دەنگ مەدەن بە کۆیلایەتی

✍ئەسعەد دوروودی

حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زیاتر لە ٤ دەیە دەسەڵاتیدا، ئاسەواری ماڵوێرانکەری لە سەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی ــ بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشەوە ــ داناوە. ئەو ئاسەوارانە هەم لە باری ئابوورییەوە و هەم لە باری کولتوورییەوە و هەم لە باری ئازادییە تاکەکەی و کۆمەڵایەتییەکانەوە و بە گشتی لە هەموو بوارەکاندا ئەوەندە قووڵ و بنەڕەتین کە ئەو کۆمەڵگایە بە دەیان ساڵ و بگرە زیاتر کاری بەردەوامی دەوێ بۆ ئەوەی بگاتە ژیانێکی ئاسایی.

لە باری ئابوورییەوە ئەو حکوومەت بەرهەمی بۆ خەڵک هەژاری و فەقیرییەکی لە ڕادەبەدەر و بۆ دەستوپێوەندییەکانی خۆی، ڕانت و ئیمکاناتی بێزەحمەت و هیلاکی و سەروەت و سامانی لەڕادەبەر و خەیاڵی بووە. فەرماندەکانی سپای پاسداران و بەسیج و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی حکوومەت وەکوو مارێکی حەوت سەر لە سەر سینەی ئابووریی وڵات پەپکەیان بەستووە و مافییایەکی بێڕەحم و توندوتیژیان پێکهێناوە کە جگە لە ئاڵقەی نزیکی خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان ڕێگە نادەن کەس هەڵسووڕان و چالاکییەکی ئابووریی هەبێ و بۆ پڕ کردنی گیرفانیان تەنانەت یاسا ناتەواو و سەقەتەکانی کۆماری ئیسلامیش ڕەچاو ناکەن و خۆیان یاسان و لەسەرەوەی هەموو یاسایەکن.

لە باری کولتووریشەوە سیستەمی دواکەوتووانە و سەدە ناوەڕاستیی بیرکردنەوەیان، کاریگەریی خراپی لە سەر خەڵک بووە. هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەموو سیستەمی پەروەردە و هەموو یاساکان وا کاردەکەن و داڕێژراون کە خزمەت بە بڵاوکردنەوەی بیری کۆن و توندڕەویی ئیسلامی و ڕەگەزپەرەستی و هەڵاواردنی جینسی و داڕووخانی بەها مرۆییەکان دەکەن. تولورانس و ڕێزگرتن لە مرۆڤ و مافی بەرانبەر لاواز دەکەن و دنیایان بە دوو جەمسەری ڕەش و سپیدا دابەش کردووە و ئەوە لەگەڵ خۆیان نەبێ و وەکوو خۆیان بیر نەکاتەوە بە دوژمن و نەیار و خراپ باس دەکەن و ئەو بازنەیە هێندە چکۆلە بووەتەوە کە تەنها ژمارەیەکی کەم لە خۆشیانی تێدا جێدەبێتەوە. لە وەها دۆخێکدا توندڕەویی ئایینی بەستێنی بۆ ڕەخساوە و وەکوو دیاردەیەکی مەترسیدار لە کوردستان و چەندین بەشی دیکەی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا پەرەی سەندووە.

لە باری تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیشەوە ڕێزگرتن لە مافەکانی ئینسان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی و لە لای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەوی مانای نییە مرۆڤ و بەها ئینسانییەکانە. جیالەوەی کۆمەڵگا و تاکەکان بە گشتی تووشی ئەو ئازار و گوشارەن، هەندێک توێژ و کۆمەڵیش بەتایبەتی و بە شێوەی چەند قات لە ژێر گوشاردان. ژنان، لاوان، کەمایەتییە ئایینییەکان، گرووپە پەلکەزێڕییەنییەکان ــ واتە ئەوانەی ویست و حەز و جنسییەتی باو و سەپاو بە ڕەسمی ناناسن و لە ناو قاڵبی ناڕەوای کۆمەڵگای پیاوــ هێترۆسالاردا جێگایان نابێتەوەــ  و کەسانی خاوەنی پێداویستیی تایبەت ژمارەیەک لەو توێژانەن زیاترین گوشاریان لەسەرە و بە نامرۆڤانەترین شێوە هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێ.

لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێشلکران و زەوتی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و سەرکوت و زیندان و ئیعدام بۆ ئەوانەی هەوڵیان بۆ ڕزگاری و سەربەستی داوە، تەنها بەرهەمی حکوومەت بۆ خەڵک بووە. دەسەڵاتی داگیرکەر نەک هەر هەوڵی بۆ تواندنەوە و ئاسیمیلەکردنی کورد وەکوو نەتەوە داوە و کولتوور و شوناسی نەتەوەیی لە کوردستان کردووەتە ئامانج و بە شێوەی پلانبۆداڕێژراو و بەردەوام کاری بۆ کردووە بەڵکوو دەستی لە بە تاڵانبردنی سامانە سروشتییەکان و ئاسەوارە مێژووییەکانیش نەپاراستووە.

بەشداری کردن لە شانۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەنگدانە بە درێژەی ئەو هەموو ئازار و چەرمەسەرییەی خەڵک لەم ٤٢ ساڵەدا کێشاویە. دەنگدانە بە درێژەی دەسەڵاتی ڕەشی مافیای ئیسلامیی ئێران کە نەک هەر دانیشتووانی ئەو جوگرافیایە بەڵکوو خەڵکی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە بەشێکی دیکەی جیهانیشی تووشی نەهامەتی و نائارامی کردووە.

لە دۆخی ئەمڕۆدا بۆ ڕێزگرتن لە بەها ئینسانییەکان و بۆ ئەوەی بەرانبەر بە داگیرکاری، چەوسانەوەو هەژاری، نایەکسانیی ئینسانەکان، پێشێلکرانی مافی ژنان، تێکدانی سروشتی کوردستان، دزرانی سامانی خەڵک، پێشێلکرانی هەموو مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ئاسەوارە خراپەکانی دیکەی ئەم دەسەڵاتە نامرۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەنگ هەڵبڕین، بەشداری نەکردن لە بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەرکێکی ئینسانیە.

دەنگ مەدەن بە کۆیلایەتی