دژە شۆڕش بە کردەوە خەریکی بەهێز کردنی ڕیزەکانی خۆیەتی

دژە شۆڕش بە کردەوە خەریکی بەهێز کردنی ڕیزەکانی خۆیەتی
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گەلاوێژی ئەمساڵ له‌ حاڵێكدا كه‌ هێشتا ئاگری تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئێران دژ به‌ هەموو دارودەستەکانی ڕژیمی ئیسلامی گه‌شاوه‌یه‌، “مەسعوود پزیشکیان” کاندیدی بەرەی کۆنەپەرستی ڕێژەیی” حوكمی سه‌رۆك‌كۆماریی خۆی له‌ عه‌لی خامنه‌یی وه‌رگرت. عه‌لی خامنه‌یی و باندی نیزامی – ئه‌منییه‌تیی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ ئاسۆی سیاسی ڕژیمی ئیسلامی‌یان بۆ دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لێڵ ده‌بینی و نیگەرانی داهاتووی دەسەڵاتەکەیان بوون لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئەو کەسەی کە لە سندووقی دەنگدانی شانۆی هەڵبژاردن دەیهێننە دەرێ دەبێ کەسێکی ملکەچ و گوێڕایەڵی هەموو فەرمانەکانی خامنەیی و سپای پاسداران بێت. هەروەک چۆن خامنەیی لە قسەکانی ئاماژەی بەوە دابوو کە دەبێ سەرۆک کۆمار پابەندی هەموو یاساوڕێسای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و یاسای بنەڕەتی وڵات بێت و لە بەرژەوەندی وڵات و نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بجوڵێتەوە، ئەگینا ئەم حکوومەتە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەیە. بەرچاوە لە حکوومەتی ئێراندا ئەوە خامنەییە کە قسەی یەکەم دەکات و هیچ کەسێک بەبێ فەرمانی ئەو ناتوانێت کار بکات و سەرۆک کۆمار بەتەواوەتی لەژێر دەسەڵاتی ڕێبەری ئێران دایە.
“مەسعوود پزیشکیان” کاندیدی بەرەی کۆنەپەرستیی ڕێژەیی” ئەمڕۆ لەقسەکانیدا ئاماژەی بە یەکڕیزی و هاوئاهەنگی باڵەکانی نێو دەسەڵات دەکرد و بانگهێشتی بەئەستۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە کابینەکەی‌دا دەکرد، ڕەنگە ئەم قسانە بۆ ماوه‌یه‌كی یه‌كجار كورت بانده‌كانی ده‌سه‌ڵات یه‌كگرتوو و دڵخۆش بكات، به‌ڵام تووڕه‌یی و نه‌فه‌رتی خه‌ڵك له‌ گشتیەتی ئه‌م نیزامه‌ تا ئەمکاتەش بەردەوام لە گەشەسەندن دایە. خەڵک ئیتر شانسی خۆیان لەسەر ئەسپی دۆراو تاقی ناکەنەوە و هیچ بڕوا و متمانەیەکیان بە دەسەڵاتی نەگریسی ئەو ڕژیمە نەماوە. ڕژیمێك به‌ خه‌زێنه‌ی به‌تاڵه‌وه‌، گرفتاری قه‌یرانی قووڵی ناوخۆ‌، په‌راوێزكه‌وتوو له‌ بواری جیهانییه‌وه‌، بێتوانا له‌ دابین كردنی ئاو و به‌رقی خه‌ڵك، بێدەسەڵات لە پڕ کردنی سفرەی هەژاران، به‌ره‌نگاربووی جه‌ماوه‌رێك كه‌ له‌ ستەم و بێداد وه‌ته‌نگ هاتوون، جه‌ماوه‌رێك كه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ڕێچکەکانی خه‌بات و خۆڕاگریی خۆیان پێده‌گه‌یه‌نن، جه‌ماوه‌رێك كه‌ چیتر توندوتیژی و سه‌ركوت چاوترسێنیان ناكات و فێربوون كه‌ چلۆن مانگرتنی به‌رین و سه‌رتاسه‌ری پەکی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كان دەخات، وه‌ها ڕژیمێك به‌ وه‌ها جه‌ماوه‌رێكه‌وه‌، چ چاره‌نووسێك بێجگه ‌له‌ ڕووخان چاوه‌ڕوانی ده‌كات؟
پزیشکیان بە ڕوونی و ڕاشکاوانە بەرگری لە خامنەیی و “ولایەتی فقیە” دەکات و خۆی بە سەربازی نیزام دەزانێ و سەرمەشقەکەی گەورە تیرۆریستی ناوچە قاسم سولیمانی‌یە و لە زۆربەی بەرنامەکانیدا بەکردەوە دژە ژن بوونی خۆی سەلماندوە. ئەو لە هیچ کوێ باس لە کۆتاییهێنان بەو گوشارانە ناکات کە بە مەبەستی سەپاندنی حیجابی ئیجباری لەدژی ژنان کە لەلایەن ناوەندەکانی سەر بە گەشتی ئیرشادەوە بەڕێوەدەبردرێن و تەنانەت لەم بابەتەوە زمانی بۆ ساتێکیش نایەتە گۆ. هەر لەم ماوەیەدا کە باسی لە کرانەوەی کۆمەڵگای ئێران و گۆڕانی دۆخی وڵات دەکات ئێمە لە کۆمەڵگای کوردستاندا شاهیدی دەرکردنی حوکمی سێدارە بۆ چاڵاکوانانی ژنانین. هەر لەو دەرفەتە کەمەدا کە جەنابیان هاتوونەتە سەر دەسەڵات لەگەڵ شەپۆلی لەسێدارەدان رووبەروین . ٧ کۆڵبەڕ بەتەقەی ڕاستەوخۆ بریندارو کووژران و چوار حوکمی سێدارەی تریش بۆ نەتەوەکانی تری ئێران دەرچووە. مەسعوودی پزیشکیان کەسێکی درۆزن و دۆڕاو و هەلپەرستە و بە شانازییەوە باس لەوە دەکات کە سەردەمێک بەرپرسی پاکسازی ژنانی لە ئیدارە و ناوەندە دەرمانییەکان دا لە ئەستۆ حیجاب بووە و حیجابی لەناو نەخۆشخانە و زانکۆ پزیشکییەکاندا کردووە بە پرسێکی ئیجباریی. قسەکانی ئەمرۆی هەمووی نیشانیدا کە وەعدە و بەڵێنەکانی، بەڵێنی سەرخەرمانن و بە گریمانەیەکی مەحاڵ تەنانەت ئەگەر ئیرادەیەک هەبێت بۆ جێبەجێکردنی وادەکانی، چۆن لەگەڵ تاقمی کۆنەپەرەست و دژە ژنی نوێنەرانی بەناو خەڵکی ناو مەجلیس و شۆڕای نیگابان و وەلایەتی فەقیە بەرەوڕوو دەبێتەوە، ئەستەمە بتوانێ شتێک بکات.