دوایین پێشھاتەکان لەسەر کەیسی ئەتۆمیی ئێران

✍سەیران مستەفازادە

لە درێژەی دوایین پێشھاتەکان لەسەر کەیسی ئەتۆمیی ئێران جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئامریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند پرۆسەی دانووستانەکان زۆر ئاڵۆزە و هێشتا زووە کە بڕیارێکی کۆتایی لەسەر بدەین. بەرپرسی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران رۆژی هەینی ١٦ی ئاوریل. رایگەیاند کە وڵاتەکەی دەستی بە پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە رێژەی ٦٠ لەسەد کردووە، راشیگەیاند کە ھاوکات لە پیتاندنی ئۆرانیۆم بە رێژەی ٢٠ لەسەدیش بەردەوام دەبن.

هەروەها رۆژی پێنج شەممە دوایین کۆبوونەوەی راستەوخۆی ئێران لەگەڵ چوار وڵاتی بەشدار لە بەرجام و ھەروەھا ئامریکاش بە شێوازی ناراستەوخۆ لە ژێر سێبەری رووداوی نەتەنز و ھەروەھا  گەمارۆ نوێیەکانی یەکێتیی ئورووپا لەسەر ئێران ئەنجام دراو ئەو کۆبوونەوانە قەرارە رۆژی  شەممەش بەردەوام بێت.

عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و ھەروەھا نوێنەری ئێران لەو وتووێژانە وێڕای ئاماژە بەوەی کە کەش و ھەوای کۆبوونەوەکە بە ھۆی رووداوی نەتەنز و ئەوەی ئەو کردەوەیە لە لایەن وڵاتە ئورووپاییەکان مەحکووم نەکراوە و بۆتە ھۆی دڵگرانی ئێمە و ھەروەھا وێڕای ئاماژە بە ئاستەنگ درووست کردنی نوێترین گەمارۆکانی ئورووپا لە سەر وڵاتەکەی رایگەیاند کە دوولایەن لەسەر ئەوە رێکەوتوون کە  درێژە بە وتووێژەکان بدەن.

ئەوە لە حالێکدایە کە رێبەری کۆماری ئیسلامیی وێڕای جەختی دووبارە لەسەر درێژە پێدانی دانوستانەکان لەگەڵ ئورووپا رایگەیاند کە دەبێ کاتێکی دیاری کراو بۆ ئەو کۆبوونەوانە دیاری بکرێت و سەبری ئێران ھەتاھەتایی نییە.

رووداوی نەتەنز کە ئێران وەک تێرۆریزمی ھەستەیی ناوی دەبات ، پیتاندنی ئۆرانیۆم بە رێژەی لە سەدا ٦٠، گەمارۆکانی ئرووپا لەسەر ئێران و ھەروەھا ویست و چاوەروانییەکانی ئێران و لایەنی بەرامبەر لە یەکتر چارەنووسی ئەو کۆبوونەوانە نادیار کردووە، ئێران لەلایەک داوای ئەوە دەکات کە ھەموو گەمارۆکان بە یەکجاریی لەسەر ئێران لاچێت و لەلایەکی ترەوە ھەڵوێستی ئامریکا لەسەر ئەوەی کە دەبێت دوولایەن ھەنگاو بە ھەنگاو ئەرکەکانی خۆیان بەجێ بێنن ئەنجامێکی دیار و ئاشکرا لە داھاتوودا نیشان نادات. ئەمە لە حالێکدایە کە حەوتووی رابردوو یەکێتیی ئووروپا گەمارۆکانی سەر ئێرانی بۆ یەک ساڵی تر درێژ کردەوە و هەر وەها ۸ فەرماندەی سوپای پاسداران  و پۆلیس و بەسیج  و سێ گرتووخانەی ئێرانی خستە ناو ڕیزی گەمارۆی  ئابوورییەوە و یەکێتیی ئوورووپا  ئەو بەرپرسانەی ئێرانی بە هۆی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ خستۆتە نێو لیستی گەمارۆکان . بە پێی ئەو گەمارۆیانەی یەکێتیی ئووروپا ئەو کەسە دیاری کراوانە مافی هاتووچۆیان بۆ ئورووپا نیە و دەست بە سەر داراییەکانیاندا دەگیرێت. حسەین سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، غوڵامڕەزا سولەیمانی سەرۆکی بەسیج،حسەین کەرەمی و حسەین ئەستەری دوان لە فەرماندەکانی پۆلیس، حەسەن شاهوار پور فەرماندەی سوپای خوزستان و لەیلا واسقی فەرمانداری شاری قودس لەو کەسانەن کە  خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە و  هەر وەها سێ گرتووخانەی ئەوین، فشافویە و زیندانی  رجایی شار  بە هۆی ئەوەی کە لە خەزەڵوەری ۹۸ دا  ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکان دا بەشداریان کردبووە  راگرتووە،  خرانە ناو لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئووروپا .  لە ساڵی ۲۰۱۳ دا  یەکێتی ئورووپا  لە دوای  رێکەوتنی ناوەکیی ژنێڤ  لە ژێر ناوی بەرجام سزاکانی سەر ئێرانی کەم کردبۆوە و ئەوە یەکەم جارە کە یەکێتی ئورووپا بەرپرسانی ئێرانیی بە هۆی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ خستۆتە نێو لیستی گەمارۆکان. کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی ئەو کردەوەیەی یەکێتیی ئورووپا رایگەیاند که  وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە درۆ  دیفاع لە  مافی مروڤ دەکەن . ئێران لە حاڵێکدا باس لە مافەکانی  خەڵکی ئێران دەکات کە خۆی لە بواری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ریزی رەشترین وڵاتانی دونیادایە .  گەمارۆکانی ئامریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئووروپا راستەوخۆ لە سەر بارودۆخی ئابووری ئێران کاریگەریی هەیە و بارودۆخی ئابووری ئێران لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام زۆر لاوازتر بووە. به پێی هەڵسەنگاندنی سندووقی نێونەتەوەیی دراو  لە ماوەی  ئەمساڵدا بەرهەمی   پوختە نەکراوی ئێران ۱۰ لەسەد  کەم دەبێتەوە و دراوی ئێران چۆتە ناو لیستی کەم بەهاترین دراوەکان و لە گەڵ وڵاتانی وێنێزوئێلا و ئەفغانستان لە ئاخری پلەبەندیەکان دایە