حیزبەکان و پرسی پێکهێنانی ستراتژی یا گوتاری هاوبەش….!
بەشی دووهەم
پەرویز رەحیمزادە
ئەوەی دەکرێ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەش لە پێناو گەیشتن بە ستراتژیەکی یەکگرتوو وێنا بکرێت پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێ لە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
خوێندنەوەی پرسی کورد لەم قۆناغەدا دەبێ لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵە مافە سیاسی، ئابووری و کلتووریانە تێپەڕێ کە لە ماوەی نیو سەدەی رابردوو لە بەرنامەو رێبازی حیزبە سیاسیەکاندا پەسەندکراوە. واتە پرسی کورد دەبێ لەو وردە مافانە تێپەڕێ بۆ مافی یاسایی خۆی واتە بڕیاردان لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بە جۆرێکە هەموو چین و توێژەکانی کوردستان لە کەشێکی دێمۆکراتیک بەشدار بن و تێیدا ئیرادەی مێژوویی خۆیان بنەخشێنن. لەم بەستێنەدا ئەوەی لە رێبازی حیزبەکان کە کوردستان دەبێ بگۆڕدرێت وەرچەرخانێکی بنەڕەتیە لە پێناو کۆتایی هێنان بە گوتاری ئێرانی و بوون بە حیزبێکی کوردستانیی. ئەم رستە کوردستانیبوون واتای ئەوەیە کە لەم کانتێکسەدا هەر رەوت و رێکخراوێکی سیاسی، کوردستان بە هەموو پێگەی جوگرافیایی، مێژوویی، مرۆیی و کلتووریی و سرووشتی و سەرچاوەی ئابووریی و هتد… دەکاتە پێوەری سەرەکی و چەقی ستراتیژی خۆی بۆ داهاتوو. ئەگەر لەم پرسەدا تەنیا چاو لەسەر یەک پرس بێت ئەوا رەنگە دەسەڵاتی داهاتوو سەرلەنوێ لە ژێر ناوێکی دیکە درێژە بە داگیرکاریی خۆی لە کوردستان بدات و سەرلەنوێ کوردیش لە پرۆسەکانی داهاتوو وەک پەراوێز و تەنیا بۆ تەواوکردنی پرۆژە ئێرانیەکان بەکار دەهێنرێت. ئەوەی سەرجەمی رەوتە ئێرانیەکان بە لایەنی چەپ و راستیەوە لەسەری کۆکن و تەنانەت بێ ئەوەی رێککەوتنێکی وەهایان لەسەر کردبێ، ئەوەیە کە ئێرانی داهاتوو دەبێ هەمان چوارچێوەی جوگرافیایی مێژوویی خۆی بپارێزێت، لەم نێوەدا ئەڵبەتە هەندێ لە حیزبەکانی کوردستانیش هەرکام بە ئەجیندا و خوێندنەوەی خۆیان بەڵام هەر لە ئیدامەی هەمان پڕۆژە هەنگاو دەنێن. بۆ حیزبێکی سیاسی کە دەیان ساڵە بانگەوازی ئەوە دەکات کە با پێکەوە لە ئێرانێکی دێمۆکراتیکدا بژین جیا لە بەرپرچدانەوەی توند و تاوانبارکردن بە جیاییخوازیی شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە، واتە ئەم داواکاریە ئەوەی بەرهەمی هێبنا تەنیا پان ئیرانیزمێکی توندئاژۆ بوو کە بێ ئەوەی پێی لەسەر زەوی بێ و لە ئەوپەڕی بێ تواناییدا بەردەوام گوتارێکی هێرشبەرانەی بە خۆیەوە گرتووە. ئێرانیەکان زۆر باش لە مەترسیەکانی داهاتووی سەر ئەو جوگرافیا ساختەی خۆیان تێگەیشتوون کە هەر گۆڕانێک لە سیمای سیاسی ئێران بێتە ئاراوە بێگومان ئێرانی ئێستا چیدی وەک پێشوو واتە ئەوەی ئێستا نامێنێتەوە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەیکە پێکدادانی ناوخۆیی و شەڕی دەسەڵات لە نێوانیاندا پێکدێت لە هەمانکاتتدا وڵاتەکەیان بە وتەی خۆیان بەرەوڕووی دابەشبوون دەبێتەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا کە هەم کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ قەیراناویترین سەردەمی خۆی بەرەوڕووە و لە ناوخۆ بەرەو داڕمان و لە دەرەوەش بێ ئاڵترناتیڤ ماوەتەوە، پێویستە کورد ئەو قەیرانە بە قازانجی خۆی و لە پێناو سەرپێسخستنی ئەزموونێکی نوێ بخاتە گڕ و یەکگرتوانە ئەو هەلانەی بۆی هەڵدەکەون بقۆزێتەوە بە مەبەستی بڕیاردان لە پێکهێنانی کیانێکی سەربەخۆ. روانگەیەک ئەمرۆ لە کوردستان و لە نێو بەشی هەرە زۆری حیزبەکاندا هەیە ئەوەیە کە دەڵێ پێویستە کورد ریال پۆلیتیک لەبەرچار بگرێت و دەست نەداتە کارێ کە بۆی جێبەجێ ناکرێ و ئەستەمە. جیاوازی لە روانگەی ریال پۆلیتیک لێرەدا ئەوەیە لە بە پێچەوانە ریال پۆلیتیک لە ئێستادا دەڵێ کە ئێرانی پڕاوپڕ لە قەیران و بێ ئاڵترناتیڤ باشترین مەجالی ریال پۆلیتیکی رەخساندووە کە کورد بە یەک ستراتژی یەکگرتوو هەنگاو بەرەو پێکهێنانی کیانی خۆی هەڵبگرێت.
ژان ژاک رۆسۆ لە کتێبی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ئاماژە بە گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەکات و لەسەر ئەو بڕوایە کە لە سەردەمی ئاڵوگۆڕدا پێویستە ئیرادەی گشتی پێوەری سەرەکی بێ بۆ بڕیاردان، ئێستا ئەگەر بە روانگەیەکی داتایی بە تایبەت چاو لە رووداوەکانی نێو بزووتنەوەی ژینا بکرێ ئەوە راستە کە هەندێ پرسی گشتی هەبوون کە بابەتی مافگەلی کۆمەڵایەتین و لە نێوانماندا هاوبەش بوون وەک چۆن هەر ئەو مافانە دەکرێ لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە خەباتی هاوبەش پێک بهێنێ بەڵام زۆر بە روونی دەردەکەوێ کە هەم کوردستان وەک یەکەیەکی بەهێز و بە گوتاری خۆیەوە لەم شۆڕشە دەرکەوت هەم جۆری داواکاریەکان و ئاراستەی بزووتنەوەکە لەگەڵ ئێرانیەکان جیاوازی بنەڕەتی هەبوو، لە لایەکی دیکەشەوە ئاستی سەرکوت بە پێی پێوەری دانیشتووان بە رادەیەکی بەرچاو لە کوردستان لە ئاستێکی سەرەوەتردا بوو.
تێڕوانینێک هەیە لە کوردستان کە بە مەترسیدارترین جۆری روانگە بۆ پرسی کورد خۆی دەرخستووە ئەویش ئەو بابەتەیە کە دەبێ ئێرانێکی نوێ بونیات بنرێت و دەوترێت ئەگەر دەتانەوێ کورد خۆی بە ئێرانی بزانێ دەبێ ئێمەش بەشدار بین، لێرەدا ئێرانی نوێ واتای وڵاتێکە تێیدا کورد بەشدار بێ لەو مافانەی شارۆمەندێکی وڵاتێکی دێمۆکراتیک لێی بەهرەمەندە.
ئەڵبەتە دەکرێ ئێرانی داهاتوو لەسەر سیستەمێک بونیات بنرێت کە زۆرێک لەو مافانەی ئەوان باسی دەکەن جێی بێتەوە و بەمشێوە کورت بکرێتەوە بۆ هەندێ مافی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و هتد… ئەمە لە خۆیدا داواکاریەکی نایاسایی هەر لە چوارچێوەی رژیمی ئێرانی ئێستادا نیە، واتە لە باسی داواکاریی بۆ فەرمیبوونی زمانی کوردیی، گەشانەوەی ئابووری و بوونی کورد لە ئۆرگانە دەوڵەتیەکاندا کە بەتایبەت لە لایەن کەسانی رێفۆرمخواز باسی لێوەکرا، هاتە ئاراوە. بەڵام پلانی دەوڵەتی ئێرانی لەم بابەتە ئەوەیە کە کۆی پرسی کورد چ لە رژیمی ئێستا و چ ئەوانەی لە گۆڕانەکانی داهاتوو خولیای دەسەڵاتیان هەیە دابەزێنن بۆ ئاستی داواکاریەکی مرۆڤدۆستانە، واتە کورد وەک خەڵکێکی لێقەوماو و جێ بەزەیی پێناسە بکەن و بەمشێوە بە نیازی قەرەبووکردنەوەی خەسارەکانن لە ژێر ناوی دیمۆکراسی و مافی شارۆمەندی. ئەو روانینەی ناو بزووتنەوەی کورد لە چوارچێوەی هەر حیزب و رێکخراو یا تەنانەت رووناکبیریشدا بێ، وەک تێنەگەیشتن لە پرسی کورد و بەتاڵکردنەوەی ئەو بزووتنەوە لە یەکێک لە گرینگترین ناوەرۆکەکانی خۆی پێناسە دەکرێ، چونکە ئێمە لە کوردستانی ئەم سەردەمە لەگەڵ وشیاریەکی بەرینی کۆمەڵایەتی لەسەر کورد و لە هەمانکاتتدا بەرینبوونەوەی جوگرافیای سیاسی کوردستان بەرەوڕووین کە سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکی زۆر و بە دەیان پیلان جیاکاریی و هەوڵدان بۆ نانەوەی چەند بەرەکی لە دەرەوەی کوردستان راگیران، بەڵام ساڵانی رابردووی گەشەی بزووتنەوە لە کوردستان سەرلەنوێ ئەو ناوچە گرینگە ستراتژیکانە وەک ئیلام و کرماشان و ورمێ کەوتنەوە نێو ئاڵقەی بزووتنەوەی کوردستان کە ئەمە بە وەرچەرخانێکی گرینگ لە سیاسەت لە کوردستان دێتە ئەژمار.
ئەم ئاڵ و گۆڕانە ئەوە نیشان دەدەن کە پێویستە ستراتژی حیزبەکان لە رۆیشتن بەرەو چارەسەر لە ناوەند بگۆڕدرێت بۆ کردنی کوردستان بە ناوەندی سەرەکی و دانانی پلانێکی تۆکمە بە مەبەستی گەیشتن بە یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کە تێیدا کوردستان وەک کاراکتەرێکی سەربەخۆ دەرکەوێت، واتە حیزبەکانی کوردستان دەتوانن لەسەر پرسی داهاتووی سیاسی کورد لە ناوچەکە بگەنە یەک چارەسەری هاوبەش کە بتوانێ کورد وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لە رووداوەکانی داهاتوو خۆی دەربخات و رێگەی خۆی لە داهاتووی سیاسی ئێران کە بێگومان بەرەو قەیرانی قووڵتر دەڕوات جیا بکاتەوە.
کوردستان پۆتانسیەلی یەکگرتوویی، دێمۆکراسی، ئەمنیەت و گەشانەوەی تێدایە ئەگەر روانین و پلانەکە ئەوە بێ کە دەتوانین رێگەی خۆمان وەک کوردستان بەرەو داهاتوو بپێوین.