دەنگی سپی دەنگێکی ڕەش بوو

✍ئەسعەد دوروودی

پاش بە ناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران، کە شکستێکی دیکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ دەسەڵاتداران تۆمار کرد، عەلیی خامنەیی ڕابەری حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: “ئەو کەسانەی کە چوونەتە ناوەندەکانی دەنگدان و دەیەوێ دەنگ بدا، خۆی لە دەنگدان نەبواردووە، دەیەوێ دەنگ بدار بەڵام لەناو بەردەنگەکاندا کەسی بەدڵ نییە، ئەو کەسە چی بکا؟ ئەو دەنگانەی حیساب نەکراون و باتڵە بوون نیشانەی دوورکەوتنەوەی خەڵک لە حکوومەتی ئیسلامی نین و بەپێچەوانە ئەوان ویستوویانە دەنگبدەن.”
پێش هەڵبژاردنەکان ژمارەیەک لەوانەی خۆیان بە چالاکانی سیاسی نەیاری کۆماری ئیسلامی و بگرە سەر بە ڕەوتی چەپیش لەقەڵەم دەدا، بە شێوەیەک باسیان لە بوونی دەرفەتێک بە خەیاڵی ئەوان لە ناو شانۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیدا دەکرد. لێکدانەوەیەک کە ئاکامەکەی دەبوو بە بەشداریی زیاتری خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنی حکوومەتدا و ڕەسمییەت پێدان بەو دەسەڵاتە دژە مرۆڤە.
کاتێک ئەوانەی وا بانگهێشتی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنیان دەکرد ڕووبەڕووی پرسیار دەبوونەوە کە خەڵک بۆچی دەبێ بەشداری هەڵبژاردنی حکوومەتی بن؟ وەڵامی وەکوو کەلک وەرگرتن لە مافە دیموکراتیەکان، هەوڵ بۆ بەهێزکردنی کۆمارییەت، هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر یان بابەتی لەو جۆرە دەبیستران.
لە وەڵامدا بە سانایی دەبێ بڵێین؛ لە دەسەڵاتێکدا کە هیچ مافێکی دیموکراتیک بۆ خەڵک نەسەلماوە و تەنها بە ڕەواڵەت و لە چوارچێوەی تەسکی دەسەڵاتدا ــ کە تا دێ تەسکتر دەبێتەوە ــ ڕێگە بە بە ناو هەڵبژاردنێک دەدەن، دیموکراسی و مافی دەنگدان مانای نییە و خەڵک ناتوانن بە هیچ شێوەیک لەو مافەی خۆیان بۆ ئاڵوگۆڕ یان دیاری کردنی شێوازی دەسەڵات کەلک وەرگرن. بەپێچەوانە ئەوە دەسەڵاتداران بوون کە بە مانڤۆردان لە نێوان جەمسەرە ڕواڵەتییەکانی خۆیاندا هەوڵیانداوە شانۆیەک بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ دەنگدان بخولقێنن و جاری واش بووە سەرکەوتوو بوون بەڵام ئاکامەکەی بۆ خەڵک هەر گوشاری ئابووریی زیاتر، بەرتەسکتربوونەوەی ئازادییە تاکەکسی و کۆمەڵایەتییەکان و دۆخی خراپتری ژیان بۆ ژنان، نەتەوە ژێردەستەکان، کرێکاران و خەڵکی کەمداهات، کەمینە جینسییەتییەکان، کەمینە ئایینییەکان و بە گشتی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا بێجگە توێژی سەر بەدەسەڵات و سەرمایەدارانی ڕانتخۆر و هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت بووە.
لە دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێراندا هەر لە سەراتاوە کۆمارییەت هیچ مانایەکی نەبووە و تەنها کڵاوێکی شەرعی بووە بۆ داپۆشینی دیکتاتۆریی ئیسلامی و فرۆشتنی بە بیروڕای گشتیی دەرەوەی وڵات و بەناو سیاسییە ساویلکەکانی ناوخۆ. کۆماری بوون چەمکێکی سیاسییە کە پێناسەیەکی دیاری هەیە و پێوەرەکانی هەڵبژاردنی دەسەڵاتداران بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و پێداگری لەسەر نەبوونی دەسەڵاتی هەمیشەیی و بێ لێپرسینەوەیە. حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقی دامەزراوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو پێناسەیە نایەتەوە و ئەوەندەی دەکرێ لە کۆمارییەت دوورە.
بۆ هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتردا کە بەتایبەت لە سەردەمی پێکهاتنی ڕیفۆرمخوازە حکوومەتییەکانەوە بووەتە باو و لە ڕاستیدا هەوڵی دەسەڵات بۆ هەڵفریواندنی خەڵک بووە، تەنها ئاوڕێک بۆ ڕابردووی بەسە، چاوێک لە دەورانی دەسەڵاتی خاتەمی و تاوانەکانی دەوڵەتەکەی بەرانبەر بە خەڵک، دەیسەلمێنێ کە لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا خراپ و خراپترێک مانای نەبووە و دەسەڵاتداران هەمیشە بۆ خەڵک خراپترین بوون.
ئەوانەی ئازادانە لە دوا شانۆی بەناو هەڵبژاردنی حکوومەتدا بەشدارییان کرد، بێجگە لە قەبووڵ کردنی درێژەی ئەو دەسەڵاتە هیچی دیکەیان نەکردووە. ئەو دەنگە سپییانەی چوونە ناو سندووقەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەنگێکی ڕەش بوون بە مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.