یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژە ژنن

✍گەلاوێژ عەبدیکانی

چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەری دەخا کە زۆرێک لەو یاسایانە بە بێ بیرلێکردنەوە و کاری کارناسانە داڕێژراون و لە یاسا توندوتیژەکانی ئایینی ئیسلام وەرگیراون. ئەو یاسایانە کە بنەماکەیان توندوتیژی و بێڕێزی بە مرۆڤە و مافی تاکەکان پێشێل دەکەن بە جۆرێک ڕێگە بۆ تاوانی وەکوو کوشتن و گەزەن لێدان لە خەڵک خۆش دەکەن و دەبنە هۆی پەرەسەندنی تاوان.

لە بەندی چوارەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بە باشی دەردەکەوێ کە ئەو یاسایانەی ئەمڕۆ لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاردێن لە یاساکانی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەری کۆمەڵگای سەرەتایی ئەو سەردەمە وەرگیراون. بە پێی ئەو بەندە هەموو یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلام بێ. کەواتە هیچ یاسایەک ناتوانێ بە پێی پێداویستییەکان و دۆخی ئەمڕؤی ئەو کۆمەڵگایە دابڕێژرێ.

چەند بەند و زێدە بەند کە لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا هاتوون و بە ئاشکرا پشتیوانیی توندوتیژی و مرۆڤ کوشتن دەکەن و ڕێگە بە تاوانبارانی خاوەن دەسەڵات دەدەن هەموو جینایەتێک دژی خەڵک بکەن.

بە پێی مادەکانی ٣٠٢ و ٣٠٣ی یاسای سزای ئیسلامی، ئەگەر کەسێک پێی وابێ تاکێکی دیکەی کۆمەڵگا خوێنی حەڵاڵە و تاوانێکی کردووە کە دەبێ بە پێی یاسای ئیسلام سزا بدرێ، بۆی هەیە کە کەسەکە بکوژێ یان سزای بدا و ئەو کەسە خۆی بەرەوڕووی هیچ سزایەک نابێتەوە. واتە ئەگەر بە ناو دادگاکانی حکوومەت بیسەلمێنن کە کەسی قوربانی خوێنی حەڵاڵ بووە، تۆڵەی لێناکرێتەوە و لانی زۆر ٣ تا ١٠ ساڵ زیندانی دەکرێ و پووڵی خوێنی کوژراوەکە دەدا. لە تەبسەری دووهەمی مادەی ٢٩٥ی یاسای سزای ئیسلامیدا لێکدانەوەی ڕوودانی تاوان، دیاریکردنی تاوانبار و سزادانی تاوانبار لە لایەن کەسانێکەوە کە مافی یاسایی ئەوە کارەیان نییە ڕێگەیپێدراوە واتە خەڵک بۆ خۆیان دەبنە دادوەر و قازی و بۆیان هەیە کەس سزا بدەن.

کێ خوێنی حەڵاڵە؟

ئەو چەمکە لە وشەی عەرەبیی مهدور الدم بە مانای خوێنی بە فیڕوو ڕۆشتووەوە دێ، واتە خوێنێک کە بەرانبەری نییە و لە تۆڵەیدا کەس ناکوژرێ. لە مانادا واتە کەسێک کە کوشتنی پێویستە و دەبێ بکوژرێ و هەموو کەسێک کە باوەڕی بەو ئایینە و ئەو چەمکە لەو ئایینە ببێ بۆی هەیە کەسی مهدور الدم بکوژێ و سزاش نەیگرێتەوە. زۆربەی کات ژنان دەبنە قوربانی یەو یاسا دواکەوتووانەیە و هاوسەر یان باب و برا یان پیاوانی دیکەی خزموکەسیان بۆ خۆیان بڕیار دەدەن کە ئەو ژنانە دەبێ بکوژرێ و خۆیان دەیانکوژن و دواتریش سزایەکی زۆر سووک دیانگرێتەوە بۆیە ئەو یاسایە بووەتە هۆی پەرەپێدانی قەتڵی نامووسی و توندوتیژی ناو خیزانی. بۆ نموونە لە بەناو دادگای عەلیی نەجەفی شارەداری پێشووی تاران کە میترا ئوستادی هاوسەری کوشتبوو، تاوانبار دەڵێ: “بەو ئاکامە گەیشتن کە ناوبراو خوێنی حەڵالە و بۆیە بە گوللە کوشتم”. هاوکات لە بەر ئەوەی قوربانییەکە سەر بە ئاینیی یارسان بووە و لە کۆماری ئیسلامیدا ئەو ئایینە بە ڕەسمی ناناسرێ و بە هێچ شێوەیەک مافەکانیان ناسەلمێ و بە هەموو شێوەیەک مافیان دەخورێ و ئەگەر کێشەیەک لە نێوانی کەسێکی یارسان و کەسێکی موسڵماندا ڕوو بدا بە ناو دادگاکانی حکوومەتی ئیسلامی پشتیوانی لە یارسانەکان ناکەن. لە مادەی ٣١٠ی یاسای سزای ئیسلامیدا نووسراوە هەر کات کەسێک کە موسڵمان نییە کەسێکی موسڵمان بکوژێ لە تۆڵەدا دەکوژرێ بەڵام پێچەوانەکەی نەسەلماوە و ئەگەر موڵمانێک کەسێکی ناموسڵمان بکوژێ تۆڵەی لێناکرێتەوە.

نموونەی دیکەی زەق و دڵتەزێنی ئاسەوارە تاوانبارانەکانی یاسای مهدور الدم لە کرمان ڕوویدا کە کەسێک لە نێوان ساڵانی ١٣٨٠ تا ١٣٨١ی هەتاوی پێنج کەسی ڕفاند و کوشتنی و لە دادگادا وتی ئەو کەسانە بە پێی یاسا و بیری ئیسلامی فاسید و خراپ بوون و پاش قسەکانی مسباحی یەزدی لە تاسووعای ساڵی ٨٠ بەو بڕیارە گەیشتووم کەسانی وا بکوژم. تاوانبارانی ئەو کردەوەی سەرەتا زیندانی درێژماوەیە بۆ بڕایەوە بەڵام لقی ٣١ی دیوانی عالیی وڵات لەبەر ئەوەی قوربانییەکانی بە مهدور الدم زانی و تاوانبارەکان کەسی سەر بە حکوومەتیان تێدا بوو، حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە.

نامرۆڤانەترین بەندی یاسای ئیسلامی لە ئێران کە یەکێک لە هۆکاری سەرەکییەکانی پەرەسەندنی قەتڵی نامووسی و کوژرانی ژنان بە دەستی هاوسەرەکانیانە بەندی ٦٣٠یی یاسای سزای ئیسلامییە کە دەڵێ: ” ئەگەر پیاوێک هاوسەرەکەی لەگەڵ پیاوێکی دیکە ببینێ بۆی هەیە هەردووکیان بکوژێ.” ئەم بەندەی یاسای سزای ئیسلامی لە ئێران بەڕەسمی کردن قەتڵ و پەرەپێدانی توندوتیژی دژی ژنانە. لە حاڵێکدا کە پیاوانی هەڵگری بیری پیاومەزنی بە هەموو بیانوویە بەرانبەر بە ژنان توندوتیژی دەنوێنن و بە ناوی نامووس و شتی پڕوپووچی لەوجۆرە ئازادییەکانیان بەرتەسک دەکەنەوە و دەیانکوژن، ئەم یاسایە ڕێگە دەستی ئەو کەسانە بۆ ئەوەی تووشی تاوان بن زیاتر دەکاتەوە.

لە وڵاتێکدا کە مافە تاکەکەسییەکانی ئینسانەکان پێشێل دەکرێن، ژنان لەبەر ئەوەی ئامادە نین بەرگی سەپێندراوی دەسەڵاتداران قەبووڵ بکەن بە خراپترین شێوە هەڵسوکوتیان لەگەڵ دەکرێ، دەسەڵاتداران و ئورگانە حکوومەتییەکان هەموو هەوڵێک بۆ سەرکوتی ئازادییەکان و ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگا دەدەن و بۆ ئەو مەبەستە دەیان شوێن و دامەزراوە و هێزی سەرکوتیان سازمانداوە (بۆ نموونە سیتادی امر بە معروف و نهی از منکر)، لە وڵاتێکدا کە لەبەر پەروەردە دژە ژن و بیری پیاومەزنیی ئیسلامی پیاوان بە پشتیوانی یاسا بە ئاشکرا توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەنوێنن و وای لێهاتوو کە کوشتن ژنان و تێزاب پێداکردن بووەتە شتێکی ڕۆژانە، دیارە یاساکان پشتیوانی لە ژنان ناکەنو ڕێک بەپێچەوانە بۆ بێمافکردن و سەرکوتی ژنان داڕێژراون.

مرۆڤە یەکسانیخوازەکان و هەموو تاکە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگا دەبێ بزانن کە بۆ ڕۆشتن بەرەو کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئینسانی دەسەڵاتی پیاوسالاری ئیسلامیی ئێران لەمپەری سەرەکییە و نەمانی ئەو دەسەڵاتە دەرفەت و هەلێکی باش بۆ کاری یەکسانیخوازانە و هەوڵ بۆ دەستەبەرکرانی مافەکانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا، دەڕەخسێنێ.