ژنان و شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری

✍گەلاوێژ عەبدیکانی

لە ڕێگەی لێکدانەوەی کەلێنەکانی ناو کۆمەڵگاوە دەکرێ ڕادەی ڕادەی زیندووبوون و چالاکبوونی ئەو کۆمەڵگایە لێکبەیتەوە.  یەکێک لە کەلێنە بەرچاوەکانی کۆمەڵگا کەلێنی جینسییەتییە کە بەرهەمی دابەشکردنی کۆمەڵگا بە دوو بەش واتە ژن و پیاوە، کە بە گشتی لەو کۆمەڵگایانە کە لە ژێر کاریگەریی بیر و کولتووری ئایینی بەتایبەت ئیسلامیدان کە ژن بە مڵکی پیاو دەزانێ و ناچاری دەکا گوێڕایەڵی تەواوی پیاو بێ و بەر بەشداریی ژنان لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەگرێ و ژنان وەکوو ئامرازێک بۆ منداڵ بوون و خزمەت بە هاوسەر و خانەوادە دەبینێ، بەرچاوتر و قووڵترە.

لەم گۆشە نیگایەوە دەکرێ دۆخی سیاسیی ئەمڕۆی ئێران و هەلومەرجی ژیان و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان بدرێتە بەر لێکۆڵینەوە.

لە ئێرانی ئەمڕۆدا کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی ئایینی بەسەریدا زاڵە، یاساکان هەمیشە دژ بە ژنان بوون و ژنانیان بەرەو سووچی ماڵەکان پاڵپێوە ناوە. یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بەتەواوەتی پیاوسالارە و هەموو بەند و تەبسەرەکانی ئاشکرا کاریگەریی لەسەر قووڵ بوونەوەی کەلێنی جینسییەتی هەیە و ژنان دەخاتە ژێر ڕکێفی پیاوانەوە.

یەکێک لە یاساکانی حکوومەتی ئێران کە نیوەی کۆمەڵ لەبەرچاو ناگرێ و مافیان پێشێل دەکا و لە دەسەڵات و سیاسەت دووریاندەخاتەوە، مەرجەکانی خۆ پاڵاوتن بۆ بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییە. لەبەندی ١١٥ی یاسای بنەڕەتیدا نووسراوە: سەرۆک کۆماری دەبێ لە نێوان پیاوانی ئایینی و سیاسیدا هەڵبژێردرێ. چەن خاڵێک لەو یاسایەدا جێگەی سەرەنجن.

  • بەسەرنج بەوەی حکوومەتی ئێران حکوومەتێکی ئایینییە و یاساکانی یاسای ئیسلامی و لە ڕوانینی ئیسلامیدا وشەی “رجل” تەنها بۆ پیاوان بەکارهاتووە، بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە لە ڕوانگەی ئەو حکوومەتەوە تەنها پیاوان بۆیان هەیە دەسەڵاتدارا و خاوەن بڕیار بن و بەو شێوەیە ژنان لە بەشداری لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدا بێبەشکراون و ناتوانن وەکوو سەرۆک کۆماری هەڵبژێردرێن.
  • جیا لەو ڕوانینە جنسییەتییە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران وایکردووە کە ژنان هەرگیز نەتوانن بگەنە ئاستێکی باڵای دەسەڵاتی سیاسی. لە ئێرانی ئیسلامیدا بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتی باڵای سیاسی بگەی دەبێ کەسێکی دیار و خاوەن بڕشتی سیاسی بی و بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆک کۆماری دەبێ لە ئاستێکی باڵای ئابووری یان سیاسییدا خاوەن دەسەڵات بووبێ و لە بەڕێوەبەریی کەلانی کۆمەڵگادا بەشدار بێ و تا بتوانێ لێهاتوویی خۆی لە کاری بەڕێوەبردن نیشان بدا کە لە دۆخی ئەمڕۆی ئێراندا و بەو ڕوانین و یاسایانەی لە حکوومەتی ئێراندا زاڵ ئەو مەسئەلەیە مەحاڵە.
  • بەرتەسککردنەوەی چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ژنان، ڕێگەگرتن لە بەدەستەوەگرتنی پۆستی بەڕێوبەری و زۆر فاکتۆری دیکە بڕوابەخۆی ژنان لاواز دەکا و بەشداریی بەرچاو و کاریگەریان لە چالاکیی بەربەرەکانێی سیاسیدا دەگرێ. کەواتە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ژن ئەگەر تەنانەت وەکوو “رجال سیاسی” حیساب بکرێن بە کردەوە بۆ بەشداری لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدا ڕێگەیان لێدەگیری.

بێجگە ژمارەیەک لەو ژنانەی دەستوپێوەندی حکوومەت بوون و خانەوادەکانیان لە دەسەڵتدا بەشدارن هیچ ژنێکی سەربەخۆ ڕێگەی پێنەدراوە لە دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بێ. ئەو ژنانەش وەکوو چاوەڕوان دەکرێ لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی حکوومەتدا کاریان کردووە و نەک هەر هیچ هەنگاوێکیان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و باش بوونی دۆخی ژنان هەڵنەگرتووە بەڵکوو زۆر جار زیاتر لە پیاوان لە پەسەندکرانی یاسای دژە ژن و لە سەرکوت و بێمافهێشتنەوەی ژناندا بەشدار بوون کە نموونەکانی لە نوێنەرانی ژنی مەجلیسی ئیسلامیی ئێراندا دەبیندرێ کە هەوڵیان بۆ پەسەندکرانی یاسی فرە ژنی و یاسا دواکەوتوو و دژە ژنەکانی دیکە داوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە ژنان وەکوو ئامرازێک بۆ پڕۆپاگاندا و ڕێکلام بەکاربێنێ و لە دەوڵەتی ١١ و ١٢ دا و تەها بۆ فریودانی بیروڕای گشتی هەندێک پۆست و دەسەڵات درایە چەن ژنێک وەکوو نموونە ژنێک لە دەوڵەتی ئەحمەدینەژاددا کرایە وەزیری تەندوروستی و پاش ماوەیەک لابرا. کەواتە حکوومەتی ئێران خاوەن ڕوانینێکە کە تەنانەت ژنای وەفادار بە خۆیان و دەستوپێوەندەکانی خۆیان بۆیان نییە تێدا خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی بن و ژنان بە گشتی پەراوێز دەخرێن.

ئەگەر هەموو ڕێگەرە یاساییەکان بۆ گەیشتنی ژنان بە وەرۆک کۆماری وەلانێین هێشتا لەمپەرێکی گەورەی دیکە لە سەرڕێیانە ئەویش دین و کولتووری زاڵی کۆمەڵگایە. ئایا دەکرێ لە کۆمەڵگایەک کە لە ژێر کاریگەریی دینی ئیسلامدایە کە تێدا ژن بە کەم عەقڵ دەزانێ و دییەی ژنان نیوەی پیاوانە و دوو ژن شایەتییان لە دادگاکان بەقەد یەک پیاو بایەخی هەیە، چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێ کە ژنێک دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵاتی بەدەستەوە بێ؟ ژنێک کە تەنانەت لە ماڵەکەی خۆیدا مافی بەڕێوەبردنی نییە و خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک نییە و لە ژێر بەرپرسیاریەتیی پیاوێکدایە دەهێڵن سەرۆک کۆمار بێ؟ عەلیی خامنەیی سەرۆکی حکوومەتی ئێران بە ئاشکرا لەسەر بەشداریی ژنان لە دەسەڵاتدا وتوویەتی: “نابێ بەرانبەر بە گوتاری ڕۆژاوا لەسەر ژنان بێدەنگ بین و دەبێ هێرشبەرانی بەرەوڕووی ئەو گوتارە بینەوە کە خوازیاری بەشداریی بەرچاوی ژنان لە دەسەڵات و پۆستەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتدایە.”

لە کاتێکدا دۆخی نالەباری ئابووری، گوشاری هەڵاوسانی ئابووری و گرانی لە ڕادەبەدەر، بەرینبوونەوە هەژاری و پەرەسەندی لەشفرۆشی ژیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەکی زۆرەوە و ناڕەزاییەکان بەرانبەر بەو دۆخە مەترسییەکی گەورەیە بۆ بنەماکانی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران و هاوکات گوشارە دەرەکییەکان بۆ سەر ئەو حکوومەتە پەرەیان سەندووە، کۆماری ئیسلامی بەدوای ڕێگەیەکەوەیە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە و درێژەدان بە دەسەڵاتی و بۆ ئەو مەبەستە هەموو هەوڵێک دەدا و کرانەوەی باسی ڕێگەپێدان بە ژنان بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆماری یەکێک لەو هەوڵانە بوو کە دەیانویست خەڵکی پێ هەڵفریوێنن بۆ ئەوەی لە شانۆی هەڵبژرادندا بەشادر بن. دیارە سەرەڕای ئەوەی وتەبێژی شوورایا نیگابان وتبووی ژنانیش دەتوانن خۆیان بپاڵێون بەڵام هیچ ژنێک ڕێگەی پێنەدرا لە نێو پاڵێوراوەکاندا بێ و هەموویان ڕەتکرانەوە.

گرفتی سەرەکیی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەک هەر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی و دژە ژن بەڵکوو کولتووری کۆمەڵگایە کە پێویستە بگۆڕدرێ بۆ کولتوورێکی یەکسانیخوازانە کە ددان بە لێهاتووی و تواناکانی ژناندا بنێ بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی باڵای سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بەو جیگەیە پێویستی بەکارێکی بەردەوام و پەروەردەی شیاو و جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵاتی سیاسییە. بە مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو دەرفەتە زۆر بەرتەسک و نزیک لە مەحاڵە.

لادان و نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ئەوەی ژنان بۆ ئەوەی لە ڕزگاری و گەیشتن بە مافەکانیان نزیکبنەوە لەو ڕێگەیەدا بەشداری نەکردن لە شانۆی هەڵبژاردن ئەرکێکی یەکسانیخوازانەیە.