دوارۆژ . ح. شەبەق
دوارۆژ
هەمیشە وایە دروستکردنی ماڵێک لە بناغەوە دەست پێدەکات. دیارە بناغەش بێگومان بە پێی نەخشەیەکی دیار و ئامادەکراو دادەرێژرێت. دوارۆژێش هەروایە. دوارۆژ مەودایەکە کە هێشتا پێی نەگەیشتووی. رەنگە هیوایەک بێ و، هەوڵ بدەی پێی بگەی. هەموو کەس لە نەهانی خۆی دا نەخشەیەکی بۆ دوارۆژی خۆی هەیە. نەخشەی تۆ بۆ دوارۆژ چیە؟
بۆ ئەوەی مەسەلەکەت بۆ ئاسانتر بکەمەوە نموونەیەکت بۆ دێنمەوە. ئەگەر لە کەسێک کە لە خانووی بەکرێ دا دەژی بپرسی: پێتخۆشە لە داهاتوودا ماڵی خۆت هەبێ؟ لەوانەیە بە سەیر چاوت لێ بکات و لە دڵی خۆی دا بڵێ باشە ئەو کابرایە شێت نیە؟ کێ پێی خۆش نیە کە ماڵی خۆی هەبێ. هەموو مرۆڤێکی کە بەرپرسایەتی خۆی و بنەماڵەیەکی لەسەر شانە، ئارەزوو دەکات کە رۆژێک لە رۆژان ببێتە خاوەنی ماڵی خۆی و چیتر لە خانووی بەركرێ دا نەمێنێتەوە. مەعلوومە کە خانووی خۆت هەبوو دڵی خۆت و مناڵەکانت خۆشترە. ئاسودەتری. شەو باشتر دەخەوی و بەیانی زووتر هەڵدەستی. دڵت بەکار گەرمتر و ژیان لەبەر چاوت گەش و روونترە.
هاورێی من نەخشەی تۆ بۆ دوارۆژ چیە؟ تۆ بۆ کام دوارۆژ تێدەکۆشی؟
ئەگەر دوارۆژ هیوایەک بێ کە تۆ هەوڵی بۆ دەدەی، پێویستە هەر لە ئێستاوە نەخشەکەی روون کەیەوە، چونکە بە بێ نەخشە ناتوانێ بناغە دارێژی و بێ بناغەش هەرچی دروستی کەی هەر دەروخێتەوە. ئێمە لە ژیانی خۆماندا زۆر خانووچکەمان دین هەر دروستکران و رووخانەوە.
ئەگەر دوارۆژ تۆوێکە کە دەیچێنی، دەبێ بزانی چ تۆوێک و لە کوێ و چۆنی دەچێنی. کورد گوتەنی: چ بچێنی، لە دوارۆژیشدا، هەر ئەوە دەدروویەوە.
لەبیرمە رۆژێک کەسێک خەڵکی کردە پەیژە و هەوڵی دا بەسەریاندا سەرکەوێ. ئێستاش کەس نەیزانی، رەنگە هیواکانی هەر ئەوەندە نەبووبن. بەڵام ئەو بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بگەیەنێتە بەرزاییەکان، خەڵکی بە خۆیانەوە مەشغوڵ کرد و، لە جیاوازییەکانی ئەوانەوە دەستی پێکرد. هەوڵی دا ئەوە شی بکاتەوە کە خۆی لەگەڵ خەڵک جیاوازە. خەلک لەگەڵ ئەو جیاوازە. ئەم لەگەڵ ئەو، ئەو لەگەڵ ئەم جیاوازە. ئێتر وای باو کرد کە هەر کەس لەگەڵ ئەوی دیکە جیاوازە و بەمجۆرە وای لێ هات کە کەس خەتی کەسی نەخوێندوە و کابراش لەم دۆخە شێواویەدا، بەرەوە ئامانجەکان و داورۆژی خۆی پلە بە پلە بەسەر خەڵکەکەدا سەر کەوت. تۆ چی بە خەڵک دەڵێی؟ دەڵێی کە جیاوازن یا دەڵێی خاڵیهاوبەش، هیوایهاوبەشو دوارۆژی هاوبەشیان هەیە؟
دەتەوێ لە دوارۆژدا تۆ چۆن و خەڵک چۆن بن؟ ئایا بۆ روونکردنەوەی دوارۆژ، هەوڵ دەدەی لە کام خاڵەوە دەس پێ بکەی؟ ئەگەر پێخۆش بێ دەتوانی لە جیاوازییەکانیشەوە دەسپێبکەی. کارێکی سەخت نیە. ئاسانترین کار هەر ئەوە لە بناغەوە لە جیاوازییەکانەوە دەس پێ بکەی. هەموو کەس دەتوانێ بۆ ئەوەی مەبەستێەتی تێبکۆشێ. باس کردن لە جیاوازییەکان هەڵبەتە هەر ناگەرێتەوە ئێستا و ئەم سەردەمەی ئێمە. گەورەکردنەوەی جیاوازییەکان لە ناو خەڵک دا، مێژوویەکی دورو درێژی هەیە. ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا کۆمپانیای هیندی شەرقی کە هی لۆردەکان و بنەماڵەی سەڵتەنەتی ئینگلیس بوو، وڵاتی هیندوستانی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە. سەرکەوتنی ئینگلیسیەکان لە چەوسانەوەی خەڵکی هیند و بەتاڵان بردنی بەروبووم و کەرەستەی خاوی ئەو وڵاتە گەورەیە، لە بڵاوکردنەوەی تۆوی جیاوازی لە ناو خەڵک دا دەستی پێکرد. ئەوان تۆوی جیاوازییان پژاندە ناو زەوی فیکری خەڵک و خەڵکە سادەکەش بە ئاسانی لێک بوونە دوژمن و کاتێک وەخۆ هاتنەوە هەموو شتێک لەدەس چووبوو. کۆمپانیای هیندی شەرقیش بەم شێوەیە و بەم نەخشە رێگایە توانی بە مەرامەکانی دوارۆژی خۆی بگات.
تۆ بۆ بنیادنانی کام دوارۆژ، کام ماڵ تێدەکۆشی؟ هەوڵ دەدەی کام تۆو بڵاو بکەیەوە؟ ئایا نەخشەی هیواکانت روون کردوەتەوە؟ زەوییەکەت دەسنیشان کردووە؟ وەستا و کەرەستە و هێزی کارت دیارن؟ لە کوێوە بە تەمای دەس پێبکەی؟ 16.06.2024