دونیا لە ئاوێنەی جیهانی چەن جەمسەریدا…!
ع.ئاجیکەند
گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو زلهێزانەی خۆیان وەک پارێزەری وڵاتانی ئەم بەشەی جیهان پێناسە دەکەن، ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەهەڵکشانەو لەرێگای کۆبوونەوەی خۆیانەوە خوازیاری دانی پەیامێکن بە گوێی وڵاتانی ڕۆژئاوادا. ئەم وڵاتانە کە بە لوتکەی بریکس پێناسە دەکرێن لە هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی خۆیاندان و دەیانهەوێ لە بڕیارێکی بەکردەوەدا دوڵار وەڵا نێن و چیتر بەم دراوە سات و سودا نەکەن .
لە دانیشتنی ١٦هەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی بریکس لە کازانی ڕووسیە بڕێارێک پەسەند دەکرێ لەمەڕ دروست کردنی دراوێک بۆ پێک هێنانی ئالوگۆری بازەرگانی نێودەوڵەتی بە مەبەستی دورکەوتنەوە لە دوڵاری ئامریکا. ئەوان تەنانەت دیزایینی دراوی تازەی خۆشیان بڵاو کردەوەو بانگشەیان بۆ کرد کە ئەم دراوە و ئەم بانگەشەیە بۆ هۆی تووڕە بوونی دۆناڵد ترامپ. ترامپ بریارو ئامانجی دیاری کراوی وڵاتان ئەندامی بریکسی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند ئەگەر دەست لە دروستکردنی دراوی بریکس هەڵنەگرن ئەوە دەبێت ماڵئاوایی لە بازاری ئەمەریکا بکەن. ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد، “دەبێت وڵاتانی بریکس، بەڵێن بدەن کە نابێت هیچ دراوێک وەکوو جێگرەوەی دۆلار دروست بکرێت، ئەگەر وانەکەن، ئەوە بە ڕێژەی 100% باجیان بەسەردا دەسەپێندرێ و هیچ دەرفەتێک نییە کە بریکس ببێتە جێگرەوەی دۆلار لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا، هەر وڵاتێکیش وا بکات ئەوە سڵاو لە باج دەکات و ماڵئاوایی لە ئەمەریکا و بەم شێوەیە دەرفەتی فرۆشتنی كاڵاكانیان لە بازاڕی ئەمریکا لەدەست دەدەن.”ئەمرۆ بە لەبەر چاو گرتنی ئاڵوگۆرە جیهانییەکان و گەشەی روو لە خێرای ئابووری زۆرێک لە وڵاتان، شاهیدی ئەوەین کە ئەم وڵاتانە سەرەڕای هەموو بەربەستەکانیان، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێژمۆنیخوازیی ئەمریکا لەڕێگەی دۆلارەوە، بەرەو پێکهێنانی ئەو مێکانیزمانە هەنگاو دەنێن کە جێگەی دۆلار بگرێتەوە. ئەوان دەڵێن کە چیتر نابێ جیهان پشت بە دراوێکی دیاریکراوی وەک دۆلار ببەستێت. جێگای ئاماژەیە کە وڵاتانی ئەندام لە بریکس 44% ی یەدەگی نەوتی جیهان و 32%ی كۆی گشتی بەرهەمی جیهان پێكدەهێنێن. هەروەها لە ساڵی 2015ەوە ئەم وڵاتانە بانکی گەشەپێدانیان دامەزراندووە و ئەم بانکە توانای دابینکردنی زیاتر لە 32 ملیار دۆلاری هەیە بۆ پرۆژەکانی ئاوو ڕێگاوبان و ژێرخانەکان. ئەم وڵاتانە ٪45ی ژمارەی دانیشتووانی جیهان پێكدەهێنێن و٪32 ی كۆی گشتی بەرهەمی جیهان پێكدەهێنێن و خاوەنی سێیەكی یەدەگی گازی سرووشتی جیهانیشن. بەدوای شەڕی ئۆکراین و داسەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر ڕوسیە لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانییەوە، هاوکاری نێوان وڵاتانی (بریکس) پەرەی سەندو ئەم وڵاتانە بە دراوی خۆیان سەودا دەکەن. ئەم شێوازە لە سەودا کردن نرخی دۆلاری ئەمریکای هێناوەتە ئاستێکی خوارتر و دەوری ئەو چەکە کوشندەیەی ئەمریکا (واتە گەمارۆی ئابووری) کە لە دژی روسیە بەکاری هێنابوو، پووچەڵ کردۆتەوە.
ساڵی ٢٠٢٣ ئێران بە فەرمی بانگهێشتی بریکس کرا. ئەم بانگهێشتنەو ئەم ئەندام بوونە بۆ ئێران دەرفەتێکی زێرینی قۆزتەوە تا ئێران ئەم لووتکەیە وەک ئامرازێک بۆ دەرباز بوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا وبەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ نەیارانی ئەمریکاو رۆژئاواییەکان بەکار بێنیەت. ئەم سیاسەت و ئەم ئامانجەی ئێران لە هەرەشە نوییەکانی دوناڵد ترامپ دژی هەلوێستی گۆڕینی دراو و بە تایبەتی خۆی نیشاندا. مەسعودی پزیشکیان و خامنەیی نیگەرانیەکانی خۆیان لەئاست باڵادەستی ئەمریکا بەسەر سیستەمی دارایی و بانکی نێودەوڵەتی، کە لەلایەن ئەمریکاوە چەکدار دەکرێت بۆ سەپاندنی فشارە سیاسی وئابوورییەکان بەسەر دوو وڵاتی ئێران و رووسیە، نەشاردەوەو بە ڕاشکاوی باسیان لێوە کرد.
بێگومان بەرەنگاربوونەوە وملمڵانییەی ئەم جەمسەرانە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جیهان زیاتر بەرەو نائارامی دەبات و ئەگەری تێکهەڵچوونەکان زیاترو زیاتر دەکات و دەسکەوتەکەشی جیا لە هەژاری وماڵوێرانی و هەڵگیرسانی دووبارەو چەندبارەی شەڕە نیابەتییەکان و لەناوچوونی ژینگە، ئاوارەبوونی ملیۆنی، نابێ…..