دەمامکی یەکسانی: کاتێک پرسی ژن لە «کردار»ەوە دەبێتە «بازرگانی»

لە کایەی گشتی و سیاسیی ئەمڕۆماندا، چەمکەکانی وەک «مافی ژنان» و «یەکسانیی جێندەری» گوتارێکی زاڵ پێکدەهێنن. لە پشت ئەم دروشمە بریقەدارانەوە، ڕاستییەکی تاڵ هەیە؛ بۆ زۆرێک لە تاکەکان، ڕێکخراوەکان و تەنانەت
حیزبە سیاسییەکانیش، پرسی ژن بووەتە پەردەیەک بۆ خۆدەرخستن، بانگەشەی سیاسی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی تایبەتی. کاتێکیش دێتە سەر هێنانەدی و کرداری ڕاستەقینە، بێدەنگییەکی ڕەها باڵ بەسەر ئەم ناوەندانەدا دەکێشێت. ئەم وەرچەرخانە مەترسیدارە پێویستی بە شیکارییەکی فیکری و ڕەخنەیی هەیە تا ڕووە شاراوەکانی تێپەڕبوونی ئەم دۆزە لە کایەیەکی مرۆییەوە بۆ کایەیەکی بازرگانی ئاشکرا ببن.
ژان بۆدریار، بیرمەندی فەرەنسی، چەمکی «سیمۆلاکرا» بەکاردەهێنێت بۆ وەسفکردنی نیشاندانی ڕووکار و کۆپیکردنی شتێک بەبێ ئەوەی لە بنەڕەتدا بوونی ڕاستەقینەی هەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە لایەن زۆرێک لە ڕێکخراو و حیزبەکانەوە بەڕێوە دەچێت، نموونەیەکی بەرچاوی «فێمێنیزمی نمایشی»یە. دۆزی ژن لە دۆزێکی بوونییەوە گۆڕدراوە بۆ کاڵا و ئامرازێکی میدیایی بۆ کۆکردنەوەی لایک، دەنگدان، یان ڕزگارکردنی وێنای گشتیی ناوەندەکان، بەبێ ئەوەی باوەڕێکی قووڵ بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئارادا بێت. ئەم جۆرە لە نمایش، فەزای ڕاستەقینەی خەبات بەرەو جیهانێکی خەیاڵی و کارتۆنی دەبات.
لەم خاڵەوە دەتوانین پێوەندییەک لەگەڵ فەلسەفەی سیاسیی هانا ئارێنتدا بدۆزینەوە، کە تێیدا کایەی گشتی تەنیا بە «کردار» و هاودەنگیی ڕاستەقینە زیندوو دەمێنێتەوە. کاتێک ڕێکخراوەکان و تاکە بەرژەوەندخوازەکان پرسی ژن دەکەنە پردێک بۆ مەرامە شەخسی و داراییەکانی خۆیان، کایەی گشتی لە ئەخلاق و ڕاستگۆیی بەتاڵ دەکەنەوە. ئەوان تەنیا نمایشی ڕزگارکەر دەکەن، کاتێک لە پشت پەردەوە، ئامادەی کێشانی هیچ باجێک و گرتنەبەری چاکسازییەکی ڕادیکاڵ نین. لێرەدا نمایش جێگەی کرداری گرتووەتەوە و هێزی بزوێنەری گۆڕانکاریی کوژاندووەتەوە.
ئەم کورتکردنەوەیەی دۆزی ژن لە چەند پۆستێکی ڕەمزی یان کۆڕ و کۆبوونەوەی بێبەرهەمدا، ڕێک هاوتای ئەو ڕەخنە توندەیە کە نانسی فرەیزەر ئاراستەی «فێمێنیزمی لیبراڵی ڕوواڵەتی» دەکات. ئەو پێیوایە ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە کێشە بنەڕەتییەکانی وەک ستەمی ئابووری، توندوتیژیی ڕێکخراو و یاسا نادادپەروەرەکان دەشارنەوە. ئەم حیزب و ڕێکخراوانە بە دروشمە کاتییەکانیان، تەنیا ڕوواڵەت دەگۆڕن و ژێرخانی چەوسانەوەی ژنان وەک خۆی دەهێڵنەوە. بەم شێوەیە، کێشە پێکهاتەییەکان لە پشت پەردەی چاکسازییە ڕوواڵەتییەکاندا ون دەبن.
ئەم پرۆسەی بەکاڵاکردن و نمایشکارییە، گەڕانەوەیە بۆ ئەو تێڕوانینەی سیمۆن دێ بۆڤوار لە کتێبی «ڕەگەزی دووەم»دا پێشکەشی دەکات، کاتێک باسی قەتیسکردنی ژن وەک «ئەوی تر» دەکات. لەم دۆخە نوێیەی ئێستاماندا، ژن دووجار دەبێتە قوربانی؛ جارێک لە ژێر سایەی سیستەمی باوکسالاریدا، و جارێکی تریش لە لایەن بازرگانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە کە پرسی یەکسانی وەک کەرەستەیەکی پۆپۆلیستی بۆ مەرامی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەم بەکارهێنانە، دەرئەنجامێکی مەترسیداری هەیە کە بریتییە لە دروستکردنی بێمتمانەیی گشتی بە خودی دۆزی ڕەوای ژن. کاتێک کۆمەڵگە دەبینێت بانگەشەکارانی یەکسانی تەنیا لە پێناو پۆست، ناوبانگ و بوودجەدا دەنگ هەڵدەبڕن، باوەڕی بە تەواوی بزاڤەکە لاواز دەبێت.
کاتی ئەوە هاتووە کە چیدی ڕێگە نەدرێت مێژووی پڕ لە ئازاری ژنان بکرێتە سەرمایەیەکی بازرگانی. پرسی ژن پێویستی بە بوێری، ڕاستگۆیی و کردار هەیە و لە دروشمی بریقەدار و نواندنی میدیایی بێزارە. پێوەری ئێمە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر تاک، حیزب و ڕێکخراوێک، دەبێت هەنگاوە کردارییەکانیان بێت لەسەر بەستێنی ژیانی ڕاستەقینە، نەک ئەو دەمامکە جێندەرییەی کە لە کاتی پێویستدا دەیپۆشن.
