دانیشتنی ڕیاز گورزێکی ترە لە تاران…!
عەزیز ئاجیکەند
بەستەڵەکی گەورەی نێوان ئامریکا و ڕووسیە تا دێت روو لە توانەوەیە. ڕۆژی سێشەممە ١٨ی فێبرییە پایتەختی دەوڵەتی عەرەبستان، دوای ماوەیەکی زۆر لە گۆشەگیری سیاسی و داڕمانی دیپلۆماسی لە ئاکامی کوشتنی رۆژنامەڤان جەمال خاشوقچی لە ساڵی٢٠١٨ لە تورکیە، ئەو مەجاڵەی لە ڵایەن ئامریکاوە پێدرێ کە ببێتە میوانداری دانوستانی دوو وڵاتی ئامریکاو ڕووسیە.
مەبەستی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە کە لە دوای سێ ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکان دێتە ئاراوە خزمەت بەم ئامانجانە دەکەن.
یەکەم ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات و چارەسەر کردنی قەیرانەکانی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتایی هێنان بە هاوکێشە سەرەکییەکانی نێوان دوو وڵات. دووهەم دانانی بناغەی دانوستاندنەکانی شەڕی ئۆکراین و کۆتایی پێهێنانی و سێهەم گەشاندنەوەی رووی دیپلۆماسی عەرەبستان و بەکارهێنانی وەک کارتێکی سیاسی بە مەبەستی گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران.
بۆ دەوڵەتی ڕووسیەش ئەم شێوە دانوستانە دەتوانێ گەورەترین خزمەت بێ. یەکەم ڕووسیە قۆناغی پەراوێز خستنەوەی خۆی دەنێتە پشت سەڕ و هەنگاو بۆ یەکجەمسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگرێ و دەوری ئێران و چین دەداتەوە و رێگا بۆ هاتنەوەی نێو کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی خۆشدەکات. بۆ سیاسەتە ناوچەییەکانی ئامریکاش سازان لەگەڵ ڕووسییە دەتوانێ گورزێک و سەرکەوتنێک بێ بۆ زیاتر پەراوێز خستنی دەوڵەتی ئێران و بە چۆک داهێنان و کێشانی بۆ سەر مێزی دانوستان و هەروەها کورت کردنەوەی بازنەی سەرەرۆیە ئابوورییەکانی وڵاتی چین. وڵاتانی ڕۆژئاواش بە گرنگیەوە دەڕواننە ئەم دانیشتنانە. وڵاتانی ڕۆژئاواش هەم تووڕەن و هەم نیگەرانییەکانی خۆیان وەک دیمۆکراتەکانی ئامریکا ناشارنەوە و دەڵێن بانگهێشت نەکردنی ئەوان و لایەنی سەرەکی شەڕەکە واتا سەرۆکی ئۆکراین کێشەکان نەک چارەسەر ناکا بەڵام ئاڵۆزتریان دەکات. ئەوان پێان وایە کە دوناڵد تڕامپ بە دانی ئیمتیاز بە پۆتین خەیاڵی هەڕەشەی بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە و دەیهەوێ دەستی ئەوان لە ناوچەکە ببڕێ و دووریان خاتەوە لە ملمڵانییەکانی ناو خۆی ئۆکراین. بێگومان دۆخی ئۆکراین کاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ سەر رۆژئاوا هەیە ئەوان نیگەرانی هاتنەوەی ڕووسیە و شکانی گۆشەگیر کردنی ئەو وڵاتەن لە نێو بیروڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی.
لە هۆکارە سەرەکییەکانی دیاریکردنی دانیشتنەکانی دوو وڵات لە ڕیازی پەیتەختی عەرەبستانی سعوودی یەکەم سەرۆکی دەوڵەتی ڕووسیە دەمێکە لەلایەن دادگای لاهەوە بڕیاری گیرانی بۆ دەرکراوە. دەوڵتی سعوودیش لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدا دێتە ئەژمار کە ئەو دادگایە بە فەرمی ناناسێ و کەواتە ئەو وڵاتە شۆنێکی ئەمن و گونجاوە بۆ کەسێکی وەک پۆتین.
دووهەم دونالد ترامپ دەیهەوێ ڕۆڵێکی سەرەکی لە پرسی غەززەدا بگێرێ و نایهەوێ ئەم پرسە ببێتە تێکدانی دیپلۆماسییەتی نێوان دوو وڵاتی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی. ئەوان دەیانهەوێ پێگەی دەوڵەتی عەرەبستان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی تایبەت بە کەرتی غەززە لە ناوچەکە بەهێز کەن. خاڵی بەهێزی ئەم دانیشتنە کە دەکرێ وەک خاڵی سێهەم و گرنگترینیان ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە ئامریکا دەیهەوێ ڕاستەو خۆ بە ئێران بڵێ کە وڵاتی عەرەبستان هاوپەیمانمانە و دەی پارێزین و پشتیوانی لێدەکەین بۆ بوونی بە جەمسەرێکی بە هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پەیامە و ئەم هەنگاوە تاران زیاتر تووڕە و گۆشەگیرتر دەکات و دەستی ئامریکا ئاوەڵاتر دەکات بۆ گوشاری زیاتر و ئەگەری روودانی شەڕێکی تر لە ناوچەکە بۆ ڕووخانی دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامیی…