خۆکوژی وەک دیاردەیەکی مەترسیدار
ژیلا ئەحمەدی
خۆکوژی کارێکی بە ئەنقەست دەکوترێت کە خۆکوژ بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی ئەنجامی دەدا ، زۆربەی کات خۆکوژی بە هۆی بێ هیوای روو ئەدات کە هۆکارەکەی کێشە دەروونیەکان وەکوو خەمناکی ، ئیسکیزوفیرینیا ، شکەست لە خۆشەویستی، کێشەی دووجەمسەری، گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان، هەروەها کێشەگەلی کۆمەڵایەتی وئابووری لە هۆکارە سەرەکییەکانن و پەیوەندی راستەوخۆی هەیە کە دەبنە هۆی بیری خۆکوژی لای خۆکوژەکان.
سالانە لە جیهان نزیکە ٨٠٠٠کەس بە هۆی خۆکوژی گیانی خۆیان لەدەست ئەدەن یانێ هەر ٤٠ سانیە یەک کەس دەست ئەدات بە خۆکوژی، کە لە ڕوانگەی پسپۆرانی نەخۆشییە دەروونییەکان ئەگەر بەم شێوەیە بچێتە پێشەوە هەموو سالێک یەک میلیون کەس دەبن بە قوربانی بێ سەرەنجی خەڵک و کۆمەڵگای زانستی ونەتیجەی ئەو پشکنینانە کە دەلێن دەتوانین خۆکوژی بەربەست بکەن.
لە ئێرانیش دا بە تایبەت لە ساڵانی رابردوودا بە شێوازێکی بەرچاو خۆکوژی زیادی کردووە و هەروەها جیا لە هۆکارەکانی خۆکوژی، جۆگرافیای خۆکوژیش لەهەر ناوچەێکی ئێران دا جیاوازە ، به پێی سەرژمێرەکانی وەزارتی تەندروستی ئێران لە هەر ١٠٠٠کەس لەئێران دا ، ١٢٥ کەس دەست ئەبەن بۆ خۆکوژی کە ئەو ڕێژەیە بەبەراوەر لەگەڵ ئامارە جیهانیەکان زۆر بەرزترە.
بەرپرسی بەشی تایبەت بە خۆکوژی لە وەزارتی تەندروستی ئێران رایگەیاند کەلە سالی پار ڕێژەی خۆکوژی ٢٣ لە سەدا بە بەراوەرد بەساڵی پێشووتر زیادی کردووە ، محەمەد توندگویان جێگری وەزارتی تەندروستی دەڵی :ڕێژە خۆکوژی لە نێوان تەمەنی ١٥ بۆ ٣٥ سال زیاترە وجێگەی ئاماژەیە کە لە سالی ٩٩ هەتاوی لەگەڵ خۆکوژی منداڵانیی ژێر ١٥ سالیش رووبەررووین .
بەوتەی کارناسانی تەندروستیی دەروونی ، زیاد بوونی ڕێژەی خۆکوژیەکان لە ئیران لە گەڵ هەژاری پەیوندێکی راستەوخۆی هەیە بە تایبەت لە ماوەی دوسالی رابردوودا کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان وهەروەها پەتای کۆرۆنا ، گۆشاری ئابووری پەرەی سەندوو و بووتە هۆی بەرینبوونەوەی هەژاری کە بەم بوونەوە ڕیژە خۆکوژیە بەرز بوتەوە.
بە هۆی پشکنینی کارناسانی دەروونناسی چەند فاکتور هۆکاری سەرەکییە و نەخشی زۆر گرنگی هەیە لە سەر خۆکوژی، یەکەم : کێشە ماڵی وئابووری، یانی کاتی کە ئەو کەسە لە باری ئابووری قەرزارە یاکوو بیکار بێت یا گۆشاری ئابووری لەسەری زۆرە، ریسکی خۆکوژی لەو کەسە بەرز دەبێتەوە، دووهەم : سابقەی خۆکوژی لەو کەس و لە ناو بنەماڵەی ئەو کەسە زۆرترە وەکوو نەخۆشی دەروونی یا خۆکوژی ، سێهەم : کەمینەی جنسیەتی، کەسانی کە ڕوانین و پێناسەی جینسی و جینسییەتیی تایبەتیان هەیە و لەگەڵ نۆرمە کۆن و دواکەوتووەکانی کۆمەڵگادا ناگونجێن و بەو هۆیەوە گوشاریان لەسەرە. . چوارەم : کەسانی کە لە ژیانیان تووندتێژی هەیە و ئەزموونی دەکەن زۆرتر دەست ئەدەن بە خۆکوژی کە دەتوانێ لەخۆگری هەموو جۆرێک لە توندوتێژی بێت ، پێنجەم : کەسانی کە گۆشەنشینن وپەیوەندی زۆرکەمیان هەیە لەگەڵ خەڵک.
لە کاتی خۆکوژی ، خۆکوژەکە پێش هەرچتێک هەموو هیوا و ئۆمیدەکان لە دەروونیدا دەمرن، دەتوانین بڵێین ئەو کەسانە کە دەست ئەدەن بە خۆکوژی یانێ هەموو چت لەدەروونیاندا مردووە و فەقەت جەستەیان زیندووە. هەمیشە لە تەواوی شێوەکانی خۆکوژی لە کات و ساتێ رووئەدا کە لەو شوێنە ئۆمید نامێنێت وزۆر گۆشار وسەختی بەسەر خەڵکەوە هەیە، وەکوو نموونە لە خۆکوژی منداڵان ومیر منداڵان کە ئەمڕۆ لە ئێران گەشەی سەندووە، ئەوەیە کە گرانی وهەژاری و نەبوونی داهاتوویەکی ڕووناک هەتا لەسەرمنداڵانیش ئاسەواری هەیە، دەیبینین منداڵانێک بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەی ناتوانێ بۆی گوشی موبایل دابین بکات وەکوو هاوتەمەنەکانی بۆ دەرس خوێندن ئەو منداڵە کەم تەمەن دەست ئەدات بە خۆکوژی چۆنکە نەبوونی موبایل بۆی گرنگ لە ئاستی ئەمڕۆ دا ، یاکۆ کاتی ژنێک دەست ئەدات بە خۆکوژی یانی لە دونیای ئەمڕۆ دا کە لە هەموو جیهان دا ئاستی ئازادی ژنان بەرز بووتەو ، ئەو ژنە ئیتر ناتوانێ وەکوو نەسڵی پێشوو ئەو هەموو بەربەست ومەحدودیەتە قەبوول بکات وکاتی ناتوانی لە ئازادی بەهرە ببات دەست ئەدات بە خۆکوژی ، یاکوو کرێکاری کە ناتوانی مووچەی مانگانەکەی وەربگرێت و بنەماڵەی چاوەروانن لە ناچاری و لە بەر ئەوەی کە هەست بە شەرمەزاری ئەکات بەرانبەر بە بنەماڵەکەی، دەست ئەبات بە خۆکوژی، مەبەست لە خۆکوژی ئەوەیە کە خۆکوژەکە کاتی هیچ ڕێگەی بۆ چارەسەری کارەکەی نابینێت لە باری دەروونی تێک دەچێت تووشی خەمۆکی و بێ هۆمیدی دەبێت و بەئەنقەست دەیهەوت خۆی لە ناو ببات تا کوو کۆتایی بێنێت بەو ژیانە پر لە خەم و پەژارە وناراحەتی وناڵە بارە .
زۆربەی خۆکوژیەکان لە ئێران بۆ هۆکارەگەلی کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی، بنەماڵە، کێشە سیاسی و گوشاری رژیم بۆ سەر خەڵک و هەروەها زیاد بوونی ڕێژە نەخۆشییە دەروونیەکانە دەگەڕێنەوە ، نێوەی ئەوکەسانە کە لە ئێران دەست ئەدەن بە خۆکوژی ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە و زۆرترین خۆکوژیەکانیش لە کوردستانە وهەروه ها ڕێژەی خۆکوژی منداڵان ومیرمنداڵان بەرز بۆتەوە .
رۆژ بە رۆژ مەودای جیاوازی چینایەتی لە کۆمەڵگا زیاد دەبێت، نەبوونی ئەمنیەتی کار ، هەڵاواردنی بەرچاوەی ڕەگەزی ونەتەوایەتی ، هەژاری ، کەم بوونەوەی ئاسوودەیی بۆ خەڵکی ئێران ڕێژەی خۆکوژیەکانی زیاد کردووە .
بە پێی سەرژمێریەکانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان خۆکوژی ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزترینە و لە پلەی یەکەم دایە، بە هۆی سەرژمێریەکانی وەزارتی تەندروستی ئێران بەرزترین پلەی خۆکوژیەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە بە تایبەت لە پارێزگای ئیلام بە پلەی یەکەم، کرماشان پلەی دووهەم و هەروه ها پارێزگای سنەش لە پلەی سێیهەم دایە.
لە کوردستان قوربانیەکانی کارەساتی خۆکوژی سەربە چینی کەم داهات ودەست کورتی کۆمەڵگان .هۆکاری سەرەکی زیاد بوونی ڕێژەی خۆکوژیەکان گوشاری ئابووری، بێکاری، دەست کورتی و کێشە بنەماڵەی دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەمەش زاڵ بوونی بیری پیاوسالاری وداب ونەریتی کۆن لە ناو کۆمەڵگا وخەسارەکانی تەلاقیش وەک هۆکارەکانی خۆسوتاندن وخۆکوژی ژنان لە کوردستان بە ئەژمار دێت .
لە ماوەی سالی رابردوودا بە هۆی پەتای کۆرۆنا ڕێژەی توندوتێژی بنەماڵە زیادی کردووە و بۆیە ئاستی خۆکوژی بەرز بووەتەوە، یەکێک لە نوێترین دیاردەکان لە ساڵانی رابردوو، کە خۆکوژی ئیعترازی پێناسە دەکرێت، ئەم جۆرە لە خۆکوژی لەبەرچاوی خەڵک و لە شوێنە گشتیەکان ئەنجام دەدەرێت، کە بۆ بێ هێوایی و بێ باوەڕبوون بە داهاتوو و گرفتە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا دەگڕێتەوە، ئاماژەکان دەرخەری ئەو راستیەن کە لە ئەگەری دڕێژەی ئەو بارودۆخە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هۆکاری سەرەکیی هەموو ئازارەکانی کۆمەڵگایە، ڕێژەی خۆکوژی ڕۆژ لە پاش ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە و هیچ هیوایەک نە بۆ چارە سەری کێشەکانی کۆمەڵگا بەدی دەکرێت و نەبە کەم بوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی لەو کۆمەڵگایەدا .