حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دوژمنی یەکسانییە

✍ئەسعەد دوروودی

ژنان زەرەرمەندی سەرەکیی بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. حکوومەتی ئیسلامیی ئێران داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی هەر لە سەرەتای نەمانی دەسەڵاتی پاشایەتیەوە بە سەرکوتی بەرینی نەیارانی دەستپێکرد لەو سەرکوتەدا ژنان ئەو توێژە بوون کە کەوتنەبەر بەرینترین شەپۆلی سەرکوت و زەوتکردنی مافەکانیان بە توندوتیژی و شێوازێکی سیاستماتیک دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە و درێژەی هەیە.

داسەپاندنی بەرگی زۆرەملی کە ڕۆژێک بەر لە خۆپیشاندانی ١٧ی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ بە قسەکانی خومەینی ڕابەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد وەکوو یەکەم هەنگاوی ئەو دەسەڵاتە کۆنەپەرەستە بوو بۆ پاشەکشەکردن بە ژنانێک کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا بە بەرینی هاتبوونە مەیدان. لە کوردستان بە تایبەتی ئەو ئامادەییە و بەشدارییە بەرچاو و دیار بوو و بە ئاشکرابوونی چالاکییەکانی کۆمەڵە و بەشداریی بەرینی ژنانی یەکسانیخواز لە مەیدانی چالاکیی سیاسی و نیزامیی حیزبیدا ڕواڵەتێکی دیکەی بەخۆیەوە گرت و چووە ئاستێکی دیکە.

یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی دامەزرانیەوە تا ئەمڕۆ تا هاتووە دواکەوتووانەتر و دژە ژنتر و سەرکوتکارانەتر بووە و هەوڵی بۆ پاشەکشەپێکردن بە ژنان و جێگیرکردنی جۆرێک لە نۆرم و یاسا بووە کە ژنان بە نیوەی پیاوان دەزانێ و ئەو نیوە مافەش کە پیاوان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئیسلامیی ئێراندا هەیانە لە ژنان زەوت کراوە.

لە سەروبەندی هەموو بەناو هەڵبژاردنەکانی دوو دەیەی دوایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دیاردەیەکی جیاواز لە پەیوەندی لەگەڵ ژنان دەرکەوتووە کە جێگای سەرەنجە. لەم دەورەیەدا لە کاتی شانۆی هەڵبژاردندا ژنان وەکوو ئامرازی پرۆپاگاندا و بۆ نواندنی ڕواڵەتێکی درۆیینە لە دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران دەهێنرێنە سەر شانۆ و تا ڕادەیەک گوشارەکانی سەریان بەتایبەت لە شارە گەورەکان و بەزۆری لەسەر مەسئەلەی بەرگی زۆرملی کەمدەکرێتەوە و بەتایبەت لە سیتادی ئینتیخاباتیی لایەنی بەناو ڕیفۆرمخوازی حکوومەتدا دەبیندرێ کە کچانێک بە بەرگێکی لە چاو یاساکانی حکوومەتی ئێران کراوەتر و ئازادترەوە دەردەکەون و لە ڕۆژی بەناو هەڵبژاردنەکانیش بەشداریی ژنان بە بەرگی ڕێگەپێنەدراوەوە ئاسایی دەبێتەوە و گەشتی ئیرشاد و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ ماوەیەکی کورت خۆیانی لێنادەن. ئەمە ڕێک لە درێژەی بەئامراز زانینی ژنان و بەکارهێنایان بۆ مەبەستەکانی حکوومەتە. دیارە ئەو ژنانەی لە ئەو تۆزکاڵە ئازادییەی لە سەردەمی شانۆی هەڵبژاردندا هەیە کەلک وەردەگرن و تۆزێک بە دڵی خۆیان بەرگ دەپۆشن تاوانێکیان نییە و تاوانبار ئەو دەسەڵاتە ناڕەوایەیە کە هەموو ئازادی و مافەکانی ژنانی زەوت کردووە. شتێکی دیکەش ئەوە بووە کە باسی خۆپاڵاوتنی ژنان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لەم دەورەیە دیسان بە مەبەستی گەرم کردنی تەنووری هەڵبژاردن و ڕاکێشانی سەرنجی ڕایگشتیی ناوەوە و دەرەوە بۆ ئەو مەسئەلەیە بوو و دەیانەوێ وایبنوێنن کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشدا ژنان مافیان هەیە و دەتوانن لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدا بەشدار بن.

ئەم حکوومەتە بە هەست و پێستەوە و لە ناو و ناوەرۆکدا دژە ژنە و هەم یاساکانی و هەم کردەوەی زیاتر لە ٤ دەیەی ئەو دەسەڵاتە ئەوەی سەلماندووە، بۆیە ژنان وەکوو قوربانیانی سەرەکیی دەسەڵاتی ئاینیی ئێران بەشداری لە بەناو هەڵبژاردنەکانی حکوومەت بە قازانجیان نییە و تەنها دەسەڵاتێک کە لە ژیانێکی شیاو بێبەشی کردوون درێژ دەکاتەوە.