دیداری نێوان پارتی سۆسیالیستی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان !
دوانیوەرۆی ئەمڕۆ شەممه ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، شاندێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەرێزان؛ بەیرام بۆزیەل سەرۆکی سێلڤا باکسی و جەلال یڵدز جێگرانی سەرۆک، مەسعوود تەک و وەلید حەکاری ئەندامانی ڕێبەریی سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لەلایەن هاوڕێیان؛ رەزا کەعبی سكرتێری گشتیی کۆمەڵە ، ئەمجەد حوسێن پەناهی ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە هەوڵێر، مەولوود یووسفی و ئارمان کورد ئەندامانی کومیتەی ناوەندی پێشوازییان لێکرا.
لەم دیدارەدا سەبارەت بە ڕووداو و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی تایبەت بە ڕەوشی دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان وتووێژ کرا.
کاک بەیرام بۆزیەل سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی کوردستان تیشکی خستە سەر ڕەوشی باکووری کوردستان و پێشهاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە دۆزی کورد لە تورکیە و پێویستیی هەبوونی یەکگوتاری و یەکڕیزیی کوردستانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە سیاسیەکاندا و هەروەها باسێک لە سەر قسەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستانی تورکیە سەبارەت بە پرسی کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی کرد.
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەش وێڕای بەخەێرهاتنی وەڤدی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و هاتنیان لە باکووری کوردستانەوە بۆ باشوور، باسی رەوەشی ناوەچەکە و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوەچەکە کرد و هەروەها باسێکی لە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشەکانی ئەم دواییە و بەتایبەت شۆڕشی ژینا و پەرەسندنی نارەزایەتی خەڵک لە کۆماری ئێسلامی کرد..
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێوەندیی دۆستانەی نێوان پارتی سۆسیالیستی کوردستان(psk) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کرا و باس لە پەرەپێدانی کاری هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و ناساندنی زیاتری دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە جیهان کرایەوە.
١٤٠٣/٠٩/٠٣ی هەتاوی
٢٠٢٤/١١/٢٣ی زایینی
#شۆڕشی_ژینا
#ژن_ژیان_ئازادی
#کۆمەڵەی_زەحمەتکێشانی_کوردستان