خۆکوژی وەک دیاردەیەکی مەترسیدار

✍سنوور محەممەدیان

خۆکوژی مردنێکە کە دەرەنجامی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی کردەوەیەکی ئەرێنی یان نەرێنیی قوربانییە کە خۆشی دەزانێ ئەم کردەوەیە دەبێتە هۆی مەرگ و نەمانی. کردەوەیەکی ئەرێنی ئەوەیە واتە کەسێک بو نموونە بە تەقەکردن لە خۆی خۆی بکوژی. نەرێنی ئەوەیە کەسێک ماڵی خۆ بسسوتێنێ و نەیەتە دەرێ تا دەخنکێ و  یان دەسووتێ، یان مان لە خواردن دەگرێ تا دەمرێ. ئەم دیاردە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و ساڵانێکە وەکوو خەسارێکی کۆمەڵایەتی بەرۆکی هەموو کۆمەڵگای جیهانی بە گشتی و ئێران و کوردستانی ئێمەشی بە تایبەتی گرتووەتەوە.

ئەو ڕووداوانی لە نێو کتێب و بابەتاندا هەن و کابرا دیانخوێنێتەوە و لێیان ڕادەبوورێ، بەڵام کە لە پەنای گوێت خۆکوژیی  گەنجێکی ناموراد یان ژن و پیاوێک دەبینی، ڕۆحت دەشڵەژێ. هەموومان هەواڵی ئەو جۆرە مەرگانەمان بیستووە و لەوانەی لە نزیک خۆشمان بینیبێتمان دەشزانین ئەو هەواڵە و ئەو ڕووداوە جیاوازە لەگەڵ هەوڵی مەرگی کەسێک بە ڕووداوی هاتوچوو یان خنکانی کەسێک لە ڕوداوێکدا لە بەنداوێک یان ڕووبارێک. یەکەم پرسیارێک کە لە کاتی بیستنی هەواڵی خۆکوشتنی کەسێک دێتە زەینمان ئەوەیە: بۆچی؟ لە خۆمان دەپرسین بڵێی چی بەسەرهاتبێ کە گەیشتووەتە ئەو شوێنەی کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ؟ هانای لێبڕاوە؟ هیوای بە ژیان نەماوە یان گڵوڵەی ژیانی کەتووتە لێژی و چیدیکە هیوای بە باش بوونی ژیانی نەماوە؟

لە بیرمان بێ کە خۆکوشتن پەیوەندیی بە بڕیاری تاکەوە هەیە بەڵام زۆربەیجار سەرچاوەکەی لە نێو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییان لەسەر تاکەکاندایە. خۆکوژی لە کولتووری گەلاندا بە شێوەی جۆراوجۆر لێی دەڕوانن و تەفسیر دەکرێ. لە زۆربەی کۆمەڵگاکان وەکوو خەسارێکی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی چاوی لێدەکەن و بەرنامە و پلان و ڕێوشوێنی تایبەتیان هەیە بۆ بەرپێگرتنی و یارمەتی کردنی کەسانێک کە ئەو بیرە بە مێشکیاندا دێ. لە بازە فەرهەنگێکدا وەکوو عەیب و شتێکی ناشیرین چاوی لێدەکەن و هەوڵی شاردنەوەی دەدەن. تەنانەت کولتووری واهەیە خۆکوشتن بە چارەسەرێک و ڕێگەیەک دەبینێ بۆ کەسانێک کە ئاکارە ناشیرینەکانیان بە ڕوانینی ئەو کولتوورە بووەتە هۆی شەرم و عەیبە لە سەر خۆیان یان بنەماڵەکەیان.

بە پێی دوا ئامارەکان خۆکوژی بە گشتی لە نێو هەموو توێژەکاندا و بەتایبەت لە نێو بێکاران، ژنان، بەتایبەت ئەو ژنانەی ژانێکی هاوبەشی ناسەرکەوتوویان بووە و خوێندکارانی ناوەندی و زانکۆکاندا زۆر پەرەی سەندووە. تەمەنی زۆربەی قوربانییەکانیش لە نێوان ١٥ تا ٢٤ ساڵدایە و ڕۆژانە هەوڵی خۆکوشتنی لاوان لە ماڵپەڕە ئینتێرنێتییەکان و سایتە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو مێدیاکانەوە بڵاو دەبێتەوە. خۆکوژییەکان لە کوردستان زیاتر لە گوندەکان و شارەکانی سەرسنوورە و توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگا زیاترین قوربانیان بە هۆی ئەو خەسارە داوە. کوردستان کە لەبەر سیاسەتەکانی حکوومەت لە باری ئابوورییەوە دۆخێکی نالەباری هەیە، مەترسیی بێهیوایی و خەمووکی تێدا زیاترە و هەڕەشەی بوونە قوربانیی خۆکوژی تێدا بەهێزترە.

هەژاری و دۆخی نالەباری ئابووری و بێکاریی بەرین لە کۆمەڵگادا هۆکارێکی گەورەی بێهیوایی بە ژیان و خەمۆکی و خۆکوشتنە و بەتایبەت بۆ ئەو لاوانەی خوێندنی باڵایان هەیە بەڵام کاریان دەستناکەوێ زەبرەکە قورسترە و کاریگەرییەکی یەکجار خراپ لەسەر باری دەروونییان دادەنێ کە پاش ساڵانێک زەحمەت توانیویانە خوێندن تەواو بکەن بەڵام کارێکیان دەسناکەوێ و داهاتوویەکی ناڕوون و تاریک چاوەڕوانیان دەکا.

کولتووری پیاوسالارانەی هێشتا زاڵ لە کۆمەڵگادا و شێوەی ڕوانین و هەڵسووکەوتی خاوەنانی ئەو کولتوورە لەگەڵ ژنان و کچان، بۆ نموونە کاری دواکەوتووانەی وەکوو ژن بە ژنە یان ناچار کردنی کچان بە پێکهێنای ژیانی هاوبەشی نابەدڵ یان ڕێگە نەدان بە پەیوەندیی خۆشەویستانەی ئازاد و ئینسانی و هەروەها دەسدرێژی بۆ سەر منداڵانی کچ لە لایەن کەسانی نزیکەوە، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوشتنی ژنانن.

لە دۆخی ئێستادا کە حکوومەت و دەسەڵاتداران نەک هیچکارێک بۆ چاککردنی دۆخی کۆمەڵگا ناکەن بەڵکوو خۆیان هۆکاری هەموو ئازارەکانن دەور و نەخشی خانەوادەکان زیاترە و زۆر گرینگە کە منداڵان و تازەلاوان گرینگییان پێبدرێ و ڕێزیان لێبگیرێ، پێویستە قسەکانیان ببیسترێ و ڕێز لە بڕیارەکانیان و پێخۆشبوونەکانیان بگیرێ، دەبێ بە هیچ شێوەیەک توندوتیژی بەرانبەریان نەکرێ و فێرکردن و بارهێنانیان تێکەڵ بە خۆشەویستی و ڕێز بێ. بەو شێوەیە لاوانێکی بوێرتر و بەهێزتر ڕادێن کە توانای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گرفتەکانیان هەیە و مەترسیی خۆکوشتن تێیاندا کەمترە.