ئەسید پرژاندن تاوانێکی ترسناک

✍سەیران مەلەکزادە

ئەسید پڕژاندن” یەکێک لە ترسناکترین جۆری تاوانەکانە کە لەو ڕۆژانەدا بە رادەیەکی زۆر زیاتر لە ساڵانی رابردوو بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی “دەمارگرژی” ئایینی دان، کۆمەڵگایان بە خۆیەوە تەنیوەتەوە و لە پەرەسەندن دایە، لەو جۆرە تاوانەدا زۆربەی کات تاوانبار لە رەگەزی نیرینەیەو و پاڵنەری بۆ ئەنجامی ئەو تاوانە نامڕۆڤییە بۆ تۆڵە سەندنەوە، پاراستنی نامووس و بە گشتی بە جۆرێک رەشکردن و لەناوبردنی داھاتووی قوربانییەکەیە.

ئەسید پڕژاندن دەتوانی قوربانییەکە تووشی خەساری زۆر  قەرەبوونەکراو بکات، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە قوربانییەکە جگە لە ئازاری جەستەیی( جوانی، کوێر بوون) لە باری رۆحی و دەروونیش و کۆمەڵایەتیشەوە تووشی دەسترێژی دەبێت. زۆربەی کات قوربانییەکە بە ھۆی گۆڕانی سیمای لەشی و ترس لە بیندران و قەزاوەتی کەسانی تر خۆی دەشارێتەوە و دەکەوێتە زیندانێک کە  تاوانبار بۆی ساز کردوە و چاوەڕوانی گەیشتنی ڕۆژی مەرگی دەکات، لە ھێندێک کاتیش دەست دەبات بە خۆکوژی تا خۆی لەو ھەموو دەرد و مەینەتە کە تووشی بووە رزگار بکات. شایانی باسە خوێنبایی و ڕێژەیەکی کەمی پارە کە لە بەرامبەر ئەو ئازارانە بە قوربانی دەدرێت ھیچ کات ناتوانێت ئازارەکانی چاک بکاتەوە. تەنانەت ئەگە موعجزەیەک رووبدات و خەسارە جەستەییەکانی چاک بێتەوە بەڵام لایەنی دەروونی قوربانییەکە ھیچ کات چاک نابێتەوە و تا ئەبەد ئەو کەسە لە ژیانێکی ئاسایی بێبەش دەبێت. لێرەدا پێویستە گۆشەیەکی بچووک لە دەردی دڵەکانی مەعسوومەتان بۆ بنووسم: مەعسوومە جەلیل پوور قوربانی ئەسید پڕژاندن لە کۆتایی ساڵی ٩٦ی ھەتاوی لە شاری تەورێز کەوتە ژێر توندووتیژییەوە و دەڵێت” من لە ئاوێنەش تەنانەت ئەترسم”  لە ئاکامدا ئەو زیانانەی وا بە مەعسوومە گەیشتووە ھیچ جۆرێک ناگەرێتەوە و قەرەبوو ناکرێتەوە. کەسی ئەسید پرژێن جگە لەوەی قوربانی و داھاتووکەی دەسووتێنێت بەڵکوو دەبێتە ھۆی درووستکردنی ترس بۆ کۆمەڵانی خەڵک.

ھەستکردن بە ئاسایش و پارێزراوی گرنگییەکی زۆری ھەیە و لێکەوتەکانی لەدەست چوونی ئەو ئاسایشە دەتوانێت ژنانی کۆمەڵگا بە کۆمەڵ بخاتە ژێر مەترسییەوە. بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی ئەسید وەک سیلاح بە ئەژمار نایەت لە حاڵێکدا لەورۆدا ئەسید لەبەردەسترین سیلاحەکان بە ئەژمار دێت. جێگەی داختر لە بابەتی ڕووداوەکە (اسید پڕژاندن) شێوازی بەرپرچدانەوەی یاسادارێژەکانە کە لەوپەری خوێن ساردی لەگەڵ ئەو ڕووداوە بەرامبەر دەبنەوە و بە مودیریەت نەکردنی بازنەی بەرھەم ھێنان و دابەشکردنی گیراوە ئەسیدییەکان و ھەروەھا بە کەم گرتنی توندووتیژی دژی ژنان دەبنە ھۆکاری پەرەسەندی ئەو ڕووداوگەلە و ئاسەوارە مەترسیدارەکانیشی بە ئەستۆ ناگرن، ئەگەر بمانەوەی ھۆکاری بنەڕەتی ئەوھا ڕووداوگەلێک بدۆزینەوە  دەتوانین یاساداڕێژەکان و عەمامە لەسەرە تێرۆریستەکان وەک تاوانبارانی سەرەکی ناوبەرین کە تاوانکەرانێکی بێ بەزەییان لە گیانی خەڵک بەرداوە و خەڵکێک تاوانی بێ حیجابییەکەیان بە لە دەستدانی سڵامەتی ڕۆح و لەشیان و لەدستچوونی داھاتوویان بدەن(ئاماژە بە ئەسید ڕێژییەکانی ئیسفەھان)