جەستەی مرۆڤ; هەم سەرمایە و هەم کاڵا
جەستەی مرۆڤ; هەم سەرمایە و هەم کاڵا
بێگەرد ساڵح
دیاردەیەکی زۆر زەق کە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆکەدا بەرچاوە و سووڕانەوەیەکی گەورەی پووڵی تێدایە، نەشتەرگەری “جوانکاریی”ە، دیارە مەبەستی ئەم یادداشتە ئەوە نییە بەرانبەری چەمکی “جوانی” ڕابوەستێ، بەڵام ئەو شتەی کە ترسناکە ئەو قاڵبهیه کە وەک تەختی پرۆکرووستیس هەر کەسێ قەوارەی بەو تەرح و شکڵەی کە کۆمەڵگای سەرمایهداری بۆی تەرخان کردووە نەخوات، ئیتر بێبەری لە جوانییه و دەبێ نەشتەرگریی “جوانکاری” بکات.
یەکێک لە گرنگترین قوتابخانەکانی بیرکردنەوە لە بواری کۆمەڵناسیدا قوتابخانەی فرانکفۆرتە. “ئەوان بە پێچەوانەکردنەوەی جەختی مارکسیستە نەریتییەکان، لە جیاتی ئەوەی سەرنج بخەنە سەر بنەما ئابوورییەکان، ڕوویان لە لێکۆڵینەوە لە سەر پێکهاتە و کولتوور کرد”. بنەمای قسەکانیان لەم بوارەدا ئەوە بوو کە:
“بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی چەوساندن لە کۆمەڵگاکاندا پێویستە لە کولتووردا بۆی بگەڕێین نەک لە چەمکی ئابووریدا”. بۆیە زۆربەی سەرنجیان لەسەر کولتوورە. بۆ نموونە ئادۆڕنۆ بە چەمکی “پیشەسازیی ڕۆشنبیری – صنعت فرهنگ” ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دەسەڵاتداران لە ڕێگەی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمی کولتوورییەوە ڕێگە بۆ درێژەدان بە دەسەڵات و هەژموونی خۆیان خۆش ئەکەن. کولتوورێک کە جگە لە خافڵاندن و دابەزاندنی ئاستی تێگەیشتنی گشتی و دواجار ئاسمیلەکردنی کولتووری هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. بە واتایەکی تر پیشەسازیی ڕۆشنبیری “کەسانی بەرپرسیار”ی داسەپاو بەرهەم دەهێنێت. ئەو دیاردەی کە ئێستاکە بە نواندنی بەربڵاوی ژنی ناسرووشتی و داتاشراو، هەوڵ ئەدات تا بیری جەماوەر لە داخوازیی مافی یەکسانییەوە بۆ دەستبەرکردنی پەراوێزەکان نزم بکاتەوە.
ژان بۆدریار، کۆمەڵناسی پۆستمۆدێڕنی فەرەنسی، باس لە ئەفسانە و پێکهاتەی پەیوەست بە بەکاربەری(مصرفی) لە کۆمەڵگەی فەرانسەی کۆتایی سەدەی بیستەم دەکات و هەوڵ دەدات سیستمی بەکارهێنانی کۆمەڵگەی مۆدێرن بە هاوتەریب لەگەڵ لۆژیک لە ڕوانگەی شیکردنەوەی نیشانەیی بەرهەمە جوانکارییەکانەوە شی بکاتەوە. بە بڕوای بۆدریار، لە ڕێگەی “ئەفسانەی بەختەوەرییەوە”، کۆمەڵگەی بەکاربەر واتای “پێویستی”ی بە شێوەیەکی هایپەرڕیال دەخولقێنێ، بۆ ئەوەی بتوانێت پاساوی هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی زیاتر بداتەوە.
لە هەموو شتە مەسرەفییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، شتێک هەیە کە جوانترین و گرانترین و درەوشاوەترینە، ئەم شتە پێی دەوترێت جەستە. ئەو پێی وایه دووبارە دۆزینەوەی دوای خۆپارێزیەکی هەزار ساڵە لە ژێر ئاڵای ئازادی جەستەیی و سێکسی و بوونی لە هەموو شوێنێک وەکوو ڕیکلام و مۆدە و کولتووری جەماوەریدا، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە جەستە بووەتە بابەتی ڕزگاربوون. لەم ئەرکە ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژییەدا جەستە بە هەموو مانایەک جێگەی ڕۆحی گرتۆتەوە. ڕیکلامەکان، ئەوەمان بیردەخەنەوە کە ئێمە تەنها یەک جەستەمان هەیە و دەبێت ڕزگاری بکەین، بەدرێژایی سەدەکان مرۆڤەکان بە ئازارێکی زۆرەوە هەوڵیانداوە قبووڵی بکەن کە جەستەیان نییە، بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەیهکی سیستەماتیک پێداگری لەسەر ئەوە دەکرێت کە وەک خاوەن جەستەیەک وەربگیرێن.
ئەم هەموو گرینگیدانە بە چەمکی جەستە و پێکهاتەکانی ئێستای بەرهەمهێنان/بەکارهێنان لە چاوی تاکدا، بووەتە هۆی ئەوەی کە جەستە لە لایەکەوە وەک سەرمایە و لە لای دیکەشەوە وەک کاڵایەک چاوی لێبکرێت.
بە واتایەکی تر ئەگەر فیداکاریەکی پێویست بۆ جەستەت نەکەی سزا دەدرێیت، بەم پێیە جەستە دەبێتە جوانترین شت کە پێویستی بە گرنگیدان هەیە و ئەم گرینگیپێدانە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە سەرمایەی ڕکابەرکار و ئابووری، بە چەشنێ کە ئەگەر ئێمه لە سەر جەستەمان سەرمایەیەک دابین بکەین، هۆکارەکەی ئەوەیە کە چاوەڕوانی ئەوەین کە داهاتیشی بۆمان ببێت.
لەم پرۆسە درێژخایەنەی پیرۆزکردنی جەستە وەک بەهایەکی گەشەدار، “جوانی” بۆتە مەرجێکی پڕ بەپێست بۆ ژنان، “جوان” بوون چیتر دەرئەنجامی سروشت نییە. جوانی تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی و ئیجباری ئەو کەسانەیە کە گرنگی بە لەش و جەستەیان دەدەن، ڕاستییەکە ئەوەیە کە جوانیی بە مەرجێکی سەرەکی دادەنرێت چونکە جۆرێکە لە سەرمایە و وەک بایەخ یان نیشانەیەکی سەرمایهداری دەردەکەوێ.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم؛ هەم ژن و هەم جەستە بە درێژایی مێژوو لە کۆیلەبوون و پەراوێزخستندا هاوبەش بوون. بەڵام وەک چۆن ژن و جەستە هاوبەشی کۆیلایەتی بوون، ڕزگارکردنی ژن و ڕزگاری جەستە لە ڕووی لۆژیکی و مێژووییەوە پێکەوە گرێدراون، کە وابێ بۆ گەییشتن بەو ئامانجە دەبێ زۆر وردبینانەتر بڕوانینە ئەم چەمکە و وشیارتر لە پلانەکانی جیهانی سەرمایه بڕوانین و خوێندنەوەی سەردەمیانەمان بۆی هەبێ. دوا وتە؛ ئاڵتۆسەر لە وەڵامی ڕەخنەی ئەوکەسانەدا کە دەیانگوت بۆچی وازی لە چەمکە کلاسیکییەکانی خەباتی مارکس هێناوە و گفتوگۆی تیۆری دەستپێکردووە، پێیوابوو کە “هزر هەمان خەباتی چینایەتییە لەسەر ئاستی چەمکەکان”.