کوردستان و ڕێبەندانی ٥٧

✍ڕەزا کەعبی

 

١. ئاخێزەکان و ئاڵوگۆڕەکانی پاییز و زستانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتیی بەدواوە بوو، دەرفەتێکی گەورەی بۆ گەلی کورد خولقاند. ڕووخانی حکوومەتی شا و کۆتایی دەسەڵاتەی “پەهلەوەییەکان” کە لە دەسەڵاتە سەرکوتکارەکانی دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و ئازادیخوازنەی کوردستان و دەستیان بە خوێنی خەباتکارانی کورد سووربوو، نەمانی دەسەڵاتدارانێک کە بکوژی سمکۆی شكاک و قازی موحەممەد و هاوڕییانی و خەباتکارانی بزووتنەوەی ساڵەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ بوون و ژمارەیەکی زۆر لە جیلی نوێی خەباتکارانی چەپ و سوسیالیستی کوردستانیان زیندانی کردبوو و مافە سەرەتاییەکانی گەلی کوردیان پێشێل دەکرد، گیانێکی تازەی وەبەر خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئەو گەلە هێنایەوە و هێوایەکی نوێ لە دڵی خەڵکدا چرۆ کرد. هەموو زەبرەکانی حکوومەتی پاشایەتی کە لە بزووتنەوەی کوردستان درابوون، لەوانە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦، ساڵەکانی ١٣٣٨ و ١٣٤٦/١٣٤٧ و چەندین دەیە دیکتاتۆریی شا جێگەی خۆیان دابوو هیوا بە هێزە نوێخوازەکان و بزووتنەوە و ئاسۆیەکی نوێ.

‎٢. کوردستان پاش سەرکوت و کۆتایی “کۆماری کوردستان لە مەهاباد” و سەرەڕای ستراتێژیی دەسەڵاتی پاشایەتی و شۆڤینیسمی زاڵ بۆ نکۆڵی لە پێناسە و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، ئاڵوگۆڕی بەرین تێیدا ڕوویدا کە دەسەڵاتداران نەیاندەتوانی بەریپێبگرن. ئەو ئاڵوگۆڕانە ڕواڵەت و ناوەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانی گۆڕی و زیاتر لە جاران شێواز و سیمایەکی پێشکەوتنخوازانەتر، ئەوڕۆییتر، مافخوازانەتر و سەرەنجڕاکێشتر و خەڵکیتری پێبەخشی.

٣. کوردستان سەرەڕای ئەوەی بە پێی لێکدانەوەیەکی دروست درەنگتر لە بەشەکانی دیکە ژێردەسەڵاتی ڕژیمی پاشایەتیی ئێران هاتە مەیدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی شا بەڵام گوڕوتینێکی کەموێنە و بەشداریی مێلیۆنیی خەڵک شکۆیەکی تایبەتی دابووە ئەو خەباتە. هیوای تێکشکاندنی دەسەڵاتێکی سەرکوتکاری بزووتنەوەی کورد، هیوا بۆ گەشەی بزووتنەوەیەکی نوێ و هاوپشتیی خەڵکی خەباتکاری کوردستان لە ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکاندا و لە کۆبوونەوە و دوروشمەکاندا خۆی دەنواند.

‎٤. جۆش و خرۆش و ناوەرۆکی بزووتنەوەی کوردستان لە مانگەکان و هەفتەکانی کۆتایی دەسەڵاتی شا و بەر لە ڕێبەندانی ١٣٥٧ بە ئاشکرا دەریدەخست کە کوردستان ڕێگەیەکی جیاواز لەوەی لە “نوفێل لۆشاتۆ”ی گرتووەتە بەر و دوورە لەو بیرۆکە کە وردە وردە بەشی هەرەزۆری ئاخێزی دژی پاشایەتیی هێنابووە ژێر عەبای خۆیەوە. لە کوردستان تۆوی وەئاگاهاتن و وشیاریی نەتەوەیی لەگەڵ ویستی بەهێزی مرۆڤدۆستانە و یەکسانیخوازانە و چەپ و سۆسیالیستی دەچێندرا و چاوەڕوانییە گشتییەکانی خەڵک و ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگای بەرزتر دەکردەوە. لە شەش مانگی یەکەمی پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، وزە و هێزێکی مەزن خەریکبوو دەهاتە مەیدان و بزووتنەوەیەکی سیاسیی قووڵ لە پەرەسەندندا بوو.

٥. بەڵام هەر کوردستان نەبوو کە ئاڵوگۆڕەکانی بەهمەنی ٥٧ هەل و دەرفەتێکی زێڕینی بۆ خولقاندبوو بەڵکوو دوژمنانی بزووتنەوەی کوردستانیش لەبەرانبەردا کەوتنە پەلەقاژەی ئەوەی ئەو هەلە لە گەلی کورد زەوت کەن و وەکوو ئامرازێک دژی خەڵکی کوردستان بەکاری بێنن. دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامی و ئیدۆئۆلۆگەکانی شۆڤینیسمی لەمێژینە، بە نهێنی و ئاشکرا پشتی یەکیان گرت و هەر ڕۆژی دوای ڕووخانی حکوومەتی شا، دژی کوردستان و بزووتنەوەی نوێی کوردستان و ئەو دەرفەتەی دەستی گەلی کورد کەوتبوو کەوتنە کار و شوومترین خەونەکانیان بۆ کوردستان دیت و بە بێشەرمانەترین شێوە دەنگیان دژی ئەو ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازییە هەڵێنا.

 

٦. لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی نوێ و لایەنگرانی “تمامیت ارضی”، ڕێکخراوە چەپ و سۆسیالیستەکان و بزووتنەوەی بەهێزی ئازادیخوازنەی کە دژی کۆماری ئیسلامی وەڕێکەوتبوو، پشتیوانییان لە داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان کرد و پاش هێرشی حکوومەتی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان نەک هەر پشتی کوردستانیان گرت بەڵکوو زمارەیەکی زۆر لە کادر و ڕابەرانی ئەو ڕێکخراوانە لە سەنگەریی بەرگریی چەکدارانەدا گیانیان بەخت کرد. سەنگەری کوردستان بۆ بەرگری لە ئازادیی بوو بە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر. حکوومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بە باغەدانەری دیکتاتۆری و سەرکوتی ئازادییەکان و کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەو کات بوو بە هێمای ئازادی و خۆڕاگری بەرانبەر بە دواکەوتووی وسەرکوت. چۆن لەم ساڵانەی دواییدا “کۆبانێ” بوو بە هێما و سەنبولی خەبات بۆ مرۆڤایەتی و ئازادی.

٧. ئاڵوگۆڕەکانی سەردەمی ڕاپەرینی ١٣٥٧ بەستێنێکی لەباری بۆ پەرەسەندی خەبات و بڵێسەسەندنی ئاگری بزووتنەوەی کوردستان ڕەخساند و کاریگەریی زۆری لەسەر گۆڕانکاریی هەمەلایەنە لەو بزووتنەوەیەدا هەبوو. بزووتنەوەی سیاسیی مانگەکانی سەرەتای دەسەڵاتی حکوومەتی نوێ، نەورۆزی خێناویی سنە، تەحریم و بایکۆتی شانۆی ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاوی، بەشداریی بەرینی ژنانی کورد بە فۆرم و ناوەرۆکی نوێوە لە بزووتنەوەی کوردستاندا، دامەزرانی ڕێکخراوەکانی ژنا، کرێکاران، کۆمەڵە دیموکراتیکەکان، کۆچی مێژوویی مەریوان بە ڕابەریی کاک فواد و ڕێپێوانی گەورە و دوورودرێژی خەڵک بۆ پشتیوانیی خەڵکی مەریوان، چالاکیی ئازادانەی حیزبە سیاسییەکان، ڕێپێوان و کۆبوونەوەی بەرینی خەڵکی، خولقانی بابەتی ئەدەبی و هونەری و سروودی شۆڕشگێڕانە، پەیوەندیی لەگەڵ حیزب و لایەنە سەراسەرییەکان و دەسپێکی پەیوەندیی بەرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، ئەو فاکتۆرە چارەنووس سازانە بوون کە داهاتووی بزووتنەوەی کوردستان و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانیان دیاری کرد. بزووتنەوەیەک کە لە ژێر هەڕەشە و هێرشی بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو.

٨. ئەم ئاڵوگۆڕانە و بوونی ڕەوتە چەپ و سۆسیالیستییەکان کە کۆمەڵە بوو بە خاوەن پێگەترینیان، بزووتنەوەی کوردستانیان لەو قاڵبە سوننەتی و شێوە بەرتەسکەی خەبات کە پیاوان قۆرخیان کردبوو دەرهێنا و مانایەکی نوێی بە بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە خەبات و تێکۆشان و دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی بەخشی. دەوری تاقانەی خەباتی چەکدارانەی لە کوردستان کۆتایی پێهێنا و خەباتی جەماوەریی پەرەپێدا، دەور و نەخشی حیزبەکانی گۆڕی. پاش ڕووداوەکانی ئەو ساڵانەی سەرەتای دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کۆمەڵە بوو بە هێما و سەمبولی سیاسەت و ڕەوت تازەی بزووتنەوەی کوردستان.

‎ڕواڵەتی بزووتنەوەیکوردستان سەرەڕای هەوڵی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان لە دەیەکانی ڕابردوودا، گۆڕا و بوو بە بزووتنەوەیەکی سیاسی و خۆڕاگریی نەتەوەیەکی مافخوارو کە سۆز و پشتیوانیی هێزە خەڵکییەکان و ئازادیخوازانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بوونی بایەخە ئینسانی، دیموکراتیک و ئازادیخوازانەکان و دووری لە ڕق و نەفرەتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەرزبوونەوەی دەوری ژنان لە بزووتنەوەکەدا، لە خۆڕاگریی خەڵکیدا، لە زیندانەکاندا و لە مەیدانەکانی ئیعدامدا، لە خەباتی پێشمەرگانەدا و لە ناو حیزبە سیاسییەکاندا، کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازانەکەی بردە ئاستێکی نوێوە.

٩. زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێرشی نیزامی بۆ سەر کوردستان، پرۆپاگاندای دامودەزگای ڕاگەیاندنی سەرتاپا درۆی کۆماری ئیسلامی دژی بزووتنەوەی کوردستان، خولقاندنی دەیان تاوانی گەورە و کۆکوژیی وەکوو نەورۆزی خوێناویی سنە و دواتر لەشکرکێشیی ٢٨ی گەلاوێژ بە فتوای خومەینی بۆ سەر کوردستان و بزووتنەوە نوێکەی، گرتن و ئیعدامی چالاکانی سیاسی و دەیان تاوانی دیکەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دژی گەلی کورد هەرچەند ژمارەیەکی زۆر لە باشترین ڕۆڵەکانی کوردستانی کردە قوربانی و مەینەت و ئازاری زۆری بۆ گەلی کورد بەدواوە بوو بەڵام ڕووڕەشیی ئەو ئاکارە بۆ حکوومەتی ئێران ماوەتەوە و وەکوو دەسەڵاتێکی سەرکوتکاری دژە مرۆڤ و دژی بزووتنەوەی کوردستان لە دنیادا ناسرواوە.

١٠. کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەکەی پاش هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی و سەڕەڕای چەندین دەیە سەرکوت و لەشکرکێشی و داگیرکاری و ئیعدامی بەکۆمەڵ و دەیان تاوانی دیکە، سەربەرزتر و بەهێزتر لە جارانە و ئاسۆیەکی ڕوونتر لە جارانی لەبەرچاوە.  ئاڵوگۆڕەکانی دەیەکانی ڕابردوو لە کوردستان کە لە ژێر کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بووە، کۆمەڵگای کوردستان بەتەواوەتی گۆڕیوە. بەرینایی جوگرافیی بزووتنەوەی کوردستان زۆر زیاتر لە سەرەتای دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامییە و سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی کە بەنیازی لەباربردن و شکستی بزووتنەوەکە دەستیپێکردبوو نەک هەر نەگەیشتە ئاکامی دڵخوازی حکوومەت بەڵکوو هەستی خەبارکاری و شۆڕشگێڕی و دژایەتیی حکوومەتی ئیرانی پەرەپێداوە و بزووتنەوەی کوردستان بە ئەژمار و بەرینایی جوگرافیایی گەورەتر لە جارانە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێکان لە کوردستان، بزووتنەوەکانی ژنان، کرێکاران و خوێندکاران هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ڕگاریخوازانە و ئازادیخوازانەی کوردستان پەرەیان سەندووە و بزووتنەوەکەیان دەوڵەمەنتر و قووڵتر کردووە و ناوەرۆکێکی مرۆڤانیتر و دیمۆکراتیکتریان پێداوە.

لە ناو بزووتنەوەی کوردستاندا پلۆرالیسمی سیاسی و بوونی حیزبی جۆراوجۆر بە مەیل و ستراتێژیی جیاوازەوە، بووەتە هۆی بەرانبەرکێیەکی سیاسیی بەسوود و ئاستی ڕۆشنبیریی سیاسیی لە کۆمەڵگادا بەرزکردووەتەوە و یارمەتیی کردووە کە چالاکانی سیاسی زیاتر فێری قەبووڵکردنی یەکتری و گوێگرتن بۆ بیرجیاواز ببن. مەیل و تێگەیشتنە نادیموکراتیکەکان کە بەداخەوە دەورەیەک کێشە و گرفتیان لێکەوتەوە و تەنانەت ئاگری شەڕی ناوخۆیشیان لێهەڵگیرسا، چیدیکە خوازیاریان نییە و گەڕانەوە مەیدانیان زۆر زەحمەتە.

‎بزووتنەوەی کوردستان تەنها “بزووتنەوەیەکی پێشمەرگانە لە چیاکان” نییە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەرین و فرەچەشنی میلیۆنها خەڵکی مافخواز. پاشەکشە و لاوازبوونی کاتیی خەباتی چەکدارانە لە کوردستان نەک هەر نەبووتە هۆی دامرکانی بزووتنەوەکە بەڵکوو بەستێنی بۆ بەشداریی بەرینی خەڵک و هاتنە مەیدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییکان خۆشتر کردووە. ئازێزە جەماوەرییەکانی دوو دەیەی ڕابردوو لە کوردستان لە سەدەمێکدا کە خەباتی چەکدارانە زۆر بەرین نەبوو ئەو ڕاستتە دەسەلمێنێ.

لەم چوار دەیەدا ڕابەرانی ناودار و لەبیرنەچوو لە کوردستان هاتنە مەیدان کە ناو و ناوبانگایان سنوورەکانی کوردستانی بەزاند. سەدان و هەزاران کادر و تاکی سیاسی و نیزامی ناویان دەرکرد کە بوونە هاندەری جیلی نوێی خەباتکاران و هێما و سەنبولی خۆڕاگری و خۆبەختکردن و ئازایەتی لە مەیدانە سەختەکانی خەباتدا. خۆڕاگریی زیندانیان سیاسی، دایک و باوکانی شۆڕش کە دڵیان لەگەڵ ترپەی دڵی بزووتنەوەکە لێدەدا، ناوبانگ و دەنگدانەوە سروودەکانی خەباتکارانی شۆڕشگێڕ لە مەیدانەکانی ئیعدام و ژێر تەنافی داردا، هەموویان ئەستێرە درەوشاوەکانی ئاسمانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانن و ڕەوایی و مرۆیی بوون و خۆشەویستییان بۆ بزووتنەوەکە بەدیاری هێناوە.