چۆڵ کرد و لە کانی میران چادریان هەڵدا کە کەوتبووە ١٣ کیلۆمەتری شاری مەریوانەوە، ئەوکات رێپێوان لە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەشداربوون لە کۆچی مێژوویی خەڵکی شارەکە دەستیپێکرد، خەڵک لە سنە و سەقز و بانە و بۆکانەوە دەستیان کرد بەرێپێوان بەرەوە مەریوان، دەنگ دانەوەی ئەو کۆچە لە ئاستێک‌دا بوو کە پلەبەرزترین بەرپرسانی رژێمی ئێران هاتنە سەر مێزی دانوستان، مستەفا چەمران، یەک لە فەرماندە پلەبەرزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ شاندێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵە دانیشتنێکی چەند رۆژەدا پاشەکشەیان کرد و پاشان کاک فواد بە سەربەرزی پێشنیاری بە خەڵکدا بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان.
بێگومان جگە لە دۆخی ئەو سەردەمە و جگە لە بەستێنی مێژوویی ، کۆمەڵێک ھۆکار دەستیدا بە دەستی یەکەوە کە خەڵکی مەریوان لە ھاوینی ١٣٥٨دا بتوانن بە تێکڕا دژ بە ھێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە جووڵەیەکی ناڕەزایەتیدا شار بەجێبھێڵین . بێگومان ئەم کۆچە یەکێک لە مۆدێرنترین شێوازەکانی بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەردا بووە کە تا ئێستا خەڵکی کورد بە ئەنجامی گەیاندووە؛ یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی سەرگرتنی کۆچی مێژوویی مەریوان پێوەندی بە ئەزموونەکانی پێشتری جووتیارەکانی مەریوانەوە ھەبوو، جووتیارەکانی دارسێرانی مەریوان لە کۆتایی ھاوینی ساڵی پێشتر(دە مانگ پێشتر لەو کۆچەی کە بە کۆچی مێژوویی ناسراوە،واتە ١٣٥٧) ئەزموونێکی لەو چەشنەیان ھەبوو و دژ بە بڕیاری دادوەری رژیمی پاشایەتی و دەرەبەگەکان شاریان بۆ ماوەی دە رۆژ بە جێھێشت و بە سەرکەوتوانە توانیان داخوازییەکانی خۆیان بچەسپێنن.
ئاشکرایە کە کۆچی مێژوویی مەریوان ئەزموون و وانەیەکی کەم وێنەبوو لە سەرپێچیی مەدەنییانە و جەماوەریی لە بەرانبەر دەسەڵاتە سەرکوتگەر و سەرەڕۆکان، لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. ئەزموونێک کە شیاوی شڕۆڤە کردن و هەڵسەنگاندنی ورد و لێ فێر بوون و ناساندنی زیاتریەتی بە جیلی نوێ و بە دنیای دەرەوەش. کاک فوئاد لە ئەندازیارانی سەرەکیی ئەم بزووتنەوە پێشکەوتنخوازانە یە بە هەموانی سەڵماند کە ڕێبەرێکی جەماوەریی، تیژبیر و زانایە.
یەكیەتی جووتیاران و كۆچی مێژوویی مەریوان كە كاك فوئاد ڕێبەری دەكرد، یەكێك لەو چالاكییە سیاسی- كۆمەڵایەتییانەیە كە لە مێژووی بزووتنەوەی كوردستان و تەنانەت لە ناوچەكەشدا بێ وێنەیە و تا ئێستاش وەك ڕەمزی خەباتی مەدەنی لە كوردستانی رۆژهەڵات دەناسرێت.
هێرشی رژیم بۆ سەر کوردوستان…!
٢٨ی گه‌لاوێژ ساڵڕۆژی ده‌رچوونی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی دژ به خه‌ڵكی كوردستانه. ٤٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له روژی ٢٨ی گه‌لاوێژ، كۆماری ئیسلامی لە کاتیکدا کە هێشتا زیاتر له چه‌ند مانگ له ته‌مه‌نی دەسەڵاتی تێپه‌ڕ نه‌ببوو، ته‌واوی ئه‌و ئیمكاناته‌ی كه له رژیمی شاوه وه‌ك میرات بۆی به‌جێ مابوو، له پێناو سه‌ركوتی جه‌ماوه‌رێك له كوردستان به‌كاری هینا كه ده‌یانویست له ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی خۆیان بەهرەمەند بن. كوردستان له هه‌لومه‌رجێكدا كه‌وته‌به‌ر شاڵاوی رژیمی ئیسلامی، كه ده‌وره‌یه‌كی چه‌ند مانگه‌ی رزگاری له كۆت و به‌ندی دیكتاتۆری رژیمی په‌هله‌وییان ته‌جروبه ده‌كرد. حیزبه سیاسیه‌كان ئازادانه چالاكیان ده‌كرد، رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان ورده ورده شكڵیان ده‌گرت، له هه‌ندێك له شاره‌كان شوراكانی به‌رهه‌می خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی، ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری رۆژانه‌ی خه‌ڵكیان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، رێژه‌ی جورم و جینایه‌ت له‌چاو ته‌واوی حه‌یاتی رابردووی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، به لانیكهمی خۆی گه‌یشتبوو. فه‌رهه‌نگ و ئه‌خلاقیاتی پێشره‌و ره‌گاژۆی كردبوو و وشیاری و شعووری سیاسی گشتی، به ئاستێکی بالا گەیشتبوو، ئیبتكار و خه‌لاقیه‌تی جه‌ماوه‌ریی بۆ سارێژ كردنه‌وه‌ی خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئه‌و زامانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌وی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا به‌جێی هێشتبوو، كهوتبۆە كار و هه‌ستی ئینساندۆستی و شور و شه‌وقی شۆڕشگێرانه، سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگای داگرتبوو.
به‌ڵام له هه‌مانکاتدا، نیگه‌رانی له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه له كوردستان و له ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا هه‌ستیان پێده‌كرا، ورده ورده پەرەی دەسەند. رژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو، هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌كانی پاش راپه‌رینی ٢٢ی ڕێبه‌ندان، هێمای دزێوی مه‌به‌ست و ئامانجی راسته‌قینەی خۆی به جه‌ماوه‌ر نیشان دابوو. چەند مانگ پێشتری یه‌كه‌مین به‌هاری ئازادی خه‌ڵكیان له شاری سنه شه‌ڵاڵی خوێن كردبوو، پیلان گێڕی، هه‌ڕه‌شه و خه‌ت و نیشان كێشانی به‌رده‌وام، پشتگیری و به‌هێز كردنی تاقم و گروپی كۆنه‌په‌ره‌ست و پشتیوانی له پاشماوه‌كانی كۆنه‌په‌ره‌ستی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، نائه‌من كردنی فه‌زای شاره‌كان له رێگای جێگیر كردن و دامه‌زراندنی بنكه‌ی چه‌كداری سه‌ر به رژیم، ته‌واوی ئه‌مانه زایه‌ڵه‌ی شوومی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه له رێدا بوون، به گوێی خه‌ڵكی كوردستاندا چرپاندبوو.
ده‌نگی شۆڕشی ئێران له كوردستانه‌وه دەبیسترێ…!
هێرشی ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٥٨ی رژیم بۆسه‌ر كوردستان، رووداوێكی كتوپڕ نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌شێك بوو له پلانه‌كانی خومه‌ینی و هاوبیرانی به مه‌به‌ستی تێکشکاندنی شۆڕشی ئێران و ناچار كردنی جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو بۆ ملكه‌چ كردن له به‌رانبه‌ر رژیمی ئیسلامی دا. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه بوو كه ماشێنی تازه‌ی سه‌ركوت به خێرایی كه‌وته‌وه كار و نه ته‌نیا هێزه سیاسیه‌كان، به‌ڵكوو ته‌واوی بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كرانه ئامانج.هێرش بۆسه‌ر كوردستان له ٢٨ی گه‌لاوێژ به‌شێك بوو له پلانێكی سه‌رتاسه‌ری به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕش و سه‌ركوتی ئەو جەماوەرەی كه بۆ رزگار بوون له ده‌ست سه‌ره‌رۆیی په‌هله‌وی و به‌هره‌مه‌ند بوون له ژیانێكی شیاوی ئینسان راپه‌ڕیبوون.جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی حكومه‌تی مه‌زهه‌بی، زه‌وت كردنی ئیراده‌یە له ئینسان. له‌م رووه‌وه ئه‌م رژیمه هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌گه‌ڵ ئازادی ئینسان بێگانه‌یە. خومه‌ینی پێویستی به ده‌رفه‌تێك بوو هه‌تا پایه‌كانی نیزامه ئیسلامیه‌كه‌ی خۆی جێگیر بكات. به‌ڵام وجودی كه‌ش و هه‌وای ئازاد ده‌رفه‌تێكی ئه‌وتۆی پێنه‌دەدا، تا ئه‌و كاته‌ی كه سروه‌ی نه‌سیمی ئازادی له هه‌ر شوێنێكی ئێران هه‌ستی پێده‌كرا، ئەو بە ئاسودەیی خەوی لێندەکەوت. له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه ئازادی وه‌ك ژه‌هرێك وابوو كه ده‌ڕژایه جه‌سته‌ی رژیمی ئیسلامیه‌وه.
خۆڕاگرییه‌كی پرژوبڵاو و ناهاوئاهه‌نگ له به‌رانبه‌ر هێرشی كۆنهپهرستیدا له هه‌موو شوێنێكی ئێران شكڵی گرت و رژیم نه‌یتوانی هیچ سه‌نگه‌رێك له ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا به ئاسانی داگیر بكات. به‌ڵام ئه‌م خۆڕاگریه له كوردستان وەها جانانە بوو کە سەری كۆماری ئیسلامی تێیدا له‌به‌رد درا. ئه‌م خۆڕاگریه، ده‌نگی شۆڕشی ئێران بوو كه له كوردستانه‌وه دەبیسترا و به گوێی خه‌ڵكی هه‌موو ئێران و جیهان ده‌گه‌یشت. ئەو خۆراگرییە له ماوه‌ی كه‌متر له ٣ مانگ دا خومه‌ینی كێشایه پشت مێزی وتووێژ، تا ئه‌م جاره‌یان به فێڵ و فریوكاری دەرفەتێکی گونجاو به‌ده‌ست بێنێت و بڵێسه‌ی ئاگری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه دامركێنێته‌وه. ئەم وتوێژە هەر وەکوو چاوەڕوان دەکرا بە هۆی نەسەلماندنی هیچ بەشێک لە مافە سەره‌تاییەکانی خەڵکی کوردستان لە لایەن رژیمەوە، بە ئاکامێک نەگەیشت،کاتێک چه‌ند مانگ دواتر رژیم هەستی بە ئامادەبوون کرد، سه‌رله‌نوێ هێرشی نیزامی خۆی ده‌ست پێكرده‌وه.
گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕێكخراوه سیاسییه‌كان بۆ شاره‌كان و پێشوازیی شكۆداری خه‌ڵك و په‌ره‌سه‌ندنی چالاكیی سیاسی و پێكهاتنی شورا و ڕێكخراوه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خه‌ڵك به‌سه‌ر چاره‌نووسیی خۆی، شكستی به هێرشی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ٥٨ی ڕژیم هێنا و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانی برده قۆناخێكی دیكه له خه‌بات و خۆڕاگری. خه‌ڵك به تایبه‌ت لاوان، نوێترین شێوه‌كانی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگایان به‌كار هێنا و له زۆر شوێنی كوردستان به شێوه‌یه‌كی سالم و دیمۆكراتێك كۆمه‌ڵگایان ئیداره ده‌كرد. ئه‌منییه‌تی گه‌ڕه‌كه‌كان به یارمه‌تیی خه‌ڵك دابین ده‌كرا. بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆراك و باقی پێداویستیه‌كانی دیكه‌یان ڕێكخست. خزمه‌تگوزاریی پزیشكی و ده‌رمانی ده‌ستی به‌كار كرده‌وه. مه‌دره‌سه و ئیدارهكانیان كرده‌وه و كێشه و گرفتی خهڵكییان چاره‌سه‌ر ده‌كرد و ئه‌خلاق و هه‌ڵسووكه‌وتی ئینسانی له هه‌موو بوارێكدا په‌ره‌ی پێده‌درا.
خەڵکی کوردوستان داواکاری ڕووخاندنی ئەم رژیمە بوون و لە هەولی خولقاندنی زەمینەکانی شۆڕشێک دابوون کە کۆتایی بە عومری پر ڵە جینایەتی بێنن.
سەرکەوێ بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردوستان
مــــەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسڵامیی ئێران